تەنیا دوای چەندرۆژێك لە ئازادکردنی تەبقە لە باکوری پارێزگای رەققەی سوریا لە 10 ئایار، ئەو دانیشتوانەی لە شارەکە هەڵهاتبوون دەستیانكرد بە گەڕانەوە.
دوکاندار، ساڵح ئەحمەد، وتی رێگەی پێدراوە بگەڕێتەوە دوو رۆژ دوایئەوەی شارەکە ئازادکرا، کاتێك هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشەکەیان تەواوکرد بۆ پاککردنەوەی مین و بۆمبه دەستكردهكان.
ئەحمەد بە دیارونای وت دانیشتوان رێگەیانپێدرا بگەڕێنەوە گەڕەکە کۆنەکانی شارەکە پێشئەوەی ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی گەڕەکەکانی تەبقەی نوێ له رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تەواوببێت.
وتی دڵخۆشی به گەڕانەوە ئێجگار زۆربوو.
هەروەها وتی: "بارودۆخی ناو شاری رەققە زۆر ئارامە، بەتایبەتی دوای دەنگۆیەك کە هەندێك کەس هەوڵیاندا بڵاویبکەنەوە کە دەشێت دانیشتوان رێگەنەدرێن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و ئاوارەببن بۆ ناوچەکانی تر."
وتیشی تەواو بە پێچەوانەوە ئەو خانوانەی "بە زەبری هێز لەلایەن ئەندامانی داعشەوە داخرابوون بە قوفڵ و زنجیر و کلیل، دراونەتهوە بە خاوەنەکانیان لەگەڵ گەڕانەوەیاندا."
دابینکردنی نان
ئەحمەد وتی زۆربەی پێداویستیە سەرەتاییەکان دەگمەنن لە شارەکەدا بەهۆی گهمارۆكهی پێشووەوە بەڵام لیژنەكانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی رەققە هەنگاوەکانیان خێراترکرد بۆ دابینکردنی ئارد و کردنەوەی نانەواخانەکانی شارەکە.
هێزەکانی سوریای دێموکرات چەند ئهمبارێكی پڕ لە گەنمیان دۆزییەوە کە داعش شاردبوونیەوە و رێککەوتنیان لەگەڵ خاوەن ئاشێك کرد بۆ كردنی به ئارد و دابەشکردنی بەسەر نانەواخانەکاندا.
ئەحمەد وتی: "خاوەن ئاشەکە رازیبوو کە ئەمە بەبێ بەرامبەر بکات، نانەواخانەکانیش بەهەمان شێوە، کە ئێستا حەوت دانەیان کاردەکەن بۆ پڕکردنەوەی خواستی شارەکە."
وتیشی کاڵاکانی تر کە شارەکە پێویستی پێیان ههیه، بریتین له هەوێن بۆ نانەواخانهكان و خواردنەکانی تر وەك رۆن و گۆشت. ههروهها وتی پێشبینی دەکات ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی "لە ماوەی نزیکەی مانگێكدا بهگوێرهی هەلومەرجی ئێستا".
چاککردنەوەی بەنداوی تەبقە
تەکنیککاری چاککردنەوە، مستەفا فەواز، بە دیارونای وت تیمەکانی چاککردنەوە نێردران بۆ هەڵسەنگاندن و چاککردنەوەی هەر زیانێك بەر بەنداوی تەبقە کەوتبێت ههر یهكسهر دوای دهست بهسهردا گرتنهوهی.
فەواز وتی: "هەموو ئامێرێکیان لەبەردەستدایە بۆ دەستپێکردنی کار دەستبەجێ." ئاماژەشیدا بهوهی کە هێزەکانی سوریای دێموکرات بهپێی توانا یارمەتیدەربوون لە دابینکردنی هەر ئامێرێك بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەر هەندێك بەشی بەنداوەکە کەوتوون.
وتیشی: "کاری سەرەکی ئێستای تیمەکان سنوردارکراوە بۆ چاککردنهوهی پەمپەکانی ئاوی خواردنەوە کە ئاو دابیندەکەن بۆ تۆڕی دابەشکردنی ئاوی شارەکە بۆ گێڕانەوەی ئاو."
ئەم کارە پێدەچێت لانیکەم هەفتەیەك بخایەنێت.
وتیشی هاوکات کەمیی ئاو دانیشتوانی ناچارکردووە شێوازی سەرەتایی بەکاربهێنن بۆ راکێشانی ئاو لەو ناوچانەوه كه ئاوی تێداکۆکراوەتەوە لە نزیك بەنداوەکە لە قەراغەکانی شارەکەدا.
فەوزی وتی تۆڕی کارەباش زیانی پێگەیشتووە و هەندێك ناوچەی شارەکە کارەبای نییە. ههروهها وتی کارکردن بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ هەموو ناوچەکان.
لابردنی پاشماوەکانی شەڕ
ئەفسەرێك لە هێزەکانی سوریای دێموکرات، فەرهاد خۆجە، بە دیارونای وت: "ئێستا کە شارەکەیان ئازادکراوە، خەڵکی تەبقە سورن لەسەر لابردنی هەرشتێك كه ئەو ماوەیەیان بیربخاتەوە کە شارەکە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوو."
وتیشی گروپە خۆبەخشەکان دەستیانکردووە بە لابردنی پاشماوەی بەجێماوی شەڕەکان و ئەو تورهكە لمانەی لە شەقامە سەرەکیەکاندا دانراون بۆ خۆپاراستن له بۆردومان و ئاگری تەقە.
وتیشی هەماهەنگیی تەواو هەیە لەنێوان دانیشتوان و هێزەکانی سوریای دێموکراتدا.
خۆجە وتی: "دانیشتوانی شارەکە و گوندەکانی لە نەتەوەی کورد و عەرەب پێكدێن. ئەو دەنگۆیانەی دەکرێن بۆ هاندانی ئاژاوە لەنێوانیاندا پوچەڵبوونەتەوە بەهۆی ئامانجی سەرەکی و هاوبهشهوه کە وەدەرنانی داعش بوو، ئەوهش رویدا."
وتیشی: "ئێستا ئامانجێکی تری هاوبهش ههیه، ئهوهش لابردنی پاشماوەکانی جەنگه و گەڕاندنەوەی شارەکە بۆ حاڵهتی پێشوی و ئەمەش زۆر بەزوویی روودەدات لهسایهی گیانی برایەتیدا کە لەنێوان هەموو کەسێكدا دەردەکەوێت."