http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/06/08/feature-03

×
×
تێرۆریزم |

عێراقیەکان سۆزداری پیشاندەدەن دوای تەقینەوەکانی داعش

عەلاء حسێن لە بەغدا

عێراقیەکان کۆبوونه‌تەوه‌ لە شوێنی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێك لە نزیك پردی شوهەدای بەغدا لە 30 ئایار کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 11 کەس و برینداربوونی 40 کەسی تر، بەرپرسانی ئەمنی و تەندروستی وتیان. تەقینەوەکە دوای هێرشێکی خۆکوژی هات لەشەودا بۆ سەر دوکاێکی قەرەباڵغی دۆندرمە لە بەغدا کە لانیکەم 21 کەسی کوشت. [سەباح عەرار/ئاژانسی فرانس پرێس]

هێرشەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە گەڕەکی کەرادە و پردی شوهەدای لە بەغدا کردە ئامانج بە مەبەستی خرۆشاندنی بارگرژیی مەزهەبی لەنێوان دانیشتوانی شارەکەدا دەرەنجامێکی پێچەوانەی هەبووە، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.

داعش بەرپرسیارێتیی دوو هێرشی گرتەئەستۆ کە لانیکەم 30 کەسی لە بەغدا کوشت لە 30 ئایار.

هێرشی یەکەم، کە تەقینەوەیەکی خۆکوژی بوو لە دوکانێکی قەرەباڵغی دۆندرمە لە بەغدا، لانیکەم 21 کەسی کوشت.

بەرپرسان وتیان بارهەڵگرێك دواتر لەنزیك نوسینگەیەکی موچەی خانەنشینان تەقییەوە لە نزیك پردی شوهەدا کە یەکێکە لە پردە سەرەکیەکانی سەر روباری دیجلە و بووە هۆی کۆژرانی لانیکەم 11 کەس و برینداربوونی 40 کەسی تر.

بە پێچەوانەوە رۆژی دواتر عێراقیەکانی هەردوو مەزهەبەکە یەکیانگرت بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکان بەیەکەوە و دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتییان ئەنجامدا بۆ پشتیوانیکردنی قوربانیەکان.

ئەو هاوکاریەی بۆ قوربانیانی هێرشەکەی کەرادە کۆکرایەوە کە ناوچەیەکی زۆرینەی شیعەنشینە و لەو پارێزگایانه‌وه‌ هات كه‌ زۆرینەیان سوننەنشینن وەك سەڵاحەدین و نەینەوا و ئەنبار، شکستی گروپەکە پیشاندەدات له‌ دابەشکردنی کۆمەڵگای عێراقیدا.

لە سەڵاحەدین سەدان گەنج بەشدارییانکرد لە هەڵمەتێکی خوێنبەخشین بۆ ئەو قوربانیانەی لەلایەن رێکخراوی بزوتنەوەی لاوانی عێراقی ئازادەوە چاودێریدەکرێن.

سەرۆکی رێکخراوەکە، عەلی حەمدانی، وتی هەڵمەتی خوێنبەشینەکە پەیامێکی لە سەڵاحەدینەوە بۆ هەموو عێراقیەکان نارد کە خوێنی عێراق یەکێكه‌ و هه‌مان خوێنه‌.

حەمدانی بە دیارونای وت: "هەڵمەتەکە دوو رۆژی خایاند کە 566 کەس بەشدارییان تێدا کرد." هه‌روه‌ها ئاماژەیدا به‌وه‌ی کە رێکخەرانی هەڵمەتەکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تەندروستی سەڵاحەدین کاریانکرد بۆ ناردنی خوێن بۆ هاوتاکانیان لە بەغدا.

لە پارێزگای نەینەواش دانیشتوان سۆزدارییان پیشاندا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی لاوان لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە مۆم دادەگیرسێنن لە موسڵ بۆ یادکردنەوەی قوربانیەکانی هێرشەکانی بەغدا.

داعش گردبوونەوەی داگیرساندنی مۆم دەکاتە ئامانج

لە شارۆچکەی هیت له‌ رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، خۆکوژێك گردبوونەوەیەکی لاوانی عێراقی کردە ئامانج کە بەشداربوون له‌ داگیرساندنی مۆمدا و بووە هۆی کوژران و برینداربونی 17 کەس، لەنێویاندا پەیامنێرێکی کەناڵی ئاسمانی ئاسیا.

بەرپرسی پەیوەندیە گشتییەکانی کەناڵی ئاسیا، رەعد مەشهەدانی، بە دیارونای وت بەرواری 30 ئایار، پەیامنێری جەنگی کەناڵی ئاسیا، سوهەیب هیتی، نێردرابوو بۆ گواستنەوەی هەڵمەتی داگیرساندنی مۆم لە هیت بۆ شەهیدانی کەرادە لە بەغدا.

وتیشی کاتێك هیتی بە کامێراوە گەیشتە شوێنەکە، خۆکوژێك گەیشتە شوێنەکە و خۆی تەقاندەوە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی 17 کەس. هیتی لەو هێرشە رزگاری نەبوو، لەو شوێنەدا کوژرا.

هه‌روه‌ها وتی: "هیتی کەسێکی ئاوارە بوو بۆ چەندین ساڵ لە سلێمانی و هەولێر و تەنیا بۆ ماوەیەکی كه‌م بوو گەڕابووه‌وە ماڵەکەی لە پارێزگای ئەنبار."

مەشهەدانی ئەو پیاوە گەنجەی وەك کەسێکی "ئارام و تێکۆشەر و پەیامنێرێکی سەرکەوتوو" ناساند کە یادی لەدایكبوونی کردۆتەوە تەنیا سێ رۆژ پێشئەوەی هێرشەکە ژیانی لێبسەنێت.

وتی هەرچەندە هەڵمەتی مۆم داگیرساندنەکە بە تراژیدیا کۆتایی هات "نامەی دۆستانەی لە ئەنبارەوە بۆ بەغدا نارد".

شیکاروانی ئەمنی، فازڵ ئەبو رەغیف، بە دیارونای وت داعش هەست بە ئازاری دۆڕانی قورس دەکات لە موسڵ و ئێستا هەوڵدەدات سۆزداریی نەتەوەیی بەم هێرشانە بکاتە ئامانج.

وتیشی عێراق پشت بە هێزە ئەمنیەکان و توانا هەواڵگریەکانی دەبەستێت بۆ تێکشکاندنی داعش بەڵام پشتیشدەبەستێت بە چاوکراوەیی عێراقییەکان بۆ پوچەڵکردنەوەی پلانه‌ تیرۆرستییه‌كانی گروپەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha