هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش بەهۆی لاوازبوونیەوە شانە نوستووەکان بەکاردەهێنێت

خالید تائی و وەلید ئەبولخەیر

چەند ئەندامێکی شانە نوستووەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' لە باکوری سوریا دەستگیرکران. پێش ئەوەی هێرشێکی پلان بۆ دانراو ئەنجامبدەن، ئەندامانی داعش دزەیانکردە نێو ناوچە بەئامانجکراوه‌كه‌وه‌ و هەوڵیاندا خۆیان تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بکەن تا ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشەکە. [خاوەندارێتی وێنە: رێبەر نابۆ]

چەند ئەندامێکی شانە نوستووەکانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' لە باکوری سوریا دەستگیرکران. پێش ئەوەی هێرشێکی پلان بۆ دانراو ئەنجامبدەن، ئەندامانی داعش دزەیانکردە نێو ناوچە بەئامانجکراوه‌كه‌وه‌ و هەوڵیاندا خۆیان تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بکەن تا ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشەکە. [خاوەندارێتی وێنە: رێبەر نابۆ]

بەهۆی شکست لە چەندین بەرەوە، رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پشت بە تاکتیکی نهێنیتر دەبەستێت بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین و بۆ سه‌پاندنه‌وه‌ی بوونی خۆی لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدا نەماون، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

بۆ ئەم مەبەستە شانەی نوستوو بەکاردەهێنێت -- گروپی نهێنی کە خۆیان لەنێو خەڵکدا دەشارنەوە تا ئەوکاتەی فەرمانیان پێدەکرێت کاربکەن -- بۆ ئەنجامدانی هێرشی خۆکوژی.

دەستگیرکردنی شانە نوستووەکان پێشئەوەی بتوانن هێرش ئەنجامبدەن هاریکاریی تەواوی خەڵکە مەدەنییەکە دەخوازێت، بەرپرسان وتیان، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵك و پێویستی به‌ زانیاریدان لەسەر کاری گوماناوی.

لە 9 نیسان کەسێکی ناوچەکە هۆشداریی دا بە هێزە عێراقییەکان لە بوونی شانەیەکی نوستوو لە ماڵێکی خۆرهەڵاتی موسڵدا لە گەڕەکی زهور.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و هەواڵپێدانەدا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکە -- کە چەك و تەقەمەنی و کتێبی توندڕەوانەی تێدابوو -- و دوو ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد.

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین عه‌بار بە دیارونای وت ژمارەیەك هەڵکوتانە سەری لەوشێوەیە لە موسڵ ئەنجامدراون بە یارمەتی خەڵکی ناوچەکە.

وتی خەڵکی موسڵ "زۆر ئازاریان چەشت ئەوکاتەی داعش ناوچەکەیانی داگیرکردبوو". وتیشی نایانەوێت ببینن ئه‌مه‌ دووبارەببێتەوە هەربۆیە "خۆبەخشانە زانیاری لەسەر شانە تیرۆریستییەکان دەدەن".

کارکردن بەگوێرەی زانیاری

عه‌بار وتی لەنێو موسڵدا، ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان و پۆلیسی ناوچەکە شیکاریی زانیاریه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان دەکەن و پشتڕاستیان دەکەنەوە لەڕێی سەرچاوەکانی خۆیانەوە.

وتیشی هەر کە لێکۆڵینەوەکان تەواوبوون و فەرمانی دادگا بەدەستهێنرا، کەسە داواکراوەکان دەستبەجێ دەستگیردەکرێن.

عه‌بار وتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە، "نزیکەی 1,200 تیرۆریست کە بەشێکن لەو شانە نوستووانە لە ناوچە ئازادەکانی موسڵ دەستگیرکراون"، زۆربەی بەهۆی ئەو زانیارییە هەواڵگرییەی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشکەشکراوە.

پێش ئەنجامدانی هێرشە پلان بۆ دانراوەکان، ئەو ئەندامانەی داعش کە ئەرکە نهێنییەکەیان پێسپێردراوە دزە دەکەنە ناوچەی بەئامانجکراو و هەوڵدەدەن خۆیان تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بکەن تا خۆیان بۆ هێرش ئامادەبکەن.

ئەمە بەوجۆرەبوو لە هێرشی 7 ئایار بۆ سەر سەربازگەیەکی کەرکوك کە هێزە ئەمنییەکان توانییان بەرپەرچی بدەنەوە، روبەڕووی پێنج خۆکوژ بوونەوە کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو و خۆیان تەقاندەوە.

بەرپرسانی ناوچەکە وتیان بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیه‌كی سەرەتایی، هێرشبەران بەشێك بوون لە شانەیەکی نوستووی داعش و پێشتر دزەیانکردبووە نێو پارێزگاکەوە.

بنەبڕکردنی شانە نوستووەکان

جێگری قایمقامی کەرکوك راکان جبوری وتی شانە نوستووەکانی داعش بە زووتر ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکانی کەرکوك بنەبڕدەکرێن، بەتایبەتی حەویجە، لەگەڵ بەهێزکردنی هەواڵگری.

جبوری بە دیارونای وت: "هەر کە ئەم ناوچانە ئازادکران، سەرکردە تیرۆریستەکان توانای ئاراستەکردن و چالاكکردنی شانە نوستووەکان لەدەستدەدەن."

وتیشی هاریکارییه‌كی بێوێنه‌ هەیە لەنێوان خەڵکی کەرکوك و هێزە ئەمنییەکاندا و ئاماژه‌شی كرد بەوەی كه‌ "هەفتەیەك ناڕوات بەبێ ئەوەی شانەیەکی نوستوو دەستگیربكرێت بە هاوکاریی راستەوخۆی خەڵك".

وتیشی دانیشتوانه‌ ئاوارەبووكانی ناوچەکانی ژێردەستی داعش سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی زانیارین و یارمەتیی ئاشکرابوونی چەندین شانەی نوستوویان داوە کە لەگەڵ شەپۆلی ئاوارەکاندا دزەیانکردۆتە نێو پارێزگاکە.

لە 18 نیساندا، خەڵکی ناوچەکە رێنمایی کارمەندانی هەواڵگریی عێراقیان کرد بۆ حەشارگەیەکی داعش لە ناوچەی کشتوکاڵیی تەرمییە، باکوری بەغدا، کە لەوێ 10 چەکداریان دەستگیرکرد بە بڕێکی زۆر تەقەمەنییەوە کە پێیانبوو.

ئەندامی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجیح بەرەکات عەیفان، وتی ناوچە بیابان و دوورەدەستەکان "جێگەیەکی سروشتین بۆ شانە نوستووەکانی تیرۆرستان و هەڕەشەیەکی جددین".

عەیفان بە دیارونای وت هێزە تایبەتەکان دەبێت پێکبهێنرێن بۆ بەدواکەوتنی شانە نوستووەکان لە ناوچەکانی دەوروبەردا، وتیشی شانە نوستووەکان دواهەمین پەناگەی گروپە تیرۆرستییەکانن.

هه‌روه‌ها وتی: "هاوڵاتیانمان تەواو هۆشیارن بە پلانی تیرۆریستان و هەموو زانیارییەك دەدەن کە هەیانبێت تا هەڕەشەی تیرۆریستان نەهێڵن."

بەئامانجگرتنی شانەکان لە سوریا

بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیان هێزەکانی سوریای دیموکرات تەرکیزیان کردۆتەسەر بنەبڕکردنی شانە نوستووەکانی داعش، کە دزە دەکەنە نێو ئەو کاروانانەنه‌وه‌ كه‌ ئاوارەکان دەگوێزنەوە بۆ ناوچەی سەلامەتتر، لە هەوڵێکدا بۆ راکێشانی خەڵکی لاو.

دانیشتوویه‌كی کەمپی ئاوارەکانی عەین عیسا، عەبدوڵا حەیدەر، بە دیارونای وت: "بۆ بنەبڕکردنی ئەو هەڕەشەیەی لەلایەن شانە نوستووەکانی داعشەوە دەکرێت، بە هاریکاریی ئەنجومەنە خۆجێیەکان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا و ئەو دەزگایانەی کە هەیانە، چەند پشکنینێك و چاودێریی بەردەوام ئه‌نجامده‌ده‌رێت بۆ رێگرتن لە هەر مەترسییەك."

وتیشی لەو ناوچانەی شەپۆلی ئاوارەکانی لێیە، هەنگاوی ئەمنیی توند گیراوه‌ته‌به‌ر چونکە داعش سوودی لە پاشاگەردانییەکە بینیوە بۆ دروستکردنی شانەی نوستوو.

حەیدەر وتی: "لەئێستادا، هەنگاوی رێوشوێنی توند ده‌گیردرێته‌به‌ر بەتایبەتی لەگەڵ ئەو کەسانەی لە رەققەوە هەڵدێن. له‌ کەمپێکدا نزیك بە عەین عیسا کۆدەکرێنەوە و پشکنینی ئەمنییان بۆ دەکرێت بۆ پاڵاوتەکردنی هەر دزەکردوویەك."

وتیشی مەدەنییەکان لەم پرۆسەیە ئاگادارکراونەتەوە و بەتەواوی هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان دەکەن.

هه‌روه‌ها وتی: "خەڵکەکە بەتەواوی پشتیوانن و ملکەچی ئەو فەرمان و هەنگاوانەن کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەنرێن، بەتایبەتی لەڕووی گوێڕایەڵیی قەدەغەی هاتووچۆ و مانەوە لە کەمپدا تا ئۆپەراسیۆنه‌كانی گەڕان و پشکنین تەواودەبن."

بە دەیان شانە داماڵراون

سەرۆکی تیمێکی ئاسایش لە قامیشلی، رێبەر نابۆ، وتی: "شانە نوستووەکانی داعش بە رەهایی کوشندەترین چەکی گروپەکەن."

نابۆ بە دیارونای وت هەموو ناوچەکانی سوریا زیانێکی سەختیان بەرکەوتووە لەو شانانەی بەنێو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعشدا بڵاوبوونەتەوە و ئەوانەی لە گروپەکە ئازادکراون.

وتی: "لە ماوەی دوای ئازادکردنی ناوچەکاندا لە باکوری سوریا، بە دەیان شانەی نوستوو کە کار بۆ [داعش] دەکەن دۆزرانەوە."

نابۆ وتیشی ئەو شانانە چەندین ئەرکیان هەیە کە بۆیان دیاریکراوە.

هەندێکیان تایبەتمەندن لە چاندنی مین و بۆمبی دەستکرد و بەئامانجکردنی مەدەنییەکان، لەکاتێكدا ئەوانیدیکە ئەرکیان سیخوڕییکردنە بۆ گروپەکە بە چاودێرییکردنی جوڵە سەربازییەکانی لایەنی بەرامبەر.

نابۆ وتی: "هێزە تایبەتییەکانی ئاسایش ژمارەیەك شانەی نوستوویان دەستگیرکرد کە چالاکبوون لە ناوچەی تەل حەمس و بۆمبی دەستکردیان چاندبوو بۆ دروستکردنی ترس و راڕایی لەنێو دڵی هاوڵاتیاندا."

وتیشی ئەم دەستگیرکردنانە ئاکامی چاودێریی ورد بوون لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە لەگەڵ زانیاریی گرنگ کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە پێشکەشدەکران.

هه‌روه‌ها وتی: "دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە ئازادکراون رۆژانە زانیاری لەسەر خەڵکی گومانلێکراو دەدەن. یان بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە سەنتەری ئەمنی یان بەو پاسەوانانەی لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، یاخود بە تەلەفۆنکردن بۆ ژمارەیەك کە بۆ ئەو مەبەستە بڵاوکراوەتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500