http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/02/28/feature-04

×
×
لاوان |

له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی موسڵ وه‌رزشكارانی لاو بۆ ئاشتی راده‌كه‌ن

عەلاء حسێن لە بەغدا

image

لاوانی عێراقیی سه‌ر به‌ گروپی وه‌رزش دژی توندوتیژی كه‌ بنكه‌كه‌ی له‌ به‌غدایه‌، به‌شداریده‌كه‌ن له‌ راكردنێكدا بۆ ئاشتی بۆ پیشاندانی هاوكاری له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی موسڵدا. [خاوەنی وێنە: ماراسۆنی به‌غدا بۆ ئاشتی]

له‌ چه‌ند مانگی پێشوودا، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ هه‌مووان گه‌شبینتربوون به‌رامبه‌ر ئاینده‌ی موسڵ مه‌زه‌نه‌ی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد شه‌قامه‌كانی رۆخی خۆرهه‌ڵاتی روباری دیجله‌ وا زوو له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ گۆڕه‌پانی وه‌رزش.

به‌ڵام به‌ پێشبڕكێكه‌ی رۆژی 10 شوبات به‌ناو ئه‌م شاره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وادا، گروپی وه‌رزش دژی توندوتیژی توانیی ئه‌و خه‌ونه‌ی خه‌ڵك بهێنێته‌دی.

رێكخه‌ری رۆژنامه‌وانی، ئه‌حمه‌د به‌غدادی، به‌ دیارونای وت لاوان له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌وه‌ له‌ شاره‌كه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ راكردنه‌كه‌، تا په‌یامێك بگه‌یه‌نن به‌ خه‌ڵكی موسڵ و جیهان كه‌ "ئێمه‌ ده‌خوازین له‌ ئاشتی و خۆشه‌ویستی و ئاسایشدا بژیین".

یه‌كێتی له‌ وه‌رزشدا

به‌غدادی وتی به‌شداربووان ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد كه‌ په‌یامه‌كه‌یان له‌ڕێگه‌ی وه‌رزشه‌وه‌ ده‌ربڕن "چونكه‌ وه‌رزش خه‌ڵك یه‌كده‌خات و زمانێكی هاوبه‌ش پێشكه‌شده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو گروپه‌ ئێتنی، ئایینی، سیاسی و ئایدۆلۆژیه‌كاندا ده‌دوێت".

وتیشی ئه‌و گروپه‌ 20 كه‌سییه‌ چوون بۆ موسڵ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ ئه‌ركی ئه‌وه‌یان گرته‌ئه‌ستۆ وه‌رزشكاره‌كان بگه‌یه‌ننه‌ زانكۆی موسڵ له‌ رۆخی خۆرهه‌ڵاتی روباری دیجله‌.

ده‌روازه‌ی زانكۆكه‌ خاڵی ده‌ستپێكی راكردنه‌ سێ كیلۆمه‌تریه‌كه‌ بوو.

حه‌وت له‌ وه‌رزشكاره‌كان خوێندكاری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشیی كچان بوون له‌ زانكۆی به‌غدا.

وتی وه‌رزشكاره‌كان خه‌ڵكی شوێنه‌ جیاوازه‌كانی به‌غدا بوون، له‌وانه‌ ئه‌عزه‌میه‌، زه‌عفه‌رانیه‌، دۆره‌ و ئه‌مه‌ل و هه‌روه‌ها خه‌ڵكی پارێزگاكانی تری عێراقیش.

هه‌روه‌ها سه‌ر به‌ تایه‌فه‌ی جیاواز بوون كه‌ به‌وته‌ی به‌غدادی ئه‌مه‌ نه‌ بووە جێی سەرنج و نه‌ بووه‌ هۆی هیچ دابه‌شبوونێك له‌نێوان وه‌رزشكاره‌كاندا.

وتیشی: "بڕوام پێبكه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مانده‌زانی كێ سه‌ر به‌ كام تایه‌فه‌ بوو. به‌ڕێكه‌وتین بێئه‌وه‌ی هیچ شتێك كۆمانبكاته‌وه‌ جگه‌ له‌ هاونیشتمانێتی و خۆشه‌ویستیمان بۆ عێراق."

هه‌روه‌ها وتی دانیشتوانی موسڵ و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی پێشوازییان له‌ وه‌رزشكاران و په‌یامه‌كه‌یان كرد.

كۆڵنه‌دان بۆ نشوستیه‌كان

به‌غدادی وتی وه‌رزشكاره‌كان نه‌یانتوانی بە درێژایی ئه‌و رێگایه‌ رابكه‌ن كه‌ دیارییانكردبوو به‌هۆی بۆمبارانه‌كانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ه‌وه‌.

وتی ئه‌وه‌ ناچاریكردن له‌ زانكۆی موسڵ دووربكه‌ونه‌وه‌ به‌ڵام توانرا راكردنه‌كه‌ به‌رده‌وامیی پێبدرێت له‌ گوندی سه‌لامیه‌ كه‌ له‌وێوه‌ نزیكه‌.

وه‌رزشكارێكی عێراقیی راكردنی دوورمه‌ودا، موخلیس هاجیری، كه‌ ساڵی 2009 پێنجه‌می وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان بوو، وتی ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانی موسڵ و چه‌ندین سه‌ربازی عێراقی و ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌شدارییانكرد له‌ راكردنه‌كه‌دا.

هاجیری به‌ دیارونای وت راده‌ی پشتگیری و كاردانه‌وه‌كان بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو. وتیشی له‌سه‌روو ئه‌و پشتیوانییه‌ی له‌كاتی راكردنه‌كه‌دا كران، هه‌موو لایه‌نه‌ گرنگه‌كانیش له‌كاتی ئاماده‌كاریه‌كاندا هاوكارییان پێشكه‌شكرد.

وتیشی: "نیازمان وابوو له‌ گیرفانی خۆمان پاره‌ی رێگاكه‌ بۆ موسڵ بده‌ین، به‌ڵام سه‌رمانسوڕما به‌ پێشكه‌شكردنی پشتگیری و پاره‌ له‌ هه‌مووانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی وه‌رزشكاره‌كانیان گرته‌ئه‌ستۆ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ موسڵ و له‌ گه‌ڕانه‌وه‌شدا به‌هەمان شێوه‌."

هه‌روه‌ها وتی خه‌ڵكی موسڵ هیوای خۆیان ده‌ربڕی به‌وه‌ی ئه‌م راكردنه‌ بۆ ئاشتی دووباره‌ببێته‌وه‌ له‌ رۆخی خۆرئاوای شاره‌كه‌ كاتێك به‌ته‌واوی له‌ده‌ست داعش رزگاربكرێت.

ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ موسڵ

راكردن بۆ ئاشتی به‌شێكه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكی میللی بۆ پته‌وكردنی نیشانه‌كانی ژیانی مه‌ده‌نیی ئاشیخوازانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌شی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ كه‌ له‌وێ حكومه‌تی ناوخۆیی خه‌ریكی خستنه‌وه‌گه‌ڕی خزمه‌تگوزایه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ئاواره‌بووه‌كانه‌ بۆ ماڵه‌كانیان.

ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، حوسامه‌دین عه‌بار، به‌ دیارونای وت ده‌یان قوتابخانه‌ دووباره‌ كراونه‌ته‌وه‌ و تیایاندا زیاتر له‌ 25,000 خوێندكار ده‌ستیانكردۆته‌وه‌ به‌ خوێندن.

عه‌بار وتی كاركردن له‌ 10 ناوه‌ندی ته‌ندروستیی شاره‌كه‌دا ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن بۆ چاکكردنه‌وه‌ی تۆڕه‌ زیانپێگه‌یشتووه‌كانی ئاو و هێڵه‌كانی كاره‌با و باییعیش به‌سه‌ر دانیشتواندا دابه‌شده‌كرێت.

هه‌روه‌ها وتی بازاڕ و رێستۆرانت و شه‌قامه‌كانی موسڵ دیسان پڕبوونه‌ته‌وه‌ له‌ ژیان دوای زیاتر له‌ دوو ساڵ حوكمی داعش.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
نەخێر

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha