هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی ژنان

فەرماندەیەکی ژنی هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرۆکایەتی شەڕی رەققە دەکات

نوهاد تۆپالیان لە بەیروت

وتەبێژی سوریای دیموکرات جیهان شێخ ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی هەواڵدا لێدوان دەدات لە ناوچەی عەین عیسا 16 تشرینی دووەم 2016. [ وێنەکە لە جیهان شێخ ئەحمەد وەرگیراوە بە سوپاسەوە]

وتەبێژی سوریای دیموکرات جیهان شێخ ئەحمەد لە کۆنفرانسێکی هەواڵدا لێدوان دەدات لە ناوچەی عەین عیسا 16 تشرینی دووەم 2016. [ وێنەکە لە جیهان شێخ ئەحمەد وەرگیراوە بە سوپاسەوە]

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات جیهان شێخ ئەحمەد، كه‌ فەرمانداری هێزەکانی سوریای دیموکراتە، یەکێکە لە ژنە هه‌ره‌ دیارەکان کە شەڕدەکات دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

ناوبراو لە منداڵیدا کاریگەری خوێندنەوەی ژیاننامەی ژنانی مەزنی لەسەر بووە و خۆی خەڵکی رەسەنی رەققەیە و پێشتر چالاکوانی مافی مرۆڤ و هونەرمەند بووە، ویستویەتی رۆڵی دیاری خۆی هەبێت، بۆ ئەوەش بووە بە یەکێك لە سەرکردەی بەرەکانی جەنگ لە دژی داعش.

لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگ لە سوریا، یەکێك بووە لەو ژنانەی کە بۆ یەکەم جار بەشداری ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بوون، دواتر لە نیسانی 2013 دا یەکێك بووە لەو ژنانەی کە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)یان دامەزراندووە.

یەپەژە، كه‌ یەکەمین هێزی تەنیا ژنانە لە رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا، هەروەها یەکێك لەو هێزانە بوو کە بۆ یەکەم جار بوونە هۆکاری دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ، ئەو کاتەی دامەزرێنرا لە 2015 دا.

شەڕفانێکی ژنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) چەکەکەی خاوێن دەکاتەوە لە کەمپێکی مەشقکردن لە قەحتانیە نزیك سنوری تورکیا و سوریا، 13 شوبات 2015. [دەلیل سولێیمان \ ئاژانسی فرانس پرێس]

شەڕفانێکی ژنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) چەکەکەی خاوێن دەکاتەوە لە کەمپێکی مەشقکردن لە قەحتانیە نزیك سنوری تورکیا و سوریا، 13 شوبات 2015. [دەلیل سولێیمان \ ئاژانسی فرانس پرێس]

جیهان کە ئێستا فەرمانداری سوپایەکی ژنان دەکات لە بەرەکانی جەنگ، لە دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ مەشاریق باس لە دواین پەرەسەندنەکانی شەڕی رەققە دەکات، هاوکات ئەو رۆڵەی ژنان دەیگێڕن لەو شەڕەدا.

مەشاریق : دەتوانیت باسی خۆتمان بۆ بکەیت؟

جیهان : من لە رەققە لەدایکبووم و گەورە بووم، ئەمەش لەدووم دێت وەك سێبەرەکەم بۆ هەر کوێیەك بچم هەتاوەکو رۆژی ئەمڕۆمان.

خێزانەکەمان لە شەقامی ئیبراهیم حەنانۆ لە رۆژئاوای هێڵی شەمەندەفەرەکە دەژیان. ئێمە تاقە خێزانی کورد بووین لە هەرێمەکەدا دەژیاین و من لەگەڵ پێکهاتە عەرەبە هەمەجۆرەکاندا گەورە بووم و ئەمەش باکگراوندی کەلتوری منی دەوڵەمەندتر کرد.

من هونەرم خوێند و چەندین ساڵ وەك مامۆستا لە قوتابخانەکانی شارەکەدا وانەم وتۆتەوە.

ژیانی منداڵیم بەختەوەر بوو، زۆربەی کاتەکانم بە خوێندنەوەی ژیاننامەی مرۆڤە مەزنەکان بەسەردەبرد، بەتایبەتی ژنان. زۆر لەژێر کاریگەری ئەواندا بووم و بڕیارمدا رۆژێك وابکەم ببمه‌ جێی شانازی هه‌موو ژنان. خوێندنەوە زۆر هاوکاری کردم لە دروستکردنی هۆشیاریمدا لە ساڵانی سەرەتادا.

مەشاریق : چی وای کرد یەپەژە دابمەزرێنن و دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات؟

جیهان : شؤڕش خۆی، هەروەها چەوساندنەوەی ژنان و خەڵك لەلایەن داعشەوە.

لە سەرەتای 2011 بەشداری یەپەگە بووم و دژی داعش و بەرەی نوسڕە جەنگیم لە تەواوی بەرەکانی جەنگ لە رۆژئاوای کوردستان و لە شەڕی سەریکانێ [ره‌ئس ئه‌لعه‌ین] بەسەختی برینداربووم، لە کۆتایی 2012 دا.

گەڕامەوە بۆ ڕەققە بۆ چارەسەر، دواتر ئەوێشم بەجێهێشت دوای ئەوەی کە سوپای ئازادی سوریا هاتنە ناوچەکانی جەزیرە و سەریکانێ.

من و گروپێك ژنانی شەڕڤان پێویستی دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنانمان بینی، ئەمەش بۆ کۆتاییهێنان بەو چەوساندنەوە و ئازارانەی ژنان لەسەر دەستی داعش چەشتیان، بەمەش باوەڕبەخۆبوون و بە تواناکانیان بگەڕێنینەوە بۆ ژنان.

کۆنفرانسێکمان بەست لە 2 نیسان 2013 دا و تیایدا بڕیاری زۆر گرنگمان دا، لەوانە دامەزراندنی یەکینەیەك بۆ پاراستنی ژنان، هەروەها بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ ئەوەی چالاك بن ببنە بەشداربووی ره‌چه‌شكێن.

ئێمە داوامان دەکرد کە ژنان باوەڕیان بەخۆیان هەبێت و ئاشنا بن بە کەسایەتی و مێژووی خۆیان.

ئەوەی لە سوریا و شارەکەم رەققە رویانداوە، هەروەها بیرەوەریەکانی منداڵیم، فاکتەری سەرەکین پاڵیانپێوەنام هەموو ئەو کارانە بکەم کە ئەمڕۆ دەیانکەم.

مەشاریق : بەشداربوونت وەك فەرماندەیەك چی بە تۆ بەخشیوە؟

جیهان : هەموو ئەو کەمپینانەی کە بەشداریم تیایاندا کرد ئەزموونێکی بەهێزی شەڕکردنیان پێداوم. هەروەها، باوەڕبەخۆبونێکی زۆریان پێبەخشیم لەگەڵ باوەڕبوون بە ژنانی کورد و سوریا.

هەروەها ئایدۆلۆژیای منییان زیاتر قوڵکردەوە لەبارەی گرنگی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی کە دانیشتوانەکە پێکدەهێنن، کە من بۆخۆم راستەوخۆ ئەزموونکردبوو پێشتر.

مەشاریق : چی وایلێکردیت بەشداری شەڕی رەققە بکەیت؟

جیهان : من لە رەققە بووم کە سوپای ئازادی سوریا هاتنە شارەکە و ئازارەکانم بینی. شارەکەم بەجێهێشت، بەڵام خێزانەکەم مانەوەو دووساڵ لەژێر دەسەڵاتی داعش ژییان [...] خێزانەکەم هەموو کارە قێزەونەکانی کوشتن و هەڵواسینی بێتوانەکانیان لەلایەن داعشەوە بینی.

ئەوەی خێزانەکەم بۆ منیان دەگێڕایەوە زۆر کارییان لێکردم، ئەمە دوای ئەوەی لە رەققە هەڵهاتن و هاتن لە کۆبانێ بژین، کە ئێمە ڕزگارمان کردبوو.

خوشکەزاکەم بۆی باسدەکردم کە چۆن داعش خەڵكی سەربڕیوە، خوشکەکەم باسی لەوە دەکرد کە چۆن چەکدارانی داعش منداڵانیان کۆکردۆتەوە بۆئەوەی وەك سزایەك بیانبەن سەربڕینەکان بیبینن بە چاوی خۆیان، تاوەکو کەلتوری تیرۆر و تۆقاندن لەناو دڵیاندا جێگیربکەن.

ئەو شتانەی بیستم، هەروەها ئەو راستیەی بە هەزاران ژن لە ژێر هەڕەشەی داعشدان، بەردەوام وەك پاڵنەرێکی بەهێزن تاوەکو ببمە پێشڕەوێك بۆ ئەو شەڕانەی کە لە پێشماندان، ئەوەش ئەرکی مرۆیی و نیشتمانی منە کە لە پێشەوەی کەمپینەکەی رەققە بم، چونکە رەققە شاری منەوە باشی دەناسم.

ئەوە ئەرکی ئێمەیە وەك یەپەژە و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ڕزگاریبکەین و کۆتایی بهێنین بەو نادادپەروەریەی کە دووچاری [دانیشتوانەکەی] بۆتەوە، هەروەها ئەوەی کە دووچاری هاوڵاتیانی تریش بۆتەوە، لە هەر شوێنێك بن.

مەشاریق : چۆن ئامادەکاریەکان دەکەن بۆ ئەم شەڕە؟

جیهان : من ئێستا لە ساتەوەختێکی مێژوویدا دەژیم و هیواکانم بەرەوە پێشەوەم دەبەن، چونکە ناتوانم ڕێگابدەم شارەکەم بەکاربهێنرێت وەك پایتەختی پلانی کارە بێئەخلاقی و تێکدەرەکانی داعش. من بە تاسەوەم بۆ رزگارکردنی لەبەرئەوەی شاری منداڵیمە و شاری پێکەوەژیان و ئاشتیە.

ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات زۆر بەئازارە، ئێمە تۆڵەی ژنان و خەڵكەکەی دەکەینەوە. من بە ورەیەکی هێندە بەرز و سووربوون و حەماسێکی ئەوەندە گەورەوە خۆم ئامادە دەکەم کە لە باسکردن نایەت.

من شانازی دەکەم بەشداری ئەم شەڕە دەبم،،هەروەها شانازی دەکەم بە خەڵكی رەققەوە، ژنەکان و پیاوەکان هەردووکیان، ئەوانیش شانازیم پێوەدەکەن.

ماوەیەك لەمەوبەر ژنێکم بینی کە لە رەققە هەڵهاتبوو، هات بۆلام و وتی هەر جارێك کە تۆ دەبینم هەست بە شانازیەکی زۆر دەکەم کە منیش ژنم.

ئەو وشانە زۆر دڵخۆشم دەکەن، هەروەها پاڵنەرمن بۆ ئەوەی زیاتر بجەنگم بۆ ژنان و مێژووەکەیان، بۆ وڵاتەکەم و خەڵك و خاکەکەی.

لە شەڕی رەققە هەموو ئەزموونەکانی ساڵانی پێشووم بەکاردەهێنم، چونکە لە رووی سەربازی و ئایدۆلۆژی و سیاسی و کەلتوریەوە گەشەیانپێداوم.

ئێمە و هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە هاوکاری نێودەوڵەتی، خۆمان ئامادەدەکەین بۆ شەڕێکی مێژوویی، کە وەکو ژنان رۆڵی پێشەنگی تیا دەگێڕین.

مەشاریق : دەربارەی ژمارە و توانای شەڕی ژنە شەڕڤانەکان دەڵێن چی کە بەشدارن لە کەمپینی توڕەیی فورات؟

جیهان : ژمارەی شەڕڤانان لە هەڵكشاندایە هەر کاتێك گوندێك یان ناوچەیەك لە داعش دەگرینەوە.

نزیکەی 10,000 لە کەمپینەکەدا بەشدارن و هەمان ژمارەش سەرقاڵی راهێنان و مەشقکردنن لەسەر بەکارهێنانی چەكەکان.

بە هەزاران لەو ژنانەی لەلایەن داعشەوە چەوسێنرابوونەوە بەشداری ئەم کەمپینەی ئێمەیان کردووە بە دریژایی هەر سێ قۆناغەکە و ئەوان ئیستا چەکیان لە شانە.

زۆر تامەزرۆ چاوەڕوانی شەڕەکە دەکەن. یەکێك لەو ژنانەی کە تازە ڕزگاری بووە وتی چۆن ئێمە رزگارمان کرد ئەویش دەیەوێت بەهامنشێوە ژنانی دیکە رزگار بکات.

بەشداربووە گەنجەکان لە راهێنانی سەربازیدان بۆ بەکارهێنانی چەکەکان، راهێنانی ئایدۆلۆژیش دەبینن بۆ ئەوەی چالاکانە بەشدار ببن و رۆحی سەرۆکایەتیکردن لەناویاندا گەشە بکات.

مەشاریق : دواین گەشەسەندنەکانی شەڕی رەققە چین؟

جیهان : تاوەکو ئێستا سێ قۆناغی کەمپینەکەمان تەواو کردووە. باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی دەشتی رەققەمان رزگارکردووە. هەروەها، رێڕەوی هاوکاریەکانی داعشمان لە نێوان دێرەزور و رەققە بڕیوە، بە ئامانجی ئەوەی کە شارەکە لە سێ لاوە گەمارۆبدەین.

بیرتان نەچێت کە هەلومەرجە سروشتیەکەی ناوچە دەشتاییەکان ئاسان نین، ناوچەکان بە بەرفراوانی بەرەو چەندین هەرێم درێژدەبنەوە.

ئێمە ئەو ڕێگە ستراتیژیەشمان بڕی کە [رەققەی] بە شاری موسڵەوە دەبەستەوە.

هەڤاڵانمان ئێستا لە دوو بەرەوە چالاکیەکانیان ئەنجام دەدەن، یەکەمیان لە ئەبوخەشەبەوە، لەوێ بەدرێژایی گوندەکانی سەر روباری فورات لە گوندەکانی دەشتاییەکانی رۆژهەڵاتی رەققە ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانیان ئەنجام دەدەن. لەلایەکی دیکەشەوە، شەڕی دژوار لە شارۆچکەی کەرامە بەردەوامە کە داعشی لێیە.

هەروەها دەمانەوێت بەرەی چوارەمی رەققە داپۆشین بۆ ئەوەی [شارەکە] ڕزگاربکەین.

مەشاریق : " تۆ چی بە ژنانی سوریا دەڵێیت لە روانگەی ئەوەی چۆن ئەمڕۆ نوێنەرایەتی ئەوان دەکەیت؟

جیهان : دەمەوێت پێیان بڵێم شانازی بکەن بە فەلسەفەی ژیانی ئازادەوە، هەروەها خۆیان و توانا و ئەوەی لەدەسەڵاتیان دێت بدۆزنەوە.

داوا لە هەموو ژنانی سوریا دەکەم لە هەرکوێیەك هەن بەشداری شۆڕش بن بۆئەوەی شێوەی پێبدەن.

ئێمە دەمانەوێت بەشداربوو و سەرکردەی لەدایکبوونی سوریایەکی ئازاد بن، سوریایەك کە تیایدا هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا نوێنەرایەتیان بکرێت.

پێیان دەڵیم ئێوە کە منداڵتان دەبێت و ژیان دەبەخشن و مانای پێدەدەن، پێویستە بەشداری شۆڕش بن بە ئیرادەی ئازاد و ناسنامەی خۆیانەوە. ئەوان ئەو کەسانەن کە شۆڕش و مێژوو دروستدەکەن و مێژووی نوێ دەنوسنەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500