وێنەکێشی عێراقی ناپیشەوەر، مستەفا تائی، شەوان بەنهێنی کاریدەکرد، بە فڵچە و قەڵەمەکانی ئەو توندوتیژییەی تۆماردەکرد کە لەژێر حوکمی دڕندانەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە عێراق روویاندەدا.
جەستەی خوێناویی پیاوێك بە قاچ هەڵواسراوە، دانەیەکی دیکە لە گۆمێکی خوێندا راکشاوە و سەری بڕاوی لەسەر پشتی دانراوە، ژنێك دەموچاوی بە تێزاب سوتێنراوە -- ئەمانە تەنیا چەند دیمەنێکن لەوانەی تائی تۆماری کردوون.
240 تابلۆ و هێڵكاریهکە -- کە تائیی کێشاونی لەوکاتەوەی داعش دەستی بەسەر شارۆچکەکەیدا گرت، حەمام عەلیل لە باشوری موسڵ لە 2014 و تا ئەوکاتەی هێزەکانی عێراق لە کۆتایی 2016 رزگاریانکردەوە -- نمایشی ترس و تۆقاندن دهكهن.
وتی: "داعش دوژمنی هونەرە، دوژمنی ژیانە، بۆیە بەخۆمم وت هەرکات یەکێك لە تاوانەکانیانم بینی یان ئهو شتانهی ئەنجامی دەدەن، دەیگێڕمەوە."
تائی كه پیاوێکی 58 ساڵەیە و ئیشی چاککردنەوەی تەباخ و بۆیلەرە، لە منداڵییەوە "خوویگرتووە" بە وێنەکێشانەوە، وتی: "رۆژنامەنوسی لێنەبوو. ئەوانیش رێگەیان بە وێنەگرتن نەدەدا، بۆیە وێنەکانم لە مێشکی خۆمدا دهپاراست و شەوان لە ماڵەوە دەمکێشان."
تائی کە چوارمشقی لە ژووری میوانەکەی خۆیدا دانیشتبوو، وێنەیەکی لەسەر ئامێزی دەکێشا وتی: "سوپا بە چەك شەڕ دژی داعش دەکات. من بە فڵچەکەم، رەنگەکانم، هێڵكارییهكانم و تابلۆکانم."
لەکاتێکدا هونەر لەلایەن جیهادییەکانەوە قەدەغەکرابوو -- کە وێنەی کێشراوی خەڵکیان بەدژی ئیسلام دەبینی -- و كهرهسهی هێڵكاری نەدەتوانرا پەیدابکرێت، تائی بە بۆیه و كاغهز و قەڵەمە کۆنەکانی خۆی وێنەی دەکێشا بۆ "بەرەنگاریكردن".
وێنەکان سادە و رەنگاوڕەنگن و هەریەکەیان چیرۆکێك دەگێڕنەوە.
دەستی راکێشا بۆ پۆرترێتی کچێك کە دەگریا و روونیکردەوە: "ئەم منداڵە مەسیحییە."
تائی وتی: "کاتێك تەمەنی 12 ساڵان بوو بردیان. لە یەکێکیان مارەکرابوو، کە بۆ کەسێکی دیکەیانی بەجێهێشت و ئەویش مارەی کرد" -- ئەو دۆخە "چوار بۆ پێنج جار" دووبارەبووهوە.
'خووم پێوەگرتووە'
"لەکاتێکدا لە نەخۆشخانە بووم بینیم. دەگریا. جێگای شینبوونهوه به روخساریهوه بوو، برین لەسەر دەستهكان و جەستەی. پەڕەیەكم له راپۆرتە تەندروستییەکەی خۆم كردەوە و وێنەم کێشا."
وێنەیەکی دیکە پیاوێك نیشاندەدات کە بە ستونێکەوە بەستراوەتەوە، کەلەپچەکراوە و چاوی بەستراوە.
تائی وتی ئەو پیاوە دوای تەقەکردن لە جیهادییەکان گیرابوو.
"بە ستونێکی کارەباییەوە بەستیانەوە و دوای ئەشکەنجەدان لەسێدارەیاندا."
تائی کارەکەی لە ماڵەوە نەپاراست، لەجیاتی ئەوە لەلای هاوڕێیەکی داینا کە لە پشتی سەیارەکەی خۆیدا شاردنیەوە.
بەڵام پێیوایە لەلایەن داعشەوە مهحكومكرابوو، بەتایبەتی کاتێك بەڕۆژ لەشوێنی کارهكهی وێنەی دەکێشا.
وتی داعش "چەندجارێك هاتنە ماڵەکەم، هیچ شتێکیان نەدۆزییەوە".
شەوێك پۆلیسی ئاینیی هات: "پێیانوتم وێنهكانم و تابلۆی خۆشنووسییەکانمیان دەوێت. بردیانم بۆ بیابان."
جیهادییەکان لێیاندا و قاچیان بە ئۆتۆمبیلێکەوە بەستەوە و بەدوای ئۆتۆمبیلەکەدا رایانکێشا.
وتی: "بەدەنگی بەرز قورئانم دەخوێند... دواتر، دەستیان بەقاچمەوە بەستەوە، هێنامیانەوە و لەبەردەرگای ماڵەکەم فڕێیاندام. بەیانیی رۆژی دوایی دۆزرامەوە."
تائی وتی بههۆی کارە هونەرییەکانیهوه ماوەی 45 رۆژ دەستبەسەرکراوە و فەرمانی لێدانی جەڵتەی بۆ دەرکراوە.
بەڵام ههر جارێك، ئەو کە باپیری حەوت منداڵە، هێشتا بەردەوامدەبوو لە وێنەکێشان.
تائی وتی: "ناتوانم واز لە وێنەکێشان بێنم. خووم پێوەگرتووە، ئارامم دەکاتەوە. جگەرە ناکێشم -- وێنەدەکێشم."
یهكێك له جارهكان له زینداندا، پیلێکی کردەوە و ناواخنەکەی بەکارهێنا بۆ وێنەکێشان لەسەر دیوار. پاسەوانێك ناچاریکرد بەوەی بە لێسانەوە بیسڕێتەوە.
ئەمڕۆکە تائی کارە هونەرییەکانی لە سندوقدا ههڵدهگرێت وەك شایەتییەك بۆ ئەوەی بینیویەتی، وێنەی ئەو شتانەش دەکێشێت "کە لەبەردەممدان و بە جوانیان دەزانم".