هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی ژنان

ژنانی کورد ره‌وبه‌ڕووی داعش ده‌بنه‌وه‌ لە بەرەکانی شەڕی سوریادا

نۆهاد تۆپالیان لە بەیروت

ئارین جەبەل، ژنێکی شەڕڤان کە له‌ لقی شەهبای یەکینەکانی پاراستنی ژنانی کوردی (یەپەژە)دا تۆمارکراوە، شەڕی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' دەکات لە حەلەبی سەروو. [خاوەنی وێنە: ئارین جەبەل]

ئارین جەبەل، ژنێکی شەڕڤان کە له‌ لقی شەهبای یەکینەکانی پاراستنی ژنانی کوردی (یەپەژە)دا تۆمارکراوە، شەڕی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' دەکات لە حەلەبی سەروو. [خاوەنی وێنە: ئارین جەبەل]

بوونی ژنانی کورد لە بەرەكانی شەڕی سوریادا "هەنگاوێکی نوێگەرایانەیە لە جیهانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا"، پرۆفیسۆری مێژووی زانکۆی لوبنان، محەمەد نورەدین، بە دیارونای وت.

"چەکدارانیمێینەی کورد رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە شەڕی دژی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)دا و ئایدۆلۆژیا توندڕەوە عەقڵ-داخراوەکەی و مامەڵەکردنی چاخی ناوەڕاستییانەی لەگەڵ ژندا،" نورەدین وتی.

وتیشی وەك شەڕڤانانی پیاو، شەڕڤانانی ژنی کورد "کاتەکانی بۆ پارته‌كه‌ی خۆی تەرخاندەکات و ژیانیشی بۆ ئەو قەزیەیەی کە شەڕی بۆ دەکات."

نورەدین وتی: "ئەمڕۆ، بەشداریی ئەوان لە شەڕی دژی داعشدا شایەنی لەسەر وەستانی رێزدارانەیە بۆ ئەوان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا."

وتیشی ژنان رۆڵێکی گرنگ دەبینن لە بەرەی شەڕدا نەك تەنیا لەبەرئەوەی شەڕی دژی داعش دەکەن، بەڵکو لەبەرئەوەی ناسنامەی ژن لە سوریا بەهێزدەکەن.

دیارونا بەمدواییانە لەگەڵ دوو لەو ژنانە دوا کە لە ریزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا شەڕدەکەن دەربارەی بڕیاریان بۆ چەکهەڵگرتن و ئەوەی مانای چیە بۆ ئەوان و کۆمەڵگەکەیان.

به‌رگریكردن له‌ ژنان دژی توندوتیژی

شەڕڤانی کورد، ئارین جەبەل، ٢٥ ساڵ، بە دیارونای وت ئەو "ژنان دەپارێزێت دژی توندوتیژی و ئاوارەیی کە ناچارکراون پێی".

جەبەل لە لقی شەهبای یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ناونوسکراوە، کە لەژێر چەتری هێزەکانی سوریای دیموکراتدا شەڕدەکەن و شەڕی دژی داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکەیان کردووە لە چەندین بەرەوە لە سوریا.

ئه‌و هێشتا لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرەی شەڕە.

جەبەل بە دیارونای وت: "لە روانگەی ئەوەی بەسەرماندا هاتووه‌ وەك ژن، دەبوو شتێك بکەم بۆ ئازادکردنی ژنان لە هەموو کۆت و بەندێك کە بەسەریاندا سەپێنراوە تا بتوانن تەواوی مافەکانیان بەدەستبهێنن."

وتیشی: "رۆڵی ئێمە وەك شەڕڤان ئەوەیە شانبەشانی پیاوان بوەستین بۆ پاراستنی خاکەکەمان، کە ئێمە وەك ژن بە شەرەف و کەرامەتی خۆمانی دەزانین."

هه‌روه‌ها وتی: "چەکەکەم هەڵدەگرم و لە بەرەیەکەوە دەچمە بەرەیەکی دیکە بۆ ئازادکردنی ژنان لەو کۆیلەیەتییەی بەسەریاندا سەپێنراوە." ئاماژه‌شی به‌وه‌ كرد كه‌ شەڕی سوریا بۆتە هۆی داخورانی مافەکانی ژنان و خراپبوونی شێوازی مامەڵە له‌گه‌ڵ كردنیان.

جه‌به‌ل وتی گروپە توندڕەوەکانی وەك داعش و بەرەی نوسرە، کە ئێستا بە بەرەی فەتحی شام ناسراوە، لەگەڵ ئەوانی دیکە کە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی قاعیدەیان هەیە، هەوڵدەدەن ژنان بەکۆیلە بکەن.

وتی ئەمڕۆ چەکی ژن "ئاراستەی ئەو گروپانە کراوە بۆ پاراستنی ژنان و بوونیان، تا جێی پێی سروشتیی خۆیان بكه‌نه‌وه‌".

وتیشی توانیویەتی توانای خۆی بسەلمێنێت بۆ شکستپێهێنانی داعش لە بەرەکانی شەڕدا. هه‌روه‌ها وتی بەهیوایە هۆشیاری زیادبکات دەربارەی هەموو شێوازێکی توندوتیژیی دژی ژنان.

"ئێمه‌ ده‌مێنینه‌وه‌ وه‌ك سیمبۆڵی بەرخۆدانی ژنان جا لەهەر کوێیەکی ئەم جیهانەدا بن و لەدژی هەموو شێوازێکی توندوتیژیی،" جه‌به‌ل وتی.

'بڕیارمدا چیتر بێدەنگ نەبم'

ئەڤیندار شەهبا، 20 ساڵ، بە دیارونای وت ساڵی رابردوو پەیوەندیی كرد بە لقی شەهبای یەپەژەوە و لە هێڵەکانی پێشەوە شەڕدەکات لەگەڵ گروپێکی ژنی دیکە "بۆ پاراستنی ئازادییمان".

وتی پەیوەندیی كردووه‌ بە شەڕەوە به‌ هاندانی باوکی، کە خۆی شەڕڤانە، هه‌روه‌ها خزمەکانی، "دوای ئەوەی بڕیارمدا چیتر بێدەنگ نەبم دەربارەی ئەوەی بەسەرماندا سەپێنراوە بەدەستی گروپە تیرۆریستییەکان".

وتیشی داعش ژنی لە سادەترین مافەکانیان بێبەشکردووە و تەنانەت خوێندنی لێ قەدەغەکردوون.

شەهبا وتی به‌شداری له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌كات و ورەی بەرزە، بەهۆی ئەوەی لە بەرەکانی پێشەوە شەڕیکردووە.

وتیشی: "هەستدەکەم لەڕێگەی ئەوەی کە دەیکەم، ژنێکی ئازادم و دەتوانم خۆم و ژنانی دیکە بپارێزم، هەروەك ئەو پیاوانەی شانبەشانیان شەڕدەکەین."

هه‌روه‌ها وتی پیاوان لە ناوچەی شەهبا هانی ژنانیان دا بۆ چەكهەڵگرتن دوای ئەوەی شایەتی کارە ستەمکارانە و چەوسێنەرەوەکانی داعش بوون دژی ژنانی کورد.

وتی: "پیاوان هانیانداین بۆ شەڕکردن، ورەیان بەرزکردینەوە و هێزیان پێداین لە بەرەکانی شەڕدا و ئەوەش ورەی پێداوین و ئەو ترسەی سەرەتا هەمبوو نەیهێشتووە."

ئەڤیندار ئەوە ناشارێتەوە کە ئاستەنگ هەیە لە بەرەکانی شەڕدا.

وتی: "بەڵام بە ئیرادەی بەهێزمان وەك ژنانی شەهبا، بەردەوامین لە شەڕ بۆ ئازادکردنی خاکەکەمان لە هەموو گروپە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ژنان، کە چەندین ساڵە لەلایەن تیرۆریستانەوە دەچەوسێنرێنەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500