هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

فڕنی باب سەرلەنوێ دەکرێتەوە و یارمەتی خەڵکی شارەکە دەدات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دوای ئەوەی سوپای سوریای ئازاد کارگەی فڕنی ئۆتۆماتیکیی شارەکەی بۆ دروستکردنی نان کردەوە، نان بەسەر خەڵکی بابدا بەخۆڕایی دابەشدەکرێت.

دوای ئەوەی سوپای سوریای ئازاد کارگەی فڕنی ئۆتۆماتیکیی شارەکەی بۆ دروستکردنی نان کردەوە، نان بەسەر خەڵکی بابدا بەخۆڕایی دابەشدەکرێت.

دوای ئازادکردنی شاری بابی سوریا لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، ماوەیەکە لایەنەکانی سوپای سوریای ئازاد لەگەڵ ئەنجومەنی خۆجێی شارەکە کاردەکەن بۆ پێدانی خۆراك و پێداویستییەکانی دیکە بە دانیشتوانەکەی.

خەڵکەکە بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە کردنەوەی فڕنی ئۆتۆماتیکی شارەکە کرد، چونکە یارمەتی دابینکردنی پێداویستیی ژمارەیەکی زۆری ئەو ئاوارانە ده‌دات کە بۆ شارەکە دەگەڕێنەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی خۆجێیی باب، حەسەن ئیسماعیل، وتی: "لایەنەکانی سوپای سوریای ئازاد هاریکاریی ئەنجومەنی شاری باب دەكه‌ن لەهەر شتێکدا پەیوەندیی بە دابینکردنی پێداویستیه‌كانی ژیانەوە هەبێت."

ناوبراو بە دیارونای وت لە ئەنجامی ئەو هاریکارییەدا، فڕنە ئۆتۆماتیکییەکە سەرلەنوێ کراوەتەوە، ئێستاش نان هەیە.

وتی: "لە 2015 وە لەکارکەوتووە، کاتێك داعش هەموو ئامێرەکانی تاڵانکرد و بردی بۆ رەققە،" وتیشی کە ئەوەی جێمابوو لە فڕنەکە تەنها بیناکەی بوو.

ئیسماعیل وتی لە کردنەوەی ئەمڕۆی فڕنەکەوە، ئەنجومەنی خۆجێی چەند فەرمانێکی دەرکردووە بۆ رێکخستنی دروستكردن و فرۆشتنی نان و هه‌روه‌ها کڕین و فرۆشتنی ئارد و گەنمیشی لەڕێی فرۆشیاری نایاساییەوە قەدەغەکردووە.

دابەشکردنی نان

ئیسماعیل وتی ئەنجومەنی خۆجێیی سەرژمێرییەکی ئەنجامداوە بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ و لیستێکی ئامادەکراوی درێژی هەیە بۆ ئاسانکاری له‌ دابەشکردنی نان و کۆمەكی دیکەدا.

وتیشی: "ئەو نانەی لەلایەن فڕنە ئۆتۆماتیکییەکەوە ئامادەکراوە، دابەشدەکرێت [بەخۆڕایی] به‌سه‌ر خێزانەکاندا بەپێی سەرژمێرییەکە، لەکاتێکدا بڕێکی کەمی نان دەفرۆشرێت بە بەهای 100 لیره‌ی سوری (0.47 دۆلار)."

وتی: "ئەو بڕە ئاردەی پێویستە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی دانیشتوان پێنج تەنە، لەکاتێکدا بڕی بەردەستی ئێستا سێ تەنە كه‌ یەکسانە بە زیاتر لە 12,000 به‌ستەنان."

ئیسماعیل وتی هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانە.

فەرماندەی لایەنێکی سوپای سوریای ئازاد، مەروان شیهابی، لە باب وتی: "ماوەی دوای رزگارکردنی شاری باب و دەوروبەری لەدەست ئەندامانی گروپەکە بۆ خەڵکی مەدەنی سەخت بوو، بەهۆی نەبوونی زۆربه‌ی خۆراکەكانه‌وە."

شیهابی بە دیارونای وت رێکخراوە مرۆیی و فریاگوزارییەکان هەڵهاتن لە ناوچەکە کاتێك داعش بە ئامانجی کردن و بەربەستی خستە بەردەم كاروباره‌كانیان.

وتی هەندێك بازرگان دۆخەکەیان قۆستەوە بۆ پاوانکردنی فرۆشتنی ئارد و گەنم، کە بە "نرخێکی بێسنوور" دەیانفرۆشت بەهۆی پێویستبوونی زۆری خەڵك پێی.

وتیشی: "هەندێك تەنانەت فرۆشی نانیشیان پاوانکرد، کە لە ناوچەکانی دیکەوە هێنرابوو. نرخی نانیان بەرزکردەوە بۆ زیاد لە 1,500 لیره‌ی سوری."

خۆراکدان بە خەڵك

شیهابی وتی سوپای سوریای ئازاد "خێرابوو لە کردنەوەی فڕنەکە و لەماوەی دوو هەفتەدا دوای رزگارکردنی شارەکە و پاککردنەوەی لە مین کردیەوە."

محەمەد نەعوسی، دانیشتووی باب، بە دیارونای وت کردنەوەی فڕنی باب ئاشتیی هێنا بۆ دەروونی دانیشتوانی ناوچەکە.

وتی: "نان كاڵایه‌كی یه‌كجار پێویستە و نەبوونی ئارد بۆ بەرهەمهێنانی ببووە هۆی بێزاریی هەمووان."

وتیشی پێش ئەوەی فڕنە ئۆتۆماتیکییەکە بكه‌وێته‌وه‌گه‌ڕ، نان لەلایەن چەند فڕنێکی بچووکەوە بەرهەمدەهێنرا و کواڵیتیی خراپ بوو.

نەعوس وتی ئەو هەنگاوانەی نراون بۆ مسۆگه‌ركردنی بوونی نان و رێگرتن لە فرۆشتنی لە بازاڕی رەشدا "دانیشتوانی بوژاندەوە و یەکێك لە گوشاره‌ سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەی نەهێشت".

وتی: "پێداویستیی رۆژانەم لە نوێنەرانی ئەنجومەنی خۆجێیەوە پێدەگات و بریتیە لە دوو بەستە نان کە بەشی چوار ئەندام [ی خێزان] دەکات، وەك به‌گوێره‌ی سەرژمێریی ناو شارەکە و دەوروبەری بڕیاری لەسەردراوە."

وتیشی دوای سەرژمێرییەکە، ئەنجومەنەکە چەند خێزانێکی دەوڵەمەندی لە دابەشکردنی نان بێبەشکرد کە خۆیان دەتوانن لە بازاڕدا نان بکڕن، ئه‌مه‌ش وایکرد نانی خۆڕایی بۆ بەشێکی گەورەتر لە دانیشتوان هەبێت.

وتی بڕیاری دامەزراندنی ئەنجومەنە خۆجێیەکە بەو خێراییە دوای ئازادکردنی شارەکە کارئاسانییکرد بۆ گەڕانەوەی خەڵکەکە و رێیدا بەوەی ژیان هێواش هێواش بگەڕێتەوە ناو شارەکە و دەوروبەری.

نەعوس وتیشی چاککردنەوە و بنیاتنان بەردەوامە، لەوانه‌ش بەگەڕخستنەوەی کارەبا و تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500