هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی ژنان

پرۆژەیەکی کوەیت یارمەتیی بێوەژنە عێراقییەکان دەدات شاره‌زایی بەدەستبهێنن

عەلاء حسێن لە بەغدا

کۆمەڵگەی تەندروستیی عێراقیی یەکگرتوو ئامێری چنین و ئامرازی دیکە دابەشدەکات بەسەر ئەو بێوەژنە ئاوارنەدا کە ئەو راهێنانە پیشەییەیان تەواوکردووە کە لەلایەن کۆمەڵگەی فریاگوزاریی کوەیتیەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت. [خاوەندارێتی وێنە: کۆمەڵگەی تەندروستیی عێراقیی یەکگرتوو]

کۆمەڵگەی تەندروستیی عێراقیی یەکگرتوو ئامێری چنین و ئامرازی دیکە دابەشدەکات بەسەر ئەو بێوەژنە ئاوارنەدا کە ئەو راهێنانە پیشەییەیان تەواوکردووە کە لەلایەن کۆمەڵگەی فریاگوزاریی کوەیتیەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت. [خاوەندارێتی وێنە: کۆمەڵگەی تەندروستیی عێراقیی یەکگرتوو]

بێوەژنانی پێنج پارێزگای عێراقی ئامێریان پێدراوە و راهێنانی پێویستیان پێکراوە بۆ دەستپێکردنی كاسبیی بچووك و بەردەوامیدان بە ژیانیان.

پرۆژە سێ مانگییەکەی پەرەپێدان بەشێکە لە کەمپینێكی كوه‌یتی به‌ناوی لەلایەن خۆتەوه‌، کە لەلایەن کۆمەڵگەی فریاگوزاریی کوەیتیەوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت و لەلایەن کۆمەڵگەی تەندروستیی عێراقیی یەکگرتووەوە جێبەجێدەکرێت.

پرۆژەکە ئامانجیەتی یارمەتی ئەو ژنە ئاوارە عێراقییانە بدات کە مێردەکانیان بەهۆی توندوتیژیی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وە لەدەستداوە، تا شاره‌زایی پێویست بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی داهات بەدەستبهێنن.

سەرۆکی کۆمەڵگەی تەندروستیی عێراقیی یەکگرتوو، ئه‌حمه‌د موشریف، بە دیارونای وت راهێنان و هاریکاری درا بە "2,500 بێوەژنی ئاوارەی بەغدا، ئەنبار، سەلاحەدین، دیالە و نەینەوا، لەگەڵ 500 سوودمەند لە هەر پارێزگایەکی دیکەوە".

فێربوونی پیشەی نوێ

وتی ژنەکان پیشەی نوێیان فێردەکرێت وەك چنین، پەلەوەر بەخێوکردن، قژبڕین و نانەوایی.

ئەو ئامێرانەی پێویستیان بوو بۆ دەستپێکردنی كاسبی لە بۆنەیەکدا نیشانیاندرا لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەغدا، کە باڵیۆزی کوەیت لە عێراق، سالم زەمانان، ئامادەی بوو.

جێگری بەڕێوەبەری ناوه‌ندی راهێنانی پیشەیی لە رەمادی، ئەحمەد محەمەد، وتی لە پارێزگای ئەنبار، 500 بێوەژنی ئاوارە راهێنانیان پێکرا لە ناوه‌ندی راهێنانی پیشەیی لە رەمادی، کە بەشێکە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

ناوبراو بە دیارونای وت: "ئەم ژنانە لە بەشە جیاوازەکانی پارێزگاکەوە هاتبوون، وەك رەمادی، فەلوجە، بەغدادی، هیت و شارۆچکەکانی دیکە."

وتی پرۆژە کوەیتییەکە بەڵێنی دا لە یەکەم رۆژی راهێنانەوە تا دەستپێکی کار پشتگیری لە بێوەژنەکان بکات و ئاماژه‌شی كرد بەوەی خەرجیی گواستنەوەی ئامێرەکان بۆ ماڵەكانیان یان شوێنی کاریان لەئەستۆگیرابوو.

چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی

سەرۆکی لیژنەی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، ئیبتیسام محەمەد، بە دیارونای وت ژمارەی بێوەژنان له‌زیادبووندایه‌ بەهۆی شەڕەوە لەدژی داعش و ئەو توندوتیژییەی گروپەکە ئه‌نجامیده‌دات.

وتی ئەو بەرنامانەی بێوەژنان بەهێزدەکەن سوودی کۆمەڵایەتیی راستەقینە پێشکەشدەکەن بە باشترکردن بار ژیانیان و یارمەتیدانیان تا مەینەتیه‌كانیان کەمببێتەوە.

وتیشی: "ئەوەی ئەم بەرنامانە جیادەکاتەوە ئەوەیە راهێنان بە ژنانی ئاوارە دەکەن لەڕێی چەند خولێکەوە کە چەند هەفتەیەك بەردەوامدەبن و ئامێری پێویستیان دەدەنێ بۆ یارمەتیدانیان تا دەستبكه‌ن بە کارکردن."

وتی بۆ نمونە، ئەو ژنەی لە چنیندا راهێنانی پێکرابێت ئامێری چنینی پێدەدرێت و ئەوانەی راهێنانی نانەواییان پێکرابێت تەباخیان دەدرێتێ.

وتیشی پرۆژەی وەك ئەمە وادەکات بێوەژنانی ئاوارە بتوانن ببنه‌ کەسانێكی بەرهەمهێن لە کۆمەڵگەدا کە دەتوانن خۆیان و منداڵەکانیان بژیەنن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500