بە ملیۆنان عێراقی پێدەکەنن بە بەرنامە کۆمیدیە عێراقیەکە "ویلایەتی بەتیخ" (شاری کاڵەك) کە تانهدانهكانی لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان، ههر لە پرسە گشتیەکانی گەندەڵیی سیاسیەوە تا تیرۆریزم لهخۆدهگرێت.
بەرنامەکە هەفتانەیە و لەسەر تەلەفزیۆنی سەتەلایەتی هونا بەغداد پەخشدەکرێت و بە ملیۆنان تەماشاکەری هەیە، ئەمە سەرباری هەزاران لایك و کۆمێنتی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
هەر ئەڵقەیەکی بەرنامەکە سکێچێکی تەنزئامێز پیشاندەدات لەڕێگای کارەکتەرە جیاوازەکانیەوە، کە تیایاندایە پۆلیسی گەندەڵە، کوڕی نەخوازراوە، دراوسێی دەنگ بەرزە یان تیرۆریستی ئاڵودهی ئهلكهوله.
سکێچێك لەسەر تەقەی خۆشی 4 ملیۆن جار لە یوتیوب تەماشاکراوە، یەکێکی دیکە لەسەر سێ چەکداری "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کە پرسه بۆ فەرماندە کوژراوەکەیان دهگرن، زیار لە 1.4 ملیۆن بینەری هەبووە لە دوو هەفەتەدا.
سکێچەکانی لەسەر داعش کراون گروپەکەی توڕەکردووە، وەك ئەو بەرنامانەی پیشانی دهدهن ورە لەناو ئەندامانی گروپەکەدا بەرەو رووخان دەچێت، یاخود ئەوانەی کە پیشانی دهدهن چۆن ئەندامانی گروپەکە ئاڵودهبوون به ئهلكهول و ماددە هۆشبەرەکان.
پێشکەشکاری ویلایەتی بەتیخ، عەلی فازڵ، بە دیارونای وت گەنجێکی مێردمنداڵ لە موسڵ بە بەرچاوی خەڵكەوە لێیدراوە لەلایەن حەسبە (پۆلیسی ئاینی) داعشهوه دوای ئەوەی گروپەکە گرتبوویان کە تەماشای بەرنامەکەی کردبوو.
وتی بیستوێتی كه دانیشتوانی موسڵ بە شاراوەیی تەماشای ئەڵقەکانی بەرنامەکە دەکەن لەسەر شاشەی تەلەفونەکانیان.
شێوازێكی نوێ و داهێنەرانە
فازڵ وتی سەرکەوتنی بهرنامهكه لە سەرانسەری وڵاتدا -- تەنانەت لەو شارانەدا کە لە ژێردەستی داعشدان -- بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوو ساڵ بە وردبینیەوە بەدواداچوونیان کردووە بەرلەوەی بەرنامەکە پێشكەشبکەن.
وتیشی: "لەو 16 کەسەی لە بەرنامەکەدا کاردەکەن نۆ كهسیان ئەکتەرن وزۆربەیان تازەکارن، ئەمەش هۆکارێکی گرنگە لە پشتی سەرکەوتوویی بەرنامەکەوە."
ههروهها وتی تیمهكه شێوازێكی نوێ و داهێنەرانەی گرتەبەر بۆ کارەکانی بە هێنانهكایهی فۆرمێکی نوێ لە کۆمیدیا بەبێ ئەوەی کۆپیی ئەو سکێچە کۆمیدیانە بکەنەوە کە لەسەر ئینتەرنێت هەن، وەك چۆن خەڵكی تر دهیكهن.
وتی لە هەمانکاتیشدا سکێچەکانیان سنورەکانی ئەخلاق و ترادسیۆنیان نەبەزاندووە، بەڵكو ئهو راستیانه پیشاندەدەن کە هەموو خەڵك پێی ئاشنان.
وتیشی لە یەکێك لە سکێچەکاندا ئەندام پەرلەمانێکی ژن شیرینی دەخوات و یاریدەکات لەسەر تەلەفونەکەی لە دانیشتنێکی پەرلەماندا لەسەر گەندەڵی، بەبێ ئەوەی بزانێت کە کامێراکان وێنەی دەگرن.
ههروهها وتی: "شوێن و لێدوانە گاڵتەئامێزەکان کەسایەتی ئەندام پەرلەمانەکە بە ئامانج ناگرن بەڵكو پیشاندنانی بێئەمەکی سیاسیەکانە بەگشتی."
ئەکتەری ویلایەتی بەتیخ، ئەسیر کەشکول، وتی ژمارەی زۆری بینەران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵكی ئاشنای سادەیی و لایەنی سروشتیی بەرنامەکەن، کە ههڵسوكهوته هەڵەکان لە به شێوازێكی کۆمیدیانه دەردەخات لە گۆشەیەکی بونیادنەرانەوە بەبێ هیچ جۆرێك له به بازاڕیكردنی.
ناوبراو بە دیارونای وت: "بەرنامەکەی ئێمە بۆ خێزانە عێراقیەکان بەرهەمهێنراوە و کەسیش تەماشای بەرنامەکە ناکات بەبێ ئەوەی ئاشنای ئەو کارەکتەرانە بێت لە ناو کۆمەڵگەدا."
هەڕهشە و کاری شەڕانگێزی
فازڵ وتی بهههمهێنهرانی بەرنامەکە چەندین جار هەڕەشەیان لێکراوە لەلایەن سەرچاوەی نەناسراوەوە دوای ئەوەی چەند بەرنامەیەكیان پەخشکردووە لەسەر کەموکورتیی سیاسیەکان و شەڕانگێزیی و گروپه تێرۆریستیهكان.
وتی ئەوان بەو هەڕەشانە راهاتوون، بۆیه [هەڕەشەکان] کاریگەرییان لەدەستداوە.
ماڵەکەی فازڵ لە نزیک پارکی سەعدون لە ناوەندی بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی خێڵەکیەوە لە 21 شوبات بە تەقە هێرشی کرایە سەر، ئەوەش لەبەرامبەر ئەوەی کە سکێچێکی [بەرنامەکە]یان وەك بێڕێزی بەرامبەر بە خێڵەکەیان لێکدابووهوە.
سەرچاوەکانی پۆلیس ئەوکاتە ئاشکرایان کرد ئەندامانی خێزانەکەی فازڵ زۆر پەشۆکابوون، بەڵام تەنیا زیانی ماددی له خانوەکەیان كهوتبوو.
فازڵ وتی رووداوەکە بە یاسایی لەگەڵ خێڵەکە چارەسەرکرا "بەبێ هێچ سازشێك". وتیشی ئەو هەوڵانە نەزۆکن بۆ گوشار خستنهسهر هونەرمەندان و چاوترساندنیان.
پهرلهمهنتاری عێراقی، محەمەد سەیحود، باسی لەوە کرد کە خێڵە عێراقیەکان دژی بە ئامانجگرتنی رۆژنامەنوسان و کەسایەتیەکانی ناو میدیاکانن. ههروهها ئەوەشی باسکرد كه پیاوانی خێڵەکی لەسەر بڕیاری تاکەکەسیی خۆیان ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.
ناوبراو به دیارونای وت: "هێرشەکەی سەر پێشکەشکاری ویلایەتی بەتیخ و به ئامانجگرتنی رۆژنامەنوسان و بەرپرسانی ئاسایش جێگای قبوڵکردن نییە."