هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

تۆڕی تونێلە نهێنیەکانی داعش لە موسڵ

خالید تائی

سەربازە عێراقیەکان یه‌كێك له‌ گەورەترین تۆڕی تونێله‌كانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ده‌پشكنن کە لە رۆژهەڵاتی موسڵ دۆزراوەتەوە کۆتایی 2016. [خاوەندارێتی وێنه‌: لاپەرەی فەسیبوکی به‌ڕێوبه‌رێتی هەواڵگریی سەربازی]

سەربازە عێراقیەکان یه‌كێك له‌ گەورەترین تۆڕی تونێله‌كانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ده‌پشكنن کە لە رۆژهەڵاتی موسڵ دۆزراوەتەوە کۆتایی 2016. [خاوەندارێتی وێنه‌: لاپەرەی فەسیبوکی به‌ڕێوبه‌رێتی هەواڵگریی سەربازی]

تۆڕی تونێلەکان یەکێك بوو لە ئامرازەکانی شەڕکردن کە بەکاردەهێنرا لەلایەن رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌، بەتایبەتی بۆ جێگۆڕکێی خێرا و پارێزراو لەگەڵ خۆشاردنەوە لە چاودێریی ئاسمانی و هەروەها بەکاربهێنانیان وەك رێڕەوی هەڵهاتن لە کاتی نزیکبونەوە لە شکست.

تونێلەکان به‌زۆری پێكهاتوون لە ڕێگای ژێرزەمینیی دژوار و گڵۆپیان تیادایە و خواردنیان تیادا هەڵگیراوە بۆئەوەی وەك شوێنێکی کاتیی ژیانکردنیش بەکاربهێنرێن.

دەروازەی چوونە ژورەوەی تونێلەکان لەو شوێنانەدان کە گومان بەلای خۆیاندا ڕاناکێشن، وەك خانوو و باڵاخانەی حکومی کە بۆمبڕێژكراون بۆئەوەی رێگربن لە چوونەژوورەوەی کەسانی تر.

هێزە عێراقیەکان چەندین تونێلی لەو شێوەیەیان تێكدا لە کاتی پێشڕەوییەکانیاندا بۆ ڕزگارکردنی موسڵ، بەم دواییانە ئەمە لە گوندی حەلیلە روویدا کە دەکەوێتە رۆژئاوای شارەکەوە.

لەکاتی داگیرکردنی گوندەکە لەلایەن گروپەکەوە، چەکدارانی داعش تۆڕێكی تونێلیان دروستکرد و ناوەندی فەرمان و کۆنتڕۆڵیشیان لەو شوێنە دامەزراند بە سوودوەرگرتن لە چەندین گردی ناوچەکە و شەقامە بێشۆستە زۆر خراپەکانی.

وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا 21 نیسان ئاشکرای کرد كه‌ داعش تونێلەکانی "بەکارهێناوە بۆ جێگۆڕکێ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بۆ ئەوەی لە هێرشە ئاسمانیەکان دەربازبێت."

بەیاننامەکە وتی داعش خۆی ئامادەکردووە بۆئەوەی بەرپەرچی پێشڕەویەکانی هێزە عێراقیەکان بداتەوە لەڕێگای 14 ئوتومبیلی بۆمبڕێژکراوه‌وه‌ لەگەڵ چەندین کەمین کە لەو تونێلانەوە سەریانهێناوەتە دەرەوە.

فیرقەی زریپۆشی 9ی سوپای عێراق توانییان پلانی ئەو هێرشانە پوچەڵبکەنەوە و هێڵی بەرگریی گروپە تێکبشكێنن و هەموو گوندەکە ئه‌مینبكه‌ن.

داعش دەچێتە ژێرزەمینەوە

بەرپرسی ستافی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا، عەمید رەعد مەحمود، وتی داعش سێ ستراتیژیی شەڕكردنی هەیە -- ئوتومبیلی بۆمبڕێژکراو، خۆکوژەکان و تۆڕی تونێلەکان --.

وتیشی: "بە درێژایی شەڕەکانمان چەندین تۆڕی [تونێلمان] دۆزیوەتەوە، زیاتر لە باشور و رۆژهەڵاتی موسڵ. دژوارترینیان ئەوانە بوون کە لە شارۆچکەی گەیارە دۆزیماننەوە لە ناوچەکانی دەشتی نەینەوا."

مەحمود وتی گروپەکە سوودوەردەگرێت لە "دژواریی جوگرافیی شوێنێك و ژمارەی زۆری دانیشتوانەکەی" بۆ دەستنیشانکردنی ئەو شوێنانەی کە بۆ دروستکردنی تونێلەکانی بەرگریکردن بەکاریدەهێنێت.

هێزە سەربازیەکان 27 کانونی یەکەم "گەورەترین تۆڕی تونێلیان" لە رۆژهەڵاتی موسڵ دۆزیەوە کە چەندین کیلۆمەتر درێژ و 10 مەتریش قوڵ بوو.

تونێلەکە وەك حەشارگە بەکارهێنرابوو، کارەبای بۆ دانرابوو، چەندین سەلاجە لەگەڵ خواردن و ئاو، هەروەها شوێنی ژیانکردن و نوستنیشیان تێدابوو.

مەحمود وتی داعش ئەو تونێلانەی بە دەست و بەکارهێنانی ئامێری بچوك هەڵکەندووە یان بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی شۆڤڵ و بلدۆزەر.

وتی له‌كوێ ئەم تونێلانە بە دەست هەڵکەندرابن، "دوورنیە کە بەندکراوەکانیان بەکارهێنابێت بۆ ئەوەی ئەو كاره‌ سه‌خت و ماندووكه‌ره‌ ئەنجامبدەن."

وتی مێتۆدی میکانیکی، به‌ بەکارهێنانی ئامێری به‌هێز، زیاتر بۆ دروستکردنی تونێلە زۆر قوڵەکان بووە، کە بە مەودایەکی دوور درێژ بوونەتەوە.

تونێلە نهێنییەکان دوایین سه‌رچاوه‌ن

دروستکردنی تونێلەکان بەبێ پلانی تۆکمە نەبوون، فاکتەرەکانی چی جۆرە خاکێك و رێگا و ئەندازیاری و شوێنی پێشتر هەڵکەندراو، هەروەها بەکارهێنانی تونێلێك بۆ مەبەستێکی تایبەت، ئەمانە هەمووی پێشتر لێکدراونەتەوە.

سەرۆکی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، محەمەد ئیبراهیم، وتی هەندێکیان بۆ خۆشاردنەوە یان هەڵهاتن بەکارهێنراون، لەکاتێکدا ئەوانی تر بۆ هەڵگرتنی چەك و فیشەك و بۆمبە دەستکردەکان بەکارهێنراون.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەو جۆرە تونێلانه‌ لە رۆژئاوای موسڵ دۆزراونه‌تەوە لە گەڕەکی وادی هاجەر لە نزیك کەمپی غەزلانی و لەسەر گردەکانی گوندی ئەلبو سەیف.

وتیشی گروپەکە ئامێر و كه‌ره‌سه‌كانی شارەوانیی بەکارهێناوە بۆ هەڵکەندنی ئەو تونێلانە كه‌ پێشتر [شارەوانی] به‌كاریده‌هێنان بۆ هه‌ڵكه‌ندنی تۆڕی ئاو و ئاوه‌ڕۆ.

هه‌روه‌ها وتی داعش، کە هێشتا بەشێکی بچوکی لەناو موسڵدا له‌ژێرده‌ستدایه‌، هەوڵدەدات ژێرزەمینی ماڵان وەك تونێلەکان بۆ خۆشاردنەوە بەکاربهێنێت.

وتیشی: "بەپێی زانیاریە هەواڵگریەکانمان داعش چەندین تۆڕ و ڕێڕەوی دروستکردووە بۆ پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی کۆڵانێك بە یەکێکی دیکەوە لە ناوچە دێرینه‌كه‌ی شاره‌كه‌ و گەڕەکی تەمموز، ئەمەش وەك بەشێك لە هەوڵەکانی بۆ درێژکردنەوەی شەڕەکە بەکاریدەهێنێت لە دوا قه‌ڵایدا لە موسڵ."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، بەنیان جەربا، وتی ئەو تونێلانە نەبوونەته‌ هاوکاری داعش بۆ ئەوەی بەربگرن بە شکستهێنانی و هێزه‌كانی عێراقیش "ئەزموون و توانای پێویستیان به‌ده‌ستهێناوه‌ تا شەڕی تیرۆریستان بکەن چ لەسەرزەوی و چ لەژێرزه‌ویدا."

وتیشی: "ئەم ستراتیژیە پشتڕاستیکردەوە کە دواجار ئەنجامەکەی شکستێکی پڕ شەرمەزاریە، چونکە هەموو ئه‌و تونێلانەی کە دوژمن دروستیکردوون لە موسڵ ئێستا هەموویان تێكدراون و زۆربەیان بوونەته‌ گۆڕی چەکدارەکانی."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500