هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

شارۆچکە سنورییەکانی عێراق-سوریا لەژێر ئابڵۆقەی توندی داعشدان

خالید تائی

هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتی خێڵەکانی ناوچەکە بەرەو ئازادکردنی قائیم و ناوچەکانی دیکەی سەر سنوری سوریا دەڕۆن. [خاوەنی وێنە: فەوجی ئامادەی ئەنبار]

هێزەکانی عێراق بە پاڵپشتی خێڵەکانی ناوچەکە بەرەو ئازادکردنی قائیم و ناوچەکانی دیکەی سەر سنوری سوریا دەڕۆن. [خاوەنی وێنە: فەوجی ئامادەی ئەنبار]

دانیشتوانی قائیم لە عێراق و شاری دراوسێی ئەلبو کەمال لە سوریا لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە حوکمی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

قائیم و ئەلبو کەمال لەژێر ئابڵۆقەدان و لە دونیای دەرەوە دابڕێندراون چونکە داعش خزمەتگوزاری تەلەفۆن و ئینتەرنێتی لێبڕیون.

وتیان ئەو خەڵکەی هەڵاتوون تاکە سەرچاوەی زانیاریی بوون سەبارەت بەو توندوتیژیی و چەوساندنەوەیەی خەڵك رۆژانە دەیچێژن.

دانیشتوویەکی قائیم، ئەبو ماهیر، کە ناوی خوازراوی بەکاردەهێنێت لەبەر سەلامەتی خزمەکانی، بە دیارونای وت بەمدواییانە لە شارەکەی هەڵاتووە.

ئەو ژیانی لەو شارۆچکە سنورییەی ژێردەستی داعش وەك "دۆزەخ" ناوزەدکرد.

وتی: "ژیانمان تاڵ بوو. ماڵەکانمان جێنەدەهێشت، تەنیا کاتێ نەبێت کە زۆر پێوست بوو، لە ترسی هەراسانکردنمان لەلایەن تیرۆرستانەوە."

وتی گروپەکە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی خەڵکی ناوچەکەی دەستبەسەردەکرد، زۆرجار تۆمەتباری دەکردن بە خیانەت و سزای دەدان بە زیندانیی یاخود مەرگ.

وتی خەڵکەکە لەژێر ترسی حسبە (پۆلیسی ئاینی)ی داعشدا دەژیان، کە "فەرمانەکانی گروپەکە جێبەجێدەکەن و سزای پێشێلکارەکان دەدەن".

"لە ترس و تۆقینێکی راستەقینەدا دەژیاین،" وتی: "هەر رۆژێكمان وەك ساڵێك لە دۆزەخدا بەسەردەبرد. هەموو رۆژێك دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی پیاو و تەنانەت تەواوی خێزانمان دەبیست."

وتیشی ئەو کەسانەش کە لەسەر دەستی "تیرۆرستەکان" نامرن لەبەر "برسێتی، هەژاری و نەخۆشی" دەمرن، "ئیش، دەرمان یاخود خزمەتگوزاری گشتییمان نەبوو".

هەڵاتن لە چەوسانەوە

29 کانونی یەکەم، ئەبو ماهیر و خێزانەکەی لەگەڵ 100 خێزانی دیکەدا هەڵاتن و پەنایان بردە بەر کەمپی کیلۆ-18 لە خۆرئاوای رەمادی.

وتی هەڵاتنەکە مەترسیداربوو، "بەڵام سوپاس بۆ بەخشندەیی خودا، رێچکەکانی بیابانمان گرت تا گەیشتینە هێزە ئەمنییەکان لە روتبە و رزگارمانبوو".

قایمقامی قائیم فەرحان فیتەیخان بە دیارونای وت لەوەتەی داعش قائیمی گرت لە هاوینی 2014ەوە، نزیکەی 80٪ لە دانیشتوانە 200,000 کەسییەکەی هەڵاتوون.

وتی: "شارەکە لەمڕۆدا خەریکە چۆڵدەبێت لە دانیشتوانی، کە دەچەوسنێدرێنەوە و زۆریان لێدەکرێت ماڵەکانیان جێبهێڵن و هەڵبێن بۆ شارە رزگارکراوەکانی ئەو نزیکانە وەك روتبە بەهۆی توندوتیژیی داعشەوە."

فیتەیخان وتی خێزانەکان خەمی مەترسییەکانی هەڵاتنیان نەبوو چونکە زۆریان چەشتبوو بەدەستی "دڵڕەقیی و تاوانەکانی تیرۆرستانەوە".

"ئەندامانی داعش قائیمیان کردبووە زیندانێکی گەورە،" وتیشی: "کەس لە دەستگیرکردنیان رزگاری نەدەبوو -- تەنانەت پیر، ژن یان منداڵ."

وتی داعش بە خێزانی خەڵکەکەی نەدەوت چی لە دەستبەسەرکراوەکان کردووە، وتیشی کە "داعش سڵ ناکاتەوە لەوەی هەر کەسێك گومانی لێبکات، بیکوژێت."

دزیی و وێرانکاریی

فیتەیخان وتی، "ماڵی ئەو خێزانانەی لەدەستیان هەڵدێن یان دەتەقێنرێنەوە یان دەسوتێندرێن،" و موڵکە تایبەتەکانیان "دەستیان بەسەردا دەگیرێت تا بفرۆشرێن".

یاریدەدەری پارێزگاری ئەنبار تورکی مەحەلاوی بە دیارونای وت کە داعش دەستی بەسەر خانوی خێڵەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکاندا گرتووە، شمەکە تایبەتەکانانیشی فرۆشتووە لەسەر سنور و لە ئەلبو کەمال.

"هەموو شتێکیان دزی و فرۆشتیان؛ راخەر، شمەکی کارەبایی و ئۆتۆمبیل،" وتی: "هەموو شتێ تاڵاندەکەن لە هەر ماڵێكدا کە خاوەنەکەی هەڵبێت."

مەحەلاوی وتی داعش پەیوەندی تەلەفۆنی و خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بڕی لەترسی ئەوەی دانێشتوانەکە بنکە و حەشارگەکانیان ئاشکرا بکەن و لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی عێراق و هاوپەیمانانەوە بە ئامانج بگیرێن.

وتیشی: "ئەو خەڵکەی لەوێ گیریانخواردووە سکاڵا لەدەست کۆنترۆڵی توندی داعش دەکەن بەسەریانەوە چونکە زۆر لەهەموو کەس دەکەن، بەبێ جیاوازیی، کە باج بدەن سەرەڕای دۆخێکی سەختی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاریی."

مەحەلاوی وتی تەنیا لە کانونی یەکەمدا، داعش نزیکەی 300 کەسی لە قائیم دەستبەسەرکرد کە لە سوپا یان هێزی پۆلیسی خۆجێیدا خزمەتیان کردبوو.

وتی: "زنجیرەی تاوانەکانی داعش دژی خەڵکی قائیم و شاری سوریایی ئەلبو کەمال بەردەوامە."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی بە دیارونای وت کە خەڵکی ناوچە سنورییەکان لەنیوان عێراق و سوریادا لە دۆخێکی کارەساتئامێزدا دەژین.

"داعش ئابڵوقەی خەڵکی ئەوێی داوە، دڵڕەقانە و نامرۆییانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات،" وتی: "تاکە چارەسەر بۆ رزگارکردنیان ئازادکردنیان و کۆتاییهێنانە بە کاریگەریی تیرۆرستان."

وتی لە سەرەتای کانونی دووەمدا، هێزەکانی عێراق و خێڵەکییەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان ئەنجامدا بۆ دەستخستنەوەی ناوچە سنورییەکان لە عەنناوە بۆ قائیم .

وتی: "دوایین تیرۆرست لە پارێزگاکەمان دەردەکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500