باڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە ناوچەی دورەدەستی بیابان لەسەر سنوری سوریا لەگەڵ عێراق و ئەردەن، بەرپرسان بە مەشاریقیان راگەیاند.
ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجی وەدەرنانی داعشە لە ناوچەی هەرسێ سنورەکەی دەوروبەری خاڵی سنوریی تەنف لەگەڵ عێراق، کە لە بەری عێراق بە وەلید ناسراوە و دەکەوێتە نزیك کەمپی ئاوارەکانی روکبان لەنزیکترین ناوچەی سەربازی لەنێوان ئەردەن و سوریادا.
لێهاتوترین باڵ بۆ ئۆپەراسیۆنەکە سوپای مهغاویری سهورهیه، کە هاوپەیمانی باڵەکانی سوپای ئازادی سوریایە لە ناوچەکەدا.
ئەو باڵانە پێکدێن لە ئوسود شەرقییە، شەهیدانی قەریەتەین، ئەنجومەنی سەربازی لە هەرێمی باشور و لیواکانی شەهید ئەحمەد عەبدۆ.
فەرماندەی سوپای مهغاویری سهوره، فەریق موهەننەد تهڵاع، بە مەشاریقی وت: "پشتیوانی سەربازی دابینکراو لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەمدواییانە زیادیکرد و ئێستا لە ئاستێکی باشدایە و توانای بەردەست رێكوپێکە بۆ دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین بەمزوانە ئەنجامی بدەین."
وتیشی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنێکی نوێ لە رۆژهەڵاتەوە و ئاماژەیدا کە خەڵکی نوێ پەیوەندییانکردووە بە ریزەکانی سوپای مهغاویری سهورهوە لەسەرانسەری بادییەدا (بیابانی سوریا).
تهڵاع وتی داعش هێرشیکردە سەر بنکەکانی سوپای مهغاویری سهوره لە سنوری دەروازەی تەنف لە هەفتەی یەکەمی نیساندا و توانیی هێرشەکە تێکبشکێنێت.
وتیشی دوای ئەمە بۆ زیادکردنی ئاسایش و رێگرتن لە هێرشی داهاتوو، پاسەوان زیادکراوە و خاڵی نوێی پشکنینی جێگیر و بنکەی پاڵپشتی دانراون.
خەڵکی مەدەنی وەك قەڵغانی مرۆیی بەکارهاتوون
تهڵاع وتی ناوچەی روکبان و کەمپی ئاوارەکان روبەڕووی مەترسییەکی جددی بوونهتهوه کە داعش توانیی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بنێرێت کە تەقییەوە و بووە هۆی زیانی گیانیی زۆر.
وتیشی مەدەنیەکان لە ناوچەی سەر سنوری ژێردەستی داعش کە هێشتا نەیانتوانیووە هەڵبێن ناچارکراون شتی زۆربکەن دژی خواستەکانیان وەك مانەوەیان لە ناوچەکانیان یان ئەو ناوچانەی لەلایەن گروپەکەوە دیاریکراون.
ههروهها وتی داعش دەیەوێت وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت بۆ وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای مهغاویری سهوره.
وتیشی بۆ بەهێزکردنی پاراستنی مەدەنیەکان لە ناوچەی روکبان، "ئێمە خاڵی پشکنینی جێگیر و گەڕۆك دادەنێین و هەندێکیان لە سنوری کەمپەکە دادەنێین."
تهڵاع وتی: "ئەگەر لایەنگرێکی گروپەکە بدۆزرێتەوە لە کەمپەکەدا، ئەوە دەستبەجێ دەستگیردەکرێت بۆ پوچەڵکردنەوەی هەر هێرشێکی تیرۆریستی کە لەوانەیە ئەنجامیبدات یان ئاسانکاریی بۆ بکات و ئێمە سەرنجی زۆر دەخەینەسەر ئەم بابەتە بۆ خاڵیكردنی ناوچەکە لە ئەندامانی داعش."
کرێکارێکی کۆمەکی مرۆیی لە کەمپی روکبان، تاریق نوعهیمی، وتی مەدەنیەکانی ناوچەی بادیە و نەمرود لە ترسێکی راستەقینەدا دەژین لە کوژرانیان لەلایەن داعشهوه کە شەڕکەرانیان دەستیانکردووە بە تەقەکردن لێیان بەبێ جیاوازی.
كرێكارهكه بە مەشاریقی وت داعش لەسهر رۆخی لەناوچوونە چونکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە لە ناوچەکەدا و ناچارکراوە پاشەکشێ بکات لەهەندێك ناوچەدا.
وتیشی مەدەنییەکان بڕیاردەدەن ماڵ و کێڵگەکانیان جێبهێڵن و بچن بەرەو کەمپی روکبان لهنزیك سنوری ئەردەن چونکە تاڕادەیەك شوێنێکی سەلامەتترە.
ههروهها وتی سەرەڕای ئەوەش، داعش بەمدواییانە و لە 8 نیساندا کەمپەکەی کردۆتە ئامانج، کە ژمارەیەك کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. ئەم هێرشە هاوکاتبوو بە هێرشێکی داعش بۆ سەر خاڵی گردبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بنکەکەیاندا نزیك بە کەمپەکە.
هیوا بە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی
نوعهیمی وتی نیشتەجێیانی کەمپی روکبان، کە ژمارەیان بەمدواییانە گەیشتۆتە 85,000 کەس، بەتوندی پشتگیریی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چاوەڕوانکراو دەکەن بۆ دەرکردنی داعش.
وتی هیوایان بەوەیە ئازادکردنی گوند و کێڵگەکانی قەلەمون، بادیە و تهدمور وابکات بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و خاکەکەیان.
وتیشی: "دۆخی کەمپەکە بەرگەی ناگیرێت بەهۆی ئەو راستییەی کە گروپە فریاگوزارییەکان خۆیان بێبەریدەکەن لە پێشکەشکردنی هاریکاری بەهۆی ئەگەری ئەو مەترسییهوه كه گروپەکە هەیەتی."
نوعهیمی وتی بنبڕکردنی ئەم هەڕەشەیە رێدەدات بە رێکخراوەکان کارەکانیان بگەڕێننەوە لە کەمپەکەدا و یارمەتیی دانیشتوانهكهی دەدات خۆڕاگربن لەکاتێکدا چاوەڕوانی رزگارکردنی ناوچەکەیان و دواجار گەڕانەوەیان دەکەن.
رەهیف خالیدی، 35 ساڵ، کە چوار ساڵە لە کەمپی روکبان نیشتەجێیە و بەرپرسی یەکێك لە تیمەکانە بۆ بەڕێوبردنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە، بە مەشاریقی وت کەمپەکە لەئێستادا لەژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی خێڵەکیی تهدمور و بادیەدایە، کە ئەنجومەنی کارگێڕیی پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە.
وتی ئەنجومەنە تایبەتەکان گرنگیدەدەن بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، شمەك، خوێندن، کاری پۆلیسی، دادوەری و بەرگریی مەدەنیی.
رێگری لە دزەکردنی داعش
خالیدی وتی نوسینگەکانی بەرگریی مەدەنیی و پۆلیس کێشەی ئەمنی راییدەکەن، بەتایبەتی کارڕاییکردنی پشکنینی ناسنامە و شوناسی تازە-هاتووەکانی کەمپەکە بۆ رێگری لە دزەکردنی تیرۆریستان.
وتیشی ئەمە کارێکی گرنگە، "چونکە نیگەرانیی ئەوە هەیە کە داعش دەتوانێت ئەندامانی بنێرێت تا شانەی نوستوو لە کەمپەکەدا بنیاتبنێن و تێكەڵاوی کەسانی نێو کەمپەکە ببن تا وێرانکاری بکەن یان کاری تێکدەرانە ئەنجامبدەن".
ئەنجومەنی خێڵەکی هەماهەنگی دەکات لەگەڵ لایەنی خێڵەکیی ناو سوپا، کە پارێزگاری دەبەخشێتە کەمپەکە لە دەرەوە لهڕێی پاسەوانیکردنی سنوورەکە و خاڵی پشکنینی جێگیر و دەروازەکانیان بۆ پشکنینی ناسنامە.
ههروهها وتی هێزە ئەمنییەکانی بەرگریی مەدەنییش سەرژمێریی چڕوپڕ لەنێو نیشتەجێیانی کەمپەکەدا ئەنجامدەدەن بۆ دیاریکردنی هەر تیرۆریستێك کە دەکرێت دزەیکردبێتە نێو کەمپی ئاوارەکانهوه بەنێو ئاپۆرەی ئەو خەڵکەدا کە هاتوونەتە ناوی.
وتی ئەمە پێویستە "چونکە خەڵکی کەمپەکە رۆژ لەدوای رۆژ زیاددەکات لهگهڵ بهردهوامیی مەدەنییەکان لە هەڵاتن لە چەندین ناوچە، بەتایبەتی ناوچەی بادیە".
خالیدی وتی چڕیی شەڕەکانی ئێستا لەگەڵ داعش لە زیاد لە بەرەیەکەوە و هەواڵی ئهو شکسته یەك لەدوای یەكانهی بەر گروپەکە کەوتووە، هانی گەنجانی کەمپەکەی داوە پەیوەندی بکەن بە لایەنە سەربازییەکانی ناوچەکەوە.
ئاماژەشی بەوە کرد كه زۆرێك پەیوەندییانکردووە بە سوپای مهغاویری سهورهوە.
وتیشی: "زۆر لەو مەدەنییانەی کە دەتوانن شەڕبکەن خێزانەکانیان گواستەوە بۆ کەمپەکە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان و تەرخانکردنی خۆیان وەك خۆبەخش بۆ شەڕکردن." ههروهها وتی هیچ رێگایەک لهوه روونتر نیە لە پیشاندانی رەتکردنەوەی داعش لەلایەن ئەوانەوە.