هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق ئاسایشی شەرگاتی خۆرئاوا بەهێزدەکەن

خالید تائی

ئەفسەرانی پۆلیسی شەرگات به‌دواداچوون ده‌كه‌ن بۆ زانیارییه‌كانی دانیشتوویەکی [شارۆچکەکە]. 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' چەند هێرشێکی ئەنجامداوە لە خۆرئاوای شەرگات، کە ساڵی 2016 ئازادکرا. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی شەرگات]

ئەفسەرانی پۆلیسی شەرگات به‌دواداچوون ده‌كه‌ن بۆ زانیارییه‌كانی دانیشتوویەکی [شارۆچکەکە]. 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' چەند هێرشێکی ئەنجامداوە لە خۆرئاوای شەرگات، کە ساڵی 2016 ئازادکرا. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی شەرگات]

لە پێگەکانی بەرگریی پێشەوەی شەرگاتی خۆرئاوا، هێزەکانی عێراق بەپشتیوانیی خێڵەکانی ناوچەکە ئامادەکاری دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە.

هەرچەندە هێزە عێراقییەکان توانییان ده‌ستبگرنه‌وه‌ به‌سه‌ر بەشی خۆرئاوای شارەکەدا لە 22 ئەیلولی 2016، بەشی خۆرهەڵاتی هێشتا لەژێردەستی داعشدایە.

بەرپرسان وتیان ئەو مەترسییەی خۆرهەڵاتی شەرگات هەیەتی، کە دوایین بنکەی داعشە لە پارێزگای سەلاحەدین، ئەوەیە کە پەیوەندییەکی جوگرافی دابینده‌كات بۆ ئه‌و ناوچانەی هێشتا چەکدارانی داعش بەربڵاون تیایاندا، بەتایبەتی حەویجە لە پارێزگای کەرکوك.

لە 4 نیساندا، گروپەکە لەم ناوچانەوە هێرشێکی کردە سەر شاری تکریت لە سەلاحەدین، بە بەکارهێنانی خۆکوژ بە پشتێنی بۆمبڕێژکراوەوە.

هێرشەکە، کە بە "توندوتیژترین" [هێرش] لەقەڵەمدرا بۆ سەر تکریت لەماوەی دوو ساڵی دوای ئازادکردنیدا، تیشکی خستەسەر ئەو هەڕەشە ئەمنییانەی لە بەری خۆرهەڵاتی روباری دیجلەوە دێن.

ئەندامی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سەلاحەدین، عابید سوڵتان عیسا، وتی: "ئەستەمە بۆ چەکدارانی داعش لە روبارەکە بپەڕنەوە و جێپێی خۆیان بکەنەوە لە شارۆچکە و گوندە رزگارکراوەکاندا."

عیسا بە دیارونای وت: "هێرشی ئەمدواییەی سەر تکریت به‌زاندنێكی ئەمنی بوو كه‌ لە شوێنی دیکەش روودەدات، بەڵام گروپەکە ناتوانێت یەك سانتیمه‌تر داگیربکات یان ببێته‌ هەڕەشەیه‌كی گەورە بۆسەر شارەکانمان."

وتیشی هێرشی هەڕەمەکی لە شەرگاتی خۆرهەڵات روودەدات و "لەلایەن پۆلیس و سوپا و خێڵەکانەوە بەرپەرچدەدرێنەوە".

هەماهەنگیی بەهێزی ئەمنیی

عیسا وتی ئاستێکی باڵای هەماهەنگیی ئەمنیی هەبووە و "کاری هەواڵگریی باش هەیە بۆ چاودێریکردنی جووڵەی چەکداران و شکستپێهێنانی دزەکردنیان".

وتیشی: "هێشتا هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە بەوەی شانەی تیرۆرستی بوونی هەبێت."

هه‌روه‌ها وتی دانیشتوانی شەرگاتی خۆرئاوا هاریکاریی هێزەکانی عێراق دەکەن و "هەموویان گەڕانەوەی گروپەکە رەتدەکەنەوە".

وتیشی بەڵام پێویستی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بنکە-فراوان هێشتا هەر هەیە "بۆ ئازادکردنی بەشی داگیرکراوی شەرگات و بڕینی رێگاکانی پەیوەندیی دوژمن لەگەڵ بنکەکانی خۆی لە حەویجە و ناوچەکانی دەوروبەری".

قایمقامی شەرگات، عەلی ده‌ودەح بە دیارونای وت هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشییدان و ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی داعش.

وتی: "هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین، پۆلیسی پارێزگا و لیوای 51ی خێڵەکیی شەرگات هێڵێکی بەرگری پێکدەهێنن."

وتیشی چالاکیی سەربازیی بەردەوام هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی تیررۆیستان دەیقۆزنەوە و بۆ رێگرتن لە ئەگەری هه‌ر هەڕەشەیه‌ك.

هه‌روه‌ها وتی چەکدارانی داعش بە هەڕەمەکی هاوەن دەهاوێژن کە لە ماڵی مەدەنییەکان دەدا، "بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەخێرایی وەڵامدەدەنەوە و سەرچاوەی هاوەنەکە بێدەنگ دەکەن".

داعش خۆی بۆ شکست ئامادە دەکات

ده‌ودەح وتی رەنگە شەرگات ئامانجێکی گرنگ بێت بۆ داعش بەهۆی چاوەڕوانییکردنی شکست لەلایەن گروپەکەوە.

وتیشی: "[داعش] لەژێر کاریگەریی زنجیرەیەك لە شکستدا دەژی و ئەگەر هەیە هەوڵبدات راڕەوێکی سەلامەت بکاتەوە لە شاخی زاویە و شەرگات بۆ هەڵاتنی ئەندامانی لە حەویجەوە بەرەو حەزەر و تەل عەبتە."

هه‌روه‌ها وتی ئەگەر زۆرە هەوڵبدەن لەوێوە دزەبکەنە سوریاوە.

وتیشی: "ئەمەش ناکرێت بەهۆی جێگیربوونێكی چڕی یەکە سەربازییەکانه‌وه‌ بەدرێژایی هێڵی بەرگریی تەریب بە ناوچەکانی خۆرئاوای کەرکوك."

جێگری فەرماندەی لیوای 51ی خێڵەکیی شەرگات، موقەدەم ساڵح حەسەن زله‌ییت بە دیارونای وت كه‌ بەردەوام دەبێت لە پشکنینی خاڵەکانی جێگیربوونی هێزەکانی لە مەیداندا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ "رۆژێك تێناپەڕێت بێئەوەی ئەرکێکی جەنگی ئەنجامنەدرێت".

وتی: "کاتێك زانیاریمان دەبێت دەربارەی بوونی گردبوونەوە یان جووڵەی داعش، دەستبەجێ دەستدەکەین بە تۆپبارانکردنیان. گەر گردبوونەوەکان دووربن لە ناوچەی پێکگەیشتنەوە، لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوپاوە هێرشیان دەکرێتە سەر."

لە 1 نیساندا، فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق لە حەشارگەیەکی داعشیان دا لە گوندێکی سەفینە، خۆرهەڵاتی شەرگات و 15 چەکداری گروپەکەیان کوشت.

زله‌ییت وتی دوایین جار داعش توانیی هێرشێکی گەورە لە شەرگاتی خۆرئاواوە ئەنجامبدات 4 تشرینی دووەمی 2016 بوو.

وتیشی: "لەوکاتەوە نەیتوانیوە هێرشی لەوجۆرە ئەنجامبدات، ئه‌وه‌ش له‌ دەرەنجامی بەئامانجگرتنی پێشوه‌ختی ناوەندی گردبوونەوەکانیان لەلایەن ئێمەوە بە ئۆپەراسیۆنی شیاو."

هه‌روه‌ها وتی داعش ئامادەییەکی چڕوپڕی هەیە لە حەویجە و ناوچەکانی فەتحە و عەلاس، بەڵام کاریگەریی لە بەشی خۆرهەڵاتی شەرگات "زۆر لاوازە، بەهۆی چالاکییە سەربازییە بەردەوامەکانەوە لەو بەرەیە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500