هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

خێڵەکانی ئەنبار سەمای چۆپی دەکەن دوای دەرپه‌ڕاندنی داعش

سەیف ئەحمەد لە ئەنبار

پیاوانی عێراقی سەمای نەریتیی چۆپی دەکەن لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیرییدا بەمدواییانە لە ئەنبار. [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

پیاوانی عێراقی سەمای نەریتیی چۆپی دەکەن لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیرییدا بەمدواییانە لە ئەنبار. [سەیف ئەحمەد / دیارونا]

ئەو شارۆچکانەی ئەنبار کە بەمدواییانە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون سەمای ئاهەنگگێڕانیان بۆ گەڕایەوە، وەك چۆپی، شێوازێكی دەبکەی عێراقی، کە پێشتر گروپەکە لە ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا قەدەغەیکردبوون.

بەڕێوبەری پۆلیسی ئەنبار، لیوا هادی کەسار رەزیج، بە دیارونای وت: "داعش لەو ناوچانەی کە داگیریکردبوون هەمووشتێکی قەدەغەکرد، بەڵام لەئێستادا رزگارکراون، سوپاس بۆ هەوڵ و قوربانییەکانی هێزە عێراقییەکان."

وتی: "دۆخی ئەمنی سەقامگیرە لە هەموو یەکە کارگێڕییەکانی ئەنباردا کە داعش لێیان دەرپەڕێنراوە."

رەزیج وتی لەئێستادا بۆنەی هاوسەرگیری و ئاهەنگی دیکە وەك پێشتر ئەنجامدەدرێن، بە سەمای نەریتیی چۆپیەوە وەك ئاماژەیەكی رزگارکردن.

چۆپی سەمایەکی جەماوەریی بەدەوییە و بەشێوەیەکی نەریتیی لە هاوسەرگیری و بۆنەی ئاهەنگێڕانی دیکەدا دەکرێت. بەدەستگرتن، سەماکاران پێکەوە لە ریزێکدا دەجوڵێن، یان بەشێوەی بازنەیی، پێیان دەدەن بە زەویدا بەدەم ئاوازەکەوە.

نەریتی جۆراوجۆر

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، محەمەد یاسین، بە دیارونای وت خێڵەکانی ئەنبار چەندین نەریتیان هەیە لەکاتی ئاهەنگێڕاندا.

له‌وانه‌ سەمای چۆپی و كه‌ژاوه‌یه‌كی نه‌ریتیی هاوسەرگیریی، زەففە، کە "چەندین ئۆتۆمبیل ئاهه‌نگێڕه‌كان هەڵدەگرن و بە شەقامەکاندا دەسوڕێنەوە".

یاسین وتی پێشئەوەی لە 2014 داعش ئەنبار داگیربکات، خەڵکی پارێزگاکە ئاهەنگەکانیان لە گوندی گەشتیاریی حەبانیە ده‌گێڕا، "بەڵام ئێستا خێزانە ئاوارەکان لە بیناکانیدا نیشتەجێبوون و هەموو ئاهەنگەکانی ئەوێ دواخراون."

وتیشی هەرکاتێك خێزانە ئاوارەکان گەڕانەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان، گوندەکە دەرگاکانی دەکاتەوە بۆ دووبارە ئاهەنگێڕان.

وتی هاوکات "هێزە ئەمنییەکان بۆنەكانی ئاهه‌نگگێڕان و گردبوونەوەكان له‌ هێرشی گروپە تیرۆرستییەکان دەپارێزن".

سەرۆکی ئەنجومەنی خێڵەکی ئەنبار، شێخ تورکی عاید شەممەری، بە دیارونای وت: "سەمای چۆپی نەگۆڕێکی دابونەریتی خێڵەکییە. داعش هەڕەشەی لە هەر کەسێك دەکرد کە ئەم سەمایەی ئەنجامبدایە یان گۆرانیی بوتایە و گوێی له‌ مۆسیقا بگرتایە."

وتی: "ئەو چاخە و ئایدۆلۆژیای داعش تێپه‌ڕین. ئێستا ژیان دووبارە ئاساییە لە ئەنبار، چونکە خەڵکی دەتوانن ئاهەنگ بگێڕن بەبێ بەربەست."

مۆسیقا دەگەڕێتەوە بۆ ئەنبار

زوهه‌یر عانی، 38 ساڵ، کە خەڵکی شارەکەیە، وتی: "ژیان لە رەمادی ژێردەستی داعشدا بوونی نەبوو. کوشتار و سەربڕین هەبوو بەبێ هیچ هۆیەك ئەوەنەبێت گەنجان گوێیان لە گۆرانی دەگرت یان مۆبایلەکانیان بەکاردەهێنا."

وتی ئێستا شەقامەکانی رەمادی و شارەکانی دیکەی پارێزگاکە پڕن لەو خەڵکانەی ئاهەنگی هاوسەرگیری، مارەبڕین، سەرکەوتنی ئەکادیمی و بۆنەی تایبەت دەگێڕن، وتیشی تەپڵی ئاهەنگێڕان دەتوانرێت لەدوورەوە ببیسترێت.

دانیشتوویه‌كی فەلوجە، مەیسەم عەبدولجەبار، 40 ساڵ، وتی: "گروپە تیرۆرستییەکان، لەهەر رەنگێك بن، نایانەوێت خەڵکی عێراق بژین. داعش هەوڵیدا هەرچی شتی جوان هەیە تێکیبشکێنێت."

وتی گروپەکە ستۆدیۆكانی تۆمارکردنی تێکشکاند و ئەو دوکانانەی تەقاندەوە کە دەتوانرا ئامێری مۆسیقای لێبکڕدرێت یان بەکرێ بهێنرێت.

جومەیلی وتی بەڵام ئاماژەكانی به‌خته‌وه‌ری دووبارە لە شەقامەکاندا دەبینرێن. "ئێستا دەتوانین لەگەڵ خەڵکی تردا ئاهەنگ بگێڕین، لەکاتێکدا پێشتر ته‌نانه‌ت رێگەمان پێنەدەدرا ئاهەنگی هاوسەرگیریش لە فەلوجە بگێڕین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500