هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پڕوپاگەندەکارێکی داعش کوژرا لە هێرشی ئاسمانی هاوپەیماناندا

ستافی دیارونا و ئاژانسی فرانس پرێس

دانیشتوانی بەغدا سەیری دیمەنی پاشماوەی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی گەورە دەکەن لە 16 شوبات لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبیلی دەستی دوودا کە چەندین کەسی کوشت. ئاژانسی ئەعماق، کە تاڕاده‌یه‌ك هەموو هێرشێکی هاوشێوەی گرتۆتە ئەستۆ، تەقینەوەکەی بڵاوکردەوە. دامەزرێنەری ئەعماق، رەیان مەشعەل لە 29 ئایار کوژراوە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سوریا. [ئەحمەد موسا/ئاژانسی فرانس پرێس]

دانیشتوانی بەغدا سەیری دیمەنی پاشماوەی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراوی گەورە دەکەن لە 16 شوبات لە پێشانگایەکی ئۆتۆمبیلی دەستی دوودا کە چەندین کەسی کوشت. ئاژانسی ئەعماق، کە تاڕاده‌یه‌ك هەموو هێرشێکی هاوشێوەی گرتۆتە ئەستۆ، تەقینەوەکەی بڵاوکردەوە. دامەزرێنەری ئەعماق، رەیان مەشعەل لە 29 ئایار کوژراوە لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سوریا. [ئەحمەد موسا/ئاژانسی فرانس پرێس]

یەکێك لە دامەزرێنەرانی ئاژانسی پڕوپاگەندەی ئەعماقی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، رەیان مەشعەل، لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا لە شارۆچکەی مەیادینی سوریا لە دێرە زوور، راپۆرته‌كانی سه‌ر پێگە کۆمەڵایەتیەکان چوارشەممە (31 ئایار) رایانگەیاند.

براکەی هەواڵی مردنی راگەیاند، کە بەپێی راپۆرتەکان دووشەممە رویداوە، لە وتەیەکدا بە شێوەیەکی بەربڵاو لە پێگە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکرایەوە.

مەشعەل، 31 ساڵ، کە بە بەراع کادەك ناسرابوو، تۆڕی هەواڵی حەڵەبی ئۆپۆزسیۆنی دامەزراند و لە 2013 بەجێیهێشت و پەیوەندیی كرد بە داعشەوە. بەگوێرەی راپۆرتی میدیا عەرەبیەکان ئەو دواتر تۆمەتبارکرا بە تەسلیمکردنی چەند چالاکوانێکی سوری بە داعش.

ئاژانسی ئەعماق کە به‌ سەرچاوەی هەواڵی سەرەکی گروپەکە داده‌نرێت بەیاننامەی لە ته‌له‌گرامەوە بڵاودەکردەوە کە ئەپێکی نامەناردنی کۆدبەندکراوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری حەڵەب 24، محەمەد خالید، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت مەشعەل چالاکوانێکی دیاری میدیایی بوو پێشئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە بکات.

بەگوێرەی خالید، کە وتی ئه‌وی لە 2012 بینیوە، مەشعەل وەك چالاکوانێکی میدیایی لە حەڵەب کاریده‌کرد تا کۆتایی 2013، کاتێك رایگەیاند دەچێتە ناو "خاکی خەلافەتەوە" لە بابی ناوچەی ژێردەستی داعش.

خالید وتی لەوێوە چوو بۆ رەققەی قه‌ڵای بەهێزی داعش بەڵام چوار مانگ لەمەوبەر بەرەو مەیادین هەڵهات هەرکە هێزەکانی سوریای دێموکرات گەیشتنە شارەکە.

وتیشی: "ئێمە دەمانزانی ئەو ئاژانسی [ئەعماق] دادەمەزرێنێت لە 2014، چونکە هەموو چالاکوانانی لە حەلەب بانگهێشتکردبوو کە پەیوەندیی پێوەبکەن."

شەڕی میدیایی بەردەوام

رۆژنامەوانی سوری، ئەکرەم ساڵح، کە بەمدواییانە لە دەوروبەری رەققە راپۆرت ئاماده‌ده‌كات، وتی: "کوژرانی رەیان مەشعەل دەرەنجامی باشی هەیە لەڕووی شەڕی میدیایی بەردەوامەوە."

ساڵح بە دیارونای وت داعش هەوڵدەدات ئایدیۆلۆژیای لاداوی خۆی لەڕێگەی میدیاکانیەوە بسەپێنێت.

وتیشی: "شەڕی میدیایی کۆتایی نایەت بە کوژرانی مەشعەل چونکە چەندین کەناڵی میدیایی تر هەن کە داعش بەکاریاندەهێنێت کە دەبێت بوەستێنرێن."

لەنێویاندا رۆژنامەکانی مویەسیرە و بەیان هەن کە بە کاعەز یان لەڕێی سیدییەوە دابەشدەکرێن لەگەڵ رادیۆی بەیان کە لە چەندین شاری ژێردەستی داعشدا پەخشدەکرێت، وەك موسڵ و رەققە.

رادیۆی بەیان پەخشی راوەستا لە 25 شوبات لەلایەن هێرشێکی ئاسمانی عێراقەوە بۆ سەر موسڵ.

ساڵح وتی داعش باش تێدەگات روبەڕووی "بەرەنگارییەکی گەورە بووه‌ته‌وه‌ دژی میدیاکانی و لەبەرئەوە هەوڵدەدات بمێنێتەوە سەرەڕای ئەو قه‌ده‌غه‌كردنه‌ی بەسەریدا سەپێنراوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌كات لەڕێگەی پاراستنی ژمارەیەکی زۆر له‌ ئه‌كاونته‌كانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌."

وتیشی جەختی گروپەکە لەسەر سەرچاوە هەواڵیەکانی ئەو گرنگیە پیشاندەدات کە ده‌یدات به‌ پاراستنی وێنا و پەیامه‌كه‌ی.

هەروەها وتی: "ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی داعش لە میدیاکانیدا کاردەکەن بەگوێره‌ی ئەوەی کەمن بۆخۆم بینیومە لەکاتی روماڵی شەڕدا لە باکوری سوریا."

وتیشی: "من چەندین ئەندامی کوژراوی داعشم بینی کە کامێرا و میمۆرییان پێبوو كه‌ زانیارییەکی زۆر و وێنە و كه‌ره‌سه‌ی پڕوپاگه‌نده‌یان تێدابوو، كه‌ ئەوە پشتڕاسدەکەنەوە ئەوانه‌ بەشێك بوون لەو سیستمی میدیایه‌."

ساڵح وتی هەرکە ناوچەکانی ژێردەستی گروپەکە بچوکدەبنەوە، شەڕێکی میدیایی دەکات بۆ بەرگریکردن لە قه‌ڵا سەرەکیه‌كه‌ی.

بەرپرسی بەشی میدیای نوێ لە سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مەیدانیی ئیبن وەلید، مازن زەکی، وتی لەناوبردنی مەشعەل چەندین دەرەنجامی باشی هەیە.

زەکی بە دیارونای وت داعش لە "شڵەژاندایە دوابەدوای لەدەستدانەکانی لە سوریا و عێراق،" ئاماژەشیدا به‌وه‌ی كه‌ کوژرانی مەشعەل توانای گروپەکەی کەمکردۆتەوە لە ئەنجامدانی شەڕی سایکۆلۆجی و میدیاییدا.

هەروەها وتی بەرپرسانی میدیایی داعش وەك "زمانحاڵی گروپەکە" خزمەتیانکردووە و "گورزێکی وەك ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت بۆ سەر ورەی ئەندامانی ماوەی گروپەکە".

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە بەشدارییکردووە لەم راپۆرتەدا

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500