هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئەنبار ئەندامانی پێشووی پۆلیس دادەمەزرێنێتەوە

خالید تائی

ئەندامانی پێشووی پۆلیس لە ئەنبار ریزیان بەستووە بۆ خۆتۆمارکردن، دوای ئەو بەخشینەی کە وادەکات ئەو پۆلیسانەی ئیشەکەیان جێهێشتووە بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکەیان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنبار]

ئەندامانی پێشووی پۆلیس لە ئەنبار ریزیان بەستووە بۆ خۆتۆمارکردن، دوای ئەو بەخشینەی کە وادەکات ئەو پۆلیسانەی ئیشەکەیان جێهێشتووە بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکەیان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەنبار]

لەناو بنکەی سەربازیی حەبانیە، خۆرهەڵاتی رەمادی، پۆلیسی پێشوو، مستەفا دلێمی، لەگەڵ سەدان ئەندامی پێشووی ئاسایش چاوەڕوانن بۆ تەواوکردنی کارەکانیان و گەڕانەوە بۆ ناو ریزەکانی پۆلیس.

دوای ئەو بەخشینەی فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار لە 27 کانونی یەکەم بڵاویکردەوە، بە هەزاران پۆلیس کە پێشتر خزمەتیان جێهێشتبوو دوای ئەوەی پارێزگاکە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە گیرا، داوا تۆماردەکەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەرکەکانیان.

دلێمی بە دیارونای وت بڕیارەکە "سەرچاوەی ژیان"ە بۆ خۆی و خێزانەکەی.

"سوپاس بۆ خودا، ئەم هەنگاوە دڵخۆشیی خستە دڵمەوە، دوای ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی زۆر." وتی: "دوای ئەوەی وازم لە ئیشەکەم هێنا و موچەکەم راگیرا، لەگەڵ خێزانه‌كه‌م لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژیاین."

"ئێمە ئاوارە و بێ ئیش بووین." وتی: "ناچاربووم هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانم بفرۆشم کە هەمبوو بۆئەوەی بتوانم بژێوی خۆمان دابینبکەم."

لیوا ئەیاد ئەحمەد حەمید، سەرۆکی ئەو لیژنەیەی بەرپرسە لە گەڕاندنەوەی ئەندامانی فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار بۆ سەر خزمەت، وتی بەخشینەکە بەگوێرەی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەنبار لیوا هادی کەسار ئەرزیجی بووە.

بە دیارونای وت: "ئەمە هەموو ستافی پیشووی پۆلیسی ئەنبار دەگرێتەوە کە لە 1ی کانونی دووەمی 2014ەوە وازیان هێنابێت، موچەیان وه‌رنه‌گرتبێت و بە نائامادە لەقەڵەمدرابن لە کارەکەیاندا."

حەمید وتی دەستبەجێ دوای ئەوەی بڕیارەکە راگەیەندرا، لیژنەکە پێکهێنرا، لەژێر سەرکردایەتی خۆیدا، کە ناوی ئەو کەسانە تۆماردەکات کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە و زانیارییەکان لە داتابەیسی فەرماندەیی پۆلیس پشتڕاستدەکاتەوە.

وتی دوای ئەوەی ئەو پرۆسەیە کۆتایی پێهات، رێیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی

حەمید وتی: "پرۆسەی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بەشێوەیەکی باش دەڕوات."

وتیشی: "لیژنەکە و هێزەکانی ئاسایش لە بنکەی حەبانیە بەتەواوی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێدەکەن، بۆ ئەوەی یارمەتی ستافێکی کارای پۆلیس بدەن بەخێرایی بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان و لەگەڵ براکانیاندا بەشداری جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بكه‌ن لە هەموو شارەکانی ئەنبارد."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئەسال فەهداوی بە دیارونای وتی بڕیارەکە دوای چەندین راوێژ و کۆبوونەوە هات کە ئەنجومەنی پارێزگا لەگەڵ فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار و بەرپرسانی حکومەت ئەنجامیاندا.

وتی: "ئێمە لە چەندین بۆنەدا داوامانکرد ئەم هەنگاوە بەخێرایی بنرێت، چونکە زۆر پێویستبوو بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی و حوکمی یاسا لە پارێزگاکەدا."

فەهداوی وتی بەخشینەکە ئاماژەیە بەوەی پارێزگاکە پشتی توێژێكی فراوانی خەڵکی ئەنبار دەگرێت و کۆتایی بە نه‌هامه‌تیه‌كه‌یان دەهێنێت بە گەڕاندنەوەی ئیشەکانیان.

وتی دوای شکستی ئەمنیی لە ئەنبار، بەتایبەت دوای ئەوەی داعش رەمادی گرت لە نیسانی 2015دا، "زۆر لە ئەندامانی پۆلیس خەریکی رزگارکردنی ژیانی خێزانەکانیان بوون لە مەترسی مەرگ بەدەستی تیرۆرستان".

وتی زۆرکەس لەو دۆخەدا وازیان لە کارەکانیان هێنا.

وتی دوای ئەوەی داڵدەیەکی ئارامیان بۆ خێزانەکانیان پەیداکرد، ویستیان بۆ سەر کارەکانیان بگەڕێنەوە، بەڵام بینیان موچەکانیان هەڵپەسێردراوە و خزمەتەکانیان وەستێندراوە.

فەهداوی هیوای خواست کە هەموو ئەو ئەندامانەی پۆلیس کە لە خزمەت دوورخرابوونەوە و هیچ تۆمارێکی پێشێلکارییان لەدژ نیە، بخرێنەوە سەرکار، تا پارێزگاکە بتوانێت سوود لە تواناکانیان ببینێت.

پڕکردنی ریزەکانی پۆلیس

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار راجیح بەرەکات عەیفان بە دیارونای وت بەخشینەکە هەموو ستافی پۆلیس دەگرێتەوە کە دیارنەمان دوای ئەوەی داعش ئەنباری داگیرکرد.

وتی: "پێشبینی دەکرێت لانیکەم 10,000 ئەندامی پیشووی پۆلیسی ئەنبار لە هەموو شارەکانی پارێزگاکەوە، بەبێ جیاوازیی، سوود ببینن [لەم بەخشینە]."

وتی: "پۆلیسی ئەنبار 16,000 ئەندامە، ئەمەش رادەیەکی پێویست نیە بۆ پاراستنی پارێزگاکەمان، کە سێیەکی قەبارەی عێراق دەگرێتەوە، بە بیابانی فراوان و سنووری درێژ لەگەڵ دراوسێکانمان."

وتی گەڕاندنەوەی ئەم پۆلیسانەی پێشوو بۆ سەر کارەکانیان نزیکەی 20 کەتیبە دادەمەزرێنێتەوە.

وتیشی ئەمانە لە بنکەکانی پۆلیس و خاڵەکانی پشکنین جێگیردەکرێن بۆ پاڵپشتییکردنی هەوڵە ئەمنییەکان و پاراستنی ژیان و موڵکی مەدەنییەکان، بەتایبەت لەو ناوچانەی لەدەستی داعش رزگارکراون.

وتیشی سەرەڕای بەهێزکردنی ئاسایش، ئەمە کاریگەری سەرەکیی دەبێت لەسەر خێراکردنی دەرکردنی داعش لە دواهەمین بنکەی خۆی لە خۆرئاوای ئەنبار.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500