هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

لاوازی دارایی ئامادەیی داعش بۆ شەڕ کەمدەکاتەوە

خالید تائیی

ئەندامانی حیسبە 'پۆلیسی ئاینیی'ی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە بازاڕی سه‌رای موسڵدا بڵاوبوونەتەوە، کە لەوێ گروپەکە باج وەردەگرێت لە بازرگانان. [خاوەنی وێنە: ناوه‌ندی زانیاری نەینەوا]

ئەندامانی حیسبە 'پۆلیسی ئاینیی'ی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە بازاڕی سه‌رای موسڵدا بڵاوبوونەتەوە، کە لەوێ گروپەکە باج وەردەگرێت لە بازرگانان. [خاوەنی وێنە: ناوه‌ندی زانیاری نەینەوا]

توانای شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دابەزیوە بەهۆی لاوازبوونی بەردەوامی داهاتی گروپەکەوه‌، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

وتیان قەیرانی دارایی گروپەکە کاری له‌ موچه‌ی چەکداره‌كانی و ئەو پارەی خوێنه‌ كردووه‌ كه‌ دەدرێتە خێزانی کوژراوانی [گروپەکە]. ئەمەش بۆتە هۆی وروژاندنی ناڕەزایی و توڕەیی له‌ ریزه‌كانیدا و کاریشی كردۆته‌سه‌ر تواناییان وه‌ك چه‌كدار.

ئەندامی ئەنجومەنی نەینەوا، خەڵەف حەدیدی، وتی پێشتر گروپەکە مانگانە لەنێوان 400 بۆ 12,00 دۆلاری دەدا بە چەکدارانی، بەڵام ئێستا "ناتوانێت تەنانەت سەرچاوەیەکی جێگیری داهات دابینبکات".

حەدیدی بە دیارونای وت: "شەڕی موسڵ خەریکە تەواودەبێت. گروپەکە جاڕی شکستی داوە لە ناوەڕاستی 'خەلافەت'ەکەیدا و ئەمەش مانای وایە ئێمە دەستمان لە دوا قەڵای [گروپەکە] گیربووە، کە سەرچاوەیەکی بەرچاوی پاڵپشتی دارایی بوو بۆیان."

وتی لەوکاتەوەی داعش مانگی حوزەیرانی 2014 موسڵی گرت، گروپەکە بەزۆری پشتی بە نەوتی خاو بەستبووە لە کێڵگە نەوتیه‌کانی گەیارەوە بۆ دابینکردنی پارە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی، بە کردەی بەقاچاخبردن مانگانە ملیۆنان دۆلاری دەستدەکەوت.

وتیشی بازرگانیكردن بە کەلەپوری دزراویشه‌وه‌ لە پارێزگای نەینەوا سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بوو، لەگەڵ ئەو گومرگەی داعش لەسەر هاتوچۆ و بازرگانیی شمەکی دیکە داینابوو لەنێوان ناوچەکانی ژێردەستی خۆیدا لە عێراق و سوریا.

لەوپه‌ڕی بەهێزییاندا، ئەمانە داهاتێکی بەرچاویان پێکدەهێنا.

موچەی دابه‌زیو، ورەی لاواز

حەدیدی وتی موچەی کەم وایکردووە چەکدارانی داعش ناڕازی و تووڕە بن. وتیشی لاوازییە ئابورییەکەیان کاریکردۆتە سەر ورەی شەڕکردنیان.

وتی هەندێك چەکدار پەنایانبردۆتە بەر تاڵانکردنی هەندێك ماڵ لە خۆرئاوای موسڵ و "هەوڵدەدەن هەرچییان دەستکەوت بیدزن، وەك خۆراك و شمەکی خه‌ڵك، لەژێر پاساوی ئەوەی گروپەکە لە دۆخی جەنگدایە و پێویستی بە یارمەتییە".

وتیشی لە هەوڵێکدا بۆ ورەبەرزکردنەوەی چەکدارانی، مەلاکانی گروپەکە هەوڵیانداوە پاساو بۆ کەمبوونەوەی موچەکان بهێننەوە، بە بانگەشەکردن بۆ ئه‌و بیرۆکەیەی "پارە ئامانجی شەڕەکە نیە" و پێویستە خۆیان بۆ "خراپتریش" ئامادەبکەن.

پەرلەمانتاری عێراقی، عەمار توعمە، بە دیارونای وت پێشتر داعش لەگەڵ چەکدارەکانیدا دەستکراوە بوو، وەك پیلانێك کە زۆرعێراقی کەمداهاتی راکێشا بۆ نێو ریزەکانی.

وتی بەڵام لەوەتەی سەرچاوەی دارایی وشکبۆتەوە، چیتر توانای کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر چەکدارانیدا نەماوە، کە دواجار دەبێتە هۆی هەڕەشەکردن لە مانەوەی گروپەکە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی 17ی شوبات لەلایەن سەنتەری نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لە رادیکاڵبوون ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ بنكه‌كه‌ی لە لەندەنه‌، بەراورد بە 2014 داهاتی داعش لە باج و تاڵانی و فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی رەشدا بۆ نیوە کەمبۆتەوە.

راپۆرتەکە دەریدەخات كه‌ لە چەند مانگی رابردوودا گروپەکە کۆنترۆڵی بەسەر بەشێکی گەورەی خاکدا لەدەستداوە لە عێراق و بەمەش داهاتەکەی نزمبۆتەوە بۆ 870 ملیۆن دۆلار لە سەرەتای 2016 دا، به‌ بەراورد بە [داهاتی] پێشووی کە 1.9 ملیار دۆلار بوو.

[ئامارە] خەمڵێنراوەکانی توێژینەوەکە وەرگیراون لە بەکارهێنانی بەڵگەنامەکانی داعش، زانیاری لە بەرپرسانی حکومی، راپۆرتی رۆژنامەنوسان و سەنتەرەکانی توێژینەوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ پسپۆڕ و نوێنەرەکانی حکومەتدا.

سەرکردەکان بە پارەوە هەڵدێن

هێرشە ئاسمانییەکانی [هاوپەیمانی] نێودەوڵەتی کە ئۆپەراسیۆنی بەقاچاخبردنی نەوت و کەلەپوری گروپەکەی کردۆتە ئامانج رۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە لاوازکردنی بەرگریی گروپەکە و نزمکردنەوەی ورەی، توعمە وتی.

وتیشی: "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی سەربازی لە موسڵ، بیستوومانە فەرماندە باڵاکان گروپەکە جێدەهێڵن بەبڕێکی زۆر پارەوە."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمەش لە ئەنجامدا بووه‌تە زەبرێکی دەروونی کوشندە بۆ تەواوی داعش، کە ئەندامانی خۆیان لە بەرەی شەڕدا تەنیا دەبیننەوە بەبێ سەرکردایەتیه‌ك كه‌ ئاراستەیان بكات و ئاگاداری خۆیان و خێزانەکانیان بێت."

مامۆستای زانسی سیاسەت لە زانکۆی موستەنسیریە، عیسام فەیلی، وتی زیانی یەك لەدوای یەك رووی راستەقینەی داعشی پیشانداوە "وەك باندێك کە لەسەر کوشتار و تاڵانکاری گەشەدەکات".

فه‌یلی بە دیارونای وت: "ئەم گروپە بەبێ پابه‌ندبوون به‌ هیچ بەهایەكه‌وه‌ پارەی کۆکردۆتەوە و ئەمڕۆش خۆی تاڵاندەکات. سەرکردەکانی گروپەکە هەڵدێن و پارە لەگەڵ خۆیان دەبەن، شوێنکەوتووەکانیان بۆ چارەنووس جێدەهێڵن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500