هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

مەدەنی بە ژمارەی بچووك هەڵدێن بەرەو هێزەکانی عێراق لە رۆژئاوای موسڵ

ئاژانسی فرانس پرێس

خەڵکی مەدەنی هەڵاتو لە رۆژئاوای موسڵ، کە هەندێکیان ئاڵای سپپیان هەڵکردووە، نزیکدەبنەوە لە گوندی ئەلبو سەیفی تازە ئازادکراو کە لەوێ هێزەکانی عێراق چاوەڕێیان دەکەن. [ئەحمەد موسا و رانیا سەنجار/ئاژانسی فرانس پرێس]

لە قەراغ گوندی ئەلبو سەیف، کە درەنگانی دووشەممە (20 شوبات) گیرا لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە لە پێشڕەویاندا بەرەو رۆژئاوای موسڵ، پۆلیسێکی فیدڕاڵی رێنمایی دا بە مەدەنیە هەڵاتووەکان.

ئەو گروپە بچوکەی گوندنشینەکان، کە هەندێکیان ئاڵای سپی کاتیان هەڵگرتبوو، بەهێواشی رێیاندەکرد بەدرێژایی رێگایەکی خۆڵ لە دۆڵێکی خوارتر، بەدووری چەند مەترێك لە بەری رۆژئاوای روباری دیجلە.

ئەوان یەکەمین مەدەنی بوون کە گەیشتنە ئەلبو سەیف لەو کاتەوەی گوندەکە گیراوەتەوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی گروپەکەدا مەزاجی هێزە ئەمنیەکان لە نێوان بەخێرهاتن و گومانلێکردندا یاریدەکرد.

لە ئاسمانیشەوە درۆنێکی هێزی وەڵامدانەوەی خێرای عێراقی سوڕایەوە کە دەهات و دەچوو بەسەر گوندنشینەکانەوە کە چاودێری دەکردن تا بزانێت چەك و تەقەمەنییان پێیە.

خێزانە عێراقیەکان کە لە بەرەکانی جەنگ هەڵاتوون لە گوندی ئەلبو سەیفی باشوری موسڵ کۆدەبنەوە لەکاتی هێرشێكدا لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە بۆ گرتنەوەی بەری رۆژئاوی شارەکە لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' 2 شوبات. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

خێزانە عێراقیەکان کە لە بەرەکانی جەنگ هەڵاتوون لە گوندی ئەلبو سەیفی باشوری موسڵ کۆدەبنەوە لەکاتی هێرشێكدا لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە بۆ گرتنەوەی بەری رۆژئاوی شارەکە لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' 2 شوبات. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

کە ئەو ژمارە کەمەی پیاو و کوڕی گەنج گەیشتن، پۆلیس داوایلێکردن کە بوەستن و کراسەکانیان دابکەنن بۆئەوەی بیسەلمێنن کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان نەبەستووە.

دواتر دوو ئەفسەر سەرکەوتن بۆ رێگاکە و بەدەست پشکنینیان و سەیری ناسنامەکانیان کردن پێشئەوەی بەخێرهاتنیان بکەن بۆ ناو گوندەکە.

ئیبراهیم ئەحمەدی تەمەن 45 ساڵ وتی: "لە ماڵەوە گیرمانخواردبوو بۆ ماوەی دوو رۆژ، تەنانەت نەماندەتوانی بێینە دەرەوە بەهۆی بۆردومانەوە."

وتیشی کە ئەندامە عێراقیەکانی داعش پێشتر هەڵاتن لە گوندی خرایبە کە هێرشەکە دەستیپێکرد یەکشەممە، بەڵام شەڕکەرانی بیانی تا شەوی دووشەممە مانەوە.

ئەحمەد بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "شەوی رابردوو بەزۆر هاتنە خانوەکەوە بۆ خۆحەشاردان لە فڕۆکە جەنگیەکان...بە زەبری تفەنگ خۆیان کرد بە ماڵەکەدا."

گوندە بچوکەکەی ئەو بەشێکە لەو چەند کیلۆمەترە کەمەی ئێستا هێزەکانی عێراق جیادەکاتەوە لە ئامانجەکانی داهاتوویان لە شەڕی موسڵدا، لەناویاندا فڕۆکەخانەی موسڵ.

دوای شەڕێکی چوارمانگە بۆ گرتنی رۆژهەڵاتی موسڵ، حکومەتی عێراق یەکشەممە گەڕی دووەمی شەڕی بۆ سەر شارەکە راگەیاند.

تا ئێستا چەند هێزێکی سوپای عێراق و یەکەی پۆلیس پێشڕەویدەکەن لە باشورەوە، بەخێرایی دەڕۆن بەناو دێهاتەکانی هاوسێی ناوچەکەدا کە خەڵکێکی زۆر کەمی لێ دەژی.

ئاوارەبوون بەڵام حەسانەوە

کەشوهەوای ئەلبو سەیف لە سێشەممەدا زۆر ئاسودە و ئارام بوو هەرچەندە ناوبەناو دەنگی تەقینەوەی هاوەن دەهات لەگەڵ ئەو کونانەی کە پارچەی تەقەمەنی کردبوویە دیواری ماڵەکان کە ئێستا لەژێر رکێفی هێزەکانی عێراقدان.

فڕۆکە جەنگیەکان لە ئاسمانەوە بەخێرایی دەسوڕانەوە بە ئاسمانی شیندا و ناوەناوەش ستونی دوکەڵ لەدورەوە دەبینرا کە لە موسڵ هەڵدەستا.

یەکەکان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەگەری هێرشی پێچەوانەوەی داعش یان هەر هەوڵێك لەلایەن توندڕەوانەوە بۆ هاتنەوە ناوەوە لەڕێگەی خۆ حەشاردانەوە لەناو مەدەنیە هەڵاتوەکاندا.

مولازمی یەك ئەحمەد نەجاح لە یەکەی تایبەتی وەڵامدانەوەی خێرا کاری بە درۆنە سپیە بچوکەکە دەکرد کە دەسوڕایەوە بەسەر ئەو مەدەنیانەی گەیشتنەجێ بۆ چاودێریکردنی هەر شتێکی گوماناوی.

وتی: "ئەو مەدەنیانەی ئێستا دەیانبینی یەکەمین خەڵکی ئاوارەن کە بەرەو لای ئێمە هاتوون."

نەجاح بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە سیستەمی چاودێریمان بەکارهێنا لەڕێگەی درۆنەکەوە بۆ دۆزینەوەی جوڵەی دوژمن... (و) ئێمە هەروەها جوڵەی ئاوارەکانمان بینی بەرەو لای ئێمە."

"دەتوانین ئەوەش ببینین ئاخۆ شەڕکەرانی داعش خۆیان حەشاردەدەن لەنێو ئاوارەکاندا... هەوڵدەدەم درۆنەکە نزمبکەمەوە، تابتوانم وایلێدەکەم زۆر نزمبێت، بۆ ئەوەی ببینین چییان هەڵگرتووە."

دوای پشکنینی هەڵاتووەکان و پێشکەشکردنی جگەرە و ئاو، سەربازێك رازیبوو رێگەبدات بە یەکێکیان کە تەلەفۆن بەکاربهێنێت و پەیوەندیبکات بە خزمەکانی و پێیانبڵێت کە رابکەن.

پیاوەکە لەسەر تەلەفونی مۆبایلەکە لە خۆشیدا هاواریکرد کە دەنگی گەشت بە خێزانەکەی.

وتی: "ئێمە لێرەین، ئێمە لێرەین لەگەڵ سوپا و دەڵێن وەرن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500