هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌رده‌وامه له شه‌ڕ دژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) له ناوچه گوندنشینه‌كانی ره‌ققه و سه‌ركه‌وتووبووه له رزگاركردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له گوند و كێڵگه‌كانی خۆرئاوای شاره‌كه‌دا.
هاوپه‌یمانیی ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی-كوردی سه‌لامه‌تیی مه‌ده‌نیه‌كانیان پاراستووه له‌و ناوچانه‌دا كه بڕیاره رزگاربكرێن و كۆمه‌كیان ده‌كه‌ن له ناوچه ئه‌مینه‌كاندا تا ئه‌وكاته‌ی ده‌توانن به‌سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌كانیان دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كان.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا لە 16 كانونی دووه‌م، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رایگەیاند كه له دووه‌م قۆناغی ئۆپه‌راسیۆنی توڕه‌یی فوراتدا توانیی 2,480 كیلۆمه‌تر رزگاربكات له‌ده‌ست داعش له پارێزگای ره‌ققه.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه ئه‌مه سه‌رجه‌می قه‌واره‌ی ناوچه رزگاركراوه‌كان ده‌گه‌یه‌نێته 3,200 كیلۆمه‌تر، كه بریتیه له 236 گوند و ده‌یان كێڵگه به‌ده‌وری شاری ره‌ققه‌دا له باكور و خۆرئاواوه.
به‌ییاننامه‌كه وتیشی تا ئێستا 620 چه‌كداری داعش كوژراون و 18 ده‌ستگیركراون و ده‌یان هه‌زاریش له دایشتوان رزگاركراون له‌ده‌ست گروپه‌كه و گه‌ڕاونه‌ته‌وه ماڵه‌كانیان.
هه‌روه‌ها وتی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه زیانی 42 چه‌كداری له هێزه‌كانی سوریای دیموكرات داوه له شه‌ڕه‌كاندا، له‌نێویاندا هاوڵاتییه‌كی به‌ریتانی، ئه‌مریكییەك و کەنەدییەك.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كه به‌رده‌وامه
فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌یه‌كی چه‌كداری هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، عه‌بدولفه‌تاح نه‌سره‌دین، وتی: "دووه‌م قۆناغی ئۆپه‌راسیۆنی توڕه‌یی فورات كه له 10 كانونی یه‌كه‌م ده‌ستیپێكرد، هێشتا به‌رده‌وامه."
نه‌سره‌دین به دیارونای وت: "به‌مدواییانه گونده‌كانی سوه‌یدیه و ودیان رزگاركران و ئێستا هێزه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ڕێ به‌ره‌و گونده‌كانی توره‌یكیه و به‌نداوی ته‌بقه."
وتی شه‌ڕه‌كان به "به‌دیقه‌تی زیاتره‌وه" ده‌كرێن، به‌تایبه‌تی له 11 كانونی دووه‌مه‌وه.
وتیشی له‌ئێستادا "هێزه‌كان ته‌نها له دوو قۆڵی سه‌ره‌كیه‌وه چالاكن، كه بریتین له قۆڵه‌كانی عه‌ین عیسا و قادریه و له گوندی كرمانجۆ یه‌كده‌گرنه‌وه".
هه‌روه‌ها وتی ئه‌و هێزانه‌ی له عه‌ین عیساوه دێن، 34 كیلۆمه‌تر پێشڕه‌وییان كردووه و ئه‌و هێزانه‌ش كه له قادریه‌وه دێن 57 كیلۆمه‌تر پێشڕه‌وییان كردووه، "به‌وجۆره‌ش ناوچه‌یه‌كی گه‌وره‌یان گه‌مارۆداوه كه كه‌وتۆته مه‌ودای فیشه‌كی هێزه هێرشبه‌ره‌كانه‌وه".
نه‌سره‌دین وتی: "ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كهێوماڵكردن به‌رده‌وامن له هه‌موو ناوچه رزگاركراوه‌كان بۆ مسۆگه‌ركردنی خاڵیکردنیان له ئه‌ندامانی داعش و بێگومان هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیش بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه له مین و ته‌قه‌مه‌نیه ده‌ستكرده‌كان."
وتی له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌و حه‌شارگانه‌ی چه‌كدارانی داعش به‌كاریانده‌هێنان بۆ خۆشاردنه‌وه له هێرشه ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یمانان، ته‌قێنراونه‌ته‌وه.
هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له ته‌بقه نزیكده‌بنه‌وه
نه‌سره‌دین وتی: "رۆژانی داهاتوو پێشڕه‌ویی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌ره‌و ته‌بقه به‌خۆوه ده‌بینن، دوای ئه‌وه‌ی قه‌ڵای جه‌باریان گرته‌وه ، به‌و مه‌به‌سته‌ی به‌نداوی ستراتیژیی ته‌بقه بگرنه‌وه.
وتیشی ئه‌م ناوچه‌یه ته‌نها 45 كیلۆمه‌تر دووره له شاره‌ی ته‌بقه كه قه‌ڵایه‌كی داعشه. هه‌روه‌ها وتی به‌نداوی ته‌بقه وێستگه‌یه‌كی كاره‌بای له‌خۆگرتووه كه گرنگیه‌كی ژیاریی هه‌یه چونكه له‌ده‌ست هه‌ركه‌سێكدا بێت، ئه‌و كه‌سه كۆنترۆڵی كاره‌با به‌رهه‌مهێنراوه‌كه‌شی ده‌كات.
فه‌رمانده‌ی یەکەیەکی سه‌ربه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، غه‌سان ئیبراهیم، به دیارونای وت قۆناغی دووه‌می ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی ره‌ققه به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
" ده‌یان چه‌كداری خه‌ڵكی پارێزگاكه په‌یوه‌ندییان كردووه به هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه ، كه له‌لایه‌ن خێڵه‌كانی ناوچه‌كه‌وه پشتیوانیه‌كی زۆر ده‌كرێن، " ناوبراو وتی.
وتیشی: "مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مه‌ده‌نیه‌كان زۆر ئاسانتر بووه به‌هۆی متمانه‌ی ته‌واویانه‌وه به‌و هێزانه‌ی دژی داعش شه‌ڕده‌كه‌ن."
وتی زۆربه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه له‌و به‌ره‌یه‌دا شه‌ڕده‌كه‌ن، خه‌ڵكی ره‌ققه‌ن و ئاماژه‌شی به‌وه دا كه "وره‌ی چه‌كداره‌كان زۆر به‌رزه، لەلایەك به‌هۆی ئه‌و ده‌ره‌نجامه کرداریانەی به‌ده‌ستهاتوون و لەلایەکی ترەوە ئه‌و پشتگیریه مه‌عنه‌ویه‌ی له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌وه ده‌كرێن".
هه‌وڵه‌كانی داعش بۆ دزه‌كردن
ئه‌ندامێكی تیمی لابردنی مینی سه‌ربه هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، سینان قامیشلۆ، وتی: "هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ناوچه رزگاركراوه‌كان كۆتایی نایه‌ت له‌گه‌ڵ رۆیشتنی ئه‌ندامه تێرۆریسته‌كانی داعش."
قامیشلۆ به دیارونای وت: "به‌داخه‌وه هەردەمێنێت و ده‌بێته‌هۆی له‌ده‌ستدانی ژیانی مه‌ده‌نیه بێتاوانه‌كان". وتیشی چه‌كدارانی داعش ماڵه‌كانیان بۆمبڕێژكردووه و ته‌قه‌مه‌نییان له‌سه‌ر رێگا و ناو كێڵگه‌كان چاندووه و ده‌بنه‌هۆی چه‌ندین قوربانی له‌نێو مه‌ده‌نیه‌كاندا.
هه‌روه‌ها وتی: "رۆژی 18 كانونی دووه‌م سێ منداڵ (ته‌مه‌نیان 4 و 8 و 13) كوژران و دووانی تریش به‌سه‌ختی برینداربوون له گوندی مه‌حمودلی به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێكی زه‌مینیه‌وه له‌كاتێكدا له‌نزیكی ماڵه‌كه‌یان یارییانده‌كرد."
وتی: "ئه‌م روداوانه ده‌گمه‌نن، چونكه تیمه ئه‌ندازیاریه‌كان ناوچه رزگاركراوه‌كان كێوماڵ ده‌كه‌ن به‌دوای میندا. به‌ڵام هه‌ندێكجار دانیشتوان په‌له‌ده‌كه‌ن له گه‌ڕانه‌وه و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە."
وتیشی دزه‌كردنی جارجاره‌ی داعش بۆ ناوچه رزگاركراوه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تره و روونیكرده‌وه كه گروپه‌كه چه‌كدارانی ده‌نێرێت بۆ كوشتنی مه‌ده‌نیه‌كان و ئه‌ندامانی هێزه رزگاركه‌ره‌كان و چاندنی ته‌قه‌مه‌نیه ده‌ستكرده‌كانیش.
وتی به‌ڵام بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رفراوانی چه‌كدارانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و رێوشوێنی ئه‌منیی توند و چاودێری له بنكه‌كانی پاسه‌وانی، ئه‌و هه‌وڵانه بۆ دزه‌كردن پوچه‌ڵده‌كه‌نه‌وه و دزه‌كه‌رانیش له ته‌قه‌كردندا ده‌كوژن.
هه‌روه‌ها وتی: "گه‌وره‌ترین هه‌وڵی دزه‌كردن كه پوچه‌ڵكرایه‌وه له شه‌وی 17 كانونی دووه‌مدا رویدا و بووه‌هۆی كوشتنی 15 تێرۆریست."
قامیشلۆ وتی: "تێرۆریسته‌كان هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستن به پێ دزه‌بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ندێكجار كه هه‌وڵیشده‌ده‌ن به ئۆتۆمبیله بۆمبڕێژكراوه‌كان دزه‌بكه‌ن كه ده‌پێكرێن -- ده‌ته‌قێنرێنه‌وه -- پێشئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌و هێزانه‌ی له ناوچه رزگاركراوه‌كاندا جێگیركراون."
وتیشی روداوێكی له‌م جۆره له شه‌وی 13 كانونی دووه‌مدا رویدا له‌نزیك گوندی جه‌بار كاتێك ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو تێكشكێنرا و یه‌كێكی تریش له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانه‌وه به‌جێهێڵدرا كه رایانكرد چونكه كه‌وتنه‌ژێر ده‌ستڕێژێكی خه‌سته‌وه.