هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

شەقامەکانی موسڵ دوای داعش ئاماژەی ژیان پیشاندەدەن

خالید تائی

وەرزشوانێك مەدالیای دەدرێتێ لەکاتی پێشبڕکێیەکی یەك-هەفتەییدا کە لە یاریگای گەڕەکی بەکر لە موسڵ و لە 17 نیساندا کرایەوە. شانزە تیم بەشدارییان لە پێشبڕکێکەدا کرد، کە یەکەمین بوو لەدوای ئازادکردنی موسڵەوە. [خاوەنی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی رێکخراوی ئەلفاف]

وەرزشوانێك مەدالیای دەدرێتێ لەکاتی پێشبڕکێیەکی یەك-هەفتەییدا کە لە یاریگای گەڕەکی بەکر لە موسڵ و لە 17 نیساندا کرایەوە. شانزە تیم بەشدارییان لە پێشبڕکێکەدا کرد، کە یەکەمین بوو لەدوای ئازادکردنی موسڵەوە. [خاوەنی وێنە: لاپه‌ڕه‌ی فەیسبوکی رێکخراوی ئەلفاف]

دانیشتوانی ناوچە تازە ئازادکراوەکانی موسڵ بەخێرایی سەرەداوه‌كانی ژیانی رابردووی خۆیان هەڵدەگرنەوە.

لەوکاتەوەی هێزەکانی عێراق "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان دەرکرد لە زۆربەی شارەکە، قاوه‌خانه‌ و سەرتاشخانەکان کراونەتەوە بۆ موشته‌رییه‌كانیان و خەڵکیش به‌ جلی مۆدێرنه‌وه‌ لە شەقامەکاندا دەرکەوتوونه‌ته‌وه‌.

گروپەکە ئەم چالاکی و جۆرە پۆشینەی لەکاتی حوکمی خۆیدا قەدەغەکردبوو.

ئەبو نوری، دانیشتووی خۆرهەڵاتی موسڵ بەمدواییانە قاوه‌خانه‌یه‌كی کردەوە کە هی خۆی بوو، دوای ئەوەی پێش زیاتر لە دوو ساڵ لەمەوپێش داعش ناچاریکردبوو دایبخات.

ناوبراو بە دیارونای وت: "قاوه‌خانه‌كه‌ جارێکی تر خەڵکی لاو رادەکێشێت، کە هاتوون کاتێکی خۆش بەسەربەرن بە یاری دۆمینە و بلیارد و سەیرکردنی یاری تۆپی پێ و کێشانی نێرگەلە."

وتیشی: "هیچ یەك لەمانە لەژێر حوکمی داعشدا رێگەی پێنەدرابوو، هەرکەسێکیش پێشێلی بکردنایە لێیدەدرا یان تەنانەت دەکوژرا، سوپاس بۆ خوا بۆ بەخشندەیی ئازادیی."

رۆژنامەنوس و بلۆگەری خه‌ڵكی موسڵ، عومەر سەلاحەدین حەیالی، وتی هەموو ئەو لایەنانەی ژیان لەکاتی حوکمی داعشدا لە گەڕەکەکانی موسڵ قەدەغەکرابوون، بەخێرایی گەڕێندرانەوە.

حه‌یالی بە دیارونای وت: "قاوه‌خانه‌ و شوێنی یاری کرانەوە و جارێکی تر لاوان دەچنە ئەو شوێنانە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ چالاکییەکیان تێدانەبوو."

وتی بازاڕەکان ئەو شمەك و بەرهەمانە دەردەخەن کە لەکاتی داعشدا قەدەغەکرابوون، وەك جگەرە و نێرگەلە و یاریی ئەلەکترۆنی.

وتیشی دوکانەکانی پۆشاك جلی نوێ نمایشدەکەن و خوازیارەکان جارێکی تر دەچنە ساڵۆن و سەرتاشخانەکان.

پێشبڕکێی تۆپی پێ جەماوەر رادەکێشێت

حەیالی وتی ئاماژەیەکی دیکەی رابوونی شارەکە ئەوەیە پێشبڕکێیەکی وەرزشیی یەك-هەفتەیی لە یاریگای گەڕەکی بەکر کرایەوە لە 17 نیساندا بە بەشداریی شانزە تیمی تۆپی پێی خاوەن جەماوەر.

وتیشی خەڵکێکی زۆر بۆ سەیرکردنی چوون.

حەیالی وتی: "داعش ئەم چالاکییانەی قەدەغەکردبوو، بە پێشێلکاریی ئایینی دادەنان و لەو خەڵکە لاوانەی دەدا گه‌ر هه‌ر تەنیا سەیری یارییەکانی تۆپی پێشیان بکردایە یاخود جلی تیمە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکانیان بپۆشیایه‌."

ئەحمەد غەسوب لە یەکێتیی رۆژنامەوانانی لاوی موسڵ وتی: "خەڵکی، بەتایبەتی لاوان، لەهەموو شتێك بێبەرییکرابوون، لەکاتێکدا تیرۆریستان خۆشییان لەهەموو شتێك دەبینی و رێیان بەخۆیان دەدا و لە خەڵکی دیکەیان دەگرتەوە."

غه‌سوب بە دیارونای وت لیستی شتە قەدەغەکراوەکان بێسنوور بوون.

وتی: "ئێمە لە جیهان و لە هەموو شێوازێکی ژیانی ئاسایی دابڕێندرابووین، دواکەوتوویی و چاوەڕوانی مەرگ لە هەر ساتێکدا دوو واقعی نکوڵیلێنەکراوی ژیان بوون."

دانیشتوان ئامێز بۆ ژیانی نوێیان دەکەنەوە

غەسوب وتی: "ئێستا ژیان بەخێرایی گەڕاوەتەوە بۆ شێوازی ئاسایی، خەڵکی ناوچەکە ئەوە دەکەن کە پێشتر دەیانکرد بەبێ هیچ ترسێك لە سزادان."

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین عه‌بار وتی خەڵکی ئازادکراوی موسڵ ئامێز بۆ ژیانی نوێ دەکەنەوە کە چیتر جێگای تیرۆرزم و هەراسانکردن یان بێبەریکردنی لە ماف و ئازادییە گشتییەکان تیا نابێته‌وه‌.

عه‌بار بە دیارونای وت: "ئاپۆرەی ناو بازاڕ دەرکەوتۆتەوە و خەڵکی ئەوەی بیانەوێت دەیکڕن و بەدوای حەز و چالاکییەکانی رۆژانەی خۆیاندا دەچن بە ئازادی و سەلامەتی."

عه‌بار وتی نوسینگەکانی حکومەت دەستیانکردۆتەوە بە پێدانی موچەی نەدراوی کارمەندەکانیان.

وتیشی: "ئەم مانگە، نزیکەی 1,760 کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و 2,700 کارمەندی وەزارەتی پەروەردە موچە پێنەدراوەکانیان بەدەستگەیشتووە."

هه‌روه‌ها وتی خزمەتگوزارییە گشتییەکان باشبوونێکی پلە بەپلەیان پێوه‌ دەبینرێت و "ژیان هەموو رۆژێك چالاکتر و پڕجوڵەتر دەبێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500