هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

لەنێو زیندانی سەیدنایادا ’مەرگ هەمیشە ئامادەیە‘

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

زیندانیەکان لە پشت شیشەکانی زیندانی سەیدنایای سوریاوە دەستدەردەهێنن. راپۆرتێکی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەریخست رژێمی سوریا لە 2011وە 13,000 دەستبەسەرکراوی لەسێدارەداوە. [خاوەنی وینە: ئەرشیفی بەشیر بەسام]

زیندانیەکان لە پشت شیشەکانی زیندانی سەیدنایای سوریاوە دەستدەردەهێنن. راپۆرتێکی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەریخست رژێمی سوریا لە 2011وە 13,000 دەستبەسەرکراوی لەسێدارەداوە. [خاوەنی وینە: ئەرشیفی بەشیر بەسام]

ئەو راپۆرتە نوێیەی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە دەریدەخات لە 2011وە تا ئێستا رژێمی سوریا 13,000 زیندانی لەسێدارەداوە، بەڵگەی زیاتر دەخاتەڕوو دەربارەی دڕندەیی رژێم لەدژی ئەوانەی دژی دەوەستنەوە، زیندانیانی پێشوو لەگەڵ چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە دیارونایان وت.

لە راپۆرتی 7ی شوباتییدا، "قەسابخانەی مرۆڤ: لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و قەڵاچۆکردن لە زیندانی سەیدنایای سوریا"، ئەو رێکخراوی چاودێریی نێودەوڵەتییە حکومەتی سوریا تۆمەتبار دەکات بە پێڕەوکردنی "سیاسەتی قەڵاچۆکردن".

ئەو راپۆرتە، لەسەر بنەمای شایەتی 84 شایەتحاڵ، لەنێویاندا پاسەوانانی پێشووی زیندانەکە و زیندانیی و حاکمەکان، دەریدەخات کە "نزیکەی 13,000 زیندانیی لەسێدارە دراون لە زیندانی سەیدنایای ژێردەستی حکومەت نزیك بە دیمەشقی پایتەخت".

راپۆرتەکە رایدەگەیەنێت لەنێوان 2011 بۆ 2015، هەموو هەفتەیەك گروپی لانیکەم 50 زیندانیی لە زیندانی سەیدنایا دەبرانە دەرەوە، لێیاندەدرا و دواتر لەنیوەی شەودا "بەوپەڕی نهێنیی"یەوە لەسێدارە دەدران.

وێنەیەکی زیندانی سەیدنای لە سوریا کە لە ئاسمانەوە گیراوە. [لێبوردنی نێودەوڵەتی]

وێنەیەکی زیندانی سەیدنای لە سوریا کە لە ئاسمانەوە گیراوە. [لێبوردنی نێودەوڵەتی]

وێنەی پیاوانی لاوازبوو لەنێو زیندانی سەیدنایای سوریا. راپۆرتێكی ئەمدواییانە دەڵێت هەموو هەفتەیەك لانیکەم 50 دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانیان دەبرێنە دەرەوە، لێیاندەدرێت و دواتر لەنیوەی شەودا لەسێدارە دەدرێن. [خاوەنی وێنە: ئەرشیفی بەشیر بەسام]

وێنەی پیاوانی لاوازبوو لەنێو زیندانی سەیدنایای سوریا. راپۆرتێكی ئەمدواییانە دەڵێت هەموو هەفتەیەك لانیکەم 50 دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانیان دەبرێنە دەرەوە، لێیاندەدرێت و دواتر لەنیوەی شەودا لەسێدارە دەدرێن. [خاوەنی وێنە: ئەرشیفی بەشیر بەسام]

راپۆرتەکە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریاش تۆمەتبار دەکات بە پێڕەوکردنی سیاسەتی "قەڵاچۆکردن" لە زیندانەکاندا بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانییەکان، بە ئاماژەکردن بەوەی زۆربەی ئەوانەی لەسێدارەدراون ئەو مەدەنییانە بوون دژایەتی حوکمی ئەویان کردووە.

رێکخراوەکە رایگەیاند ئەو جۆرە کردەوانە دەکەونە خانەی "تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" و ئاماژەی بەوە کرد کە پێدەچێت بەردەوامبن لە روودان.

لە چاوپێکەوتنێکی 10ی شوباتدا، ئەسەد راپۆرتەکەی فەرامۆشکرد بەوەی وتی "بەهیچ جۆرێك راست نیە".

'خراپترین جۆری ئەشکەنجە'

عومەر سەعد کە زیندانییەکی پێشووی سەیدنایایە داوایکرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت لەترسی سەلامەتی خۆی، بە دیارونای وت لە 10 ئازاری 2011 لە دیمەشق دەستگیرکرا لەلایەن ئەو هێزە هەواڵگرییانەوە کە لە شەقامەکاندا بڵاوکرابوونەوە.

وتی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دوای ئەوە دەستیپێکرد کە خۆپیشاندانەکانی سوریا سەریانهەڵدا.

سەعد وتی لە بنکەیەکی ئەمنییدا لێکۆڵینەوەی بەرامبەر کراوە و ماوەی هەفتەیەك لەوێ ماوەتەوە، لەو ماوەیەشدا "خراپترین جۆری ئەشکەنجەدان"ی چەشتووە.

وتی ئەو تاوانبارکراوە بە "تیرۆرست" بوون و پێشکەشکردنی زانیاریی بە "ئەو تیرۆرستە چەکدارانەی لە عێراقەوە دێن"، هەرچەندە وتی هیچ بەشداری لە سیاسەتدا نەکردووە و بەتەواوی خۆی تەرخانکردووە بۆ کارەکەی وەك بازرگان.

وتی، "گواسترامەوە بۆ زیندانی سەیدنایا، کە نزیکەی [سێ] مانگم لێ بەسەربرد"، ئەوکاتەی وەك "بێ ژیان" ناوزەدکرد.

سەعد وتی زۆربەی زینداییەکان رۆژانە ئەشکەنجە دەدران، بەتایبەت ئەوانەی تازە دەگەیشتن و دوای شۆڕشی سوریا دەستگیرکرابوون.

"زیندانەوانەکان هەمووکات زیندانییەکان تووشی چەندین جۆری ئەشکەنجە و لێدان دەکرد،" وتی: "ژیان هیچ بەهایەکی نەبوو بۆیان و مەرگ هەمیشە ئامادەبوو، چونکە هەر سەر کاتژمێرێك، هەواڵی مردنی زیندانییەك لەژێر ئەشکەنجەدا بڵاودەبۆوە، یان راگەیاندنی لەسێدارەدانی بڵاودەکرایەوە."

وتی بە دەیان زیندانیی لەکاتی دەستگیرکردنیاندا مردن، "یان راستەوخۆ بە لەسێدارەدان، یاخود بەهۆی ئەشکەنجەی سەختەوە".

سەعد وتی ئێوارەی 4ی حوزەیرانی 2011، پێیوترا کە رۆژی دواتر ئازاددەکرێت.

وتی وەك بەشێك لە گروپێکی گەورە ئازادکرا، "چونکە رژێم هەر ماوەیە و گروپێك لە دەستبەسەرکراوەکانی ئازاددەکرد تا لەلایەکەوە دۆخەکە تا رادەیەك ئارامبکاتەوە و لەلایەکی دیکەوە لەسێدارەدانەکان داپۆشێت".

"دوای ئەو ئەشکەنجەیەی لە زیندانی سەیدنایادا بینیم و ئەو ترس و تۆقینەی بەسەرم هات و ئەزموونم کرد، بڕیارمدا سوریا بەجێبهێڵم،" وتی: "لەگەڵ خێزانەکەمدا چوومە لوبنان و لەوێوە چووم بەرەو میسر، کە تائێستاش لەوێم."

تۆماری ساختە

پارێزەری سوریی بەشیر بەسام، کە لە قاهیرە نیشتەجێیە، بە دیارونای وت کە براکەی و ئامۆزاکەی لەدەستدا دوای ئەوەی لە 2012دا لە دیمەشق زیندانیکران.

وتی: "ئەو تاوانانەی لە دەستگیرگەکاندا [ئەنجامدەدرێن] سەلمێندراون و ئەو راپۆرتە نوێیەش تەنیا بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر تاوانکاریی دەزگاکانی رژێم."

وتی دوای ئەوەی براکەی و ئامۆزاکەی دەستگیرکران، "بۆ چەندین مانگ هیچ هەواڵێکیان نەبوو، تا هەواڵی مەرگیانم پێگەیشت لە دەستگیرگەکەدا و ناشتنیان لە شوێنێکی نەزانراو."

وتی دواتر دەرکەوت کە گواسترابوونەوە بۆ زیندانی سەیدنایا، کە لەوێ کوژرابوون، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵداکرابوو لە لقی دیمەشقی دەزگای ئاسایش.

بەسام وتی: "ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم و سەرچاوەکانی [رێکخراوەکانی] مافی مرۆڤەوە دەگەن رایدەگەیەنن کە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی، رژێم هەر ماوەیە و ئازادکردنی ژمارەیەكی خەیاڵی لە دەستبەسەرەکان رادەگەیەنێت بۆ خۆ بواردن لە بەرپرسیارێتیی."

وتیشی: "دەستبەسەرێك گیان لەدەستدەدات، لەکاتێکدا لە تۆمارەکاندا ناوی بە ئازادکراو نووسراوە و بەوشێوەیەش دەبێتە 'ونبوونی کاتی جەنگ'."

وتی دەزگاکانی رژێم بەشێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو تاوانیان دروستدەکرد. زیندانییەکان بە دەستبەسەری تاوانبار ناونوسدەکرێن، زۆرێکیش تۆمەتباردەکرێن بە سیخوڕیی، کوشتن یان هەندێك تاوانی دیکە کە سزای ئەوپەڕی بریتییە لە مەرگ بە لەسێدارەدان.

وتی ئەم لەسێدارەدانانە دوای دادگاییەکی ساختە ئەنجامدەدرێن.

وتی ئەمە یەکەم جار نیە کە رژێم تۆمەتباردەکرێت بە لەسێدارەدانی زیندانییەکان، چونکە لە ئەیلولی 1980دا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی پشتڕاستیکردەوە کە نزیکەی 1,000 دەستبەسەری سیاسیی لە زیندانی عەسکەریی تەدمور (پالمێرا)دا لەسێدارەدراون.

'گەڕانەوە لە دۆزەخ'

عەلی ئەبو دەهنی خەڵکی باشوری لوبنان بە دیارونای وت لە 28 کانونی یەکەمی 1987 لە سوریا دەستگیرکراوە، لە 15ی کانونی یەکەمی 2000 ئازادکرا، دوای بەسەربردنی دوا بەشی ماوەی زیندانەکەی لە زیندانی سەیدنایا.

وتی: "زیندانی سەیدنایا زڕناوە بە پێشێلکارییە بێشومارەکانی و کردەی دڕندانەی ئەشکەنجە و کوشتاری بەرنامەبۆداڕێژراو کە لەوێ روودەدەن."

وتی: "جەنجاڵیی زۆری دەستبەسەرەکان لە یەك ژووردا بەهیچ لۆژیك و ستاندەرێکی مرۆیی قبوڵکراو نیە. دەیان، بگرە سەدان دەستبەسەر لە یەك خانەدان و لە شوێنێکی خراپ و بەبێ خۆراك، خواردنەوە یان دەرمان."

ئەو وەسفی راپۆرتی رێکخراوەکەی کرد بە "بانگەواز بۆ هەر خاوەن ویژدانێك لە جیهاندا".

ئەبو دەهن چالاکە لەو هەڵمەتانەی هەوڵدەدەن بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان لە سوریا و دەستبەسەرکردنی خۆی و ئەشکەنجەدانی لە کتێب، شانۆ و فیلمێکدا بە بەڵگەکردووە.

وتی: "کاتێك لە زیندان هاتمەدەرەوە، بڕیارمدا دەربارەی ئەوەی روویداوە بەدرێژیی بنووسم و سووربووم لەسەر دەرخستنی ئەو شێوازە دڕندانەی لە دەستگیرگەکانی رژێمی سوریادا بەکاردەهێنران بە نووسینەوەی یاداشتەکانم."

وتی کتێبەکەی، "گەڕانەوە لە دۆزەخ - یاداشتەکانی تەدمور (پالمێرا) و دەستەخوشکانی"، لە 2012دا بڵاکرایەوە و وردەکاریی ئەشکەنجەی جەستەیی و دڕدۆنگیی دەروونی و ئەو ئاکامە درێژمەودا خراپانەی تێدایە کە ئەو و دەستبەسەرەکانی دیکە چەشتوویانە.

فیلمێکی 2016 لەسەر ئەم رووداوە و لەژێرناوی "تەدمور" بەرهەمهێنرا بە هاوکاری رێکخراوی دەستبەسەرکراوەکانی لوبنان لە سوریا، کە دەستبەسەرکراوەکانی پێشووی لوبنان رۆڵی تێدا دەبینن و لەلایەن مۆنیکا بۆرگمان و لوقمان سەلیمەوە دەرهێنراوە.

وتی شانۆییەکەشی "کورسییە ئەڵمانییەکە" ژیان لە زیندانەکانی سوریادا نیشاندەدات. وتیشی کە ناونیشانەکە لە یەکێك لە میتۆدە باوەکانی ئەشکەنجەدانەوە وەرگیراوە، کە هێندە بەئازار بوو ئەنجامەکەی دەبووە هۆی شکاندنی بڕبڕەی پشتی زیندانییەکە.

تاوان دژی مرۆڤایەتی

لەژێر یاسای سزادانی سوریا 1979، دەبێت سزای مەرگ سوکبکرێت بۆ زیندانی هەتاهەتایی گەر تۆمەتبار بە تاوانی سیاسیی حوکمدرا.

توێژەر لە سەنتەری ناوچەیی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی و پرۆفیسۆری یاسای تاوان لە زانکۆی قاهیرە وائیل شەرمیمی بە دیارونای وت بەڵام ئەمە رووینەداوە و سوریا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سزای مەرگ لەم کەیسانەدا.

وتی: "رژێم پەنادەباتە بەر دروستکردنی تۆمەت کە سزای مەرگی سێدارەی بەدواوەیە تا فێڵێکی یاسایی دروستبکات بۆ کردە تاوانکارییەکانی دژی ئەو مەدەنییانەی دژایەتی سیاسەتی دەکەن یان ئەوانەی بە زیندانی سیاسیی لەقەڵەمدراون."

وتی ئەشکەنجە و کوشتنی زیندانییە سیاسییەکان بە کردەی دژی مرۆڤایەتیی دادەنرێت لەژێر پەیڕەوی رۆمای دادگای نێودەوڵەتی تاوان دا.

وتی، "تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دادگای لاهای نێودەوڵەتی بۆ تاوان دادگایی دەکرێت". وتیشی کە رژێمی سوریا پێویستە بەرپرسیار رابگیرێت بەرامبەر کارەکانی، کە بەئاشکرا یاسای نێودەوڵەتی پێشێلکردووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500