هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پسپۆڕان: کوشتنی ئەبولخەیر میسری زیان ده‌گه‌یه‌نێت بە قاعیدە لە سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبیلی سەرکردەی باڵای قاعیدە ئەحمەد حەسەن ئەبولخەیر میسری کردە ئامانج لە شارۆچکەی مەستومە لە باکوری سوریا. [وێنەکە لە ئەکاونتی پشتیوانانی قاعیدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە]

هێرشێکی ئاسمانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئۆتۆمبیلی سەرکردەی باڵای قاعیدە ئەحمەد حەسەن ئەبولخەیر میسری کردە ئامانج لە شارۆچکەی مەستومە لە باکوری سوریا. [وێنەکە لە ئەکاونتی پشتیوانانی قاعیدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە]

مەرگی ئەمدواییەی سەرکردەی قاعیدە ئەحمەد حەسەن ئەبولخەیر میسری، کە دەوترێت دووەمین کەسی گروپەکەیە، زەبرێکی کوشندەی بەو گروپە تیرۆرستییە گەیاندووە و ئاکامی گەورەشی لێدەکەوێتەوە، پسپۆڕان و بەرپرسانی سەربازیی بە دیارونا دەڵێن.

روانگەی سوریی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ 26 شوبات رایگەیاند میسری لە هێرشێكی ئاسمانیی هاوپەیماناندا کوژرا کە ئۆتۆمبیلەکەی كرده‌ ئامانج لە مەستومەی پارێزگای ئیدلیبی سوریا.

قاعیدە لە نیمچەدوورگەی عەرەبیی و قاعیدە لە مەغریبی ئیسلامیی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پشتڕاستی مەرگی ئەویان کردەوە.

میسری 59 ساڵ، کە ناوی راستەقینەی عەبدوڵا محەمەد رەجەب عەبدولڕەحمان بوو، لە باکوری میسر بەناوبانگ بوو و دەوترا زاوای دامەزرێنەری قاعیدە ئوسامە بن لادن بووە.

پسپۆڕی بواری گروپە تیرۆرستییەکان لیوا یەحیا محەمەد عەلی، کە لە سوپای میسردا خانەنشین بووە، وتی: "ئەمه‌ یەکێكه‌ لە قورسترین زەبرەکان کە ئەمساڵ لە قاعیدە دراوە."

بە دیارونای وت هەرچەندە میسری کەمتر خۆی دەردەخست، دەبێت رۆڵێکی سەرەکیی هەبووبێت لە رێکخستنەوەی گروپەکانی سەر بە قاعیدە لە سوریا لەمدواییانەدا.

بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە کە 28ی کانوونی دووەم ناوی خۆی گۆڕی بە بەرەی فەتح ئەلشام رایگەیاند کە لەگەڵ هاوپەیمانێتی تازە-دامەزراوی تەحریر ئەلشام یەکدەگرێت .

سەرەڕای بەرەی نوسرە، هاوپەیمانێتییە نوێکە چوار گروپی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی تێدایە -نورەدین زەنگی، لیوا ئەلحەق، بەرەی ئەنسار ئەلدین و جەیش ئەلسوننە - لەگەڵ دەیان گروپی بچووکی دیکە و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و بەرپرسانی ئەحرار ئەلشام.

عەلی وتی لەگەڵ دروستکردنی ئەم گروپەدا لێکجیابوونەوەکان دەرکەوتن، بەوەی زۆر ئەندام رەتیاندەکردەوە لەژێر ئاڵای ئەم کیانە نوێیەدا شەڕبکەن.

عەلی وتی مەرگی میسری "ناکۆکیی نێوان ئەم ئەندامانە زیاددەکات، بەمەش ئاسانتر بە ئامانج دەگیرێن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکاندا".

جیالەوەش، وتی بە ئامانجکردنی سەرکردە هەرەباڵاکانی قاعیدە وەك میسری "بەبێگومان گروپەکە دەهه‌ژێنێت و پاشاگەردانیی لە پەیکەربەندیی سەرکردایەتییدا دروستدەکات".

قاعیدە سەرکردەکانی لەدەستدەدات

شێخ نەبیل نەعیم، دامەزرێنەرێکی رێکخراوی جیهادی ئیسلامی لە میسر کە وازی لە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی هێناوە، وتی مەرگی میسری "زەبرێکی گەورەیە له‌ قاعیدە".

بە دیارونای وت گروپەکە زۆربەی سەرکردە هەرەباڵاکانی لە عێراق و سوریا لەدەستداوە، وتیشی میسری یەکێك بووە لە پلاندانەرانی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان و هێرشە تیرۆرستییە جیهانییەکان.

نەعیم وتی بەگوێرەی زنجیرەی سەرکردایەتی گروپەکە، لەدەستدانی میسری زۆر تۆڕی لاوەکیی لاوازدەکەن کە راستەوخۆ فەرمانیان لەوەوە وەردەگرت.

وتی: "ئەمە بێگومان قاعیدە لە سوریا لاوازدەکات و لە تواناکانی هەندێك لەو ئەندامانەی کەمدەکاتەوە کە لە عێراق هەڵاتن."

نەعیم وتی بەهۆی ئەوەی خەڵکی میسربووە، میسری کاریگەریی بەسەر ژمارەیەك لە توندڕەوە میسرییەکانەوە هەبوو، لەگەڵ ئەوانیدیکە لە جیهانی عەرەبییدا.

وتی لەنێویاندا شوێنکەوتوانی حیلمی هاشم، نەخشەداڕێژەرێکی سەرەکیی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، کە گروپێكی جیابۆوەیە لە قاعیدە. هاشم سەرکردەیەکی بەناوبانگی گروپی شەوقیین بوو لە میسر، کە زۆر گەنجی راکێشا و ناردنی بۆ شەڕ لە سوریا و عێراق.

نەعیم وتی سەرکردەی میسریی قاعیدە عەبدولعەزیزی جەمال و شوێنکەوانیشی لەخۆدەگرێت، "هەموویان فەرمانیان لە کوڕی [ئەندامی دامەزرێنەری قاعیدە] عەبدوڵا [یوسف] عەززام [حوزەیفە عەززام] وەردەگرن، بەتایبەت ئەوانەی شەڕیان لە ئەفغانستان کرد و گەڕانەوە بۆ شەڕکردن لە عێراق و سوریا".

وتی وەك ئاکامێکی مەرگی میسری بەسەر ئەو گروپانەوە کە لەژێر ئاڵای قاعیدەدا کاردەکەن "رووبەڕووبوونەوەی زۆر بەربەستە بەهۆی کێشە و ململانێ کە لەنێوان ئەندامانیاندا هەیە ".

نەعیم وتی ئەمە بەتایبەت دروستە بۆ ئەو کەسانەی فەرماندەیی و سەرکردایەتیی دەگرنە دەست.

نەعیم وتی ئەو پێشبینی دەکات پاشماوەکانی قاعیدە لە سوریا زۆر بەرگەنەگرن، چونکە ئەندامانی "ئەو بەکرێگیراوانەن کە دەڕۆن بۆ ئەو شوێنانەی کە گروپە پارەدارەکان ئامادەییان هەیە تا ئیشیان لەگەڵ بکەن و زۆرترین قازانجی دارایی بەدەستبهێنن".

توێژەری سەنتەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە هەرێمیی و ستراتیژییەکان فەتحی سەیید وتی: "لەناوبردنی یەکلەدوای یەکی سەرکردە میسرییەکان کاریگەریی بۆ سەر راکێشانی میسریی و عەرەبەکانیش دەبێت و توانا لەو کەسانە دەبڕێت کە لە سوریا دەمێننەوە."

بە دیارونای وت لەگەڵ کوشتنی میسرییدا، هاوپەیمانان شێخ هانی هەیکەل یشیان کوشتووە، کە ناسراویشه‌ بە ئەبو هانی میسری، [لەگەڵ] ئەحمەد سەلامە مەبروك یان "ئەبو سەلامە میسری" و لەگەڵ توندڕەوێك بە ناوی ئەبو ئەفغان میسری.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500