هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

داعش موچەی خوێن لە بێوەژنەکانی دەبڕێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

بێوەژنەکانی داعش بێپارە لەلایەن گروپەکەوە به‌جێهێڵراون و ناچاردەکرێن بە هەڵاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەستیان و فرۆشتنی شمەکیان بۆ پارەکۆکردنەوە، یان قبوڵکردنی هەرجۆرێك لە کار کە پێیانبدرێت -- هەندێكجار ته‌نها لە بەرامبەر خواردندا. [فایل]

بێوەژنەکانی داعش بێپارە لەلایەن گروپەکەوە به‌جێهێڵراون و ناچاردەکرێن بە هەڵاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەستیان و فرۆشتنی شمەکیان بۆ پارەکۆکردنەوە، یان قبوڵکردنی هەرجۆرێك لە کار کە پێیانبدرێت -- هەندێكجار ته‌نها لە بەرامبەر خواردندا. [فایل]

بەهۆی کێشەی داراییەوە، "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە بەڵێنی خۆی پاشگەزبۆتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی خێزانی چەکدارە کوژراوەکانی، ئەو سەرچاوانەی ئاشنان بە دۆخی گروپەکە بە دیارونایان وت.

لەجیاتی بەدەستگەیشتنی ئەو موچەی خوێنەی بەڵێنیان پێدرابوو، بێوەژنەکانی چەکدارانی داعش کاریان بۆ پێشنیاز دەکرێت و ناچاردەکرێن منداڵەکانیان بۆ بەرەکانی جەنگ بنێرن بۆ روبەڕووبوونەوەی چارەنوسی کوشندەی باوکیان.

بێوەژنەکانی داعش بێپارە لەلایەن گروپەکەوە به‌جێهێڵراون و ناچاردەکرێن بە هەڵاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەستیان و فرۆشتنی شمەکه‌كانیان بۆ پارەکۆکردنەوە، یان قبوڵکردنی هەرجۆرێك لە کار کە پێیانبدرێت -- هەندێكجار ته‌نها لە بەرامبەر خواردندا.

چه‌ندین راپۆرت دەربارەی قوربانییەکانی داعش بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ لەسه‌روبه‌ری چڕبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکانی دەوروبەری رەققە، تەبقەو چەند بەشێکی دێرزور، ناسر عەلی خەڵکی رەققە کە مامۆستایە وتی و داوایکرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت لەترسی سه‌لامه‌تیی خۆی.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەوە ئاشكرایە کە خێزانی چەکدارە سورییەکانی داعش بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی دارایی هەمیشەییان پێدراوە لە دۆخی مردنی باوك و برا، یان نانپەیداکەردا، لەکاتێکدا لە ریزەکانی گروپەکەدا شەڕبکەن.

وتیشی: "هاندەری موچە و قەرەبوو هۆکار و پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ زۆربەری ئەو سوریانەی پەیوەندییان بە ریزەکانی گروپەکەوە کردووە."

هه‌روه‌ها وتی ئەمەش لەبەر"دۆخی تەواو خراپبووی ئابوری و نەبوونی هەلی دامەزراندن" بەهۆی ئەوەی شەڕ هیچ بژاردەیەکی نەهێشتۆتەوە.

بێوەژنەکان تووشی 'خراپترین بارودۆخ' بوون

عەلی وتی: "بێوەژنی ئەندامانی گروپەکە لەژێر خراپترین بارودۆخدا دەژین لەوەتەی گروپەکە پاشگەزبۆتەوە لە پێدانی قەرەبوو و تەنانەت موچەی بەتەواوی وەستاندووە."

وتیشی: "هەندێك لە ژنەکان کەیسەکانیان گەیاندە ئەو نوسینگه‌ و یەکە ئەمنیانەی کە مێردەکانیان خزمەتیان تێداکردبوو، به‌ڵام سوودی نه‌بوو."

وتی داعش شێوازێكی جیاوازی لەگەڵ بێوەژنەکاندا تاقیکردۆتەوە "بۆ راکێشانیان بۆ هاوسەرگیرییکردنەوە لەگەڵ ئەندامێکی [داعش] تا قایلیان بکەن ئیش بۆ گروپەکە بکەن بەرامبەر مانگی 50 دۆلار، یان فشاریان لێبکەن منداڵە لاوەکانیان ناونووسبکەن".

وتیشی: "زۆر ژن قایلبوون بەوەی منداڵەکانیان ناونووسبکەن بۆ بەدەستهێنانی بڕێك پارە،" هەرچەندە دەزانن داعش منداڵان وەك خۆکوژ بەکاردەهێنێت.

هه‌روه‌ها وتی زۆر ژن کە قایلدەبن بەوەی کار بۆ گروپەکە بکەن دەبرێنە پێشەوەی بەرەکان، کە هەندێکیان ناچاردەکرێن شەڕبکەن و هەندێکی تریان فه‌رمانیان پێده‌كرێت خۆراك و چەك و تەقەمەنی بۆ چەکداره‌كان دابینبكه‌ن.

مامۆستای ئابوریی نێودەوڵەتی لە زانکۆی قاهیرە، ناسر ئەسیوتی، وتی هیچ سەیرنیە کە خێزانی چەکدارانی داعش خۆیان لەم دۆخەدا دەبیننەوە.

ئه‌سیوتی بە دیارونای وت گروپەکە چەندین زیانی بەرکەوتووە لەم مانگانەی دواییدا و ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست كورتهێنانێكی بەرچاوه‌وه‌ لە داهاتەکەیدا.

وتیشی: "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیی گەمارۆی سەر حەواڵەی گروپەکە توندبکاتەوە، لەوانه‌ پارەی بەخشراو و ئه‌و كۆمه‌كه‌ی لەلایەن پشتیوانانی داعشەوە لە هەموو جیهاندا دەنێردرا، کە دەچووە خەزێنەکانی گروپەکەوە."

هه‌روه‌ها وتی ئەو قازانجەی لە بازرگانیی جیهانییەوە بەدەستدەهێنرێت ناگاتە گروپەکە و فرۆشتنی نەوتی دزراو لە ناوچەکانی ژێردەستیدا لە سوریا و عێراق وەستێنراوە.

ئەسیوتی وتی قاچاخ و بازرگانیكردن به‌ پاشماوە کەلەپووریه‌كان و دانەوێڵەی کشتوکاڵییه‌وه‌ کە پێشتر بڕێکی گەورەی پارەیان بۆ گروپەکە دابیندەکرد وەستێنراون.

کەمکردنەوەی بەرچاوی موچە

سەرەڕای شکستهێنانی لە پابەندبوون بە بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی بێوەژنەکانی، داعش بەشێوەیەکی بەرچاو موچەی چەکدارانی کەمکردۆتەوە.

دوکاندارێكی خه‌ڵكی تەبقە، حەماد نافیع، بە دیارونای وت بەچاوی خۆی تێبینیی ئەمەیکردووە لەکاتی کارکردنیدا لە بازاڕەکانی رەققە و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو بازرگانانەی لەنێوان ناوچەکانی ژێردەستی داعش و کڕیاراندا هاتوچۆ دەکەن.

نافیع، کە ناوی خوازراوی به‌كارهێنا لەترسی سەلامەتی خۆی، وتی: "موچەی ئەندامێکی سوری لەئێستادا تەنها مانگی 40 دۆلارە، دوای ئەوەی پلەبەپلە لە 500 دۆلارەوە کەمکرایەوە."

وتی خەڵکی ناو رەققە و تەبقە و دەوروبەری ده‌زانن کە هەر ناوچەیەکی ژێردەستی داعش به‌زه‌حمه‌ت هه‌وڵده‌دات بۆ بەدەستهێنانی ئەو داهاتەی پێویستیه‌تی.

نافیع وتی: "'ئەمیر'ی هەر کەرتێك بۆخۆی کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی پێویست بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی، بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو سزایه‌ ده‌به‌ستن كه‌ له‌ دەستگیرکردنی خەڵك به‌ده‌ستدێت."

وتی ئەو بڕەی پێویستە بۆ ئازادبوونی دەستگیرکراو لەنێوان 50 بۆ 100 دۆلارە.

وتیشی سەرچاوەی دیکەی داهاتی کتوپڕ دەستبەسەراگرتن و فرۆشتنی كه‌لوپه‌له‌كانی ماڵانی ئەو خێزانانە لەخۆدەگرێت کە لە شارەکە هەڵاتوون بۆ رزگاربوون لە گروپەکە.

هه‌روه‌ها وتی: "ئەندامانی داعش هەموو شتێك دەفرۆشن کە دەتوانن دەستیان پێیڕابگات بۆ پەیداکردنی پارە، له‌وانه‌ نەوت و گازۆلین و نه‌وتی ره‌ش بە نرخێکی زۆر کەم."

نافیع وتی ئەوان کێبڵی کارەباش دەبڕنەوە لە دەوروبەری رەققە بۆ فرۆشتن.

وتیشی لەم هەفتانەی دواییدا، هەندێك لە بێوەژنی چەکدارە سوریەکانی داعش سودیان لە شەپۆلی ئاوارەکان وه‌رگرتووه‌ بۆ هەڵاتن لە ناوچەکانیان بەرەو چەندین کەمپی جیاواز لە گوندەکانی دەوروبەر.

هه‌روه‌ها وتی لەبارەی بێوەژنی چەکدارە بیانییەکانی داعشیشەوە، "کەس هیچ شتێكیش نازانێت لەبارەیانەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500