تێرۆریزم |

2017-02-27

میلیشیا هه‌واداره‌كانی ئێران پاكستانی و ئه‌فغانی ده‌نێرن بۆ شه‌ڕ له‌ سوریا

Di icons tw 35 Di icons fb 35

لیوای فاتمیون، كه‌ میلیشیایه‌كی شیعه‌ی ئه‌فغانییه‌ و له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌فسه‌رانی ئێرانیدا شه‌ڕده‌كات، له‌پاڵ هێزه‌كانی هه‌واداری حكومه‌تی سوریادا شه‌ڕیكردووه‌ له‌ ته‌دمور له‌ سوریا، مانگی كانونی یه‌كه‌م. [ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم]
لیوای فاتمیون، كه‌ میلیشیایه‌كی شیعه‌ی ئه‌فغانییه‌ و له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌فسه‌رانی ئێرانیدا شه‌ڕده‌كات، له‌پاڵ هێزه‌كانی هه‌واداری حكومه‌تی سوریادا شه‌ڕیكردووه‌ له‌ ته‌دمور له‌ سوریا، مانگی كانونی یه‌كه‌م. [ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم]

كوێته‌ -- میلیشیایه‌كی هه‌واداری سوپای پاسدارانی ئێران موسڵمانه‌ شیعه‌كانی ئه‌فغانستان و پاكستان ده‌نێرێت بۆ شه‌ڕ له‌ سوریا بۆ پشتگیری له‌ سه‌رۆكی سوریا به‌شار ئه‌سه‌د.

"لیوای فاتمیون، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ شیعه‌ی به‌كرێگیراوی ئه‌فغانی و لیوای زه‌ینه‌بیون كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ میلیشیا شیعه‌كانی پاكستان، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شه‌ڕكه‌رانی شیعه‌ ده‌نێرن بۆ شه‌ڕ له‌پاڵ سوپای پاسداران، حزبوڵا و میلیشای دیکەی عێراقی هه‌واداری ئێران له‌ سوریا،" به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری پاكستان وتی، به‌مه‌رجی ناونەهێنانی.

ئه‌م به‌رپرسه‌ به‌ پاكستان فۆرۆردی وت: "دوای راكێشانیان بۆ ناو ریزه‌كان، شه‌ڕكه‌ره‌ شیعه‌كان ده‌ستده‌كه‌نه‌ راهێنانێكی پێنج هه‌فته‌یی پێش ناردنیان بۆ شه‌ڕ و ئه‌و راهێنانه‌ تایبه‌تیه‌ سه‌ربازییه‌ش له‌ پارێزگای یه‌زد له‌ ئێران ئه‌نجامده‌درێت و له‌ هه‌ندێك بنكه‌ی نهێنیی تریشدا."


لیوای فاتمیون، له‌م وێنه‌یه‌دا كه‌ هی كانونی یه‌كه‌مه‌، پێكهاتووه‌ له‌ 20,000 شیعه‌ی به‌كرێگیراوی ئه‌فغانی، به‌گوێره‌ی راپۆته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان. نوسینه‌ فارسیه‌كه‌ی سه‌ر دیواری په‌ناگاكه‌ له‌ ته‌دمور له‌ سوریا، ده‌ڵێت: "كوڕانی هیراتی فاتمیون لێره‌بوون. یا زینه‌ب." [ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم]

لیوای فاتمیون، له‌م وێنه‌یه‌دا كه‌ هی كانونی یه‌كه‌مه‌، پێكهاتووه‌ له‌ 20,000 شیعه‌ی به‌كرێگیراوی ئه‌فغانی، به‌گوێره‌ی راپۆته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان. نوسینه‌ فارسیه‌كه‌ی سه‌ر دیواری په‌ناگاكه‌ له‌ ته‌دمور له‌ سوریا، ده‌ڵێت: "كوڕانی هیراتی فاتمیون لێره‌بوون. یا زینه‌ب." [ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیم]

وتی له‌ چه‌ند ساڵی رابردووشدا سه‌دان شه‌ڕكه‌ری شیعه‌ی پاكستانی و ئه‌فغانی راهێنانیان له‌ حه‌له‌ب له‌ سوریا وه‌رگرتووه‌.

وتیشی: "راپۆرتمان پێگه‌یشتووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شه‌ڕكه‌رانی شیعه‌ی پاكستانی كه‌ تێوه‌گلاون له‌ شه‌ڕی سوریاوه‌، له‌ ئێران ده‌ژین، له‌كاتێكدا ئەوانی تر له‌ پاراچنار، كوێته‌، لاهور، سوكور و هه‌ندێك ناوچه‌ی تری پاكستانه‌وه‌ دێن."

میلیشیای سوریی راهێنراو و پڕچەککراو له‌لایه‌ن پاسدارانه‌وه‌

لیوای فاتمیون ساڵی 2014 پێكهێنراوه‌ و چەکدارەکانی بەزۆری له‌و ئه‌فغانیانەوە دادەمزرێنرێن کە نزیکەی 3 ملیۆنیان له‌ ئێران ده‌ژین.

به‌گوێره‌ی میدیاكانی ئێران، ئه‌م لیوایه‌ نزیكه‌ی 20,000 شه‌ڕكه‌ری هه‌یه‌ و زۆرترین زیانی پێگه‌یشتووه‌ له‌نێو ئه‌و هەمە میلیشیایانه‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن پاسدارانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن و له‌ سوریا شه‌ڕده‌كه‌ن ، به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه‌وانیی.

ئه‌م گروپه‌ كه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌فسه‌رانی ئێرانیدان، له‌پاڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كی هه‌واداری هێزه‌كانی حكومه‌ت [ی سوریا]دا مانگی كانونی یه‌كه‌م شه‌ڕیكرد بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) له‌ ته‌دمور له‌ سوریا.

لیوای زه‌ینه‌بیون پچوكتره‌ و له‌سه‌ره‌تادا، ساڵی 2013، ئه‌ركی پاسه‌وانیكردنی جێگا پیرۆزه‌كانی شیعه‌ بوو له‌ سوریا. له‌سه‌ره‌تای 2015 دا هێنده‌ گه‌وره‌بوو كه‌ جیابوونه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ربكات و به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌رعا و حه‌له‌بی كرد.

چه‌كداره‌كانی له‌نێو ئه‌و پاكستانیه‌ شیعانه‌دا هه‌ڵده‌بژێرێت كه‌ له‌ ئێران ده‌ژین و هه‌روه‌ها له‌نێو ئه‌و په‌نابه‌ره‌ شیعانه‌ی هەزارە کە له‌ پاكستان ده‌ژین و له‌نێو شیعه‌كانی تری خه‌ڵكی پاكستان خۆشیدا.

هه‌ردوو گروپه‌كه‌ له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ دامه‌زراون، پڕچەککراون و راهێنانیان پێكراوه‌. ناردنیان بۆ شه‌ڕ به‌پێی ئه‌و مۆدێله‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه‌ سوپای پاسداران ده‌یگرێته‌به‌ر بۆ راكێشانی چه‌كدارانی شیعه‌ له‌سه‌رانسەری ناوچه‌كه‌دا -- بۆنمونه‌ له‌ لوبنان و عێراق و یه‌مه‌ن و وڵاتانی تردا -- تا بچن له‌ سوریا شه‌ڕبكه‌ن له‌به‌رژه‌وه‌ندیی جه‌نگی ئایدیۆلۆژیی خۆیدا.

به‌پێی راپۆرته‌كان سوپای پاسداران مانگانه‌ نزیكه‌ی 500 دۆلار ده‌دات به‌ چه‌كداره‌كان و مۆڵه‌تی مانه‌وه‌شیان له‌ ئێراندا ده‌به‌خشێته‌ خۆیان و ئه‌ندامانی خێزانی ئه‌و شه‌ڕكه‌رانه‌ش كه‌ له‌ سوریا ده‌كوژرێن.

كارئاسانی بۆ گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕكه‌ران

ئه‌و شه‌ڕكه‌رانه‌ش كه‌ له‌ پاكستان راده‌كێشرێن بۆناو ریزه‌كان، له‌شێوه‌ی حاجیی شیعه‌دا ده‌چنه‌ناو ئێرانه‌وه‌.

به‌رپرسه‌ پاكستانیه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری وتی: "ساڵی رابردوو له‌ كوێته‌ و له‌ خاڵی سفری سه‌رسنور له‌ ته‌فتان، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان 39 حاجیی شیعه‌یان ده‌ستگیركرد به‌ گومانی په‌یوه‌ندییان به‌ زه‌ینه‌بیونه‌وه‌."

به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ ئیسلامئاباد، محه‌مه‌د عه‌بدوڵا خالید، پشتڕاستیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی پاكستان له‌نزیكه‌وه‌ چاودێریی جموجۆڵی حاجیه‌ شیعه‌كان ده‌كه‌ن له‌ وڵاته‌كه‌دا تا په‌ی به‌وه‌ به‌رن ئاخۆ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌یه‌ به‌ زه‌ینه‌بیونه‌وه‌.

ناوبراو به‌ پاكستان فۆرۆردی وت: "ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی پاكستان كارده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی تۆڕی پشتگیریی میلیشیا شیعه‌كانی پاكستان."

وتیشی: "ئه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كی جددیه‌ بۆ ئاسایشی نیستمانیمان كه‌ هاوڵاتیانی پاكستانی له‌ شه‌ڕی سوریادا به‌كارده‌هێنرێن بۆ ده‌ستكه‌وته‌ تائیفیه‌كان."

هه‌وه‌رها وتی ئه‌ندامانی ده‌زگای ئاسایشی ده‌ریایی پاكستان رۆژی 8 شوبات 13 چه‌كداری گومانلێكراویان ده‌ستگیركرد، له‌نێویاندا سێ ئێرانی، له‌ دوو به‌له‌مدا له‌ڕۆخی كه‌ناری جه‌وانی، نزیك به‌لوجستان. "ئه‌م گومانلێكراوانه‌ به‌نایاسایی له‌ سنوری یاسایی پاكستاندا جوڵه‌یان ده‌كرد."

خالید وتی: "ئه‌م 13 گومانلێكراوه‌... له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئاستی باڵادان و لێپرسینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا كارئاسانی بكه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕكه‌ران له‌ به‌لوجستانه‌وه‌ بۆ سوریا."

وتیشی: "له‌وه‌پێش، مانگی ئازاری 2016، دوو شه‌ڕكه‌ری شیعه‌ش كه‌ له‌ڕێی زه‌ینه‌بیونه‌وه‌ راكێشرابوون، گیران له‌ ... كوێته‌." هه‌روه‌ها وتی پۆلیس ده‌ستگیریكردن دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌ سوریا.

وتی: "به‌گوێره‌ی به‌رپرسانی ده‌زگای دژه‌-یاخیبوانمان ئه‌و شه‌ڕكه‌رانه‌ی به‌نهێنی له‌ پاكستان نێردراون بۆ شه‌ڕ له‌ سوریا، مانگانه‌ له‌نێوان 60,000 رۆپێ (573 دۆلار) بۆ 110,000 روپێ (1,050 دولار)یان پێدراوه‌."

موچه‌كان هانده‌رن بۆ لاوان، به‌ڵام زۆریان هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

خالید وتی: "ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و شه‌ڕكه‌رانه‌ له‌ شوێنی جیاوازدا له‌ سوریا كوژراون."

فاتمیون لاوانی ئه‌فغانی به‌كاردێنێت

یاساناسێكی پێشووی ئه‌فغانی له‌ كابول، وه‌كیل ئه‌سه‌دوڵا، وتی له‌ ئه‌فغانستان، فاتمیون به‌زۆری لاوانی ئه‌فغانی له‌ كابول و ناوچه‌ زۆرێنه‌كانی شیعه‌ی وه‌ك هیرات ده‌نێرێت بۆ شه‌ڕ.

ئه‌سه‌دوڵا به‌ پاكستان فۆرۆردی وت: "فاتمیون سود له‌ حوكمی لاوازی یاسا و باری مافی مرۆڤ له‌ ئه‌فغانستان وه‌رده‌گرێت و له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانه‌وه‌ چاوپۆشییان لێده‌كرێت."

وتی له‌ ناوچه‌ی ده‌شتی به‌رچی له‌ كابول، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی فاتمیون كه‌ شه‌ڕكه‌ران ده‌دۆزنه‌وه‌ به‌نهێنی كارده‌كه‌ن و گروپه‌كه‌ هه‌ندێك له‌ شه‌ڕكه‌ره‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان ده‌نێرێت بۆ ئێران له‌ڕێی نوسینگه‌كانی سه‌فه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ هیرات و كابول كارده‌كه‌ن.

وتیشی: "زیادبوونی ژماره‌ی ئه‌و شیعانه‌ی له‌ ئه‌فغانستان ده‌كرێنه‌ شه‌ڕكه‌ر، بارودۆخێكی مه‌ترسیدار دێنێته‌كایه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ نائارامه‌كانی باشوری خۆرئاوای ئه‌فغانستان."

هه‌روه‌ها وتی: "ده‌بێت حكومه‌تی ئه‌فغانی هه‌نگاوێكی جددی بنێت بۆ لەناوبردنی میلیشیا هه‌واداره‌كانی ئێران له‌ ئه‌فغانستان. ئه‌م كه‌سانه‌ باری ناوچه‌ ناسه‌قامگیره‌كانی ئه‌فغانستان ناجێگیرترده‌كه‌ن."

ئێران ئاگری تایه‌فه‌گه‌ری خۆشده‌كات

"ئێران ئاگری توندوتیژیی تایه‌فه‌گه‌ری خۆشده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌دا و ناردنی لاوانی ئه‌فغانییش بۆ شه‌ڕ له‌ سوریا هه‌وڵێكه‌ بۆ زیادكردنی ناكۆكیه‌كانی نێوان دانیشتوانی سونی و شیعه‌ له‌ ئه‌فغانستان،" شیكارێكی ئه‌منیی دانیشتووی جه‌لالئاباد، فه‌رهاد جه‌هانی، وتی.

جه‌هانی به‌ پاكستان فۆرۆردی وت: "ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌فغانیی بێكار به‌ره‌و ئێران سه‌رهه‌ڵده‌گرن، به‌ڵام كاتێك ده‌گه‌نه‌ ئه‌وێ گروپه‌ میلیشیاییه‌كان ده‌یاننێرن بۆ شه‌ڕ."

وتی: "تائێستا زیاتر له‌ 500 شه‌ڕكه‌ری شیعه‌ی ئه‌فغانی كوژراون له‌ به‌شه‌ جیاوازه‌كانی سوریادا، له‌كاتێكدا شه‌ڕیان بۆ حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د كردووه‌."

وتیشی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی پێكهاته‌ی شیعه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌ی مه‌زاری شه‌ریف به‌شێكن له‌ شه‌ڕ له‌ سوریا و زۆربه‌یان له‌لایه‌ن میلیشیای فاتمیونه‌وه‌ نێردراون.

هه‌روه‌ها وتی: "به‌رامبه‌ر به شه‌ڕ، شه‌ڕكه‌رانی شیعه‌ی ئه‌فغانی مۆڵه‌تی نیشته‌جێبوونیان له‌ ئێراندا پێده‌درێت."

جه‌هانی وتی: "به‌ دابینكردنی راهێنانی تایبه‌تی بۆ لاوانی شیعه‌ی ئه‌فغانی، ئێران ده‌خوازێت فیرقه‌یه‌ك له‌ شه‌ڕكه‌ران پێكبهێنێت كه‌ شه‌ڕی تالیبان و گروپه‌ چه‌كداره‌ سونییه‌كانی تر بكه‌ن له‌ ئه‌فغانستان دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانیه‌كان له‌ ئه‌فغانستان."

چاره‌سه‌ركردنی هۆكاره‌ ریشه‌ییه‌كانی چەکهەڵگرتن

مامۆستای زانكۆی په‌نجاب و شیكارێكی به‌رگری و ئه‌منیی دانیشتووی ئیسلامئاباد، حه‌سه‌ن عه‌سكه‌ری رزوی، وتی: "چۆن [كه‌سانێك له‌] سعودیه‌ و وڵاتانی تری كه‌نداو پشتگیریی گروپه‌ چه‌كداره‌ سونیه‌كان ده‌كه‌ن، به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ ئێرانیش پرۆژه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژیه‌ كه‌ شه‌ڕكه‌رانی شیعه‌ بخاته‌كار و [جموجۆڵی خۆی] له‌ وڵاتانی تری ئیسلامیدا په‌ره‌پێبدات."

وتی ده‌بێت حكومه‌تی پاكستان ناردنه‌شه‌ڕی لاوانی شیعه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران زۆر به‌جددی بگرێت. رزوی به‌ پاكستان فۆرۆردی وت: "ئه‌م كرده‌وانه‌ دابه‌شبوونی تائیفی له‌ وڵاته‌كه‌دا به‌رفراوانتر ده‌كه‌ن."

وتیشی: "ده‌بێت ده‌وڵه‌ت چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ بكات كه‌ پاڵ به‌ لاوانمانه‌وه‌ ده‌نێن بخزێنه‌ ناوده‌ستی گروپه‌ قەدەغەکراوەکان،" به‌تایبه‌تی بێكاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان.

رزوی وتی: "یاسای ئێرانی كه‌ رێگاده‌دات به‌ حكومه‌ت مافی نیشته‌جێبوون بدات به‌ خێزانی ئه‌و شه‌ڕكه‌ره‌ بیانیانه‌ی له‌ سوریا ده‌كوژرێن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێران، هه‌وڵێكه‌ بۆ هاندانی لاوانی شیعه‌ تا بچن بۆ شه‌ڕ."

وتیشی: "گروپه‌ چه‌كداره‌كانی وه‌ك زه‌ینه‌بیون لاوانی هه‌ژار و لاواز به‌كارده‌هێنن."

هه‌روه‌ها وتی: "ده‌بێت حكومه‌تی فیدراڵ هه‌نگاوی روون و ئاشكرا بنێت بۆ لەناوبردنی بێكاری له‌و وڵاتدا و به‌مه‌ش رۆڵێكی سه‌ره‌كی ببینێت له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌وڵی چه‌كداراندا بۆ خستنه‌گه‌ڕی لاوانی شیعه‌ یان سوننە بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

55 Di icons no

1 كۆمێنت

* واتە ئەم خانەیە پێویستە
Captcha
ابو محمد | 2017-03-03

ئەی چی دەڵێی سەبارەت بەو بەکرێگیراوانه‌ی کە ئیسرائیل، ئەمریکا، خۆرئاوا، تورکیا، ئال سعود و نۆکەرانی کەنداو ده‌یاننێرن بۆ وێرانكردنی سوریا؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌