http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/04/11/feature-02

×
×

ئاساییش |

هێزەکانی عێراق ئاماده‌ن بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر خۆرئاوای ئەنبار

خالید تائیی

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

چەکدارە خێڵەکییەکانی لیوای فوراتی باڵا بەشداری لە خولێکی راهێناندا دەکەن. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی لیوای فوراتی باڵا]

پێنجسەد شەڕکەری خێڵەکی لە لیوای فوراتی باڵا ئامادەکاری دەکەن بۆ دەرکردنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە دوایین بنکەکانی خۆی لەوپەڕی خۆئاوای پارێزگای ئەنبار.

کۆتایی ساڵی رابردوو، ئەندامانی هێزە خێڵەکییەکە خولێکی راهێنانی سەرەتاییان تەواوکرد لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە قەزای بەغدادی.

دوای سەرکەوتوانە تەواوکردنی راهێنانەکە کە لەلایەن راهێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە دەوترایەوە، چەك و ئۆتۆمبیلی سەربازییان پێدرا وەك ئامادەکاری بۆ شەڕەکانی داهاتوو.

فەرماندەی لیواکە، عەقید موسا کەربولی، بە دیارونای وت چەکدارەکانی ئامادەن.

كه‌ربولی وتی: "چەکدارەکانمان باش ئامادەکراون بۆ شەڕکردن شانبەشانی براکانیان لە هێزەکانی سوپا و پۆلیس بۆ گرتنەوەی ناوچەکانیان لە فوراتی باڵا."

وتیشی لیوای فوراتی باڵا پێکدێت لە چەکدارانی لانیکەم 20 خێڵی خۆرئاوای ئەنبار و وتیشی ئەوان "بەپەلەن بۆ شەڕکردن و شکستپێهێنانی داعش".

هه‌روه‌ها وتی لەڕووی جەستەییەوە شیاون، راهێنانیشیان پێکراوە لەسەر بەکارهێنانی چەك، نیشانگرتن و شەڕی دەستەویەخە.

وتی: "هەمیشە پەرە بە تواناکانیان دەدەین."

كه‌ربولی وتیشی لیواکە چاوەڕێی فەرمانی سەرکردایەتی باڵای سەربازییە "وه‌ تا کاتژمێری سفر دەگات، ئێمه‌ بەردەوام دەبین لە ئامادەکاری و راهێنان".

بەرگرییه‌ داڕماوه‌كانی داعش

عەننە و راوە و قائیم دوایین سێ شاری سەرەکیین کە هێشتا لەژێردەستی داعشدان لە ئەنبار.

کەربولی وتی: "دوژمن توانای بەرگریکردنی لەم بنکانە نەماوە. هێرشە ئاسمانییە چڕوپڕەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانا و هێڵەکانی دەستگەیشتن بە پاڵپشتیی تێکشکاندوون و لە جووڵەی خستوون."

وتیشی ناوچەکانی سەر سنوری سوریا چیتر په‌نایه‌كی ئارام نین بۆ داعش.

هه‌روه‌ها وتی: "سوپا و هێزە خێڵەکییەکان لە بیابانی ئەنبار گەمارۆیان دەدەن و لە بەری سوریاشەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور پێشڕەوی بەدەستدەهێنن."

یەکشەممە (9 نیسان)، هێزە خێڵەکییەکان کە پاسەوانیی خاڵێکی سنوری دوورەدەستیان دەکرد لەسەر سنوری سوریا بەرپرچی هێرشێکی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان دایەوە، بە پاڵپشتی ئاسمانیی هاوپەیمانان.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ هێرشەکەی داعش بۆ سەر دەروازەی وەلید لە بیابانەوە ئەنجامدرا لەسەر سنور و لە بەری عێراقەوە، کەمێك دوای نیوەشەو.

ئەفسەرێکی سەربازیی عێراق و بەرپرسێکی ناوخۆ لە ئەنبار وتیان چەکدارە خێڵەکییەکان دوو ئۆتۆمبیلەکەیان لەکارخست پێش ئەوەی بگەنە پێگە سنورییەکە.

سەرەڕای بەرگریی داڕماویان، چەکدارانی داعش تووشی کورتهێنانێکی بەردەوامبوون لەڕووی داراییەوە ، کە تواناییان پەکدەخات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن.

داعش زۆربەی ئەو سەرچاوانەی لەدەستداوە کە پارەیان بۆ پەیدادەکرد، بەتایبەتی نەوت و ئاسه‌واره‌ دێرینه‌كان.

کەربولی وتی: "لەئێستادا بازرگانیکردن بە شمەکی دزراوەوە تاکە شتێكە مابێتیان. ئەوان زۆربەی موڵكوماڵی دەوڵەت و ماڵی خەڵکیان تاڵانکردووە و تەنانەت دەرگا و پەنجەرەی خوێندنگەکانیشیان دەرهێناوە و فرۆشتوویانە."

فشاری سەربازیی بەردەوام

راوێژکاری پارێزگاری ئەنبار، شێخ قەتەری کەحلان عوبێدی، وتی ئامادەکاری بەردەوامە بۆ رزگارکردنی شارەکانی عەننە و راوە و قائیم.

عوبێدی بە دیارونای وت: "فەرماندەی هێزە چەکدارەکان [حەیدەر عەبادی] رێنمایی دوو فیرقەی سەربازیی کردووە -- فیرقەی 3 ی پۆلیسی فیدراڵ و فیرقەی 9 ی زریپۆش -- تا بەشداریبکەن لە شەڕی رزگارکردنی ئەو شارانە کاتێك فیرقەکان ئەرکەکانیان تەواودەکەن لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ."

وتی لە 4 نیساندا، فیرقەی 7 ی پۆلیس، بە پاڵپشتی خێڵەکان، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی داعش لە گوندەکانی مودهیم و ئوم وەز لە خۆرئاوای عەننە.

ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجێتی ئەو هەڕەشەیەی چەکدارانی داعش بنەبڕبکات کە دەیکەنە سەر گوند و شارەکان، بەتایبەت روتبە و حەدیسە.

وتیشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش رۆژانە هێرشی ئاسمانی ئەنجامدەدات و حەشارگە و ئه‌مباری چەکی داعش دەکاتە ئامانج لە ناوچەکانی فوراتی باڵا.

عوبێدی وتی هه‌ڵمه‌تی بۆمبارانی چڕوپڕ "سەری لە داعش شێواندووە و وایکردووە بێتوانابێت لە کۆکردنەوەی ژمارەیەکی گەورە لە هێز و ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوان، وەك پێشتر دەیکرد".

قائیمقامی روتبە، میشعەل دوله‌یمی، بە دیارونای وت لەجیاتی ئەوە، گروپەکە پەنای بردۆتە بەر تاکتیکی "دەستبوەشێنە و هەڵبێ".

وتیشی: "هێرشە ئاسمانییەکان وایلێكردوون خۆیان بەدووربگرن لە مانەوە لە پێگەی جێگیردا و بە کاروانی بچووك رێبكه‌ن کە ژمارەیان لە نۆ بۆ 10 ئۆتۆمبیل زیاترنیە و بەناو بیابانی دەوروبەری روتبەدا دەجوڵێن، تا ده‌گاته‌ قائیم لە باکور."

دوله‌یمی جەختیکردەوە لە پێویستی بەهێزکردنی سیستمی چاودێریی بیابان.

وتیشی: "ناوچە بیابانییه‌كه‌ی ئەنبار سێیەکی خاکی عێراق دەگرێتەوە و گرتنەوەی بەشێوازی تەقلیدی بارێکی گرانە. دەبێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کۆپتەر بە شێوەیەکی فراوان بەکاربهێنرێن."

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
3
1

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha