دانیشتوانی موسڵ كۆمه‌كی هێزه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌شارگه‌كانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه و داموده‌زگا گشتیه‌كاندا، به‌رپرسانی سه‌ربازی و ناوخۆیی به دیارونایان وت.
وتیان له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌م شاره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وادا، گروپه‌كه ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ماڵی خه‌ڵك و بینا حكومیه‌كاندا تا به‌كاریانبهێنێت وه‌ك پێگه‌ی سه‌ربازی و خۆشاردنه‌وه له هێرشه ئاسمانیه‌كان و رێگری له پێشڕه‌ویی هێزه رزگاركه‌ره‌كان.
" تێرۆریسته‌كان بێ دوودڵی هه‌موو شتێكیان كرد بۆ رێگری له پێشڕه‌ویی هێزه‌كانمان و به‌ربه‌ست خستنه به‌رده‌میان ،" فه‌رمانده‌ی باڵای پۆلیسی فیدراڵی، فه‌ریق رائید شاكر جه‌وده‌ت، به دیارونای وت.
جه‌وده‌ت وتی: "یه‌كێك له شێوازه‌كانیان به‌كارهێنانی ماڵی هاوڵاتیان و بینا حكومیه‌كان و داموده‌زگا خزمه‌تگوزاریه‌كان بوو بۆ خۆپاراستن له هێرشه ئاسمانیه‌كان و بۆمبارانهكان، به به‌كارهێنانیان وه‌ك قه‌ڵا و حه‌شارگه بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و دروستكردنی بۆمبی ده‌ستكرد و هێرشكردنه‌سه‌ر هێزه‌كانمان."
وتیشی: "ئه‌مه ئه‌ندازه‌ی بێباكییان پیشانده‌دات به‌رامبه‌ر ژیانی خه‌ڵكی بێگوناه كه كه‌وتوونه‌ته ژێرمه‌ترسییه‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات كه چه‌نده ریاكارن، كه ته‌نها ترسنۆك و دڵڕه‌ق و نامرۆڤانه‌ن."
هه‌روه‌ها وتی هاوكاریی مه‌ده‌نیه‌كان كۆمه‌كی به هێزه رزگاركه‌ره‌كان كردووه به‌سه‌ر ئه‌و ته‌حه‌دایه‌دا زاڵببن و گروپه‌كه تێكبشكێنن له چه‌ندین گه‌ڕه‌كی موسڵدا له كه‌ناری چه‌پی دیجله.
كردنه ئامانجی داعش و پاراستنی ماڵه‌كان
جه‌وده‌ت وتی: "له‌گه‌ڵ هه‌ر پێشڕهوییهكدا هاوڵاتیان زانیارییه‌كی زۆریان پێبه‌خشیین ده‌رباره‌ی مۆڵگه نهێنی و داپۆشراوه‌كانی تێرۆریستان كه له زۆربه‌ی حاڵه‌تدا ماڵ، قوتابخانه، نه‌خۆشخانه، پڕۆژه خزمه‌تگوزاریه‌كان، بینا حكومیه‌كان یان مزگه‌وت بوون."
وتیشی: "دوای وه‌رگرتنی ئه‌و زانیاریانه، هێزه‌كانمان دوای دوژمن ده‌كه‌ون و ده‌یكه‌نه ئامانج،" به‌مه‌ش چه‌كدارانی داعش ناچارده‌كه‌ن بێنه‌ده‌ره‌وه تا بیناكان و داموده‌زگاكان كه بووبوونه حه‌شارگه‌كانیان، له هێرشه ئاسمانیه‌كاندا وێراننهبن.
هه‌روه‌ها وتی: "له‌سایه‌ی ئه‌م هاریكاریهدا توانیمان چه‌ندین بینا و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی ئه‌مین بكه‌ین و بیانپارێزین له كه‌ناری چه‌پی موسڵ."
وتی له‌وانه وێستگه‌ی كاره‌بای سه‌ره‌كی و كۆمه‌ڵگه‌ی ئاشه‌كانی دانه‌وێڵه و وتیشی هێزه‌كانی عێراق پێگه‌كانی داعشیان وێران‌كرد، له‌وانه "بنكه سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌ربازانی خه‌لافه‌ت" له گه‌ڕه‌كی میساق.
جه‌وده‌ت وتی له‌كاتی ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می شه‌ڕه‌كه‌وه بۆ رزگاركردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی موسڵ له رۆخی چه‌پی دیجله له كۆتایی كانونی یه‌كه‌مدا، "1,920 تێرۆریستمان كوشتووه، له‌ناویاندا 27 سه‌ركرده‌ی باڵای ئه‌م رێكخراوه تێرۆریستیه و 63 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراومان تێكشكاندووه كه له‌لایه‌ن خۆكوژانهوه لێدهخوڕدران، له‌پاڵ 78 ئۆتۆمبیلی سه‌ربازیشدا".
وتیشی: "زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ناری چه‌پ، وه‌ك سۆمه‌ر، وه‌حده، عه‌ده‌ن، ئینتیسار، شه‌یما و میساق، كهوتنهژێر كۆنترۆڵی ته‌واوی هێزه‌كانمانه‌وه، كه به‌هه‌مووی نزیكه‌ی 64 كیلۆمه‌تری دووجا ده‌بێت."
دانیشتوان پشتگیریی هێزه ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ن
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، نوره‌دین قه‌بلان، وتی: "پشتگیریكردنی دانیشتوانی موسڵ له هێزه سه‌ربازیه‌كانیان هه‌موو هه‌وڵه‌كانی چه‌كدارانی پوچه‌ڵكرده‌وه بۆ سودوه‌رگرتن له بارودۆخی ئاڵۆزی شه‌ڕه‌كه."
قه‌بلان به دیارونای وت: "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه، دوژمن هه‌وڵیدا خۆی بپارێزێت به به‌كارهێنانی دانیشتوان [وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی] و خۆی له بینا مه‌ده‌نیه‌كاندا حه‌شار دا."
وتیشی گروپه‌كه ئه‌و بینایانه‌ی به‌كارهێنا وه‌ك بنكه‌یه‌ك تا لێوه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌نجامبدات و خۆی له بۆمباران و هێرشه ئاسمانیه‌كانی عێراق و هاوپه‌یمانان بپارێزێت.
وتی: "به‌ڵام ته‌بایی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ هێزه رزگاركهرهكانیان و دابینكردنی زانیاریی هه‌واڵگری بۆیان ده‌رباره‌ی جێگاكانی تێرۆریستان و جموجوڵه‌كانیان، دوژمنی ناچاركرد حه‌شارگه‌كانی بگۆڕێت."
هه‌روه‌ها وتی چه‌كدارانی داعش راودهكران به "ئۆپه‌راسیۆنی دانسقه‌ی زه‌مینی و ئاسمانی كه تێیاندا ته‌كنیكه‌كانی چاودێری و پشكنین به‌كارده‌هاتن، له‌پاڵ فڕۆكه كۆنترۆڵكراوه‌كان و بۆردومانكهرهكاندا".
وتیشی "ئه‌زمون و ویستی" هێزه رزگاركهرهكانیش هۆیه‌كی تری سه‌رنه‌كه‌وتوویی پلانه‌كانی داعش بوو بۆ به‌كارهێنانی قه‌ره‌باڵغیی شاره‌كه و بینا مه‌ده‌نیه‌كان له‌سودی خۆی.
سه‌لامه‌تیی مه‌ده‌نیه‌كان پێش هه‌موو شتێك دێت
ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌یدۆ حسێن تاتانی، به دیارونای وت دواكه‌وتنی رزگاركردنی موسڵ نیشانه‌ی به‌هێزیی داعش نیه، به‌ڵكو ئه‌وه پیشانده‌دات كه هێزه ئه‌منیه‌كان پاراستنی سه‌لامه‌تیی مه‌ده‌نیه‌كان پێش هه‌موو شتێك ده‌خه‌ن.
تاتانی وتی ئه‌وه ویست و خواستی ئه‌وانه بۆ پاراستنی ژیانی مه‌ده‌نیه‌كان و ژێرخانی شاره‌كه كه بووه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م كۆتاییهێنانی خێرای شه‌ڕه‌كه‌دا.
وتیشی: "چه‌كداره‌كان هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌ن شه‌ڕه‌كه ئاڵوز بكه‌ن له‌ڕێی خۆشاردنه‌وه له ماڵ و قوتابخانه و بینا گشتیه‌كاندا، چونكه ده‌زانن هێزه‌كانمان نایانكه‌نه ئامانج به چه‌كی قورس و له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه بۆردومان ناكرێن كه هه‌وڵی خۆلادان ده‌ده‌ن له كردنه قوربانیی مه‌ده‌نیه بێتاوانه‌كان."
هه‌روه‌ها وتی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌م شێوازه ناشرینه‌ی تێرۆریستان، هێزه‌كانمان، به كۆمه‌كی دانیشتوان، پێشڕه‌وییه‌كی باش به‌ده‌ستدێنن له مه‌یداندا و هه‌رچی زیاتر گه‌ڕه‌ك و داموده‌زگا حكومیه‌كان له چنگیان ده‌رده‌هێنن."