هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

خۆکوژەکانی داعش 27 کەس دەکوژن لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیرییدا لە عێراق

خالید تائی

تازیەباران قاتی زاوایەتی ئەکرەم کەڕادییان هه‌ڵگرتووه‌ لەکاتی پرسەکەیدا لە 5 تەمموزی 2016. ئه‌كره‌م قوربانییەکی ته‌مه‌ن 22 ساڵی هێرشێکی خۆکوژیی بوو کە دوو رۆژ پێشتر بازاڕی قەرەباڵغی کەڕادەی هه‌ژاند لە بەغدا. 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' تەقینەوە خۆکوژییەکەی گرتەئەستۆ و کە زیاد لە 200 کەسی کوشت. [سەباح ئارار / ئاژانسی فرانس پرێس]

تازیەباران قاتی زاوایەتی ئەکرەم کەڕادییان هه‌ڵگرتووه‌ لەکاتی پرسەکەیدا لە 5 تەمموزی 2016. ئه‌كره‌م قوربانییەکی ته‌مه‌ن 22 ساڵی هێرشێکی خۆکوژیی بوو کە دوو رۆژ پێشتر بازاڕی قەرەباڵغی کەڕادەی هه‌ژاند لە بەغدا. 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' تەقینەوە خۆکوژییەکەی گرتەئەستۆ و کە زیاد لە 200 کەسی کوشت. [سەباح ئارار / ئاژانسی فرانس پرێس]

دوو خۆکوژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هێرشیانکردە سەر ئاهەنگێك کە شەوێك پێش ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی لە باکوری بەغدا ئەنجامدرا و 27 کەسیان کوشت، پۆلیسی سەڵاحەدین پێنجشەممە (9 ئازار) رایگەیاند.

وتەبێژی پۆلیس حەسەن مەجمەعی بە دیارونای وت تەقینەوەکانی ناوچەی حەجاج، باکوری شاری تکریت، 33 کەسیشیان بریندارکرد.

موقەدەمێکی پۆلیس بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت "یەکەمیان لە کاتژمێر 8:30 خولەك خۆی تەقاندەوە لەناو ئەو پیاوانەی لەکاتی ئاهەنگەکەدا هەڵدەپەڕین،" لەکاتێکدا هێرشی دووەم چەند خولەکێك دواتر بوو.

ئەفسەرەکە وتی خۆکوژەکان پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان تەقاندەوە.

مەجمەعی وتی لەناو قوربانییەکاندا چوار منداڵ و سێ ژن هەبوون.

وتیشی: "هەشت لە پیاوە کوژراوەکان هێشتا نەناسراونەتەوە چونکە لە تەقینەوەکاندا وا سووتابوون بە ئاسانی نەناسرێنەوە."

وتی: "هێرشەکە کاردانەوەیەکە بۆ شکستەکانی ئەمدواییانەی داعش لە موسڵ و ئەنبار."

بەگوێرەی مەجمەعی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە هی خێزانێك بوو کە بەشێك بوون لە خێڵێکی گەورەی دژە-داعش لە ئەنبار.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین ئەحمەد نازم عەزاوی هێرشەکەی سەرکۆنەکرد، بە "ترسنۆکانە شەرمەزارکەر" لەقەڵەم دا.

بە دیارونای وت هێرشەکە دەیسەلمێنێت کە "تیرۆرستەکان هیچ رێزێك بۆ بەهای مرۆیی و ئاینیی دانانێن"، جەختیکردەوە کە "ئەمە نابێت بەبێ سزادان و تۆڵەکردنەوە تێپەڕێت".

'هەڵاتن لە سزا نیە'

وتی ئەنجومەنی پارێزگا مەبەستیەتی کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەکانی پۆلیس و سوپا بکات لە پارێزگاکەدا "تا لێکۆڵینەوە بکات لەوەی چی روویداوە".

"وەك تەماشاکار راناوەستین کاتێك بۆشایی ئەمنی لەو شێوەیە روودەدات."

"هەنگاوی دەستبەجێ دەنرێت بۆ بنەبڕکردنی شانە نوستووەکانی پارێزگاکە کە هەڕەشە لە ژیانی هاوڵاتیان دەکەن،" عەزاوی وتی: "دەبێت کۆتایی بە بنکەکانی داعش بهێنین و هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێین دژی هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ئاسایشی پارێزگاکە."

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین جاسم جەبارە وتی هێرشەکەی داعش بۆ سەر ئاهەنگە هاوسەرگیرییەکە وەڵامێك بوو بۆ ئەو زیانە گەورانەی گروپەکە بەریکەوتووە لە شەڕی رزگاکردنەوەی شاری موسڵدا.

بە دیارونای وت: "بەم کارە بەربەرییانەیە، دوژمن دەیەوێت پەیامێك بنێرێت کە هێشتا بوونی هەیە و هێشتا دەتوانێت ئازاری خەڵك بدات و قێزەونترین هێرشی خوێناویی ئەنجامبدات."

وتی هێزە ئەمنییەکان و خێڵەکییەکان "زۆرترین هەوڵدەدەن بۆ کەوتنەدوای تیرۆرستە داواکراوەکان و هەر کەسێك کە تاوانی لەوشێوەیەی ئەنجامدابێت لە سزادان دەربازی نابێت".

جەبارە داوای هەنگاوی ئەمنیی بەهێزتری کرد بۆ رێگرتن لە "پێکهێنانی بنکەی نهێنی بۆ چەکدارەکان لە بیابانەکانی پارێزگاکەدا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئێمە بەندەی خوداین و بۆلای ئەویش دەگەڕێینەوە! نزا دەکەین لە خودای گەورە بەزەیی بە شەهیدەکانی عێراقدا بێتەوە و بیانکاتە بەهەشتەوە و سەبووری و ئارامییش بە خێزانەکانیان ببەخشێت.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌