هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

فەرمانڕەوایی وونە لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئەو مەدەنییانەی رەققە کە لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' هەڵاتوون کۆمەکیان پێدەگات لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

ئەو مەدەنییانەی رەققە کە لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' هەڵاتوون کۆمەکیان پێدەگات لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

هەژارییەکی سەخت و بێکارییەکی بەربڵاو بڵاوبۆتەوە بەناو ناوچەکانی ژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کە دەریدەخات گروپەکە توانای فەرمانڕەوایی نەماوە.

وتیشیان کە واقیعەکە زۆر جیاوازە لەو وێنە خەیاڵییەی لەلایەن ماشێنی میدیایی داعشەوە نیشاندەدرێت ، کە بەردەوام دۆخی ناوچەکانی ژێردەستی وەك خۆشبەخت و گەشاوە وێنادەکات.

چالاکوانی پێشووی نوسینگەی رۆژنامەوانیی رەققە ماجید حەسوون بە دیارونای وت: "داعش بەردەوامە لە درۆکردن لەڕێی ماشێنی میدیایی خۆیەوە دەربارەی دۆخی ناوچەکانی ژێردەستی بەهیوای راکێشانی چەکداری نوێ."

وتی راستییەکە ئەوەیە دۆخی گروپەکە لە هەموو ناوچەکاندا ئومێدی لێبڕاوە.

وتی سەرەڕای شکست و پاشەکشەی یەك لە دوای یەك، گروپەکە تووشی کورتهێنانێکی سەخت بووە لە ژمارەی چەکدارانییدا و ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی لەدەستداوە.

هاوکات، وتیشی، ئەو هاوڵاتیانەی لە ناوچەکانی ژێردەستی داعشدا ماونەتەوە "ئازار دەچێژن بەهۆی ئەو کۆتوبەندەی بەسەریاندا سەپێنراوە".

وتی لە شاری رەققەی سوریا، داعش مەدەنییەکانی وەك قەڵغانی مرۆیی بەکارهێناوە -- لەپشتیانەوە خۆی دەشارێتەوە بۆ پاراستنی چەکدارەکانی خۆی -- و تونێلی لێداوە بۆ پاراستنی خۆی لەدژی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان.

حەسون وتی داعش "چەکدارەکانی لە ماڵی مەدەنییەکاندا جێگیرکردووە، کە زۆربەیان بوونەتە بنکەی سەربازیی یان نشینگەی خێزانی ئەندام و ئەمیرەکانی گروپەکە"، وتیشی ئەمە مەدەنییەکانی خستۆتە بەر مەترسی.

لە عێراق، توندڕەوە پارە لێبڕاوەکانی داعش کون دەکەنە خانووی خەڵکەوە تا بێ ئەوەی ببینرێن هاتوچۆ بکەن بەناو خۆرئاوای موسڵدا و لەئێستاشدا داوا لە قوربانییەکان دەکەن کرێی کارەکەیان بدەنێ.

زنجیرەی کونەکان لە ماڵە هاودیوارەکاندا وەك تونێلێك وایە لەسەر ئاستی شەقامدا کە رێ بە شەڕکەران دەدات هاتوچۆ بکەن بەبێ ئاشکرابوونیان لەلایەن هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە.

'پاڵەوانی درۆیینە'

پسپۆڕی گروپە تیرۆرستییەکان لیوا یەحیا مەحمود عەلی کە ئەفسەرێکی خانەنشینی سوپای میسرە وتی لە دەرکەوتنی داعشەوە، ماشێنە میدیاییەکەی بەردەوام زیادەڕۆیی کردووە دەربارەی هێزی زەبەلاحی ئەو و وەك تێکنەشکێنراو وێنای کردووە.

وتی: "زیادەڕۆییەکە خۆ‌هەڵنانی تێدابوو دەربارەی ژمارەی ئەندامان لە ریزەکانیدا و تایبەتمەندییەکانیان و ئەو چەك و ئامرازە مۆدێرنانەی دەتوانێت لەڕێی بازاڕی رەشی جیهانییەوە دەستی بکەوێت."

عەلی وتی ئەم بانگەشانە دەستیانکرد بە داڕمان دوای ئەوەی داعش شەڕی کۆبانێی دۆڕاند، کە "یەکێك بوو لە ئاماژە سەرەتاییەکانی ئەوەی گروپەکە جگە لە پاڵەوانێکی درۆیینە هیچی دیکە نیە".

وتیشی: "زنجیرەی رووداوەکانی دوای ئەو شەڕە، لە سوریا و عێراقیش، بەڕوونی دەریخست کە تاکە هێزی راستەقینەی گروپەکە خۆشاردنەوەیە لەپشت مەدەنییەکانەوە لە ناوچەکانی ژێردەستییدا."

"گەر بەهۆی بەکارهێنانی مەدەنییەکانەوە نەبوایە وەك قەڵغانی مرۆیی و جێگیرکردنی چەکدارەکانی لەنێوان ماڵاندا، شەڕەکە چەند مانگێك لەمەوبەر کۆتایی هاتبوو،" عەلی وتی.

شایەتی زیندوو بۆ درۆکانی داعش

مامۆستای خوێندنگە لە رەققە ناسر عەلی، کە داوایکرد ناوی خوازراوی بۆ بەکاربهێنرێت لە ترسی سەلامەتیی خۆی، وتی: "دانیشتوانی شاری رەققە و ناوچە گوندییەکانی دەوروبەری شایەتێکی زیندوون بۆ درۆ و پڕوپاگەندەکانی داعش."

بە دیارونای وت لە ماوەی سێ ساڵی رابوردوودا، ئەزموونی دۆخێکی سەختیان کردووە، کە "هەژاریی توند، دۆخی کۆمەڵایەتی لاواز و بێبەریبوون لە مافە هەرە سەرەتاییەکان" لەخۆدەگرێت.

وتی گروپەکە دەستی خستۆتە ناو گەنجینەی ناوچەکە و سەرچاوەکانی کەمکردۆتەوە لەژێرناوی جێبەجێکردنی "شەریعە"دا.

عەلی وتیشی داعش دەستی بەسەر تۆڕەکانی ئاو، پەیوەندی و کارەبادا گرت، "کە بارودۆخیان بەرەو زۆر خراپ چوو بە شایەتی خەڵکی ناوچەکە."

وتیشی: "ئاوی خواردنەوە بۆ بەکارهێنانی مرۆڤ نابێت، کارەبا زۆر کەم هەیە، مۆبایلیش تەنیا بە تۆڕەکانی پەیوەندیی تورکیاوە کاردەکەن و تەنیا چەند هێڵێکی تەلەفۆنیش کاردەکەن."

وتیشی خەڵکی رەققە بە وریاییەوە هێڵی تەلەفۆن بەکاردەهێنن، "چونکە بەدڵنیاییەوە چاودێری دەکرێن".

عەلی وتی: "گروپەکە دەستی بەسەر هەموو زەوییە کشتوکاڵییەکانی رەققەدا گرتووە، چونکە بە موڵکی 'دەوڵەت'یان دادەنێت، دواتر بەگرێبەست دەیداتەوە بە جوتیارەکان."

وتی داعش دەستی بەسەر دابەشکردنی پەیین و تۆویشدا گرتووە و لەڕێی میانگیرەکانی سەر بەخۆیەوە و بە نرخێکی گران دەیانفرۆشێت، کە نرخی سەوزە، میوە، دانەوێڵە و هەموو جۆرە بەرهەمێکی دیکەی بەرزکردۆتەوە.

وتیشی: "گروپەکە دەستی بەسەر هەموو ئەو شمەکانەشدا گرتووە کە دێنە ناوچەکە و باجێکی بەرز و کرێی گواستنەوەی زۆری بەسەردا سەپاندون، کە بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ ئاستێکی زیاد لەسنوور."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500