هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هاوپەیمانێتی عەرەبی-کوردیی لە تەبقە نزیکە لە سەرکەوتنەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

هێزەکانی سوریای دیموکرات لەئێستادا کۆنترۆڵی زیاتر لە له‌سه‌دا 90ی تەبقەیان کردووە دوای دەرکردەنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' لە زۆربەی گەڕەکەکانی. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

هێزەکانی سوریای دیموکرات لەئێستادا کۆنترۆڵی زیاتر لە له‌سه‌دا 90ی تەبقەیان کردووە دوای دەرکردەنی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' لە زۆربەی گەڕەکەکانی. [خاوەندارێتی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشڕەوی دەکەن لە هێرشەکەیاندا بۆ رزگارکردنی تەبقە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) سەرەڕای رووبەڕوبوونەوەی بەرەنگاری لەلایەن پاشماوەی [چەکدارەکانه‌وه‌] لە بەری باکوری شارەکە.

ئاژانسی فرانس پرێس یەکشەممە (7 ئایار) رایگەیاند هاوپەیمانێتی عەرەبی-کوردیی زیاتر لە له‌سه‌دا 90ی تەبقەیان گرتۆتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە بەتەواوی شارەکە و بەنداوەکەی تەنیشتی لە چەکدارانی گروپەکە پاکبکەنەوە.

بەڕێوبەری روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رامی عەبدولڕەحمان وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات نەیانتوانیوە بەتەواوی دەست بەسەر تەبقەدا بگرن چونکە چەکدارانی داعش هێشتا لە گەڕەکەکانی وەحدە و حوڕییەدا ماون."

ئەو دوو گەڕەکە لە باکوری شارەکەن، نزیك بە بەنداوی تەبقە.

فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئۆپەراسیۆنەکە بەخاویی بەڕێوەدەچێت بەهۆی بوونی مەدەنیەوە لە ناوچەکە کە وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنرێن لەلایەن داعشەوە." وتی هێزەکانی هەوڵدەدەن بە "وریایی و وردەکارییەوە" پێشڕەویی بکەن.

وتیشی: "بەمزوانە دەتوانین رایبگەیەنین کە شارەکە بەتەواوی لە داعش پاککراوەتەوە."

ئۆپەراسیۆنی راماڵین

فەرماندەی یەکەیه‌كی شەڕكه‌ری هێزەکانی سوریای دیموکرات، عەبدولفەتاح نەسرەدین، بە دیارونای وت زۆربەی گەڕەکەکانی تەبقە لە 1 ئایاردا رزگارکران.

نەسرەدین وتی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات شارەکەیان راماڵی، بەڵام بینییان هەندێك لە چەکدارانی داعش لە ماڵی مەدەنیەکاندا خۆیان شاردۆتەوە لە ناوچەی یەك و دوو سێی تەبقە جەدیدە.

ئەم گەڕەکانە لە قەراغ شارەکەن نزیك بە بەشی باشوری بەنداوەکە.

وتی: "پێکدادانی زۆر توندوتیژی بەدواداهات، بەتایبەتی لەبەرئەوەی ئەندامانی گروپەکە مەدەنییەکان بەکاردەهێنن وەك قەڵغانی مرۆیی، لەکاتی شەڕەکاندا خۆیان لەپشت ئەوانەوە دەشاردەوە."

وتیشی چەکدارانی داعش سەرەتا کشانەوە لەژێر فشاری تەقەکردنی چڕوپڕ لە ناوچەی یەك و دوو، بەتەواویش ناوچەی سێیان چۆڵکرد. پێکدادانەکان تا 5 ئایار بەردەوامبوون، کاتێك گروپەکە لە ناوچەی یەك و دوو کشایەوە.

هه‌روه‌ها وتی دواتر چوون بەرەو ناوچەی شوێنی نیشتەجێبوون لە بەنداوی تەبقە. وتیشی کە لەئێستادا شەڕەکە سنووردارکراوە بۆ ناوچەی موشه‌یره‌فە لە دەوربەری بەنداوەکە و گوندەکانی سەفسافە، ساحیل خەشەب و عاید کەبیر.

وتیشی: "ئۆپەراسیۆنی راماڵین بەردەوامە، بە یاوەریی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

گەمارۆی تەبقە

دانیشتووی رەققە و چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنەس موزهیر بە دیارونای وت: "پێشڕەویی ئۆپەراسیۆنەکە پشتڕاستی سەرکەوتن و کاریگەریی پلانەکە دەکاتەوە کە هەیە بۆ سەپاندنی گەمارۆی تەواوەتی بەسەر تەبقەدا."

وتی چەکدارانی داعش توانای هەڵهاتنیان نەبوو بۆیە کشانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کەمتر دەردەکەون، کە خۆیان لە پشت مەدەنیەکانەوە دەشارنەوە بۆ پاراستنی خۆیان.

موزهیر وتی گروپەکە بە دەیان چەکداری خۆی لەدەستدا کاتێك شارەکە هێرشی کرایەسەر، لەکاتێکدا ئەوانیدیکە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکران.

وتیشی: "ژمارەیەکیان خۆیان بەدەستەوەدا کاتێك دڵنیابوون لەوەی شارەکە کەوتووە و بەهیچ جۆرێك ناتوانن هەڵبێن."

هێزەکانی سوریای دیموکرات رۆیشتنەدەرەوەی هەزاران هاوڵاتییان ئاسانکرد لە شارەکە پێش شەڕەکە و لەکاتی شەڕەکەشدا بەهۆی کردنەوەی رێچکەی سەلامەتەوە لە ناوچەکە.

موزهیر وتی: "بەڵام، ئەوە روونە کە ژمارەیەکی نەزانراو لە هاوڵاتیان بەزۆر دەستبەسەرکران لەلایەن گروپەکەوە تا خۆی لەپشتیانەوە بشارێتەوە کاتێك شارەکە نزیکبووەوە لە کەوتنەوە."

چەکدارانی داعش خۆیان قایمکردووە لەنێو باڵەخانەی بەنداوەکەدا، چونکە دەزانن هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی زیان بە بەنداوەکە ناگەیەنن.

لابردنی تەقەمەنی

مستەفا جەیلان کە سەر بە تیمێکی سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە وتی هێزەکانی تیمە ئەندازیارییەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ هێزە رزگارکەرەکاندا چوونەنێو بەدناوی تەبقەوە و دەستیانکرد بە لابردنی ئەو مینانەی داعش چاندبوونی لەسەر هەموو شەقامەکان.

بە دیارونای وت مینەکان چێندرابوون "بەشێوەیەکی هەڕەمەکی، بەجۆرێك کە ئەستەمە بۆ تیمەکە تا نەخشە و رێکارێك ئامادەبکات بۆ کارکردن، ئەمەش بە ئامانجی بەرگرتن بە کاری تیمە تایبەتمەندەکان".

وتی: "بەربەستێکی دیکە ئەو راستییەیە کە ماڵ و ناوچەکانی دەوروبەر بەچڕی بۆمبڕێژکراون. ئۆپەراسیۆنی راماڵین ناکرێت تەواوبکرێت پێش ئەوەی ئەوانە لاببرێن و ئەستەمە بۆ مەدەنییەکان بگەڕێنەوە بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی [بۆمبەوە] کە لە ناوچەکەیە."

جەیلان وتی بە دەیان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی داعش دەستیان بەسەردا گیرا لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا و لە بۆمبیش پاککراونەتەوە.

وتی: "هەندێكیان بە تەن تەقەمەنیی هەستیاریان تێدابوو تا ئەوپەڕی زیان بە موڵك و ژیانی خەڵك بگەیەنن." وتیشی هەندێك لە ماڵەکانیش بەتەواوی بۆمبڕێژکراون.

مەدەنییەکان لە شارەکە هەڵدێن

دوکانداریێكی خه‌ڵكی تەبقە، حەماد نافیع، بە دیارونای وت ئەو و دەیان خەڵکی دیکە توانییان لە شارەکە هەڵبێن پێش ئەوەی هێزە رزگارەکەرەکان دەستی بەسەردا بگرنەوە.

وتی ئەمە بەهۆی هەندێك گروپی بچوکی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە "کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و دزەیانکردە ناو شارەکە بۆ پەیوەندیگرتن بە ژمارەیەك دانیشتووی متمانەپێکراوەوە".

ئۆپەراسیۆنی هەڵهاتن بەبێ ئاگاداریی چەکدارانی داعش و سیخوڕەکانیان رێکخرا کە بەناو شارەکەدا بڵاوبوونەتەوە.

نافیع وتی: "ئۆپەراسیۆنی هەڵهاتن بە وریایی پلانی بۆ دانرا و جێبەجێکرا بەدرێژایی چەند رێگەیەکی تایبەت کە پاککرابوونەوە لە مین و لەلایەن هێزە رزگارەکەکانەوە دەستەبەرکرابوون."

وتیشی مەدەنیەکان بە ئۆتۆمبیلی هێزەکانی سوریای دیموکرات گوازرانەوە بۆ خاڵێکی گردبوونەوەی ئارام و خواردن، ئاو و بەتانییان پێدرابوو. وتیشی خزمەتگوزاریی تەندروستی درا بەو کەسانەی پێویستیان بوو.

وتی دوای ئەمە، بەڵگەنامەکانیان پشکنینی بۆ کرا تا ناسنامەیان پشتڕاستبکرێتەوە و گواسترانەوە بۆ کەمپێکی نزیك عەین عیسا. چاوەڕواندەکرێت رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە دوای ئەوەی شەڕەکە دەوەستێت و شارەکە لە مین پاکدەکرێتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500