لە ماڵی خۆیەوە لە بەغدا، ئەبو موسلیم بیری لەو ساتەی 13 کانوونی دووەمی 2015 کردەوە کە زانی براکەی، جەواد، کوژراوە، کە لە ریزەکانی لایەنێکی عێراقییدا شەڕیدەکرد کە پاڵپشتی رژێمی سوریا بوو.
بە دیارونای وت: "ئەو ئێوارە ساردە لەبیرناکەم."
ئەبو موسلیم وتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت کە وتی تاقە براکەی لە حەلەب کوژراوە و لاشەکەی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.
وتی یەکەم جار پێیوابوو هەڵەیەك روویداوە، بەڵام کاتێك درکی بەوەکرد راستە، "تەلەفۆنەکەم فڕێدا و دەستمدایه بەپڕمەی گریان".
"نەمویست باوەڕ بەوە بکەم،" وتی بەڵام "بە گەیشتنی لاشەکەی، هەموو گومانەکان تەواوبوون".
"ئەو تەنیا برام نەبوو، وەك کوڕی خۆم وابوو،" ئەبو موسلیم وتی: "دوای مەرگی دایك و باوکم من گەورەم کرد."
وتیشی جەودەت ژنێك و دوو منداڵی دوای خۆی بەجێهێشت.
ئەو یەکێکە لەو چەندین پیاوە عێرقییەی کە لە ریزەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن و پاڵپشتی رژێمی سوریا دەکەن لە شەڕدا لە بەهاری 2011وە.
ئەبو موسلیم وتی براکەی، کە لە ریزەکانی عەسائیب ئەهل حەقدا بوو -- میلیشیایەکی ئێرانییە کە لەلایەن هێزی قودسەوە پاڵپشتیی دارایی و راهێنانی پێدەکرێت کە یەکەکی هێزە تایبەتەکانی هێزەکانی سوپای پاسدارانە -- "رۆیشت تا شەڕبکات لەژێر ناوی پاراستنی پیرۆزیی و باوەڕە ئاینییەکاندا".
وتی باجەکەی بڕیاری ئەو بۆ شەڕکردن ژیانی بوو.
فریودانی هەژاران
سۆزی ئاینیی تەنیا هۆکارێك نیە بۆ پەیوەندییکردنی کوڕانی لاو بە شەڕی سوریاوە.
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبەکانی پارێزگای سەڵاحەدین شێخ تاهیر بەیاتی وتی پارە زۆر کەس رادەکێشێت کە تووشی بێکاریی و هەژاریی بوون.
" میلیشیاکانی وەك عەسائیب ئەهل حەق، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیب حیزبوڵا توانیان کوڕانی هەژار بە مووچەی سەرنجڕاکێش رابکێشن،" کە لە چەکدارێکەوە بۆ چەکدارێکی دیکە دەگۆڕێت بەگوێرەی تەمەن و توانای شەڕ، وتی.
وتی ئەم میلیشیایانە، کە نوسینگهیان لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوور هەیە، بەرپرسیارن لە پاڵپشتیی دارایی، چەکدارکردن و راهێنانی ئەم کوڕە گەنجانە "و بە گروپ ناردنیان لەڕێگەی فڕۆکەخانە عێراقی و ئێرانییەکانەوە بۆ شەڕکردن لە سوریا".
وتی: "زۆرێك لەم گەنجانە کە لەڕێگەی ئەم نوسینگانهوه راکێشراون بەرەو مەرگ براون لەژێر پاساوی پاڵپشتی مەزهەبی [شیعە]، لەکاتێكدا راستییەکە ئەوەیە کە ئەوان بوونەتە پشکۆی شەڕێکی تائیفی دزێو لە خزمەتی تموحەکانی ئێراندا."
لایەنە چەکدارە عێراقییەکان ژمارەی چەکدارانی کوژراویان لە سوریا ئاشكراناکەن، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئەم مەرگانە بە سەدان لەقەڵەم دەدەن. هیچ ژمارەیەکی پشتپێبەستراو لەبەردەستدا نیە دەربارەی ژمارەی ئەو گەنجە عێراقییانەی لە ئێستادا لە سوریا شەڕدەکەن.
جێگری سکرتێری گشتی پڕۆژەی عەرەبی لە عێراق ناجیح میزان وتی: "دەکرێت ئەم [ژمارەیە] زیاد یان کەم بکات بەپێی فەرمانەکانی ئێران."
بە دیارونای وت لایەنە عێراقییەکانی سەر بە ئێران ئامادەییەکی چەکدارییان هەیە لە سوریا لەژێر پاساوی شەڕی دژی تیرۆریزمدا و بەپێی فەرمانەکانی فەرماندەی سوپای پاسداران قاسم سلێمانی دەجوڵێنەوە.
وتی ئەم میلیشیایانە نیازی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە شەڕدا رادەگەیەنن "لە هەر شوێنێك و هەر کاتێك لەلایەن وەلی فەقیهـ [رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی]یەوە داوایان لێبکرێت".
سیاسەتی دەستێوەرنەدان
میزان داوای لە حکومەتی عێراق کرد کە رێوشوێنی توند بگرێتهبهر بۆ لاوازکردنی چالاکیی ئەم میلیشیایانە، لەبەر "بەرەنگاربوونەوەی ئەوان بۆ سەروەریی یاسا و دەوڵەت و گوێنەدان بە ژیانی هاوڵاتیان".
وتی ئەم میلیشیایانە هەڕەشە لە سەلامەتی و ئاسایشی وڵاتەکە دەکەن.
وتیشی: "دەستووری عێراقی روونە دەربارەی بابەتی رێزگرتنی مەبدەئی دراوسێیەتی باش و دەستوەرنەدان لە کاورباری وڵاتانی دیکە. ئەمە بەشێکە لە ئەرکی نێودەوڵەتی بەسەر عێراقەوە."
لە 20ی کانوونی یەکەمدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند کە هەر کیانێکی عێراقی شەڕ لە سوریا بکات نوێنەرایەتی عێراق ناکات. جەختیکردەوە لەوەی عێراق نایەوێت بەشداری لە شەڕە ناوچەییەکاندا بکات.
بە گوێرەی شیکاروانی سیاسیی غانم عابد، پێویستە حکومەت سیاسەتی دەستێوەرنەدان چالاکانە جێبەجێبکات لە شەڕی سوریادا و چالاکی هەموو گروپە چەکدارییەکان کۆنترۆڵبکات.
"خۆمان زەحمەتی زۆرمان لەبەردەمە،" بە دیارونای وت: "شەڕێك هەیە لە دژی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' (داعش) و چەندین کێشەی دیکە" کە پێویستیان بە سەرنج پێدانە.
"نامانەوێت بوونی چەکداریی لە سوریا بەردەوامبێت،" وتیشی: "نامانەوێت لاوەکانمان لە شەڕێکدا بمرن کە هیچ مانایەکی نیە. ئێمە لە شەڕ بـێزاربووین؛ ئەمە ئەوەیە لە ناخی هەموو عێراقییەکدایە."
شەڕکەرانی چیچانی و ئەفغانی وعەرەب لەکوێن کە بهڕهوایان دهزانی لە سوریا شهڕبكهن و لە عێراق خۆیانبتهقێننهوه و هەزاران عێراقی بكوژن بەهۆی ئۆتۆمبێلە مینڕێژکراوەکان و بۆمبی دەستییەوە؟ ئەوان دەبێت بەشەڕ وەدەربنرێن لە خاکی عێراق. دەبوایە ئێمەش بەشداربین لە جەنگی سوریادا بۆ شهڕكردن لەدژیان لەوێ تا رێبگرین لە خراپەکارییان ئەگەر بێنە ناو خاکی عێراقهوه.
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت
پێڵاوی میلیشیا و هێزەکانی حەشدی شەعبی هەموو کەنداو دەهێنێت. ئەمە لەبەرئەوەی ئێمە لەهەمووتان پاکترین!
وهڵام بدهرهوه2 كۆمێنت