هه‌واڵه‌كانی عێراق
رەمەزان

داعش خۆشییه‌كانی رەمەزان له‌ شارە سوریەکان داده‌ماڵێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دوو پیاوی خەڵکی رەققە بەبەرچاوی خەڵکەوە شەرمەزار دەکرێن و لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە لێیاندەدرێت لەبەرئەوەی گوایە لە رەمەزانی 2016 بەڕۆژوو نەبوون. [خاوەندارێتی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

دوو پیاوی خەڵکی رەققە بەبەرچاوی خەڵکەوە شەرمەزار دەکرێن و لەلایەن رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە لێیاندەدرێت لەبەرئەوەی گوایە لە رەمەزانی 2016 بەڕۆژوو نەبوون. [خاوەندارێتی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

لەو ناوچە کەمانەی سوریادا کە هێشتا لەژێردەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی"دا ماون، مانگی پیرۆزی رەمەزان لە نەریتەکان، چالاکیی کۆمەڵایەتی و بۆنە خۆشەکانی دابڕێنراوە، چونکە گروپەکە خەڵک ناچاردەکات پابەندبن بە ئایدۆلۆژیا رادیکاڵەکەی خۆیەوە.

خەڵکی شارەکە بە دیارونایان وت لە ساڵانی رابردوودا، رەققە بە رازاندنەوە و رووناکی دەتەنرا و دەنگی تەواشیح (گۆرانیی ئایینی) زایەڵەی هەبوو، دەستگێڕەکان بە شەقامەکاندا بڵاودەبوونەوە و خۆراك و شیرینیی تایبەتییان دەفرۆشت.

وتیان لەئێستادا ئەمانە بونیان نەماوە و ئەم مانگە هیچ جیاوازنیە لە مانگەکانی دیکە.

وتاربێژی پێشوو لە مزگەوتی عومەر لە حەلەب، شێخ موعاز عەبدولکەریم، کە ئێستا نیشته‌جێی قاهیرەیە، وتی داعش رێورەسمە ئایینیەکان و نەریتەکانی رەمەزانی شێواندووە.

عەبدولکەریم بە دیارونای وت پێشتر رێوڕەسمی ئایینی و نەریتی کۆمەڵایەتی "کەشێکی جوان"یان لەکاتی رەمەزاندا دروستدەکرد، بەڵام "کارەکانی گروپەکە لەم مانگی رۆژووەدا و هەڵکوتانەسەر هاوڵاتیان" خۆشییه‌كانی ئه‌م مانگەی زه‌وتكردووه‌.

وتی لەکاتێکدا نەریتەکان لە بەشێکی سوریاوه‌ بۆ بەشێكی تری جیاوازن، خاسیەته‌ هاوبەشه‌كانیان ئاشنایەتی و هاریکاریی کۆمەڵایەتی، سەردانی خێزانی و خۆشی و بەختەوەری بوون.

وتی: "بەڵام داعش رێگریی لە نیشاندانی خۆشی دەکات و کردوویەتی، بۆنمونە رازاندنەوە و گۆرانیی کۆن و تێکەڵبوونی رەگەزە جیاوازەکانی قه‌ده‌غه‌ کردووە، تەنانەت لەنێوان خزمەکانیشدا."

وتیشی ئەوەی كه‌ نه‌ماوه‌ ئه‌و مێزه‌ رازێنراوەیە بوو بە ژەمێك کە خێزان و هاوڕێ و خەڵکی هەمان ناوچەی پێکەوە کۆدەکردەوە.

مانگێك بەبێ خۆشی

ناسر عەلی خەڵکی شارەکە کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا لەترسی سەلامەتیی خۆی، وتی خەڵکی رەققە رێوڕەسمە جوانەکانی رەمەزانیان بیرچۆتەوە.

ناوبراو بە دیارونای وت: "بەراوردکردنی شەقامەکانی رەققە لە ساڵانی رابردوودا و ئەوەی لەئێستادا چۆنن خەمبارکەرە."

وتی پێشتر کەشێکی خۆشیی هەبوو، شەقامەکان بەتەواوی دەڕازێنرانەوە، رووناکی هەڵدەکرا و دەستگێڕەکان شیرینی و خواردنیان دەفرۆشت، لەکاتێکدا ئێستا شتی وا نەماوە.

عەلی پێشبینیی کرد رەمەزان سەختتر بێت لە ساڵانی رابردوو، لەبەرئەوەی دۆخی ئێستاکە زۆر سەختترە.

وتی: "کاریگەریی گه‌مارۆكه‌بە ئاشکرا لەسەر ژیانی رۆژانەی دانیشتوانی شارەکە دەرکەوتووە، کە هەندێکیان خۆیان ئامادەکرد بۆ مانگەکە بە كڕینی ئه‌و کاڵایانەی کە لە بازاڕدا ده‌ستده‌كه‌وتن."

عەلی وتی ئه‌وانه‌ش بریتیبوون له‌ شەکر و برنج و هەندێك جۆری دانەوێڵەی تر. هه‌روه‌ها ئاماژەشیكرد بەوەی كه‌ بەهۆی نرخی بەرزی گۆشتەوە، زۆرێك لە دانیشتوان ئاژەڵداری دەکەن.

وتیشی بەهۆی تارمایی ئه‌و شه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌ن، خەڵکه‌كه‌ خواردن کۆدەکەنەوە بۆ دەمێك کە گه‌مارۆكه‌ درێژەبکێشێت و ده‌ست به‌ خۆراك نه‌گات.

هه‌روه‌ها وتی: "هەندێك لە خێزانەکان هەوڵدەدەن نەریتی ئاسایی خۆیان درێژەپێبدەن بە کۆبوونەوە لە ماڵی یەکێكیاندا بۆ رۆژووشكاندن و مانەوە تا پارشێو."

وتی ئەمە تەواو بەنهێنی دەکەن، بەهۆی قەدەغەی گروپەکەوە لەسەر تێکەڵبوونی رەگەزە جیاوازەکان و بەهۆی ئەوەی سەیری ئەڵقەی تەلەفزیۆنی دەکەن کە لە فلاشێکدا خەزنکراوە و بە کۆمپیوتەر دەیبینن.

خەم و مەینەتی زاڵن

رۆژنامەنوسی سوری، محەمەد عەبدوڵا، بە دیارونای وت روونترین ئاماژەی ئەوەی چۆن داعش کاریگەریی لەسەر رەمەزان داناوە، ئەو "دۆخی خەم و مەینەتیەیە کە مەدەنییه‌كانی ناوچه‌كانی ژێردەستیان تیایدا دەژین".

وتی خۆشیی گەیشتنی ئەو مانگە پیرۆزە نەماوە، لەگەڵ هەموو ئەو دەرکەوتانەی دۆستایەتی و هاریکاریی کۆمەڵایەتی کە پێشتر باوبوون، نەك تەنیا لەنێوان موسڵماناندا بەڵکو لەنێوان موسڵمان و مەسیحییەکانیشدا.

وتیشی داعش "مانگی خۆشی و پەرستشی گۆڕیوە بە مانگی خوێن و کوشتار، چونکە لەوکاتەوەی گروپەکە دەرکەوتووە ساڵێك تێنەپەڕیوە تیایدا بانگەوازی خوێنڕێژی نەکات لەکاتی رەمەزاندا".

عەبدوڵا وتی کارمەندانی حیسبە ("پۆلیسی ئاینیی") مەدەنییەکان دەستبەسەردەکەن و سزا دەسەپێنن بە هەموو جۆرەکانیەوە لە لێدان و لەسێدارەدانی ئەوانەی گروپەکە دەڵێت گوایە بەڕۆژوو نەبوون.

وتیشی ئەم دیمەنە خەمبارکەرانە لەئێستادا جێی رازاندنەوە و ئاهەنگە نەریتی و ئایینیەکانی پێش هاتنی گروپەکەیان گرتۆتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500