هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

تۆپبارانی وادی بەرەدا هەڕەشەیە بۆ ئاگربەسته‌كه‌ی سوریا

نۆهاد تۆپاڵیان لە بەیروت

وێستگەی ئاوی عەین فیجە، کە ئاو بۆ دیمەشق دابیندەکات، لەلایەن حیزبوڵا و هێزەکانی رژێمی سوریاوە بۆتە ئامانجی تۆپباران. [خاوەنی وێنە: عومەر شامی]

وێستگەی ئاوی عەین فیجە، کە ئاو بۆ دیمەشق دابیندەکات، لەلایەن حیزبوڵا و هێزەکانی رژێمی سوریاوە بۆتە ئامانجی تۆپباران. [خاوەنی وێنە: عومەر شامی]

چالاکوانان بە دیارونا دەڵێن گوندەکانی وادی بەرەدا لە باکوری خۆرئاوای دیمەشق رۆژانە تۆپباران دەکرێن، بەمەش هەڕەشە لەسەر ئەو ئاگربەستە سەرتاسەرییە دروستدەبێت کە لەلایەن تورکیا و روسیاوە هاته‌كایه‌وه‌ و هەفتەی رابوردوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

چالاکوانانی میدیا و دانیشتوانی ناوچەکە وتیان لەوەتەی ئاگربەستەکە لە نیوەشەوی 30 کانونی یەکەم کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، هێزەکانی حیزبوڵا و رژێمی سوریا بەردەوامبوون لە تۆپبارانی ناوچەکە، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی پایتەختی سوریایە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند سەرچاوەی ئاوی دیمەشق لە 22ی کانونی یەکەمەوە بڕدراوە، لەکاتێکدا چەکدارانی رژێم و ئۆپۆزسیۆن یەکتری تۆمەتبار دەکەن لەسەر بەرپرسیارێتییەکەی.

نەتەوەیەکگرتوەکان پێنجشەممە (5 کانونی دووەم) رایگەیاند کە 5.5 ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە، هۆشداری ئەوەیدا کە تێکدانی سەرچاوەی ئاویی تاوانی جەنگییە.

چالاکوانان بە دیارونایان وت یەکەکانی دابینکردنی ئاو لە عەین فیجە لە تۆپبارانەکەدا تێکشکێندراون.

بەڕێوەبەری لیژنەی رۆژنامەوانیی وادی بەرەدا ئەبو محەمەد بەرەداوی بە دیارونای وت: "ماوەی 10 رۆژە گوندەکانی دۆڵەکە کەوتونەتە بەر ئاگری تۆپباران وەك بەشێك لە هه‌ڵمه‌تێك به‌ سه‌ركردایه‌تی میلیشیای حیزبوڵا و هێزەکانی رژێم."

وتی مەبەستیانە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەربکەن لە ناوچەکە یان ناچاریان بکەن "رێكکەوتنی ئاشتەوایی ئەنجامبدەن و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ پەیوەندی بكه‌ن بە ریزەکانی رژێمەوە".

وتی ئۆپۆزسیۆن رێککەوتنەکەی رەتکردۆتەوە، کە سەریکێشا بۆ ئەنجامدانی "هه‌ڵمه‌تێكی سەربازیی فراوان دژی گوندەکانی وادی بەرەدا بە بەکارهێنانی بۆمبی بەرمیلی، تانك و تۆپباران، چەکی قورس و هێرشی ئاسمانیی".

زیانی گەورە له‌ ژێرخان كه‌وتووه‌

بەرەداوی وتی تۆپبارانی بەردەوام ئەو خزمەتگوزارییانەی وەستاند کە لەلایەن وێستگەکانی کارەبا و ئاوەوە پێشکەشدەکران و هێڵی زەمینیی تەلەفۆنی و خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی زیانپێگەیاند.

وتیشی هەروەها چەندین لە خەڵکی ناوچەکە و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بوونەتە قوربانی، کە بەرگرییان بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکان دەکرد.

وتی هەر لە یەکەم رۆژی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌وه‌ دژی وادی بەرەدا، هێزە هاوپەیمانەکانی رژێم بۆمبی بەرمیلیان بەسەر عەین فیجەدا بەردایەوە، بەڵام چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد.

"بەڵام ئێمە، لیژنەی میدیایی، هەموو شتەکانمان بە بەڵگە پاراست." بەرەدوای وتی: "کانییەکە ماوەی چەندین ساڵە لەژێردەستی سوپای سوریای ئازاد و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا بووە، ئەوانیش سەرپەرشتی پرۆسەی پاكژكردن و گواستنەوەی ئاو بۆ دیمەشق دەکەن، کەواتە بۆچی تۆپبارانی دەکەن."

وتی: "ئەو لیژنە خۆجێیەی لەلایەن خەڵکی شارۆچکە و گوندەکانی وادی بەرەداوە دیاریکراوە رێیخۆش كرد بۆ هاتنەناوەوەی تیمەکانی چاککردنەوه‌ لە 15ی کانونی یەکەمدا."

وتی ئەوان چوون بۆ چاککردنەوەی هێڵێکی ئاویی لەژێر ركێفی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندا، بەڵام دەستبەجێ دوای ئەنجامدانی کاری چاککردنەوەکە، پێنج بۆمبی بەرمیلی بەردرانەوە سەر کانیە کانزاییەکانی ناوچەی عەین فیجە.

وتی ئەمە زیانی قورسی گەیاند.

ده‌ركردنی دانیشتوان

چالاکوانی عەین فیجە عومەر شامی وتی وادی بەرەدا وەك بەشێك لە پلانێکی دوورمەودای رژێم کەوتە بەر تۆپباران بۆ ئەنجامدانی "ئاوارەبوونی دانیشتوان و بەردەوامی پلانێك بۆ بەدیهێنانی گۆڕینی دیمۆگرافی".

بە دیارونای وت لە ناوەڕاستی 2015دا، حیزبوڵا و هێزەکانی رژێمی سوریا "دەستیانکرد بە هەڵکوتانە سەر گوندەکانی بەرەدا و ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی".

وتی ئەمە لە دەرەیا، بەرهەلیە، قودسیە و تەل دەستیپێکرد، وتیشی کە حیزبوڵا و هێزەکانی رژێم بە زۆر چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و خێزانەکانیانی ئاوارەکرد لە وادی بەرەدا بۆ باکوری سوریا.

وتی لەو کاتەوەی ئۆپۆزسیۆن دەستپێشخەرییەکەی رەتکردۆتەوە، حیزبوڵا و رژێم جەنگیان دەستپێکردووە بۆ سەر گوندەکانی وادی بەرەدا، بە بەکارهێنانی چەکی مامناوەند و قورس بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان.

شامی وتی: "حیزبوڵا و رژێم پێیانوایە بە دەستبەسەراگرتنی گوندەکانی وادی بەرەدا، راڕەوی میلیشیای حیزبوڵا تەواودەبێت و رێچکەیەکی ئاسایی بۆ دابیندەکات لە بنکەکانی خۆیەوە [لە ناوچەکانی باشوری لوبنان] بۆ دیمەشق."

وتیشی دووەم ئامانجی هه‌ڵمه‌ته‌ سەربازییەکە "پەیوەندی بە ئاوارەکردنی خەڵکی دۆڵەکەوە هەیە بۆ جێکردنەوە و نیشتەجێکردنی ئەندامانی خێزان و ستافی حیزبوڵا و رژێم لە گوندەکانی وادی بەرەدا".

هاوپەیمانانی سوپای پاسداران تۆپبارانی گوندەکان دەکەن

چالاکوان ئەحمەد عەللا لە کەفیر زەیت بە دیارونای وت لەوەتەی ئاگربەستی ئەمدواییە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، گوندەکانی وادی بەرەدا کەوتونەتە بەر تۆپبارانی بەردەوام.

وتی گوندە بەرکەوتووەکان بەسیمە، عەین فیجە، ئەفرە، سوق وادی بەرەدا، کفێر زەیت و بەرهەلیە لەخۆدەگرێت.

عەلا وتی ئەوانەی بەشدارن لە تۆپبارانی وادی بەرەدا حیزبوڵا و هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی هاوپەیمانی رژێم لەخۆدەگرێت، لەژێر چاودێری سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

وتی بەگوێرەی سەرژمێریی ئەنجومەنێکی خۆجێی کە لەکۆتایی تشرینی دووەمدا ئەنجامدرا، "ژمارەی دانیشتوانی شارۆچکە و گوندەکانی وادی بەرەدا زیاترە لە 90,000 كه‌س".

وتی زۆربەی دانیشتوان ئاوارەی شارەکانی زەبەدانی، دوما و جۆبەر، گوندی هەریرە و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری دیمەشقن.

وتی تۆپبارانەکە عەین فیجەی کردۆتە ئامانج، کە 65%ی سەرچاوەی ئەو ئاوەیە کە لەلایەن شاری دیمەشقەوە بەکاردەبرێت.

عەلا وتی ئەمەش "هەموو یەکەکانی وێستگە ئاوییەکەی تێکشکاندووە، بەمەش دیمەشقی خستۆتە بەر مەترسیی کارەساتێکی راستەقینە وەك ئاکامێکی بڕینی سەرچاوەی ئاویی".

"هەموو ناوەندە تەندروستییەکان خزمەتگوزاری دابین ناکەن، هیچ ناوەندێکیش بریندار و نەخۆشی پێ تیمار ناکرێت." وتی: "زیاتر لە 10 حاڵه‌تی هەستیاری تەندروستیی هەن کە دەبێت بگوازرێنەوە نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی دەستبەجێیان بۆ ئەنجامبدرێت."

وتیشی "ئەم گوندانە ماوەی ساڵ و نیوێکە لەژێر ئابڵۆقەدان،" بەمەش خواردن و پێداویستی تەندروستی بەئەستەم لە بازاڕی خۆجێی دەستدەکەوێت و خواستی زۆر نرخیان لەوە بەرزتردەکاتەوە کە لەئاستی بژێویی دانیشتواندا بێت.

وتی: "تراژیدیایەکە زۆر قوڵە لە دۆڵەکە و گەر خواردنی سەرەتایی دابین نەکرێت، رووبەڕووی کارەساتێکی زەبەلاح دەبینەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500