هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش ئاوارەکان دەکاتە ئامانج بۆ تۆڵەکردنەوەی شکستەکانی

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

مەدەنییە بریندارەکانی كه‌مپێك له‌ ناوچەی رەجم سەلیبی خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێدەدرێت دوای ئەوەی کەمپەکە لەلایەن خۆکوژەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە کرایە ئامانج لە 2 ئایاردا. [خاوەندارێتی وێنە: عەمار ساڵح]

مەدەنییە بریندارەکانی كه‌مپێك له‌ ناوچەی رەجم سەلیبی خزمەتگوزاریی تەندروستییان پێدەدرێت دوای ئەوەی کەمپەکە لەلایەن خۆکوژەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی'یەوە کرایە ئامانج لە 2 ئایاردا. [خاوەندارێتی وێنە: عەمار ساڵح]

ماوەیەکە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج لە خاڵی گردبوونەوە و کەمپی ئاوارەکاندا، لەنێویاندا ئەو ئاوارە عێراقی و سورییانەی لە وڵاتەکانیان لە شەڕ هەڵدێن.

ئەو پسپۆڕانەی قسەیان بۆ دیارونا کرد وتیان داعش هەوڵدەدات تۆڵە لە مەدەنییەکان بکاتەوە دوای شکستە گەورەکانی ئەمدواییەی و هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بیانهێڵێتەوە بە هەڕەشەی هێرشبردنە سەر خێزان و خزمەکانیان کە هەڵاتوون.

هێرشێکی 2 ئایار بۆ سەر ناوچەی کەمپی رەجم سەلیبیلەناو خاكی سوریادا لانیکەم 46 کەسی کوشت، لەنێویاندا31 مەدەنی.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لانیکەم پێنج خۆکوژ خۆیان تەقاندەوە لەناو کەمپێکدا و لە دەرەوەی، لە پارێزگای حەسەکە.

داعش بەرپرسیارێتیی هێرشی سەر کەمپە کاتییەکەی لەئەستۆگرت نزیك بە سنوری عێراق کە نزیکەی 300 خێزان چاوەڕوانی پەڕینەوە بوون بۆ ناوچەکانی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

ئەندامی ئەنجومەنی ئاشتی حەسەکە عەمار ساڵح بە دیارونای وت: "نابێت هیچ جێی سەرسوڕمان بێت کە گروپەکە مەدەنیەکان دەکاتە ئامانج لە سوریا، یان هەر شوێنێکی دیکەی جیهان."

لە دەستپێکیەوە، گروپەکە مەدەنیەکانی بە ئامانجێکی سەرەکی و رەوا لەقەڵەمداوە و زۆرینەی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاراستەی ئەوان کردووە.

وتی گروپەکە بەمدواییانە هێرشەکانی زیادکردووە بۆ سەر مەدەنیەکان لە سوریا لە هەوڵێکدا بۆ "فشارخستنە سەر و بێدەنگکردنی خەڵکەکە تەنانەت لەو ناوچانەشدا کە خەڵکەکە بۆی هەڵدێن، تا ئەو پەیامەیان پێبدات کە دەستی پێیان رادەگات بۆ هەر شوێنێك هەڵبێن".

وتیشی: "ئەم کۆمەڵکوژییانە دەکرێت پەیامێکیش بن ئاراستەی ئەو مەدەنییانە بکرێن کە هێشتا لەژێر دەستی خۆیدان، بەوەی کە خزم و خێزانەکانیان دەکاتە ئامانج گەر یاخی ببن لێیان یاخود هەر بەرەنگارییەك ئەنجامبدەن."

بەئامانجکردنی گردبوونەوەی مەدەنییەکان

هەڤاڵ عەباس، پەرستارێك کە لەگەڵ مانگی سووری کوردیدایە وتی هێرشەکەی سەر کەمپی رەجم سەلیبی کە خاڵی گردبوونەوەی ئەو مەدەنییانەیه‌ كه‌ لە دێرەزور و ناوچەکانی دیکەی ژێردەستی داعش هەڵدێن، تاوانکاریی گروپەکە نیشاندەدات.

عه‌باس بە دیارونای وت ژمارەیەك ئەندامی داعش دزەیان کردە نێو خاڵێکی پشکنینی نزیك بە کەمپەکە، یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوانیدیکەش بەشێوەیەكی هەڕەمەکی دەستیانکرد بە تەقەکردن و بوونە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر مەدەنی.

وتی: "تاوانکارییه‌كه‌یان لەوێدا کۆتایی نەهات چونکە چوار خۆکوژەکە دزەیانکردە نێو کەمپەکە و یەکێکیان توانیی خۆی بتەقێنێتەوە."

وتیشی ئەوانیدیکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کوژران پێش ئەوەی بتوانن خۆیان بتەقێننەوە.

هێرشەکە هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هێرشێکی خۆکوژی بۆ سەر بنکەی هێزی ئاسایش لە شاری شەدادی کە تیرۆرستێك لەناو باڵەخانەکەدا خۆی تەقاندەوە.

عەباس وتی بنکەکە خزمەتگوزاری پێشکەش بە مەدەنیەکان دەکات. "هەربۆیە زۆر لە خەڵکی ناوچەکە لەکاتی هێرشەکەدا لەوێ کۆبووبوونەوە و ژمارەیەکی زۆریان کوژران یاخود برینداربوون."

هێرشی دیکە دژی مەدەنیەکان به‌ ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو بوو لە 21 کانوونی دووەم لەنێو کەمپی روکبان لەناوچه‌ی بێلایەنی نێوان ئەردەن و سوریا، کە داعش بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆگرت.

هێرشەکە نۆ کەسی کوشت و بە دەیانی بریندارکرد، لەنێویاندا ژن و منداڵ.

عەباس وتی لە 16 نیساندا، ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لانیکەم 13 کەسی کوشت لە کەمپی مەبروکات نزیك بە شاری حەسەکە، کە ئەو مەدەنیانه‌ی کە لە شەڕەکانی رەققە هەڵاتبوون لەوێ کۆبووبوونەوە.

کردنی مەدەنییەکان بە قەڵغانی مرۆیی

ئەندامێكی ستافی کارگێڕیی مانگی سووری کوردی، عەگید ئیبراهیم، وتی: "لەگەڵ هێرشکردنە سەر کەمپی ئاوارەکاندا، داعش بە هەڕەمەکی تەقە لەو مەدەنیانەش دەکات کە هەوڵدەدەن لەناوچەکانی ژێردەستی خۆی هەڵبێن."

گروپەکە گەیشتە "لوتکەی تاوانکاری بەوەی مەدەنیەکانی خستەبەر مەترسیی راستەوخۆ لە شاری تەبقە بە جێگیرکردنی چەکدارەکانی لەنێوان و نێو ماڵەکانیاندا بۆ پاراستنیان لە تەقەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەمەش مەدەنیەکان بوونە قەڵغانی مرۆیی"، ناوبراو بە دیارونای وت.

وتیشی: "كردنه‌ئامانجی مەدەنیەکان لە دەستپێکی گروپەکەوە بەوشێوەیە بووە. هیچ جیاوازییەك نیە لەنێوان كردنه‌ئامانجی خەڵکی کۆبانی [لە 2014] یان خەڵکی [کانتۆن]ی جەزیرە لەمڕۆدا."

هه‌روه‌ها وتی: "تەنانەت چاندنی بۆمبە دەستکردەکانیش بەهەمان شێوەی هەڕەمەکی دادەنرێن کە تەنیا ئامانج لێی کوشتنە، هەرچەندێك بکرێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500