هه‌واڵه‌كانی عێراق
رەمەزان

یارییه‌ك له‌ رەمەزاندا عێراقییەکان لێك نزیكده‌كاته‌وه‌

خالید تائی

یاریزانان و تەماشاکاران خۆشی لە یاریی نەریتیی موحەیبس دەبینن لە یاریگای شەعب له‌ بەغدا لە رەمەزانی 2016دا. [خاوەندارێتی وێنە: جاسم ئەسوەد]

یاریزانان و تەماشاکاران خۆشی لە یاریی نەریتیی موحەیبس دەبینن لە یاریگای شەعب له‌ بەغدا لە رەمەزانی 2016دا. [خاوەندارێتی وێنە: جاسم ئەسوەد]

دوای به‌ربانگ، زۆر عێراقی ئێوارەی رەمەزان بە یاریی نەریتیی موحەیبسەوە بەسەردەبەن تا کاتژمێرەکانی نزیك دەمەوبەیان.

"موحه‌یبس" -- کێبڕکێیەكە لەنێوان دوو تیمدا بۆ دۆزینەوەی ئەڵقەیەك کە یەکێك لە ئەندامانی تیمێك شاردوویەتیەوە -- یەکێکە لە جەماوەریتریین یارییەکان له‌ عێراق، بەتایبەت لەکاتی رەمەزاندا.

لەکاتێکدا دوو تیمەکە رووبەڕووی یەکتردەبنەوە، سەرکردەی تیمەکە ئەڵقەیەك لە دەستی یەکێك لە ئەندامانی تیمەکەدا دەشارێتەوە. دەبێت تیمەکەی دیکە ئەڵقەکە بدۆزنەوە.

ئەمساڵ، بە هەزاران لاو لە یاریگای شەعب لە ناوەندی بەغدا کۆبوونەتەوە بۆ بەشدارییکردن لە یارییەکەدا یان بۆ سەیری یارییەکە.

یارییەکان بەشێکن لە پێشبڕکێیەکی ساڵانە کە 32 تیم کێبڕکێ دەکەن، لەلایەن لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراقەوە رێکخراوە و سەرکردەی تیمی کازمیە، جاسم عەواد، سەرپەرشتی دەکات، کە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی موحەیبس.

لەنێوان کێبڕکێکاراندا 24 تیمیان لە گەڕەکەکانی بەغداوە هاتوون وەك کازمیە، ئەعزەمیە و کەڕادە و هەشت تیمیان لە پارێزگاکانی کەربەلا و دیالە و سەلاحەدینەوە هاتوون.

ئەسوەد بە دیارونای وت: "پێشبڕکێکە له‌سه‌ره‌تای رەمەزاندا دەستیپێکرد و لە 25 یان 26 حوزەیران کۆتایی دێت."

هەموو ئێوارەیەك، دوو یاری لەنێوان چوار تیمدا دەکرێت. تیمە براوەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن هەتا یەکێك لە تیمەکان دەبێتە پاڵەوان.

یاریی بەخت و کارامەیی

تیمی کازمیە ماوەی دوو ساڵە یەکەم دەبێت، زیاتر بەهۆی کارامەیی ئەسوەدەوە لە خوێندنەوەی دەموچاوی رکابەرەکانی و دەستنیشانکردنی ئەو دەستەی ئەڵقەکەی تێدا شاراوەتەوە.

ئه‌سوه‌د وتی: "تیمەکەمان مێژوویەکی درێژی هەیە له‌ بردنەوە و یەکەمبووندا كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 20 ساڵ لەمەوبه‌ر. لەهەمانکاتدا، هەندێك تیم هەن کە هەموو ساڵێك ئەنجامی باشیان هەیە، وەك تیمی کەربەلا."

لە هەموو یارییەکی تیمی کازمیەدا هۆڵەکە پڕدەبێت لە تەماشاکاران کە بەکۆمەڵ دەردەکەون بۆ سەیرکردنی ئەسوەد لەکاتێكدا ئەڵقەکە لەنێوان سەدان دەستی نوقاودا دەدۆزێتەوە.

ئەسوەد کە ئێستا 66 ساڵە بە دیارونای وت لە منداڵییەوە یارییەکەی خۆشویستووە.

لە باوکییەوە فێربووە، کە "یاریزانێکی بەناوبانگ بوو لەنێو خەڵکدا".

ئەسوەد وتی یارییەکە دەگەڕێتەوە "بۆ سەدان ساڵ لەمەوپێش و جێگای ره‌چه‌ڵه‌كی گەڕەکە کۆنەکانی بەغدان." جەماوەریبوونی یارییەکە بڵاوبووه‌وە بۆ بەشەکانی دیکەی وڵاتەکە و ئێستا یارییەکە لە دنیادا ناسراوە.

وتی سەرەڕای ئەوەی یارییه‌كی کەلەپوریی پڕخرۆش و خۆشه‌، موحەیبس "کەشی برایەتی و خۆشەویستی" دروستدەکات کە رەنگدانەوەی رۆحیەتی یەکێتیی نێوان عێراقییەکانە.

وتیشی: "دەیسەلمێنێت کە ئێمە یەك گەلین و جیاوازی لەنێوان تایه‌فەیەك و دانەیەکی تردا نیە یان ئاینێك و ئاینێكی دیکە. پێکەوە یاریدەکەین و پێکەوە دڵخۆشدەبین و لەکۆتایی هەر یارییەکدا باوەش بەیەکدا دەکەین."

لە هەر خولێكی کێبڕکێکەدا، دەنگی تەپڵ و هەلهەلە دەبیسترێت، لەگەڵ گوتاری نیشتیمانپەروەرانەی جەماوەریدا.

کەشی هاوڕێیەتی و خۆشی

سەرۆکی تیمی سەدر، ئەحمەد خەنجەر، بە دیارونای وت کێشەی نیە یارییەکە بباتەوە یان بیدۆڕێنێت، چونکە "کەشی برایانە لەنێو یاریزانەکاندا" لەهەموو شت گرنگترە.

خه‌نجه‌ر وتی: "یارییەکە تیمەکان لە چەندین ناوچە و شاری عێراقەوە کۆدەکاتەوە، لە چەندین تایه‌فە و ئایین و گروپی ئێتنی، کە هاتوون بۆ بەغدا بۆ پییشاندانی خۆشەویستی بۆ وڵاتەکەیان و بەشداریکردن لەم ساتە خۆشانەدا."

وتیشی ماوەی 10 ساڵە یاریی موحەیبس دەکات و لەئێستادا پێشه‌وایی تیمێكی 60 یاریزانی دەکات.

به‌گوێره‌ی یاساکانی یارییەکە، تیمی براوە دەبێت 21 خاڵ بەدەستبهێنێت بۆ راگەیاندنی بردنەوە -- تەنانەت گەر خوله‌كه‌ چەندین کاتژمێر بەردەوامبێت.

وەك نەریتێکی کۆتایی یارییەکە، دوو تیمەکە و خەڵك کە پشتیوانیی لێکردوون چێژ لە شیرینی خواردن دەبینن وەك زەلابیە و پاقلاوە، کە لەلایەن تیمی دۆڕاوەوە پارەکەی دەدرێت.

حەیدەر کورەیدی، یاریزانی موحەیبس لە تیمی گەڕەکی کەڕادە، وتی جوانترین شت دەربارەی یارییەکە ئەوەیە دەرفەتێك دەبەخشێتە تیمه‌ رکابەره‌كان بۆ ناسینی یەکتر و دروستکردنی هاوڕێیەتی.

کورەیدی بە دیارونای وت: "یارییەکەمان خۆشدەوێت چونکە هه‌ر تەنیا دڵخۆشمان ناکات، بەڵکو کۆماندەکاتەوە لەگەڵ هاوڕێیان و خەڵکی نوێدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500