هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

'هێرشی گازی ژەهراویی' کوشندەی سوریا توڕەیی جیهانی لێدەکەوێتەوە

ئاژانسی فرانس پرێس و ستافی دیارونا

منداڵانی سوریا لە نەخۆشخانەیەکی بچوکی شارۆچکەی مەعارات نوعمان چارەسەر وەردەگرن دوای هێرشێك کە گومانی گازی ژەهراوی لێدەکرێت لە خان شێخون و لە 4 نیساندا. [محەمەد بەکور/ ئاژانسی فرانس پرێس]

منداڵانی سوریا لە نەخۆشخانەیەکی بچوکی شارۆچکەی مەعارات نوعمان چارەسەر وەردەگرن دوای هێرشێك کە گومانی گازی ژەهراوی لێدەکرێت لە خان شێخون و لە 4 نیساندا. [محەمەد بەکور/ ئاژانسی فرانس پرێس]

هێرشێك کە گومانی گازی ژەهراویی لێدەکرێت بۆ سەر شارۆچکەیەك لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا رۆژی سێشەممە (4 نیسان) لانیکەم 58 مەدەنی کوشت، لەنێویاندا منداڵ، بووە توڕەیی جیهانیی لێکەتەوە و داواکاریی لێکۆڵینەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

گەر پشتڕاستبکرێتەوە، هێرشەکە دەبێتە یەکێك لە خراپترین هێرشە کیمیاییەکان لە سەرەتای شەڕی سوریاوە.

رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، سێشەممە، رایگەیاند کە "لە هەموو سەرچاوەکانەوە زانیاری کۆدەکاتەوە و شیکاریی دەکات" دەربارەی هێرشەکە کە گومانی گازی ژەهراویی لێدەکرێت.

ئەو رێکخراوی چاودێریی کیمیاییە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند رێکخراوەکە "بە توندی نیگەرانە لە هێرشێکی چەکی کیمیایی کە لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەم بەیانییە لە ناوچەی خان شێخون لە ئیدلیب رویداوە".

منداڵانی سوریا چاوەڕێی چارەسەر وەرگرتن دەکەن لە کلینیکێکی کاتیی دوای ئەوەی دەوترێت هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی رژێم کرایە سەر شارۆچکەی دومای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، لە کەنارەکانی دیمەشق لە 4 نیساندا. [عەبد دومانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

منداڵانی سوریا چاوەڕێی چارەسەر وەرگرتن دەکەن لە کلینیکێکی کاتیی دوای ئەوەی دەوترێت هێرشێکی ئاسمانیی هێزەکانی رژێم کرایە سەر شارۆچکەی دومای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، لە کەنارەکانی دیمەشق لە 4 نیساندا. [عەبد دومانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەگوێرەی روانگەی سوریی بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، هێرشەکە بۆ سەر گەڕەکەکانی خان شێخون لە کاتژمێرەکانی سەرەتای سێشەممە رویدا، کاتێك فڕۆکەیەکی جەنگیی چەند هێرشێکی ئەنجامدا و "گازی ژەهراویی" بڵاوکردەوە.

رایگەیاند کە 11 منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا بوون، لەگەڵ لانیکەم 160 بریندار، و کە چەندینی دیکەش دوای گەیشتن بە ناوەندە تەندروستییەکان گیانیان لەدەستدا.

روانگەکە رایگەیاند سەرەڕای کوژراوەکان، دوای روداوەکە بە دەیان کەس توشی کێشەی هەناسەدان بوون، کە بووە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەك رشانەوە، بورانەوە و کەفکردنی دەم.

روانگەکە نەیتوانی پشتڕاستی جۆری گازەکە بکاتەوە یان ئەوە دەستنیشان بکات کێ بەرپرس بووە لە هێرشەکان.

لە هێرشی دیکەدا نەخۆشخانەیەك بەرکەوتووە

نەخۆشخانەیەك بەر دوو هێرشی ئاسمانی کەوت لەکاتێکدا دکتۆرەکانی نێو نەخۆشخانەکە چارەسەری قوربانییەکانی هێرشەکەی یەکەمیان دەکرد، کە دارووپەردوی روخاند بەسەر کارمەندانی تەندروستییدا.

روانگەکە رایگەیاند [فڕۆکەی] هێزی ئاسمانیی لە نزیك نەخۆشخانەکەی دا، بەڵام نەیتوانی پشتڕاستی بکاتەوە ئایا کەس برینداربووە یان کوژراوە.

سەنتەرێکی رێکخراوی فریاگوزاریی ناسراو بە کڵاو سپییەکانیش لەو نزیکانە بەر هێرشەکان کەوت.

ئەندامی رێکخراوی کڵاو سپییەکان، واسیم جونەید، بە دیارونای وت دوای هێرشەکەی سەرەتا "یەکەکانی ئۆتۆمبیلی فریاگوزاریی دەرچوون هەر کە هەواڵی قوربانییەکانیان پێگەیشت" وتی: "تیمەکان سەریان سوڕما لە بۆنی بەهێزی گاز."

جونەید وتی خۆی "لەگەڵ یەکەم تیم بووە کە گەیشتنە شوێنەکە و شایەتی ئازارچەشتنی دەیان کەس بووە بەهۆی خنکان و نەبوونی توانای هەناسەدان، لەگەڵ چاو و رووی سوربۆوە".

وتی: "زۆربەیان مەدەنی بوون، بەتایبەت منداڵ و ژن."

جونەید وتی: "بەهۆی کەمیی کەلوپەلەوە، هەنگاوی بەپەلە گیرایە بەر کە رشتنی ئاوی پاکی بەسەر برینداراندا لەخۆگرت لەگەڵ سۆندە بۆ پاککردنەوەی هەر پاشماوەیەکی گاز، لەگەڵ لابردنی جلوبەرگ و شۆردنییان بە روتی بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو پاشماوەی گاز دەرکراوە."

وتیشی چەندین کەس لەژێر فشارێکی توندی سییەکاندا بوون و هەنگاوی هەناسەپێدانی دەستکردیان بۆ جێبەجێکرا.

سەلاح عوسمان، دانیشتووی خان شێخونی 50 ساڵە بە دیارونای وت ئەو "وەك خەڵکی دیکە بەپەلە چووە ئەو شوێنەی هێرشی ئاسمانیەکانی کرایە سەر".

وتی: "دیمەنەکە لە جەرگبڕییدا بێوێنە بوو، لاشە لە هەموو شوێنێك کەوتبوو و ئاسمانیش پڕبوو لە هاواری ئەو کەسانەی کە بریندارببوون."

وتیشی: "رەنگە نەتوانم هەرگیز ئەو دیمەنە لە یادەوەریمدا بسڕمەوە کە بینیم، بەتیابەت هاواری منداڵەکان."

داوای لێکۆڵینەوە

ئەو شارۆچکەیەی پارێزگای ئیدلیب زیاتر لەلایەن هاوپەیمانێتییەکی ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵکراوە و ئامانجێکی ئاسایی هێرشە ئاسمانییەکانی رژێم و هاوپەیمانەکانیەتی.

گروپی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هاوپەیمانێتی نیشتیمانی، رژێمی تۆمەتبارکرد بە هێرشەکە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات و "لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ دەستپێبکات" لەبارەی هێرشەکەوە.

بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چوارشەممە کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی هێرشەکە.

سەرچاوەیەکی ئەمنیی سوری نکۆڵی لە بانگەشەکانی بەشداریی رژێم کرد و بە "تۆمەتبارکردنی هەڵە" ناویبرد، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدەن "ئەوەی لەسەر ئەرز بەدەستیان نەهێنا لە میدیادا بەدەستی بهێنن".

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جین-مارك ئایراوڵت هێرشەکەی بە "وەحشییانە" ناوزەدکرد.

بەرپرسی کاروباری دبلۆماسیی یەکێتی ئەوروپا فێدێریکا مۆگەرینی سێشەممە وتی رژێمی سوریا "بەرپرسیارێتی سەرەکیی" هێرشەکەی دەکەوێتە ئەستۆ.

مۆگەرینی لە برۆکسل و لە پەراوێزی کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان- یەکێتی ئەوروپا دەربارەی دۆخی دوای شەڕ لە سوریا وتی: "هەواڵی ئەمڕۆ زۆر خراپە."

وتیشی: "بە ئاشکرا بەرپرسیارێتیی سەرەکیی لەوێ دەکەوێتە سەر رژێم چونکە بەرپرسیارە لە پاراستنی خەڵکەکەی خۆی و هێرشنەکردنە سەر خەڵکی."

هاوپەیمانی رژێم، روسیا، نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە کرد، کاتێك وەزیری بەرگریی روسیا سێشەممە وتی هیچ هێرشێکی ئاسمانیی نزیك خان شێخون ئەنجام نەدراوە.

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی رۆژی سێشەممەدا لەگەڵ هاوشانە روسییەکەی ڤلادیمێر پوتین سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد وەك هێرشێکی "نامرۆیی" ناساندی کە دەکرێت مەترسی بخاتە سەر گفتوگۆکانی ئاشتیی لە پایتەختی کازاخستان.

بانگەشەی چەندبارەی چەکی ژەهراویی

وەك بەشێك لە رێککەوتنێك بۆ بەرگرتن لە کردەی سەربازیی لەدژی، رژێمی سوریا بە فەرمی پەیوەندیکرد بە رێککەوتنی چەکە کیمیاییەکان و لە ساڵی 2013دا چەکە کیمیاییەکانی خۆی رادەستکرد.

بەڵام لەوکاتەوە تۆمەتی چەندبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمەوە هەیە، بە بوونی لێکۆڵینەوەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەنجەی تۆمەتی بۆ رژێم درێژکرد لانیکەم لە سێ هێرشی گازی کلۆردا لە لە 2014 و 2015 .

رژێم نکۆڵی لە بەرکاهێنانی چەکی کیمیایی دەکات و بەپێچەوانەوە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو.

هێرشەکەی ئەمڕۆ تەنیا چەند رۆژێك دێت دوای ئەوەی هێزەکانی رژێم تۆمەتبارکران بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە هێرشێکی بەرپەرچدا لە پارێزگای حەممای هاوسێ [بە ئیدلیب].

رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ساڵی 1997 دامەزرا بۆ بنبڕکردنی چەکی کیمیایی، رێکخراوەکە چەندین تیمی ناردۆتە سوریا لە 2014وە بۆ چاودێرییکردنی بانگەشەکانی بەکارهێنانی چەکی ژەهراویی.

بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکە ئەحمەد ئوزومجو لە راپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "هەشت روداوی گومانلێکراو بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمارکراون لە سەرەتای 2017وە و ئێستا شیکارییان بۆ دەکرێت".

راپۆرتەکە رایگەیاند تیمەکانی دۆزینەوەی راستی دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە روداوەکانی خۆرهەڵاتی شاری حەلەب، کەنارەکانی خۆرئاوای حەلەب، باشوری حومس، باکوری حەما، دیمەشق و ئیدلیب.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500