هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

ئێران زیاتر دەستوەردەداتە ئابووری سوریاوە

جونەید سەلمان لە بەیروت

لەم وێنەیەی 14ی تشرینی دووەمدا، بورجی پەیوەندیگرتنی میلاد لەنێو تەمدا دەبینرێت. له‌مدواییانەدا ئێران رێککەوتنێکی واژۆکردووە کە وادەکات ببێت بە گەڕخەری تۆڕی مۆبایل لە سوریا. [عەتا کینارێ / ئاژانسی فرانس پرێس]

لەم وێنەیەی 14ی تشرینی دووەمدا، بورجی پەیوەندیگرتنی میلاد لەنێو تەمدا دەبینرێت. له‌مدواییانەدا ئێران رێککەوتنێکی واژۆکردووە کە وادەکات ببێت بە گەڕخەری تۆڕی مۆبایل لە سوریا. [عەتا کینارێ / ئاژانسی فرانس پرێس]

لە ناوه‌ڕاستی کانوونی دووەمدا، سوریا و ئێران پێنج رێککەوتنیان واژۆکرد بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لە بواری کشتوکاڵ، ئاژەڵداریی، پیشەسازیی و نەوت، لەگەڵ رێککەوتنێکی دیکە کە وادەکات ببێت به‌ بەگەڕخەری تۆڕی مۆبایل لە سوریا.

ئابووریناسان بە مەشاریقیان وت رێککەوتنی بازرگانیی لەنێوان تاران و دیمەشقدا شتێکی نوێ نیە، بەڵام بەهۆی دۆخی لاوازی سوریاوە، ئەمانە بەئاشکرا بە خزمەتی ئێران دەشكێنەوە و پاڵپشتی تموحە فراوانخوازییەکانی دەکەن لەو وڵاتەدا.

سەرنووسەری ئه‌ره‌ب ئیكۆنۆمیك نیوز ڤایۆلێت غەزال بەلعە بەپشت بەستن بە راپۆرتێکی ساڵی 2015ی سەنتەری رەوابت بۆ توێژینەوە و توێژینەوەی ستراتیجی وتی پەیوەندی ئابووری نێوان ئێران و سوریا "دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی لە ئێران، چونکە لەو کاتەدا یەکەمین رێککەوتنی ئابووری لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا و لە تەمموزی 1974دا واژۆکرا".

وتی بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، ئێران 150 ملیۆن دۆلار قەرزی دا بە سوریا و پشتیوانی دارایی چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی و پیشەسازی کرد بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار.

وتی پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاتر بەرەوپێشچوون "دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە چوارچێوەی لەیەك نزیکبوونەوەی سیاسیی لەنێوان رژێمەکانی ئێران و سوریادا، لە دەمی رووداوەکانی شەڕی یەکەمی عێراق دا".

وتی ئێران بەڵێنی دا لە ساڵێکدا نۆ ملیۆن تەن نەوت بنێرێت بۆ سوریا لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە هاوردەی 300,000 بۆ 400,000 تەن لە فۆسفات لە سوریاوە و لە ساڵێکدا، لەگەڵ ئەوەشدا وەبەرهێنانی ئێران لە بڕدا له‌ سوریا زیادیکرد بە هاتنە سەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە.

وتیشی حکومەتی سوریا ئاستی وەبەرهێنانی ئێران لە سوریا لە ساڵی 2006دا بە "زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار" دەخەمڵێنێت، ئەو ساڵەش هه‌ردوو وڵات پلانیان راگەیاند بۆ فراوانکردنی پڕۆژەکانی ئێران لە سوریا بەبڕی 10 ملیار دۆلار تا 2012.

وتی لە ساڵی 2010دا، بەهای خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاریی ئێران گەیشتە 2.2 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا ئەوساڵە ئەو دوو وڵاتە رێککەوتن لسه‌ر دامه‌زراندنی بانکێکی هەناردەی ئێرانی-سوریایی بە سەرمایەی پێشەکیی 30 ملیار دۆلارەوە.

وابەستەیی سوریا زیاددەکات

بەلعە وتی هەڵگیرسانی شەڕی سوریا بووە هۆی گۆڕانکاریی لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تاران و دیمەشق دا، کە وایکرد سوریا زیاتر وابەستەی ئێران بوو.

وتی: "شۆڕشی سوریا بووه‌ هاندەرێکی بەهێزی جیۆپۆلەتیکی بۆ تاران بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیی و ئابوورییەکان لەگەڵ دیمەشق، کە بەشێك بوو لە پڕۆژەیەکی ئێرانی کە بووە هۆی دامەزراندنی بلۆکی ئابووری ئێران-دەریای ناوەڕاست."

بەلعه‌ وتی لە 2013دا، دیمەشق 1 ملیار دۆلاری بەدەستگەیشت لە ئێرانەوە، دوای ئەوەی بینی داهاتەکانی بە 50٪ دابەزیوە بە بەراورد بە ساڵی 2010، داهاتی نەوتی 90٪ دابەزی لە ئەنجامی پێکدادانی چەکداریی و ئابڵۆقەی ئابووری و کەمبوونەوە لە داهاتی باجی کەرتی تایبەت.

هەمان ساڵ، دیمەشق قەرزی دووەمی بەبڕی 3.6 ملیار دۆلار بەدەستگەیشت کە تەرخانکرابوو بۆ هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکان، کە بووە هۆی بنبڕکردنی ئەو ئاست دابەزینە بەردەوامەی لە رێژەی ئاڵوگۆڕی پاوەندی سوریایی بەرامبەر دۆلاردا هەبوو.

"هیچ نهێنیی نیە کە کاریگەریی ئابووری ئێران لە سوریا له‌زیادبووندایه‌"، وتی. وتیشی کە "چەردەی وەبەرهێنانی ئێران فراوانبووە بە لەخۆگرتنی کەرتەکانی نەوت و موڵك".

بەلعه‌ وتی هاریکاریی وەبەرهێنان بەمەوە ناوەستێت، چونکە پێشبینی دەکرێت دامەزراندنی دوو هێڵی راستەوخۆی دەریایی لەگەڵ سوریا کاریگەریی زیاتر لەسەر بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دروستبکات.

وتیشی: "لەبەرئەوەی سوریا گرنگییەکی ئابووری جیۆپۆلەتیکی مەزنی هەیە، تاران پلانی داناوە بۆ هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لەوێوە بۆ باشوری خۆرهەڵاتی ئەوروپا."

وتی بەڵام بەهۆی درێژبوونەوەی شەڕی سوریاوە بەربەست بۆ دانانی هێڵی گاز دروستبووە، گەرچی لە عێراق بەردەوامە.

تموحە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێران

موحه‌ریری ئابووری لە رۆژنامەی جمهوریەی لوبنان ئەنتۆنی فەرەح وتی: "ئەوە زانراوە کە ئێران بەرژوەندیی و تموحی هەیە لە سوریا لە سەروو بوارە ئابوورییەکەوە."

وتی :"سوریا لینکێکە لەنێو تەوەرێكی پێكه‌وه‌به‌ستراودا کە ئێران کار بۆ دامەزراندنی دەکات لەڕێگەی دەزگاکانیەوە لە ناوچەکەدا، جا لەڕێی سوپای پاسدارانەوە بێت یانحیزبوڵا."

وتیشی: "سوریا لینکێکی جوگرافی گرنگە لەنێو زنجیرەی ئەم تەوەرەدا."

فەرەح وتی رژێمی ئێرانی سێ ئامانجی هەیە بۆ وەبەرهێنانەکەی لە سوریا.

وتی: "یەکەمیان ئەوەیە قازانجێکی دارایی بکات وەك قەرەبوویەك بۆ ئەو زیان و باجەی لێیکەوتووە لە شەڕی سوریادا بەهۆی پاڵپشتییکردنی رژێمی سوریاوە."

وتیشی دووەمیان "ئەوەیە پێگەیەك بەدەستبخات لە سوریا وەك هێزی دەرەکیی کە ئەولەویەتی هەیە بەسەر هاوپەیمانانی رژێمەوە"، لەکاتێکدا سێیەمیان پشتگیریکردنی رژێمە لەڕووی ئابوورییەوە، لەگەڵ پشتیگیرکردنی لەڕووی سیاسیی و سەربازییەوە لەڕیی بوونی لایەنەکانی سەر بە ئێرانەوە لەنێو خاکی سوریادا.

ئابووریناس جاسم عەجاقە بە مەشاریقی وت، "وەبەرهێنانەکانی ئێران لە بنەڕەتدا ئابووری نین،" روونیکردەوە کە رەهەندێکی سیاسییشیان هەیە لەوەی کە ئامانجیان هێشتنەوەی بەرژەوەندی خەڵکی شیعەی سوریایە.

وتی ئێران توانای ئەوەی نیە بەو ئاستە وەبەرهێنان بکات کە دەخوازێت، چونکە ئابوورییەکەی بەهێزنیە و خۆی پێویستی بەوەیە وەبەرهێنان رابکێشێت.

عەجاقە وتی سەرەڕای دۆخی خراپی ئابووری ئێران، "ناڕوونی دەربارەی ئاکامی دۆخی سوریا و شەڕی بەردەوام رێگرن لە تموحەکانی وەبەرهێنانی ئێران".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500