http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2017/01/23/feature-01

×
×
ئاساییش |

هێزه‌كانی عێراق ده‌ستده‌گرن به‌سه‌رحه‌وزی فوراتی سه‌روودا

خالید تائی

هێزه‌كانی عێراق ده‌چنه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی خۆرئاوای ئه‌نباره‌وه‌ كه‌ به‌مدواییانه‌ رزگاركراون. هێزه‌ هاوبه‌شه‌كان ئۆپه‌راسیۆنێكیان دەستپێکردووە رۆژی 5 كانونی دووه‌م بۆ گرتنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی هێشتا له‌ژێرده‌ستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)دا ماون. [خاوەنی وێنە: وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق]

هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق ده‌ستیانگرتۆته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ی فوراتی سه‌روودا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان شاره‌كانی حه‌دیسه‌ و عه‌ننه‌وه‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار و له‌ده‌ست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان سه‌ندۆته‌وه‌، به‌رپرسان به‌ دیارونایان وت.

هێزه‌كانی عێراق رۆژی 5 كانوونی دووه‌م ده‌ستیانكرد به‌ هێرشێك بۆ گرتنه‌وه‌ی شاره‌كانی ژێرده‌ستی داعش له‌ ناوچه‌ خۆرئاواییه‌كانی نزیك سنووری سوریا .

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی جه‌زیره‌ و بادیه‌، فیرقه‌ی 7 ی سوپا، پۆلیس و جه‌نگاوه‌رانی خێڵه‌ ناوخۆییه‌كان، به‌ پشتیوانیی ئاسمانی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌، ئه‌و شارۆچكانه‌ی كردۆته‌ ئامانج كه‌ له‌وپه‌ڕی خۆرئاوای عێراقن، به‌درێژایی دۆڵی فورات.

فه‌رمانده‌ی جه‌زیره‌ و بادیه‌، لیواروكن قاسم محه‌مه‌دی، وتی دوای رزگاركردنی هیت و كوبه‌یسه‌ ساڵی رابردوو، هه‌روه‌ها ئه‌مینكردنی رێگای حه‌دیسه‌-بێجی له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا، هێزه‌كانی عێراق ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازییان دەستپيکرد بۆ ده‌ستگرتنه‌وه‌ به‌سه‌ر حه‌وزی فوراتی سه‌روودا كه‌ له‌ باكوری خۆرئاوای حه‌دیسه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ تا ده‌وروبه‌ری عه‌ننه‌.

محه‌مه‌دی به‌ دیارونای وت: "ئامانج دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بوو له‌سه‌ر حه‌دیسه‌ و شاره‌ رزگاركراوه‌كانی تر و درێژكردنه‌وه‌ی پێشڕه‌ویی یه‌كه‌كانمان به‌ره‌و قوڵایی ناوچه‌كانی دوژمن و خۆئاماده‌كردن بۆ هێرشێكی گه‌وره‌تر بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی داعش له‌ عه‌ننه‌ و راوه‌ و قائیم و راگه‌یاندنی رزگاریی ته‌واوه‌تیی ئه‌نبار."

فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نبار، لیواروكن ئیسماعیل مه‌حلاوی، وتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ "ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كانی به‌ده‌ستهێنا و داعش چیتر بوونی نیه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا."

وتیشی: "دوو گوندی گرنگمان گرته‌وه‌، سه‌كره‌ و زاویه‌." هه‌روه‌ها وتی 27 ئه‌ندامی داعش له‌ هێرشه‌كه‌دا كوژران، هه‌ندێكیان پشتێنی بۆمبڕێژكراویان له‌خۆیان به‌ستبوو.

وتی هێزه‌كانی عێراق ناوچه‌ رزگاركراوه‌كه گه‌ڕان بۆ هه‌ر حه‌شارگه‌یه‌كی داعش كه‌ مابێته‌وه‌ و هێڵی به‌رگرییان به‌ده‌وردا دانا. هه‌روه‌ها تیمه‌ ئه‌ندازیاریه‌كانیش نزیكه‌ی 300 ته‌قه‌مه‌نییان له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی سه‌كره‌ و زاویه‌ پوچه‌ڵكرده‌وه‌.

مه‌حلاوی وتی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان پلان داده‌نێن بۆ پێشڕه‌وی به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ی هێشتا له‌ژێرده‌ستی تێرۆریستاندان، كه‌ گرنگترینیان قائیمه‌.

وتیشی داعش له‌دوای موسڵ، قائیم به‌ دووه‌م قه‌ڵای گرنگی له‌قه‌ڵه‌مده‌دات له‌ عێراق به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ ستراتیژییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر سنوری سوریا و بوونی سه‌ركرده‌كانی گروپه‌كه‌ و فه‌رمانده‌كان و بنكه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له‌وێ.

خێڵه‌كان وره‌ به‌ هێزه‌كانی عێراق ده‌به‌خشن

مه‌حلاوی وتی: "هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی تێرۆریستان له‌ دواهه‌مین قه‌ڵاكانیان له‌ ئه‌نبار، داخستنی سنور به‌ڕوویاندا، كردنه‌وه‌ی بنكه‌كانی پۆلیس و خاڵه‌كانی پاسه‌وانانی سنوور و چالاككردنه‌وه‌ی ده‌وریه‌ جێگیر و گه‌ڕۆكه‌كانیش."

هه‌روه‌ها ستایشی خێڵه‌كانی كرد بۆ پشتگیرییان له‌ هێزه‌كانی عێراق.

وتی: "به‌شداریكردنی خۆبه‌خشه‌ ناوخۆییه‌كان [له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا] پێشڕه‌وییمانی پته‌وتركردووه‌ و كه‌شێكی ئه‌مینی دابینكردووه‌ بۆ هێزه‌كانمان له‌و ناوچانه‌دا كه‌ رزگاركراون."

ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار، راجع به‌ره‌كات عه‌یفان، به‌ دیارونای وت شه‌ڕی پاككردنه‌وه‌ی حه‌وزی فورات سه‌دان جه‌نگاوه‌ری ناوخۆیی له‌خۆگرتووه‌ له‌ خێڵه‌ جیاجیاكانی خۆرئاوای ئه‌نبار وه‌ك جوغاییفه‌، كه‌رابله‌، عانی، عوبه‌ید و ئه‌لبو مه‌حل.

عه‌یفان وتی: "كاتێك ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد زۆر خه‌ڵك له‌ ره‌مادی و فه‌لوجه‌ داواكارییان پێشكه‌شكرد به‌ حكومه‌ت تا خۆبه‌خشانه‌ به‌شداریبكه‌ن له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا."

وتیشی به‌شداریكردنیان له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا و له‌ راگرتنی ئاسایش له‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا ره‌نگدانه‌وه‌ی "هاوكاریی میللی و یه‌كگرتنه‌ دژی تێرۆریزم".

سه‌رۆك خێڵێك له‌ خۆرئاوای ئه‌نبار، شێخ غازی نافع جوغه‌یفی، وتی: "ئه‌مڕۆ ئه‌ندامانی خێڵه‌كان توانایی و ئه‌زمونی شه‌ڕیان هه‌یه‌ و به‌باشی راهێنراون بۆ به‌رپاكردنی هه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازیی نوێ دژی داعش بۆ كۆتاییهێنان به‌ بوونی له‌ پارێزگاكه‌یاندا."

جوغه‌یفی به‌ دیارونای وت: "شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌ی فوراتی سه‌روو به‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌ ئاستی باڵادا به‌ڕێوه‌چوو له‌نێوان یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كان و خێڵه‌كاندا."

وتیشی: "ئه‌و هاوكاری و پاڵنەرەی هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان پیشانیان دا، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنێكی خێرا و سه‌رتاسه‌ری به‌سه‌ر تێرۆریستاندا."

وتی هێزه‌كانی عێراق هیچ زیانێكی گیانییان لێنه‌كه‌وت له‌ هێرشه‌كه‌دا و وتیشی ئێستا ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا كه‌ شانبه‌شانی روباری فورات و ده‌ریاچه‌كه‌ی به‌نداوی حه‌دیسه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ده‌وروبه‌ری عه‌ننه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha