هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

هێزەکانی عێراق لەکاتی پێشڕەوییاندا لە موسڵ چەندین خێزان رزگاردەکەن

خالید تائی

کچێکی عێراقی لە پارێزگای نەینەوا ئاماژەی سەرکەوتن دەکات دوای ئەوەی شارەکەی لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' رزگارکرا. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی دژە-تیرۆر]

کچێکی عێراقی لە پارێزگای نەینەوا ئاماژەی سەرکەوتن دەکات دوای ئەوەی شارەکەی لەدەستی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' رزگارکرا. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی دژە-تیرۆر]

چەند ئەندامێكی باش راهێنراوی هێزە عێراقیەکان رێگری لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دەکەن لە بەکارهێنانی خەڵکی موسڵ وەك قەڵغانی مرۆیی بە رزگارکردنی ئەو خێزانانەی گروپەکە بە بارمتە گرتوونی.

لە رووداوێکی ئەمدواییانەی گەڕەکی تەئمیمدا لە خۆرهەڵات، سەربازەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵێك بۆ گواستنەوەی خێزانێکی حەوت کەسی کە لەلایەن داعشەوە بە بارمتە گیرابوون.

بەڕێوبەری خێزانەکە "ئەبو شاکر"، کە داوایکرد ناوی راستەقینەی بەکارنەهێنرێت، بە دیارونای وت دوو ئەندامی داعش لە بەیانیی 12 کانونی یەکەمدا هاتوونەتە ماڵەکەیەوە.

وتی: "دوو تیرۆرستی داعش هاتنە ماڵەکەمەوە و هەوڵیاندا وەك قەڵغانی مرۆیی بەکارمانبهێنن پێش ئەوەی سەربانی ماڵەکەمان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان."

وتی: "ئێمەیان لە یەکێك لە ژوورەکاندا راگرت. لەبەر خێزانەکەم زۆر دەترسام و هەوڵمدا ئارامیان بکەمەوە."

وتی: "کاتێك رۆژبۆوە، تەقە کەمبۆوە و دەنگەکە دوورکەوتەوە. لەپڕێکدا، گوێمان لێبوو کەسێك لە ماڵەوە بانگیدەکرد، 'کەس لێرەیە؟ ئێمە براکانتانین لە ئاژانسی دژە-تیرۆر، تیرۆرستەکانمان کوشتووە'."

ئەبو شەکەر وتی: "کاتێك گوێمان لێبوو، هاوارمانکرد یارمەتیمان بدەن و سەربازەکان دەرگای ژوورەکەیان شکاند و ئێمەیان رزگارکرد."

وتی: "پێمانوانەبوو رزگارمان ببێت. سوپاس بۆ خوا و سوپاس بۆ هێزەکانمان بۆ ئازایەتییان."

ستراتیژی ترسنۆکەکان

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، عەمید تەحسین ئیبراهیم، وتی خۆشاردنەوە لەپشت خێزانەکانەوە بەڵگەی ترسنۆکی و ئاستنزمیی داعشە.

ناوبراو بە دیارونای وت: "تیرۆرستان هیچ ئایین و هاوسۆزییەکیان نیە. تاکە ئایدۆلۆژیایەکیان کوشتنە و هیچ شتێکی دیکە نیە کوشتن نەبێت."

وتی: "دەزانن کە هێزەکانمان رێز لە یاساکانی شەڕ دەگرن و پابەندن بە پاراستنی مەدەنییەکانه‌وه‌ بەگوێرەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و باوەڕیان بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ کە لە یاسا نێودەوڵەتیەکاندا باسکراون."

ئیبراهیم وتی داعش زیاد لە جارێك هەوڵیداوە هێزەکانی عێراق بخاتە شەڕەوە لەو ناوچانەدا کە دانیشتوانی چڕە، تا پێشڕەوییان خاوبکاتەوە.

وتی: "داعش سڵ لەوە ناکاتەوە توندترین هێرشی خۆکوژی ئەنجامبدات لە ناوەندی گەڕەکەکاندا، نیشانگر لەسەر ماڵەکان دابنێت، ماڵەکانیش بتەقێنێتەوە، بێ ئەوەی گوێبداتە ئەوەی خێزانیان تێدایە یاخود نا."

وتی: "هێزە رزگارکەرەکان چاودێریی هەموو میتۆدەکانی داعش دەکەن و هەوڵدەدەن خەڵکی لەو مەترسییانە بپارێزن و ببنە بەربەست بۆ هەوڵەکانی گروپەکە بۆ سەر هێرشکردنە سەر خەڵکی و خۆشاردنەوە لەپشتییانەوە."

وتیشی: "سەربازەکانمان ئەزمونێکی گەورەیان لە شەڕی نێو شاردا پەیداکردووە، له‌ رزگارکردنی بارمتە و ئەو کەسانەی بەزۆر هێڵراونەتەوە و رێنماییکردنی خەڵك لە ناوچەی جەنگ بۆ راڕەوه‌كانی سەلامەتی و ناوچە ئارامه‌كان."

وتی هەموو رۆژێك هێزە عێراقیەکان چەندین خێزان رزگاردەکەن و شکست بە تیرۆریستان دەهێنن، "شکست لەدوای شکست دەکەنە بەشیان".

پێشڕەویی سەربازی بەردەوامە

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی، بە دیارونای وت کارەکانی هێزە عێراقیەکان بۆ دابینکردنی سەلامەتی خەڵك و رزگارکردنی ئەو کەسانەی گیریانخواردووە وردەکاری و کارامەیی زۆری تێدایە.

وتی: "تیرۆرستەکان گوێ بە ژیانی خەڵکی نادەن لە ناوچەی شەڕ و بە دڕندانە و توندوتیژانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. چوونەتە ماڵانەوە و زۆریان لە خێزانەکان کردووە لەسەر شەقام و لەنێو کۆڵانەکاندا بمێننەوە تا هێرشەکان لەدژیان کەمببێتەوە لەسەر زەمین و لە ئاسمانەوە."

وتی سەرەڕای ئەوەش، "داعش رێنمایی ئەندامانی کردووە تا خەڵکی گەڕەکە تازە رزگارکراوەکان بکەنە ئامانج لە تۆڵەی پاڵپشتی و پێشوازییان لە هێزە ئەمنییەکانیان".

وتی گروپەکە لەناو شارەکەدا چەندین هێرشی خۆکوژیی ئەنجامداوە و تۆپبارانی هەڕەمەکیانەی کردووە.

حەدیدی وتی بەڵام بەهەموو ئاراستەکاندا پێشڕەویی سەربازی بەردەوامە.

وتی لەکاتی قۆناغی دووەمی "ئێمە وا دێین، نەینەوا"دا، کە 29 کانونی یەکەم دەستیپێکرد، هێزە رزگارکەرەکان توانییان بەر بەو تۆپبارانە بگرن کە خەڵکی کردبووە ئامانج و هه‌روه‌ها به‌ دزەکردنی داعشیش".

تا ئێستا هێزەکانی عێراق توانیویانە کۆنترۆڵی زۆربەی گەڕەکەکانی لای چەپی موسڵ بکەن ، دواهه‌مینیان سۆمەر و ساحیرون بوون.

پاراستنی ژیانی مەدەنیەکان

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، شێخ بنیان جەبرا، وتی: "بوونی سەدان هەزار مەدەنی کە لە موسڵ گیریانخواردووە گەورەترین تەحەدایە لە شەڕی رزگارکردنەوەی شارەکەدا."

جه‌برا بە دیارونای وت: "لە رۆژی یەکەمی شەڕەکەوە، داعش کارتی دانیشتوانی بەکارهێناوە بۆ دواخستنی کۆتایی خۆی و بەزۆر مەدەنیەکان دەهێڵێتەوە و خۆی لەپشتیانەوە دەشارێتەوە."

وتی گروپەکە هێرشی کردۆتەسەر مەدەنیەکان لە ئۆپەراسیۆنە خۆکوژیەکاندا، بۆمبی دەستکردی تەقاندۆتەوە لەکاتی تێپەڕینیاندا، یان ماڵەکانیانی بۆمبڕێژکردووە.

وتیشی: "هێزە ئەمنیەکان وریابوون لە پێشڕەوییاندا و لە ئۆپەراسیۆنە كارامه‌ و دلێرەکانیاندا بە سەدان خێزانیان رزگارکردووە کە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر کرابوون."

وتیشی سەرەڕای ئەم تەحەدایانە، هێزەکانی عێراق توانیویانە پێشڕەوییەکی ئاسایی بکەن.

وتی هێزەکانی عێراق لە ئێستادا شەڕدەکەن بۆ پتەوکردنی ئاسایش لە ناوچە رزگارکراوەکاندا و كارئاسانیكردن بۆ ده‌زگا حکومی و مرۆییەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکەکە، "داعش هەموو شتێك دەدۆڕێنێت و سەرکەوتنیش لە ئاسۆدایە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500