هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

مزگەوتەکانی موسڵ دوای هێرشەکانی داعش دەکرێنەوە ونۆژه‌نده‌كرێنه‌وه‌

خالید تائیی

بەرپرسانی عێراق ئەو زیانە دەخەمڵێنن کە بەهۆی کرده‌وه‌ توندڕەوەکانەوە بەر مزگەوتی مێژوویی نەبی یونس کەوتووە لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: وەقفی سوننە]

بەرپرسانی عێراق ئەو زیانە دەخەمڵێنن کە بەهۆی کرده‌وه‌ توندڕەوەکانەوە بەر مزگەوتی مێژوویی نەبی یونس کەوتووە لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: وەقفی سوننە]

هەر کە بانگی نوێژ درا لە منارەکانی شارەوە، خەڵکی گەڕەکی موهەندیسینی رۆژهەڵاتی موسڵ رۆیشتن بەرەو مزگەوتی وەجیه سەیدەلی.

لەکاتێکدا ئەمە دیمەنێکی ئاساییە، بەردەوامیی رێڕه‌سمه‌كانی خواپه‌رستی ئاماژەیە بە سووربوونی دانیشتوان لە ملنەدانیان دوای هێرشی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بۆ سەر مزگەوتەکە لە 31 کانوونی دووەمدا.

رووداوەکە بەوجۆرە بوو کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی داعش بۆمبێکی بەسەر نزاکاراندا بەردایەوە لەکاتی جێهێشتنی مزگەوتدا دوای نوێژی ئێوارە، پیرەمێردێکی کوشت و هەندێکی دیکەی بریندارکرد.

بەرپرسان بە دیارونایان وت [رووداوەکە] دوای هەڕەشەی چەند رۆژەی داعش بوو بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوت و شوێنەکانی خواپه‌رستی لە ناوچەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی گروپەکەدا.

سەرەڕای مەترسییەکان، موفید عەبدوڵا، 57 ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی سومەر، لەگەڵ چەندین دانیشتووی دیکەی خۆرهەڵاتی موسڵدا بەردەوامن لە نوێژكردن لە مزگەوتی ناوچەکەیان.

عەبدوڵا بە دیارونای وت بە هەڕەشەکردن بۆ هێرشبردنە سەر مزگەوتەکان، داعش هەوڵدەدات "شێوازی ژیانی ئاسایی تێکبدات و ترس بخاتە دڵی خەڵکەوە".

وتی: "گەر خۆمان بێبەری بکەین لە ئەنجامدانی ئەرکە ئاینییەکانمان لە مزگەوتەکان و کاروباری رۆژانەمان، مانای وایە رادەستی حەزی ئەوان بووین و ئێمەش ئەوە قبوڵ ناکەین."

داعش مزگەوتەکان دەکاتە ئامانج

عەبدوڵاتی وتی داعش مزگەوتەکان دەکاتە ئامانج چونکە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە "شەڕ دژی توندڕەوی و بەهێزکردنی رەگەزەکانی ئاشتی و برایەتیی کۆمەڵایەتیی".

ئیمام و وتارخوێنی مزگەوتی نەبی یونس، شێخ محەمەد شەمماع، وتی مزگەوتەکان لەلایەن داعشەوە بە ئامانج کراون بەهۆی "ئەو پشتیوانییە ئەخلاقییەی دەیدەن بە هێزە ئەمنییەکان" کە شەڕی گرتنەوەی خۆرئاوای موسڵ دەکەن.

هێرشەکەی سەر وەجیه سەیدەلی تاکە رووداوی تیرۆرستی نەبوو کە په‌رسگاكان بکاتە ئامانج لە بەشی خۆرهەڵاتی شارەکە.

شەمماع وتی: "لە 10 ئازاردا، مزگەوتەکانی سورەجی و سەلام لە گەڕەکی سومەر بە هاوەن هێرشیان کرایە سەر لەکاتی نوێژی هەینیدا، بەڵام سوپا توانیی نوێژكه‌ران بە سەلامەتی بگوێزێتەوە."

وتیشی داعش هەوڵدەدات هێرش بکاتە سەر مزگەوتەکان بۆ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك بێده‌نگكردنی دەنگی بەهاکانی راستی و لێبوردەیی کە لە مینبەرەکانەوە دەبیسترێن .

شەمماع وتی: "پێش ئەوە، کاتێك شارەکەیان داگیرکردبوو، هەموو مزگەوتە مێژووییەکانیان وێرانكرد کە سیمبۆڵی و پیرۆز بوون بۆ موسڵمانان، وەك مزگەوتی نەبی یونس و نەبی شیت و نەبی جەرجیس."

پێشێلکردنی مافی خواپه‌رستی

شەمماع وتی ئەندامانی داعش زۆر لەو ئیمام و وتاربێژانەیان تیرۆرکردووە کە رەتیانکردۆتەوە بەڵێنی دڵسۆزی بدەن بە گروپەکە یان کارەکانی په‌سه‌ندکەن.

وتی: "ئەو گروپە تیرۆرستییە بەردەوامە لە زنجیرەی هێرشەکانی بۆ سەر سیمبۆڵ و پێگە ئاینییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی خەڵك بۆ خواپه‌رستی."

سەرۆکی وەقفی سوننە لە نەینەوا، ئەبوبەکر کەنعان، وتی مزگەوتەکان دووبارە وەك سەکۆی راوێژی ئەخلاقی خزمەتدەکەن، لێبوردەیی بڵاودەکەنەوە و ئەو چەمکە ئاینییانە راستدەکەنەوە کە داعش شێواندبوونی بۆ زیانگەیاند بە تەونی کۆمەڵایەتی عێراق.

وتی: "هەر کە هەستیانکرد ئەم سەکۆیانە مەترسییەکی سەرەکیین بۆ سەر ئایدۆلۆژیا و پروپاگەندە لادەرەکەیان، هەوڵیاندا بێدەنگیان بکەن و رێ لە خەڵکی بگرن لە هاتن بۆ مزگەوتەکان."

کەنعان وتی بەڵام کارەکانیان کاریگەریی پێچەوانەی هەیە، بە ئاماژەکردن بەوەی "هێرشەکان ورەی خەڵکیان بەهێزترکردووە و لەمڕۆدا مزگەوتەکانی خۆرهەڵاتی موسڵ شایەتیی سه‌ردانی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئامادەبوانن."

داعش 37 مزگەوتی لە موسڵ رووخاند، زۆربەیان ئەوانەبوون کە وەك پێگەی شوێنەواری لەقەڵەمدەدران و گرنگی و بەهایەکی کلتووریی بەرچاویان بۆ شارەکە هەبوو.

بنیاتنانەوەی شوێنه‌كانی خواپه‌رستی

دیوانی وەقفی سوننە رایگەیاندووە کە بەنیازە ئەو مزگەوتانە بنیاتبنێتەوە کە لە موسڵ و شارەکانی دیکە لەلایەن داعشەوە روخێندراون.

لە 18 ئازاردا، بەردی بناغە دانرا بۆ بنیاتنانی مزگەوتی مێژوویی نەبی یونس کە 24 تەمموزی 2014 لەلایەن داعشەوە تەقێندرایەوە.

مزگەوتی ئەبو قاسم محەمەد لە شاری بەعقوبەی پارێزگای دیالە لە 24 ئازاردا کرایەوە، سێ ساڵ دوای ئەوەی تەقینەوەی تیرۆریستان لانیکەم 20 کەسی کوشت و چەندینی دیکەی بریندارکرد.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەدیدە حەمۆ، کە ئێزیدیە، وتی هێرشی داعش بۆ سەر ئایین هیچ سنوورێکی نیە.

حه‌مۆ بە دیارونای وت گروپەکە هەرکەسێك جیاواز بیربکاتەوە یان دڵسۆزیی نیشان نەدات، بە دوژمنێك لەقەڵەمیدەدات کە دەبێت لەناوببرێت.

وتی: "وەك بەشێك لەو توندوتیژییە بێسنوورە، تیرۆریستان لانیکەم 30 پەرستگای ئێزیدییەکانیان رووخاندووە لە ناوچەکانی شەنگال و بەعشیقە و بەحزانی، وەك پەرستگای شێخ حەسەن، مالیك فەخرەدین و موجەمەع ریسالە."

وتیشی داعش كڵێسای مەسیحییەکانیشی رووخاندووە.

هه‌روه‌ها وتی: "لە ئێستادا خەڵك بە هەر شتێك کە لەبەردەستیاندا بێت ئەم په‌رستگایانه‌ بنیاتدەنێنەوە و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كانیان دەستپێدەکەنەوە. ئەمە وەڵامی توندی ئەوانە بۆ تیرۆریزم."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500