هێزەکانی سوریای دیموکرات تاوەکو دێت زیاتر نزیكدەبنەوە لە شاری رەققە بە ئامانجی ئەوەی بە تەواوەتی گەمارۆی بدەن و بیگرنەوە لە دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا، 13 نیسان، کۆتایی قۆناغی سێهەمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوراتیان راگەیاند و وتیان بە تەواوەتی بە ئامانجەکەی گەیشتووە، کە ڕزگارکردنی ناوچهکانی دەوروبەری باکوری رەققە بووە.
ئەو کاتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستپێکردنی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان راگەیاند، هێزەکانیان "توانیبویان فڕۆکەخانەی تەبقە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە،" عەبدول فەتاح نەسرەدین، فەرماندەی یەکەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات به دیارونای وت.
نهسرهدین وتی دوابەدوای ئەوە بەرەو قوڵایی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش پێشڕەوییان کرد و هێزەکانی سوریای دیموکرات توانییان دهستبگرن بهسهر دەوروبەری شاری تەبقەدا.
وتیشی ئەوان کە چوونە ناوەوە دەستیانگرت بەسەر گەڕەکی ئەسکەندەریەدا لە رۆژهەڵاتی شارەکە لەگەڵ گەڕەکی ئەید سەغیر کە دەکەوێتە رۆژئاوای [شارەکەوە]. هەروەها بەتەواوەتی دەروازەی باکوری شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
ههروهها وتی شەڕ لە ناوچەکانی باشور و باکوری رۆژئاوای شارەکە روویان دەدا بۆ ئەوەی شەقامی نێوان تەبقە و رەققە لەیەکتری داببڕن.
وتیشی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە چەند کاتژمێرێك دوای ئەوەی شەڕەکە دەستی پێکرد، هەڵهاتن و کوژراو و بریندارێکی زۆریان لەدوای خۆیان بەجێهێشت.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگهیاند كه 24 نیسان "هێزەکانی سوریای دیموکرات چونە ناو تەبقە دوای ئەوەی لەهەموو لایەکەوە گەمارۆیاندا".
نەسرەدین وتی: "ئامانجی ئێستای ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەیە کە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی بەنداوی فورات و ناوچەکانی دەوروبەری بکەن بۆ ئەوەی بەتەواوەتی پارێزگاریی لێبکەن."
وتیشی ئەو گوندانەی رزگارکراون لەو کاتەوەی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە، بریتین لە مەزرای حکومی، کابشی کەبیر و رەیان، لەگەڵ مەزرای ئەید، جەبەل ئەید و موشهیریفەی باکور.
شەرڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەروەها دەستیانگرت بەسەر وادی جەلاب و گوندەکانی دەوروبەریدا، لەوانە ئوم تەناك، بیر جەربا، رایەڵ و کەباش غەربی و چەند [گوندێکی] دیکە.
پوچهڵكردنهوهی هێرشە خۆکوژیەکان
دانیشتوی رهققه و شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەناس موزهیر، به دیارونای وت داعش بەکارهێنانی هێرشبەرە خۆکوژەکانی زیاتر کردووە لەکاتێکدا هێزە رزگارکەرەکان بەرەو ناو تەبقە دەجوڵێن.
وتی [داعش] چەکدارەکانی دەنارد بۆ ئەوەی دزەبکەنە ناو پێگهكانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خۆیان بتەقێننەوە "نەك تەنیا بە بەکارهێنانی ئۆتۆمبیل و زریپۆشی بۆمبڕێژكراو، بەڵکو بەو چەکدارانهش کە چاکەتی بۆمبڕێژكراویان لهبهردایه".
وتیشی هێزەکانی سوریای دیموکرات تا ئێستا توانیویانە چەندین هێرشی خۆکوژی پوچهڵبكهنهوه و نەهێڵن ژمارەیەکی زۆر ببنە قوربانی و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه گروپەکە رومانەیان خستۆتە خوارەوە لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کە له دوورهوه کۆنترۆڵدهكرێت.
موزیر وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لە رۆژهەڵاتی دەوروبەری شاری رەققە چالاکن، پێشتر بۆ سیخوڕی و چاودێریکردن بەکارهێنراون.
هەروەها داعش بە سەدان مینی چاندووە بۆ ئەوەی بەربگرێت بە پێشڕەویەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناو شارەکە و دەوروبەریدا و ژمارەیەکی زۆر نیشانگریسی بۆ ئەوێ ناردووە.
وتی تیمە تایبەتەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات رێرەوێکیان پاککردۆتەوە بەناو مەزراکانی میندا، بۆ ئەوەی شەڕڤانان بە ئارامی پیایدا بڕۆن و نیشانگرهكانی گروپەکە بە ئامانج بگرن.
وتیشی داعش رێنادات مەدەنیەکان تەبقە بەجێبهێڵن و چەندینیانی لە شوێنەکانی خۆیدا گرتووە، بەمەش بەربەستی داناوە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکە و پێشڕەویەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی خاوکردۆتەوە، چونکە ئەوان زۆر بەوریاییەوە مامەڵەدەکەن بۆ ئەوەی ژیانی مەدەنیەکان بپارێزن.
ههروهها وتی: "هەمئاهەنگیەکی زۆر باش هەیە لەنێوان فراکسیۆنەکانی لە ژێر [فەرماندەیی] ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوراتدا چالاکیەکانیان ئەنجامدەدەن، هەر جوڵەیەکی زەمینییش بە هەمئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدرێت."
موزهیر وتی: "زۆر لە دانیشتوانی هەرێمەکە بە ژمارەیەکی زۆرەوە بەشداریی ریزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوون بۆ رزگارکردنی شاری رەققە، هەروەکو زۆر لە فراکسیۆنەکانی دیکەی وەك هێزە نوخبەییەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور."
وتیشی زۆربەی زۆری ئەوانەی تازە بەشداربوون پیاوانی خێڵە عەرەبەکانن "کە زۆر بەپهرۆشەوە پاڵپشتیی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن و بە تەواوەتی دژی هەبوونی ئەو گروپەن [داعش]."
دڵنیابوون لە سهلامهتیی ئاوارەکان
ئۆجەلان شێخی، کە كارمهندێكی هاوکارییە مرۆییەکانە لەسەر سنوری سوریا و تورکیا، وتی هەزاران مەدەنی رۆژانە لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش هەڵدێن و لە کامپی کاتیدا لەو ناوچانە نیشتەجێدەکرێن.
شێخی به دیارونای وت ئەو خەڵکانە دەگەڕێنەوە بۆ كێڵگه و گوندەکانیان دوای ئەوەی ڕزگاردەکرێن و لە مینەکان پاکدەکرێنەوە.
وتی: "هێزەکانی سوریای دیموکرات بەوەی لەبەردەستیاندا هەیە دەیکەن بۆ ئەوەی هاوکاری و خۆراك بەسەر ئاوارەکاندا دابەشبکەن."
وتیشی رێکخراوەکانی هاوکاری مرۆیی بههۆی بهردهوامیی شهڕهكانهوه لەناوچەکەدا کارناکەن، بۆیە شەرڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆیان خۆراك دابەشدەکەن.
شێخی وتی: "لە سەرەتای قۆناغی چوارەمدا هێزەکانی سوریای دیموکرات وادی جەلابیان ڕزگارکرد لەبەرئەوەی شوێنێکی ستراتیژیە، چونکە لەوێوە مەدەنیەکان دەتوانن بەرەو ناوچە ئارامەکان هەڵبێن. لەڕاستیدا دؤڵەکە بووهتە رێڕەوی سەرەکی بۆ هەڵهاتن."
ههروهها وتی بە هەزاران مەدەنی رۆژانە بەناویدا تێپەڕدەبن.
کەمپی عەین عیسا لە باکوری شاری رەققە، یەکێکە لە کەمپە سەرەکیەکان کە ئاوارەکانی تیادا نیشتەجێن و لیژنهی ئیدارەی ئۆتۆنۆمیی دیموكراتی خەیمە و بەتانی و خۆراکه سهرهكیەکانیان بۆ دابیندەکات.