هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش خۆی له‌پشت منداڵانەوە حه‌شارده‌دات لە خۆرئاوای موسڵ

خالید تائی

سەربازێکی ئاژانسی دژە-تیرۆر پاسەوانی دەکات لەکاتێكدا خێزانەکان لە شەڕی خۆرئاوای موسڵ هەڵدێن لە 27 ئازاردا. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی ئاژانسی دژە-تیرۆر]

سەربازێکی ئاژانسی دژە-تیرۆر پاسەوانی دەکات لەکاتێكدا خێزانەکان لە شەڕی خۆرئاوای موسڵ هەڵدێن لە 27 ئازاردا. [خاوەندارێتی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی ئاژانسی دژە-تیرۆر]

دانیشتوویەکی یەرموك، یاسین خەلیل و خێزانە پێنج ئەندامییەکەی هێندەی نەمابوو بکوژرێن کاتێك چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) وروژمیانکردە نێو ماڵەکەی لە سەرەتای نیساندا، لەکاتی شەڕدا بۆ رزگاركردنی گەڕەکەکەیان لە خۆرائاوای موسڵ.

خەلیل، 35 ساڵ، گێڕایەوە کە لە گەرمەی شەڕەکەدا سێ چەکداری داعش وروژمیان هێنایە ماڵەکەیەوە و فەرمانیان بە خێزانەکە کرد بڕۆنە دەرەوە.

وتی: "کاتێك چووینە دەرەوە، تۆقیبووین و دڵنیابووین دەمرین."

خەلیل وتی: "بەڵام لەو ساتەدا تەقەکردن وەستا و توانیمان هەڵبێین و بگەینە هێزە ئەمنییەکان. هێشتا بڕواناکەم چۆن زیندووم."

کاری لەمشێوەیە پلانی داعش دەردەخات بۆ بەکارهێنانی مەدەنییەکان وەك قەڵغانی مرۆیی یان خستنە داویان بۆ بەربەست دروستکردن لەبەردەم هێزە چەکدارەکانی عێراقدا، بەتایبەتی ئێستا کە ناوچەی ژێردەستی داعش لە موسڵ پچوکبووەتەوە بۆ له‌سه‌دا 10ی تەواوی ناوچەکانی شارەکە.

بەکارهێنانی مەدەنییەکان

وتەبێژی هێزەكانی عێراق، سەباح نوعمان، بە دیارونای وت: "خۆشاردنەوە لەپشت ژن و منداڵانەوە رەنگدانەوەی ترسنۆکیی [داعش]ە و ئەوەی کە چۆن هیچ بەهایەك بۆ مرۆڤ دانانێت."

وتی گروپەکە بە چەندین جۆر مەدەنیەکانی بەکارهێناوە، له‌وانه‌ بەکارهێنانی تەواوی ئەندامانی خێزانه‌كان تا لەکاتی رۆیشتنیاندا لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە لەگەڵیاندا بڕۆن بە کۆڵانەکاندا بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان تەقەکردن بوەستێنن.

نوعمان وتی ئەم تاکتیکە وادەکات چەکدارانی گروپەکە بە ئازادی بەنێو شارەکەدا بسوڕێنەوە.

وتی گروپەکە بەوەش ناسراوە کە ژمارەیەکی زۆر خێزان لە یەك شوێندا کۆده‌کاتەوە و دواتر وەك بنکەی چەکدارەکانی بەکاریاندەهێنێت، یان سەربانی ماڵی خەڵك وەك پێگەی نیشانگرەکان بەکاردەهێنێت.

وتی داعش پەنایبردووەتە بەر به‌كارهێنانی مەدەنییەکان وه‌ك چه‌شه‌ی راو، بە ناچارکردنیان بە چوونه‌ناو شەڕه‌كه‌وه‌ و دواتر تەقەکردن له‌ هێزە عێراقییەکان هەر کە نزیکبوونەوە.

نوعمان وتی: "رزگاربووانی ئەم میتۆدە دەڵێن تیرۆریستان پێیانوتوون کە دەکوژرێن و وەك شەهید دەمرن و بەهەشت چاوەڕوانیانە، کە گەمژەیی ئایدۆلۆژییان دەردەخات."

وتیشی: "دەبێت ئەوپەڕی تەرکیزمان هەبێت و وریابین." هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی كرد به‌وه‌ی تا ئەمکاتە هێزە عێراقییەکان زۆرینەی گەڕەکەکانی موسڵیان ئازادکردووە و "چەندین مەدەنیی بێتاوانیشیان رزگاركردووه‌ کە داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریدەهێنان".

نوعمان وتی: "لەئێستادا سەربازەکانمان ئەزمونیان بەپێی پێویست هەیە بۆ ئازادکردنی بەبارمتەگیراو و مەدەنییە گیرخواردووەکان، لەگەڵ کردنەوەی راڕەوی سەلامەت بۆ مەدەنییە هەڵاتووەکان بۆ دوورخستنەوەیان لە تیرۆریستان."

وتیشی زانیاریی هەواڵگریی پێشکەشکراو لەلایەن مەدەنییەکانەوە یارمەتیی بەربەست خستنە بەردەم چالاکیەکانی داعشی داوە.

داعش لەپشت منداڵانەوە خۆی دەشارێتەوە

چەکدارانی داعش لەئێستادا لە ناوچەیەکی پچوکی موسڵدا گیریانخواردووە، بەڵام شەڕکردن زۆر سەختە، لەبەرئەوەی بە هەزاران خێزان لەوێ و لە ماڵی جەنجاڵدا دەژین.

بەرپرسی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، محەمەد ئیبراهیم، بە دیارونای وت بە بەکارهێنانی مەدەنییەکان بۆ بەربەست خستنە بەردەم پێشڕەویی سوپا، داعش بەهیوایە کاتی ئەوەی هەبێ خۆی کۆبکاتەوە.

وتیشی لەئێستادا چەکداران خۆیان لەپشت خەڵکی شاری موسڵی کۆنه‌وه‌ حەشارداوە، بە سوودوەرگرتن لە چڕیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.

وتی ماوەیەکە داعش زۆر لە خێزانەکان دەکات، لەنێویاندا ژن و منداڵ، تا ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و لەئێستادا لە حەوشەی مزگەوتی نووردا بە بارمتە گیراون بۆ بەرگرتن لەوەی سوپا شاڵاو بکاتە سەر شوێنەکە.

گروپەکە بە سەختی شەڕدەکات بۆ هێشتنەوەی مزگەوتەکە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا، کە کەوتۆتە ناەندی شاری موسڵی کۆنەوە، چونکە ئەمە ئەو شوێنە بوو سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی بۆ یەکەمجار تیایدا دەرکەوت دوای ئەوەی داعش لە هاوینی 2014 ده‌ستیگرت به‌سه‌ر موسڵدا.

ئبیراهیم وتی لێرەبوو بەغدادی جاڕی بەناو خەلافەتەکەی دا، بۆیە مانایەکی تایبەتیی هەیە بۆ داعش.

بەرپرسی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، غەزوان حامید، بە دیارونای وت داعش هەوڵدەدات دۆخە مرۆییەکە زیاتر ئاڵۆزبکات لەکاتێکدا شەڕ دەچێتە گەڕەکەکانی شاری موسڵی کۆنەوە.

وتی: "ئەو گەڕەکه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كان دوایین کارتی تیرۆرستانن بۆ بەکارهێنان. وا پێشبینی دەکەین رەشەکوژی ئەنجامبدەن و هێزە ئەمنییەکان تۆمەتباربکەن لە هەوڵێکدا بۆ فریودانی بیروڕای گشتی و کاریگەری خستنەسەر رێچکەی شەڕەکە."

حامید وتی بەڵام هێزەکانی عێراق ئەزموونیان وەرگرتووە لە شەڕی ناو شاراندا و هەوڵدەدەن خۆیان بەدووربگرن لە هەر قوربانییەکی مەدەنی، تەنانەت گەر مانای وابێت سەرکەوتن هێواشتر بەدەستدێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

دەبێت تورکیا و سعودیە و قەتەر بۆ راپرسییەکە زیادبکرێن. ناکرێت ئەبوبەکر بەغدادی لە ئێران بێت یان هەر ناوچەیەك کە لەژێردەستی حکومەتی سوریادایە.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌