هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خەڵکی نەینەوا یارمەتی پۆلیس دەدەن بۆ پاراستنی ئاسایش

خالید تائی

پۆلیسە عێراقییەکانی نەینەوا بەشداری گەڕێکی راهێنان دەکەن لە 9 ئازاری 2016 دا لە بنکەی سەربازیی سپایکەر، پێش ئەوەی پەیوەندی بکەن بە ئۆپەراسیۆنێکەوە بۆ دەرکردنی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'. [ئەحمەد روبەیعی/ ئاژانسی فرانس پرێس]

پۆلیسە عێراقییەکانی نەینەوا بەشداری گەڕێکی راهێنان دەکەن لە 9 ئازاری 2016 دا لە بنکەی سەربازیی سپایکەر، پێش ئەوەی پەیوەندی بکەن بە ئۆپەراسیۆنێکەوە بۆ دەرکردنی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'. [ئەحمەد روبەیعی/ ئاژانسی فرانس پرێس]

حکومەتی عێراق دەرگای کردۆتەوە بۆ خەڵکی نەینەوا کە دەیانەوێت خۆبەخشانە خزمەتبکەن بۆ پاراستنی ئاسایش لەو بەشانەی پارێزگاکە کە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکراون.

بەرپرسان بە دیارونایان وت لە 17 تشرینی یەکەمەوە، کاتێك ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ دەستیپێکرد، زیاد لە 3,000 خۆبەخش پەیوەندیان کردووە بە هێزی پۆلیسی نەینەواوە.

دانیشتووی گەیارە عومەر جبوری وتی: "بووم بە خۆبەخش تا بەرگریی لە خەڵکی خۆمان بکەم و رێ بە ئەندامانی داعش نەدەم بگەڕێنەوە و تاوانەکانیان دژی ئێمە دووبارە بکەنەوە."

"تیرۆرستان مەرگ و وێرانکارییان لەگشت کونجێکی ئەم ناوچەیەدا بڵاوکردەوە، زۆریان ناچار بە هەڵاتن کرد، بوونە هۆی تراژیدیای بێکۆتاییش،" بە دیارونای وت، "بەڕاستی هیوایەکی زۆرم هەیە بە بڵاوبوونەوەی ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەم تا بیبینم خۆشگوزەران ببێت."

ئەندامانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق بەردەوامن لە پێشڕەوییان بۆ ئازادکردنی ناوچەی نوێ لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵیی عێراق]

ئەندامانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق بەردەوامن لە پێشڕەوییان بۆ ئازادکردنی ناوچەی نوێ لە موسڵ. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵیی عێراق]

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا شوبەیب سەبعاوی بە دیارونای وت تائێستا زیاد لە 3,000 خۆبەخش لە ناوچە رزگارکراوەکانی نەینەواوە پەیوەندییان کردووە بە هێزی پۆلیسی خۆجێییەوە.

وتی: "ئەوان نوێنەرایەتیی یەکەم گروپی خۆبەخشان دەکەن، چونکە حکومەت پلانی هەیە پێشوازیی لە خۆبەخشی زیاتر بکات لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردندا."

وتیشی ئامانجەکە ئەوەیە قەبارەی هێزی پۆلیسی نەینەوا زیادبکرێت لە 12,000 ەوە بۆ زیاتر لە 30,000 کەس، "بۆ دڵنیابوون لە کاراییان لە ئه‌نجامدانی ئەرکە ئەمنییەکانیان بەشێوەیەکی دروست".

تاقیکردنەوەی خۆبەخشان

سەبعاوی وتی حکومەت لیژنەیەکی ئاسایشی راسپاردووە بۆ پشکنینی خۆبەخشان، بە ئاماژەکردن بەوەی لیژنەکە دوو ئۆفیسی کردۆتەوە، لە قەزاکانی گەیارە و حەمدانیە لە باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ.

وتی ئەندامانی لیژنە "لەئێستادا سەردانی مەیدانی ئەنجامدەدەن بۆ قەزاکانی دیکەی پارێزگاکە، وەك شەنگال و زومار، لەگەڵ کەمپی ئاوارەکان، بۆ ناونوسکردنی ئەوانەی حەز بە کاری خۆبەخشیی دەکەن".

وتی خۆبەخشان راهێنانی چڕوپڕ دەکەن بۆ زیادکردنی ئامادەگیی جەستەیی، کارایی لە بەکارهێنانی چەك و کارامەیی جۆراوجۆری شەڕدا.

سەبعاوی جەختی لە گرنگیی بەشداریپێکردنی پێکهاتەکانی گەلی عێراق کردەوە لە پاراستنی ناوچەکانیاندا، بە ئاماژەکردن بەوەی هەوڵی زیاتر دراوە بۆ راهێنان و چەکدارکردنی هێزە خێڵەکییەکانی نەینەوا .

وتەبێژی حەشدی خێڵەکیی نەینەوا مەحمود سورچی وتی: "خەڵکی ناوچەکە گەورەترین رۆڵیان دەبێت لە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکانیاندا."

وتی بەشداری ئەوان "رەگەزێکی گرنگ دەبێت لە هەر ستراتیژێکی ئەمنییدا" بۆ پاراستنی ئاسایش و هاندانی خەڵك بۆ پێکەوە کارکردن لە ناوچەکانیاندا و سڕینەوەی رەگەکانی تیرۆریزم.

سورچی وتی "پێویستە ژمارەی هێزی پۆلیسی خۆجێی زیادبکرێت و ئەندامی خێڵەکیی زیاتر بکرێت،" وتیشی لەئێستادا لانیکەم 6,000 خۆبەخشی خێڵەکیی شانبەشانی هێزەکانی سوپا و پۆلیس شەڕدەکەن بۆ ئازادکردنی موسڵ.

وتی "8,000 کەسی [تر] ئامادەن بۆ خۆبەخشیی و چاوەڕواندەکەن بەفەرمی وەك چەکداری خۆجێیی تۆماربکرێن".

وتیشی: "نەینەوا دووەم گەورەترین پارێزگای عێراقە بە رووبه‌ری 25,000 کیلۆمەتری چوارگۆشە، کە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لەهێز هەیە بۆ پاراستنی."

گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریی

ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاریی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین ئەببار وتی دۆخی ئاسایش لە بەشە رزگارکراوەکانی موسڵ ئارامە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی سوپا، پۆلیس و خێڵەکییەوە.

بە دیارونای وت: "دەربارەی هەوڵەکانی گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییش، بەردەوامین لەوەی شەو و رۆژ کاربکەین بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتیی بۆ دانیشتوان، بەتایبەت دوای پاککردنەوە ناوچەکان لە تەقەمەنیی و پاشماوەی داعش."

وتی بە هاوکاری وەزارەتی بازرگانی، حکومەتی خۆجێی خۆراکی گەیاندووە بە زیاتر لە 20,000 خێزان لە بەشە رزگارکراوەکانی موسڵ، کەلوپەلی پێویستی بۆ دابینکردوون لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە.

ئەببار وتی: "حەوت سەنتەری تەندروستییش کرابوونەوە لە گەڕەکەکانی گۆگجەلی، سەماح، زەهرا، قاهیرە، ئینتیسار، نور و بەکر لە نیوەی خۆرهەڵاتی موسڵ."

وتی هاوکات، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی نەینەوا هێڵە سەرەکییەکانی ئاوی خواردنەوەیان چاککردۆتەوە کە دەچنە گەڕەکەکانەوە، کاریش بەردەوامە بۆ چاککردنەوەی محەویلە و وایەر و ستونی کارەبایی.

وتی: "ژیان پلە بەپلە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە رزگارکراوەکانی موسڵ و خەڵکیش دڵخۆشن لە تیرۆریزم رزگاریان بووە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

بە ویستی خودا، سەرکەوتن بۆ هێزە قارەمانەکانمان دەبێت. پاراستن و ئاشتی بۆ وڵاتەکەم!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌