هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

له‌گه‌ڵ پێشڕەویی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، داعش تەنگ بە خەڵکی رەققە هەڵدەچنێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

تانکێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەنێو بەشی سەرووی خۆرهەڵاتی پارێزگای رەققەدا دەڕوات. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

تانکێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەنێو بەشی سەرووی خۆرهەڵاتی پارێزگای رەققەدا دەڕوات. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

لەنێو شاری رەققەی سوریادا، خەڵکی بە دیارونا دەڵێن له‌گه‌ڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، له‌ چاوەڕوانییەکی پڕنیگه‌رانیدا دەژین.

چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتیان هاوپەیمانێتیە عەرەبی-کوردییەکە زۆربەی دەوروبەری رەققەی رزگارکردووە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) و شه‌ڕده‌كات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو رێگا سەرەکییانەی دەچنەوە بۆ ناو رەققە.

داعش چوونه‌ده‌ره‌وه‌ و هاتنەناوەوەی خەڵکی بۆ شارەکە قەدەغەکردووە، کە تووشی کورتهێنانێکی گەورەی خۆراك بووه‌، بەتایبەتی ئارد كه‌ بۆتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی زۆری نرخی نان.

دوکاندارێکی خەڵکی رەققە، حەماد مەتەر، کە لەبەر سەلامەتی خۆی ناوی خوازراوی بەکارهێنا، وتی: "ئەندامانی گروپەکە بەمدواییانە سەریانلێشێواوە، ئەمەش لە كرده‌وه‌ی رۆژانەیاندا بەرامبەر مەدەنییەکان روون و ئاشکرایە."

مه‌ته‌ر بە دیارونای وت هه‌ندێك لەو كرده‌وانه‌ش بریتین له‌ رێگرتن لە مەدەنییەکان لە جێهێشتنی شارەکە، جا دۆخەکە هەرچییەك بێت، یان به‌ هەر هۆکار و پاساوێك بێت. وتیشی رێگرییەکان گەیشتنە لوتکە کاتێك دەنگۆی ئەگەری داڕمانی بەنداوی تەبقە بڵاوبۆوە.

وتی: "خەڵکی دەوروبەریش، کە زۆربەیان ناوچەی شەڕیان جێهێشتووە، نەیانتوانیوە لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش هەڵبێن، ئەوانیش لێیان قەدەغەکراوە پەنا بۆ شارەکە بەرن و ناچارکراون شەوەکانیان لە ناوچە کشتوکاڵییەکان و کێڵگەکاندا بەسەربەرن."

مەتەر وتیشی: "زۆربەیان لە خێمەدا دەژین، کە هەر پارچەیەی نرخی 500 دۆلارە چونکە لە ئێستادا به‌زه‌حمه‌ت ده‌ستده‌كه‌ون."

وتی خاڵەکانی پشکنینی داعش مەدەنی و ئەندامانی داعش وەك یەك سەرکوتدەکه‌ن، هەرکەسێك کە هەوڵبدات بەبێ مۆڵەت بڕوات دەستبەسەری دەکه‌ن.

دۆخی سەختی ناو شارەکە

مەتەر وتی: "دۆخی ناو شارەکە زۆر سەختە. لە 25 ئازارەوە ئاو لە شارەکە بڕاوە و نان زۆر کەمە بەهۆی نەبوونی ئاردەوە."

وتیشی داعش دەستی بەسەر هەموو بەلەم و کەشتییە بچووکەکانی ناو روباری فوراتدا گرتووە تا رێبگرت لەوەی بۆ هەڵهاتن بەکاربهێنرێن.

هه‌روه‌ها وتی: "دەستی بەسەر هەموو بەلەمەکانی ماسیگرتنیشدا گرتووە و رێی لە ماسیگرەکان گرتووە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەمی رۆژانەیان کە یارمەتیی دەدان بەرگەی دۆخەکە بگرن."

وتی گروپەکە دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنی چالاکیی گواستنەوە، کرێی بەرزکردەوە بۆ 1,500 لیره‌ی سوری (7 دۆلار) بۆ شمەك و 500 لیره‌ (2 دۆلار) بۆ [گواستنەوەی] نەفەر.

مەتەر وتیشی ئەندامانی داعش بەسەردادانی بەردەوامیان هەیە بۆ سەر ماڵی خەڵك بۆ ئامێری پەیوەندیگرتنی رادیۆیی، مۆبایل، هێڵی دەرەکی، كه‌ره‌سه‌كانی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەری لاپتۆپ و هه‌روه‌ها بۆ پشکنینی پێناسنامه‌كانیشیان.

وتی سەرەڕای ئەو راپۆرتانەی دەڵێن زیندانه‌كانی بەتاڵکردۆتەوە، داعش هێشتا بە پاساوی هەڵبەستراو مەدەنییەکان دەستبەسەرده‌كات، له‌وانه‌ به‌ پاساوی کارکردن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان یان جگەرەکێشان.

بڕینی شادەماری داعش

فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەحمود ئیسماعیل، بە دیارونای وت: "شەڕی بەردەوام لە دەوروبەری رەققە، وەك بەشێك لە قۆناغی سێهەمی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، لەمدواییانەدا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە."

وتی ئەمەش گرتنی ناوچەی فراوان لە باکور و دەوروبەری رەققە لەخۆدەگرێت و پێشڕەوی لە دەوروبەری تەبقەش. هه‌روه‌ها دەستکەوته‌ سه‌ره‌كیه‌كانیشی خستەڕوو، له‌وانه‌ رزگارکردنی فڕۆکەخانەی تەبقە و دەستبەسەرداگرتنی بەنداوی تەبقە.

ئیسماعیل وتی: "ئەمە رێخۆشدەکات بۆ رزگارکردنی تەواوەتیی شاری تەبقە لە داهاتوویەکی نزیکدا" و رێگەی تەبقە-دیمەشقیش دەبڕێت.

وتیشی: "ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و ئەنجامەکانیان کارئاسانی دەکەن بۆ شاڵاوێك بۆسەر شاری رەققە، بنکەی سەرەکیی گروپەکە."

هه‌روه‌ها وتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییە لە دەوروبەری تەبقە و رەققە "پێکدادانی راستەوخۆ و خوێناوییان بەخۆوەبینی لەگەڵ ئەندامانی گروپەکە و هۆشداریی تەواو په‌یڕەودەکرا بەهۆی ئەو راستییەوە کە داعش مەدەنییەکان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت."

ئیسماعیل وتیشی: "بۆیە هەوڵەکان بە ئاراستەی کردنەوەی رارەوێکی سەلامەتدان بۆ مەدەنییەکان تا گوند و شارۆچکەکان جێبهێڵن پێشئەوەی هێرشبکرێت تا زیانیان پێنەگەیەنرێت."

هاوکاریی نێوان مەدەنییەکان

کارمەندی فریاگوزاری لەسەر سنوری تورکیا-سوریا، ئۆجالان شێخلی، وتی هەرچەندە لە دۆخێکی ناهەمواردان، ئەو مەدەنیانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش هەڵدێن و دەگەنە ناوچە رزگارکراوەکان دەڵێن هیچیان ناوێت ئەوە نەبێت لە دەستی گروپەکە ئازادبن.

شێخلی بە دیارونای وت: "هاوخەمی و هاریکارییەکی زۆر لەنێوان مەدەنییەکاندا هەیە، خۆراك و ئاو لەنێو خۆیاندا دابەشدەکەن."

وتی زۆربەی ئەوانەی هەڵدێن دواجار دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، کاتێك گوند و شارۆچکەکانیان لەدەست داعش رزگاردەکرێن، ئاساییشیان مسۆگه‌ر دەکرێت و لە مین پاکدەکرێنەوە.

شێخلی وتی ئەو خەڵکەی لە شاری رەققە و دەوروبەری هەڵهاتون هەر دوای هەڵهاتنیان شوێنی مانەوەیان لە ناوچە رزگارکراوەکاندا بۆ دابینکراوە، ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی نزیك سنوری تورکیا نیشتەجێبوون.

وتی لەئێستادا تاڕاده‌یه‌ك كه‌س لە شاری رەققەوە ناگات بەهۆی رێگریی داعشەوە، کە وایکردووە جێهێشتنی شآرەکە تاڕاده‌یه‌ك مه‌حاڵ بێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500