هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پسپۆڕان: لە شەڕی دژی داعشدا پێویستە گرنگی بە میدیا بدرێت

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سەرکردەی ئەنباری 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' شاکر وەهیب لە ئایاری 2016 دا لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا. وه‌هیب لە ڤیدیۆی گوله‌بارانکردنەکانی گروپەکەدا دەردەکەوێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

سەرکردەی ئەنباری 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' شاکر وەهیب لە ئایاری 2016 دا لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا. وه‌هیب لە ڤیدیۆی گوله‌بارانکردنەکانی گروپەکەدا دەردەکەوێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

کەمپینه‌كانی دژە-تیرۆر دەبێت کاری زۆر بکات بۆ دەرخستنی ئەو درۆیانەی ئامێری میدیایی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) پڕوپاگەندەیان بۆ دەكات و سەرچاوەکانی پاڵپشتیی دارایی ببڕدرێت، پسپۆڕانی میدیا بە دیارونا دەڵێن.

پسپۆڕه‌كان وتیان ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە ئەو وێنایەی داعش بەخۆی بەخشیوە سەرچاوەی سەرەکیی هێزێتی، کە وادەکات بەهێزتر و یەکگرتووتر دەربکەوێت لەوەی لەڕاستیدا هەیە و هەوڵەکانی کەڵەکەبکات بۆ راکێشانی لاوان.

بۆیە ئاستنزمکردنەوەی تواناکانی ئامێری میدیایی داعش بەشێکی دانەبڕاوە لە شەڕ دژی گروپەکە، وتیشیان.

لە راپۆرتێکی تشرینی دووەمی رۆژنامەی حەیاتدا، بەرپرسانی عێراق باس لە دەستگیرکردن و دانپێدانانەکانی کارمەندێکی میدیایی داعش دەکه‌ن کە بە ئەبو ساڵح ناسراوە و کاری بۆ ئاژانسی ئەعماق كردووه‌، کە باڵی میدیایی گروپەکەیە.

ساڵح دەریخست کە داعش ئەعماق بەکاردەهێنێت بۆ زیاده‌ڕۆیی ده‌رباره‌ی سەرکەوتنەکانی، بەجۆرێك کە باس لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرەکی دەکات بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو زیانە گەورانەی بەر گروپەکە دەکەوێت.

بەڕێوەبەری بەشی میدیای نوێ لە ناوه‌ندی توێژینەوە و لێكۆڵینه‌وه‌ی مەیدانیی ئیبن وەلید لە میسر، مازن زه‌كی، وتی ئامێری میدیایی نوێنەرایەتیی نیوەی دەسەڵاتەکەی دەکات.

زه‌كی بە دیارونای وت گروپەکە زۆر پشتده‌به‌ستێت بە "برەوپێدانی میدیایی بۆ قایلکردن و راکێشانی چەکداران و برەوپێدانی فەتوا و دیدگا و ئۆپەراسیۆنەکانی" و ئەو بابەتانەش بەکاردەهێنێت کە شێوێندراون، زیداه‌ڕۆیی و بەهەڵەدابردنیان تێداکراوە تا لەگەڵ ئامانجەکانی گروپەکەدا بسازێن.

وتی بەهۆی ئەو گرنگیەوە کە داعش بە کارمەندە میدیاییەکانی داوە، سوودی دەبێت گەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زانیاری هەبێت دەربارەی کارمەندە میدیاییە باڵاکانی و ئەو پەیکەربەندییەی هەیەتی تا بتوانێت بیانكاته‌ ئامانج.

وتی ژمارەیەك لە کارمەندە میدییاییە باڵاکان لە هێرشی ئاسمانیی راستەوخۆدا لە سوریا و عێراق کوژراون، لەنێویاندا زیاد خەروفی، "وەزیری زانیاریی" داعش لە نەینەوا و وتەبێژی داعش ئەبو محەمەد عەدنانی کە لە سوریا کوژرا.

زەکی وتی خەروفی "ناسرابوو بە بڵاوکردنەوەی بڕێکی زۆر لە زانیاریی هەڵە و بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ هاندانی ئەندامانی گروپەکە تا جەسووربن و بەردەوامبن لە شەڕ و هەڵنەیەن".

وتیشی کەمپینەکانی دژە-تیرۆر دەبێت تەرکیز بخەنە سەر راستگۆیانە ئاشکراکردنی بەهەڵەدابردنەکانی داعش، بەشێوەیەکی ورد و بەجۆرێك کە سەرنجڕاکێش بێت بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی تا پاوانخوازییەکانی گروپەکە دەربخات بۆ رای گشتیی.

ماشێنی میدیایی پێویستی بە پارەیە بۆ کارکردن

مامۆستای رۆژنامەوانی لە زانکۆی قاهیرە، حەسەن عەفیفی، بە دیارونای وت گروپەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە پارە دەبەستێت بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئامێره‌ میدیاییەکەی.

وتی: "بنبڕکردنی سەرچاوە داراییەکانی یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمبایەخکردنی میدیاکەی بەشێوەیەکی گشتیی، بەوشێوەیەش توانای بۆ دروستکردن، زیادپێوەنان و بڵاوکردنەوەی هەواڵ."

راپۆرتە میدیاییەکانی ئەمدواییە ئاماژە بەوە دەدەن داعش موچەی کارمەندە میدیاییەکانی کەمکردۆتەوە بۆ نزیکەی 400 دۆلار، کە بەپێی پێویست نیە بۆ راكێشانی خەڵك بۆ کارکردن بۆ گروپەکە.

عەفیفی وتی شەڕی بنبڕکردنی داعش چاودێریکردن و بەدووکەوتنی هەموو ئەو کەسانەی دەوێت کە بەدوای گروپەکەوەن، سەردانی ماڵپەڕەکانیان دەکەن و لەڕێی ئینتەرنێتەوە پەیوەندییان پێوەدەكه‌ن.

وتی ئەم جۆرە لە چاودێریکردنە بووه‌تە هۆی كۆمه‌ڵێكی زۆر دەستگیرکردن لە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبیدا، بە ئاماژەشی كرد بەوەی کە چاودێریی بەردەوام هەوڵە میدییایەکانی گروپەکە لاوازدەکات، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە سەدان خۆبەخش دەبەستێت.

وتی لەنێو وڵاتانی دونیادا کاردەکەن، ئەم خۆبەخشە بێ کرێیانە بەیاننامە و ڤیدیۆکانی داعش دادەنێنەوە لەسەر ئینتەرنێت و لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاویان دەکەنەوە.

شێخ راجح سەبری لە وەزارەتی ئەوقاف وتی: "زۆر گرنگە هەوڵبدرێت بۆ نەهێشتنی ئەو کەسانەی ئامێری میدیایی داعش بەڕێوەدەبەن بەهۆی درۆكانی و ئه‌و بەهەڵە نوێنەرایەتییکردنه‌ی شەریعەوە کە بڵاوی دەکاتەوە."

وتی گرنگە ئەم بیرۆکە شێوێنراوانە نەگەنە پشتیوانان و هەوادارانی گروپەکە و بەشێوەیەکی گشتیی جیهانیش.

لەڕێی ئەو ڤیدیۆ و بابەتانەی کە بڵاوی دەکاتەوە، گروپەکە هەوڵدەدات چالاکییەکانی بخاتەڕوو بۆ "راكێشانی لاوان، بە زیادپێوەنان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی" و ژمارەی چەکدارانی.

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد كه‌ زۆربەی ئەو چەکدارانەی لە ڤیدیۆی پروپاگەندەی داعش و گۆڤارەکانیدا دەردەکەون وا وێنادەکرێن كه‌ لە دۆخێکی جەستەیی باشدا بن، بەشێوەیەك وێناکراون هەمان جلیان لەبەردایە و ئامرازی سەربازیی مۆدێرن بەکاردەهێنن.

وتی ئەمە بە ئەنقەست داڕێژراوە تا ئه‌و هه‌سته‌ ببه‌خشێت کە گروپەکە پڕتفاقە و یەکگرتووە، "کە لەڕاستییدا بەوشێوەیە نیە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500