هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

دووبه‌ره‌كی و ناكۆكییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان داعش هەراساندەکه‌ن لە رەققە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

'شەڕکەرانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) سەیری ئەندامێکیان دەکەن کە بڕیاری سزای حه‌د جێبەجێدەکات دژی دانیشتووەیەکی رەققە لە 2016. ناکۆکی زیادبووە لەنێوان شەڕکەرانی فرەنەتەوەی داعشدا لەگەڵ زیادبوونی گوشاری سەر ئەو گروپە لە شارەکەدا. [خاوەنی وێنە: رەققە بەبێدەنگی لەسێدارە دەدرێت]

'شەڕکەرانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) سەیری ئەندامێکیان دەکەن کە بڕیاری سزای حه‌د جێبەجێدەکات دژی دانیشتووەیەکی رەققە لە 2016. ناکۆکی زیادبووە لەنێوان شەڕکەرانی فرەنەتەوەی داعشدا لەگەڵ زیادبوونی گوشاری سەر ئەو گروپە لە شارەکەدا. [خاوەنی وێنە: رەققە بەبێدەنگی لەسێدارە دەدرێت]

لەناو شاری رەققەی سوریادا، کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە پایتەختی "خەلافەتەکەی" دادەنێت، شەڕکەرانی نەتەوە جیاوازه‌كان دوژمنایەتیی یەکتردەکەن.

شایه‌تحاڵان بە دیارونایان وت کێشەکان لەکۆتاییدا گەیشتنە گەرمترین ئاست، به‌تایبه‌تی لەنێوان شەڕکەرانی تونسی و سوریدا، كه‌ له‌ شەڕ و پێکدادانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت.

بازرگانێكی خه‌ڵكی رەققە، وائیل مستەفا، وتی تونسییەکان یەکیانگرتووە و ماڵەکانیان چۆڵکردووە لەو شارەدا کە ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو، ئێستا لە ناوچەیەکی تر کۆبونەتەوە.

وتیشی ئەوان دووردەکەونەوە لە خۆدەرخستن لەسەر شەقامەکانی رەققە و ئاماژەشیدا به‌وه‌ی کە "دانیشتوان تێبینییان کردووە پاسەوانانی حیسبە ("پۆلیسی ئایینی") هیچیتر ئەندامی تونسییان لەگەڵ نییە".

مستەفا وتی ئەندامانی تونسی لەناکاو لە بازاڕ دەردەکەون بە گروپی 10 کەسی یان زیاتر بۆ کڕینی خواردن و ئاماژەشیدا به‌وه‌ی کە لەکاتێکدا هەندێکیان بازاڕ دەکەن، ئەوانی تر لەدەرەوە دەوەستن بۆ دابینکردنی سەلامەتی بۆ تەواوی گروپەکە.

وتیشی: "ئەوان چیتر بە کاتژمێر لەبازاڕ نامێننەوە وەك ئەوەی پێشتر هەندێکجار دەیانکرد" و گەشتی بازاڕکردنیان ئێستا زۆر کورتە.

هه‌روه‌ها وتی هەندێك له‌ تونسییەکان لە ناوەڕاستی شاردا دەژیان، بەڵام ئێستا ماڵەکانیان چۆڵکردووە کە داگیریانکردبوو و رۆیشتوون بۆ ئەو ناوچەیەی هاوڵاتیانیان لێیکۆبوونەته‌وە.

وتیشی پێدەچێت رۆیشتبن بۆ ناوچەکانی قەراغ رەققە لەنزیك شەقامی رومەیلە کە چەند شۆفڵێك لەم دواییەدا هەموو ئه‌و رێگایانه‌یان گرت کە دەچن بۆ ئەو ناوچەیە.

زیادبوونی ناکۆکیی ناوخۆیی

بازرگانان لە بازاڕەکەدا چەندین شەڕیان بینیوه‌ لەنێوان ئەندامانی داعشی خه‌ڵكی رەققە و ئەندامانی تونسیدا.

مستەفا وتی: "ئەمە بەزۆری بەهۆی سەپاندنی خێرای سزاکانەوەیە بۆسەر ئەوانەی یاساکانی گروپەکە پێشێلدەکەن." ئاماژەشیدا به‌وه‌ی کە تونسییەکان ئەو سزایانەیان سەپاندووە بۆ زیادکردنی پارە و ئەندامانی ناوچەکەش دەیانەوێت هەمان شت بکەن.

وتی بەگوێرەی ئەندامانی سوریی داعش، هۆکاری پشت ناکۆکیەکە ئەوەیە کە تونسییەکان رەتیانکردۆتەوە شەڕ بکەن لە بەرەکانی جەنگدا یان بۆ دێرە زوور بجوڵێن بەهۆی ئەو مەترسیانەی روبەڕوویان دەبێتەوە.

وتیشی ئەوان ئێستا جەخت لەسەر بەجێهێشتنی ناوچەکە دەکەنەوە بەنیازی گەڕانەوە بۆ تونس یان هەڵهاتن بۆ وڵاتێکی ئەوروپی.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمە ئەندامانی ناوخۆی زۆر توڕەکردووە کە ناچارکراون لە بەرەکانی جەنگدا شەڕبکەن و لەئەنجامدا زیانی گیانیی قورسیان بەرکەوتووە."

مستەفا وتی هەندێك له‌ دانیشتوان پێیانوتووە کە پێکدادان رویداوه‌ لەنێوان ئەندامانی تونسی و پاسەوانانی حیسبەدا لە شەقامێك کە دەچێتە چوارڕیانی نەعیم کە بووەته‌ هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەك خەڵك.

دانیشوانه‌كه‌ پێیانوت گروپەکە روداوەکەیان شاردۆتەوە بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی کوژران و برینداربوونی ئەوان بەهۆی شەڕی دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە.

یاخیبوون له‌ سەرکردایەتی

پارێزەرێکی سوری، محەمەد عەبدوڵا، کە شەڕی سوریا و تاوانەکانی داعشی بە بەڵگە کردووە، وتی ئەمە یەکەمجار نییە گروپە تونسییه‌كان تێبینیکراون کە له‌ سەرکردایەتی داعش یاخیده‌بن.

عەبدوڵا بە دیارونای وت: "لە 2015دا کێشە روویدا لەنێوان گروپە تونسییه‌كان و کەنداویه‌كاندا بەهۆی ناکۆکی لەسەر سەرکردایەتی و ئەمیرایەتی."

وتیشی بارودۆخه‌كه‌ زۆر گرژه‌ لەنێوان ئەندامانی تونسی و عەرەبیی تردا، لەنێویاندا عێراقی و سودانی و چەند پێکدادانێك لەنێوان ئەندامانی سوری و تونسیدا روویداوە.

هه‌روه‌ها وتی ناکۆکیەکان هەستیانپێکراوە لەئەنجامی هەوڵدان بۆ دەسەڵات و رونیکردەوە کە تونسییەکان دەیانەوێت پۆستە باڵاکان بگرن و پێیانوایە كه‌ شایەنی ئەو پۆستانەن بەهۆی بەجێهێشتنی وڵاتەکەیانه‌وه‌ بۆ پەیوەندیکردن بە گروپەکەوە.

وتی: "هەمانشتیش راستە بۆ ئەندامانی کەنداو و عێراقیەکان کە ئەمەی دواییان جەخت لە پاوانکردنی پۆستەکانی سەرکردایەتی دەکات بەهۆی بارودۆخی عێراقەوە." هه‌روه‌ها ئاماژەشیدا به‌وه‌ی كه‌ ئەندامانی عێراقی ناتوانن بگەڕێنەوە چونکەگروپەکە زۆربەی ئه‌و خاكه‌ی لەدەستداوە کە پێشتر لەوێ ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوو.

هەندێك راپۆرتی میدیایی دەریدەخەن کە ناکۆکیی ناوخۆیی زیادیکردووە بەمدواییانە بەهۆی کێشەی ئەنجومەنی شورای گروپەکەوە کە بەپێی راپۆرتەکان ئەنجومەنەکە ئەبو حەفسە موسڵیی خه‌ڵكی عێراقی دیاریکردووە بۆ جێگرتنەوەی ئەبوبەکر بەغدادی.

دڵسۆزی لەژێر گوشاردا تێکدەشکێت

شارەزای گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان، لیوا یەحیا محەمەد عەلی، کە ئەفسەرێکی سەربازیی خانەنشینی میسرییە وتی: "هەتا گوشاری سەربازی بۆسەر گروپەکە زیادبکات، ناکۆکیی زیاتر دەردەکەوێت، بەتایبەتی لەنێوان گروپی نەتەوە جیاوازه‌كاندا."

عەلی بە دیارونای وت ئەمە سەلمێنەری لاوازیی وه‌لائه‌ته‌ لەنێوان شەڕکەرانی داعشدا، كه‌ گروپەکە وا پیشانیداوە کە لەسەر بنەمای بەهێزی ئاینی و ئایدیۆلۆژی دامەزراوە.

وتی: "هەموو گروپێکی چەکدار و تەنانەت سوپاکانیش روبەڕووی ئەو گوشارانە دەبنەوە لەکاتی شەڕدا و بەزۆری دەبنە تاقیکردنەوەیەکی سەخت بۆ سەرکردایەتیەکە."

وتیشی ئەگەر پێکهاتەی رێکخراوەیی داعش گونجاوبوایە، پەیوەندییە ناوخۆییەکانی بە جێگیری دەمانەوە.

هه‌روه‌ها وتی: "بەپێچەوانەوە کاتێك پرۆسەی ناونوسکردن لەسەر بنەمای پارە و خانو و ژمارەی زۆری هاوسه‌رگیرییه‌، بارودۆخەکە ده‌گاته‌ ئەم ئاستە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500