فیچەرەکان

دوای شکستی دابیق، داعش 'رومیە' دەردەکات


وێنەیەکی نەخوازراو لە یەکێك لەو بابەتانەی لە دوایین گۆڤاری پروپاگەندەی داعش 'رومیە'دا بڵاوکراوەتەوە، باوکێك نیشاندەدات کە کوڕەکەی فێردەکات چۆن چەك بەدەستەوە بگرێت. منداڵانی ناوچەکانی ژێردەستی داعش مێشکیان دەشۆرێتەوە تا ببنە نەوەی داهاتووی چەکدار.

وێنەیەکی نەخوازراو لە یەکێك لەو بابەتانەی لە دوایین گۆڤاری پروپاگەندەی داعش 'رومیە'دا بڵاوکراوەتەوە، باوکێك نیشاندەدات کە کوڕەکەی فێردەکات چۆن چەك بەدەستەوە بگرێت. منداڵانی ناوچەکانی ژێردەستی داعش مێشکیان دەشۆرێتەوە تا ببنە نەوەی داهاتووی چەکدار.

  • كۆمێنت 1
  • ئه‌م بابه‌ته‌ پرینت بكه‌
  • زیادكردن كه‌مكردن

دوای لەدەستدانی شارۆچکەی پڕ دەلالەتی دابیق، کە ناوی گۆڤارێکی بریقەداری [گروپەکە]ش بوو، ماشێنی رۆژنامەوانیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) خێرا گۆڤارێکی دیکەی دەرکرد به‌ناونیشانی "رومیە".

پسپۆڕان بە دیارونا دەڵێن گۆڤارە نوێیەکە پێدەچێت شوێنی "دابیق" بگرێتەوە، کە کتوپڕ لەدوای شکستیانەوە راگیرا، بەبێ روونکردنەوە.

وتیان له‌كاتێكدا گروپەکە شكستده‌هێنێت لە سوریا و عێراق، هەوڵدەدات لەسەر پێوەرێکی جیهانی بانگەشە بۆخۆی بکات لەڕێگەی گۆڤاره‌ نوێكه‌یه‌وه‌، "رومیە"، کە ناوی عەرەبیی مێژوویی [شاری] رۆمایە.

وتیان گۆڤارەکە هەوڵدەدات ببێتە "رەمزێکی نوێ بۆ ئەندامە ئەوروپیەکانی داعش"، بە چەندین زمانیش بڵاوکراوەتەوە، لەنێویاندا ئینگلیزی، عەرەبی، فەرەنسی، تورکی، ئەڵمانی، پەشتو، تورکستانی و ئەندەنوسی.

سەرەڕای گۆڕینی ناو و زیادکردنی زمانە نوێیەکان، ناوەرۆکەکەی وەك خۆی ماوەتەوە، به‌ڵام به‌دیاریكردنی تەفسیری داعش بۆ شەریعە، به‌رده‌وامیده‌دات به‌ گەشەپێدانی ئەفسانەی "خەلافەت"ەکەی و فووتێکردنی دەستکەوتەکانی چەکدارانی.

کەمبایەخکردنی شکستی دابیق

دوای ئه‌وه‌ی دابیق کەوتە دەستی هێزە رزگارکەرەکان ، "داعش کەوتە خۆی تا خۆی لە بەڵای دابیق رزگاربکات بە دەرکردنی گۆڤارێکی نوێ بە ناوێکی نوێوە،" بەڕێوەبەری بەشی نوێی رۆژنامەوانی لە سەنتەری ئیبن وەلید و توێژینەوەی مەیدانی میسریی، مازن زەکی، وتی.

زه‌كی بە دیارونای وت گروپەکە ویستی چەکداران و پشتیوانانی بەخێرایی شکستیان لە دابیق بیربچێتەوە، کە پێشتر بە توندی بانگەشەی بۆ دەکرد بەهۆی گرنگیی ستراتیژی و ئایینیی ئەو شارۆچکە باکورییەوە.

وتی هەربۆیەش ئامانجی گۆڤارە نوێیەکە ئەوەیە "پروپاگەندەی رۆژنامەوانی ببوژێنێتەوە و هەوڵبدات ورە بەرزبکاتەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا گروپەکە زه‌بری ئازاربەخشی بەردەکەوێت لە سوریا و عێراقدا".

زەکی وتی "رومیە" هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی بایەخی شکستی دابیق لەڕێگەی قسەی چەکدارانیەوە کە دەوترێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و داوای "تۆڵەکردنەوە دژی خۆرئاوای کافر" دەکەن.

وتی گۆڤارەکە پڕە لە بابەتی پەیوەست بە شەریعەوە، لەگەڵ بابەتی نوێ لە چەندین ناوچەوە کە لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکراون و بە "دەوڵەت" ناویاندەبات.

وتی یەکەمین ژمارە وێنەیەکی "وەزیری هەواڵگریی" داعش ئەبو محەمەد عەدنانی تێدابوو کە لە ئابدا لە سوریا کوژرا، لەگەڵ "لیستێکی درێژ لە ڤیدیۆ کە دەستکەوتی ئەو کەسانە پیشاندەدات کە گۆڤارەکە بە موجاهیدین ناوزەدیان دەکات".

هەروەها چاوپێکەوتنێکیشی تێدابوو لەگەڵ بەرپرسی دیوانی شه‌كوا (نوسینگه‌ی سکاڵا)ی داعش، کە بانگەشەی ئەوە دەکات داعش گرنگی بە هەموو ئەو سکاڵایانە دەدات کە پێیدەگات، "لەنێویاندا ئەوانەی کە لەلایەن مەدەنی و زیندانیەکانەوە دەنێردرێن".

زەکی وتیشی: "ئامانجەکە ئەوەیە ئەو وێنایە ببەخشێت کە بەناو دەوڵەتەکەی دادوەری دابیندەکات لە ناوچەکەی ژێرده‌ستیدا."

پروپاگەندەی زۆر بڵاوکراوە

پرۆفیسۆری میدیا لە زانکۆی قاهیرە، حەسەن عەفیفی، وتی گۆڤارە نوێیەکەی داعش لەلایەن سەنتەری میدیایی حەیاتەوە دەردەکرێت، کە گۆڤاری دیکەش دەردەکات، لەنێویاندا دابیق، دارولئیسلام و قوستەنتینیە (بە زمانی تورکی) و رۆژنامەی نەبەع.

عه‌فیفی بە دیارونای وت: "تێبینی ئەوە دەکرێت گۆڤارەکان به‌ شێوازێکی هونه‌ری بەرهەمده‌هێنرێن و کوالیتیان پیشەوەرانەیە" و بەشێوەیەك دیزاین کراون کە ئایدۆلۆژیای گروپەکە پەرەپێبدەن و خەڵکی رابکێشن.

عەفیفی وتی گۆڤارەکان بەشێوازی پی دی ئێف (PDF) بڵاودەکرێنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانی لەچاپبدرێن و دابەشبکرێن لەو شوێنانەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت سنووردارە، بڵاوکەرەوەکانیش هەوڵدەدەن "بە زۆرترین ژمارەی مەدەنییەکانی بگەیەنن".

وتی "رومیە" لە بڵاوکراوەکانی دیکەی داعش ناچێت لەوەدا کە لانیکەم بە هەشت زمان بڵاودەکرێتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ گۆڤارەکە بەزۆری پشت بە "سەرنجڕاکێشانی وێنەیی دەبەستێت لەڕێی بەکارهێنانی رەنگەکان و تەکنیکی بەرهەمهێنان و ئەو شێوازەی ناونیشانەکانی پێ زەقدەکاتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی ناوی سەرکردە و ئەمیرەکانی لەخۆگرتووە".

پسپۆڕی گروپە تیرۆرستییەکان، لیوا یەحیا محەمەد عەلی، کە ئەفسەرێکی سەربازیی میسریی خانەنشینە، وتی لەڕێگەی چەندین كه‌ناڵی میدیاییەوە، لەنێویاندا "رومیە"، داعش دژایەتی خۆرئاواییەکانی وروژاندووە، بە پاساوی "کافر"بوونیان.

ناوبراو بە دیارونای وت ئەم گوتارە ئاراستەی "ئەندامە نهێنییەکانی دەکرێت کە هێرشی تاکتاك ئەنجامدەدەن"، بە ئاماژەکردن بەوەی ئەو کەسانەی هێرشی تیرۆرستی ئەنجامدەدەن زۆرجار وەك بەشێك لە پەیکەربەندییەکی هێشوویی کاردەکەن، بەڵام سەرکردەی پەیکەربەندییەکە ناناسن.

وتی ئەو گروپە دڵنیایە لەوەی "ئەندامە نهێنییەکان"ی گۆڤارەکە دەخوێننەوە، لەکاتێکدا بۆ ئەوانەی داعش نین، ئامانجەکەی "بڵاوکردنەوەی ترسە لە نێو خەڵكدا و دروستکردنی ململانێی ناوخۆییە لەو وڵاتانەی بەشداری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن".

ئایدۆلۆژیایەکی بەردەوام گۆڕاو

شێخ راجیح سەبری لە وەزارەتی ئەوقافی ئاینی وتی ئەو ئایدۆلۆژیایەی داعش پەرەیپێدەدات و خۆی پێوە گیردەکات هەڵگەڕانەوەیە لە ئیسلام، "کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی ترسە لە دڵی کەسانی لاواز و راکێشانی عەقڵ-لاوازەکانە بۆ شەڕکردن لە ریزەکانیدا".

سه‌بری بە دیارونای وت: "وادیارە دوای هەر تووشبونێکی بە شکست، داعش بیرۆکەکانی خۆی دەگۆڕێت. بۆنمونە شکستی تەواوی پڕمانای دابیقمان بینی بە کەوتنی دابیق."

وتی گروپەکە بەتوندی بانگەشەی بۆ دابیق دەکرد وەك بەشێکی گرنگ لە شەڕێك کە کۆتایی بە جیهان دەهێنێت، بەڵام ئێستا تەرکیزی خستۆتە سەر بڵاوکردنەوەی چەمکی "رومیە"، ناوی عەرەبیی شاری رۆما.

وتیشی: "ئەگەری ئەوە هەیە کە چەمکەکە ببەسترێتەوە بە ناوەرۆکی گۆڤارەکەوە، کە بانگەوازی کوشتنی ئەو کەسانە دەکات لە وڵاتانی خۆرئاوادا کە بە کافر ناویاندەبات."

كۆمێنت دابنێ (رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین) * مانای ئەوەیە ئەم خانەیە دەبێت پڕبکرێتەوە

* مانای ئەوەیە ئەم خانەیە دەبێت پڕبکرێتەوە

Test
  • كۆمێنتی خوێنه‌ران

    المحقق

    2017-1-13

    هه‌ركه‌سێك كه‌مێك زانیاریی هه‌بێت ده‌رباره‌ی باوه‌ڕ و تموحه‌كانی سه‌ركرده‌كانی شۆڕشی ئیسلامی (بەڵی ئیسلامی نه‌ك شیعه‌) له‌ ئێران و ئه‌و قوربانیانه‌ی داویانه‌ له‌و پێناوه‌دا، تێده‌گات كه‌ ئێران خولیای ئیمپراتۆریه‌تی نیه‌؛ ته‌نها ده‌یه‌وێت كۆمه‌كی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكات كه‌ ناحه‌قییان به‌رامبه‌ر كراوه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ لوتبه‌رزه‌كانی ئه‌م دنیایه‌وه‌. به‌هه‌رحاڵ، كێ شه‌ڕی له‌ یه‌مه‌ن هه‌ڵگیرساند؟ بۆ هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ سعودیه‌ بوو، دوژمنێكی ئێران كه‌ بێگومان نایه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دوژمنه‌كه‌ی بپارێزێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا، ئه‌گه‌ر ئێران كۆمه‌كی ئه‌و لایه‌نه‌ بكات كه‌ ناحه‌قیی به‌رامبه‌ر كراوه‌ له‌م شه‌ڕه‌ سه‌پێنراوه‌دا، كه‌ خه‌ڵكی یه‌مه‌نه‌، ئایا ده‌بێته‌ دوژمنی خه‌ڵكی یه‌مه‌ن؟! بێگومان نه‌خێر.