هه‌واڵه‌كانی عێراق
شرۆڤە

رۆڵی پاسداران لە کەوتنی حەلەبدا ئاگری شەڕی تائیفی خۆشدەکات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

فەرماندەی هێزی تایبەتی قودس لیوا قاسم سلێمانی (چەپ) لەم وێنە زۆر بڵاوکراوەدا لە خۆرهەڵاتی حەلەب دەسوڕێتەوە. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە]

فەرماندەی هێزی تایبەتی قودس لیوا قاسم سلێمانی (چەپ) لەم وێنە زۆر بڵاوکراوەدا لە خۆرهەڵاتی حەلەب دەسوڕێتەوە. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە]

رژێمی ئێرانی پێیوایە سەرکەوتووبووە لە شەڕی حەلەبدا و هەوڵیداوە ئەمە لە بەیاننامە فەرمییەکانیدا رەنگبداتەوە کە دوای ئەم شارەی سوریا کەوتە دەستی ئەو میلیشیایانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پێشڕەویی دەکران، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

دەشڵێن سەرکەوتنی ئێران، کە خۆی دەبینێتەوە لە کۆنترۆڵی راستەوخۆی بەسەر چەند بەشێکی سوریادا، لەنێویاندا حەلەب، گڕی دابەشبوونی تائیفی خۆشدەکات لە سوریا و ناوچەکەشدا.

لە ژمارەیەکی زۆر لە وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکراوەدا، فەرماندەی هێزی تایبەتی قودس قاسم سلێمانی دەبینرێت لە حەلەب و قەڵاکەیدا دەسوڕێتەوە -- بەمەش تێوەگلانی راستەوخۆی ئێران لە سوریادا دەردەخەن.

زۆر کەسایەتی باڵای ئێرانییش بەیاننامەیان دەرکرد و سەرکەوتنەکەیان بەرز نرخاند.

سکرتێری کۆڕبەندی جیهانیی رابونی ئیسلامی ئێرانی عەلی ئەکبەر ویلایەتی وتی "سەرکەوتن"ەکە لە حەلەب زۆر "هاوکێشەی ناوچەیی" دەگۆڕێت.

جێگری فەرماندەی پاسداران حسێن سەلامی وتی: "ئەمڕۆ، لەژێر تیشکی سەرکەوتنی هێزە بەرگریکارەکان و گرتنەوەی حەلەبدا، دوبارە سەرکەوتنێکی ئاشکرامان بینی."

وەزیری بەرگری ئێران عەمید حسێن دەهقان "سەرکەوتنەکان"ی رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی لە حەلەب ناوزەدکرد بە "خاڵێکی گرنگ لە جەنگەکەدا کە لەلایەن بەرەی بەرگریکار دژی تیرۆرستان و توندڕەوانەوە پێشڕەویی دەکرێت."

ئێران بۆ بەرژەوەندی هەوڵیدا، نەك ئاشتی

توێژەری سەنتەری شەرق بۆ توێژینەوە ناوچەیی و ستراتیژییەکان فەتحی سەیید کە تایبەتمەندە لە کاروباری ئێراندا وتی: "لە چاودێریکردنی ئەو روداوانەی لە شاری حەلەب رویاندا، کە بە ئابڵوقەی میلیشیاکانی سەر بە پاسداران و هەندێك سەربازی ئاسایی سوریا دەستیپێکرد، دەتوانین دڵنیابینەوە لەوەی ئێران سوربوو لەسەر شکستپێهێنانی هەر ئاگربەستێك و بەردەوامبوونی شەڕە خوێناوییەکە."

بە دیارونای وت: "راپۆرتەکان لە حەلەبەوە ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە میلیشیاکانی سەربە [پاسداران] جارێك شکستیان بە پڕۆسەی راگواستن هێنا، تا پڕۆسەکە ببەستنەوە بەو بەرژەوەندییانەی لە ناوچەکانی دیکەدا هەوڵی بەدەستهێنانیان دەدا."

وتی رژێمی ئێرانی راگواستنی حەلەبی هەڵپەسارد بە سوربوون لەسەر ئەوەی دەبێت مەدەنییەکانی گوندەکانی فۆعە و کەفرایای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن یەکەم جار بگوازرێنەوە.

وتیشی ئەمە "درێژکراوەی شانۆیەکی ئێرانی بوو کە وێنای دەستێوەردانی ئێران و میلیشیاکانی دەکرد وەك جەنگێکی پیرۆزی ئاینی کە مەبەستیەتی شیعەکان بپارێزێت و رزگاریان بکات لەو هێرشەی کە لەسەریانە لەلایەن میلیشیا سوننەکانەوە".

سەیید وتی پێشێلکاریی بە ئەنقەستی ئاگربەست لە حەلەب نەك هەر جەنگی سوریا درێژدەکاتەوە، بەڵکو هانی گروپە توندڕەوەکان دەدات، بەتایبەت بەرەی نوسرە، کە ئێستا بە بەرەی فەتحی شام ناسراوە و "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، بۆ بەردەوامبوون لەسەر چەوساندنەوەی هاوڵاتیان.

کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی سوریای نەتەوە یەکگرتووەکان 14 کانونی یەکەم رایگەیاند کە چەند راپۆرتێکی بەدەستگەیشتووە ئاماژە بەوە دەکەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، لەنێویاندا چەکدارانی بەرەی نوسرە، رێ لە هاوڵاتیان دەگرن لە حەلەب هەڵبێن، تا وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریان بهێنن .

وتی دەستێوەردانی پاسداران لە ئاگربەستی سوریادا "پاساوێك دەداتە ئەم گروپانە" بۆ بەردەوامبوون لە کردە تیرۆرستییەکانیان وەك ئامرازێکی تۆڵەکردنەوە دژی پاڵپشتیی ئێران بۆ رژێمی سوریا.

سەیید وتی سوربوونی رژێمی ئێرانی لەسەر گرتنەوەی حەلەب لە چەند ئاستێکدا جێی بایەخە، بە ئاماژەکردن بەوەی شارەکە ناوەندی سەرنجی میدیایی و سیاسیی جیهان بوو.

وتی، "وادەردەکەوت هەرکەسێك کۆنترۆڵی شارەکە بکات کۆنترۆڵی مەیدانی سوریاشی کردووە،" وتیشی کە "بەیاننامە ئێرانییەکان کە دوای کەوتنی حەلەب هاتن بەبێ گومان مەبەستیان بوو ئەو پەیامە بڵاوبکەنەوە کە دەستێوەردانی ئێران چیتر شاراوە نیە بەڵکو بوونی راستەوخۆی سەربازیی هەیە".

وتی ئێران هەوڵیداوە نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا فراوانبکات "لەڕێی میلیشیا تائیفیەکانەوە کە لەم وڵاتانەدا چاندوونی، کە پێشڕەویی دەکرین لەلایەن حیزبوڵای لوبنانی، هێزی قودس، میلیشیای حەرەکاتی نوجەبا و هەندێکی دیکە".

وتیشی پاسداران بووەتە ئامرازی ناسەقامگیریی لەم ناوچانەدا بەهۆی ئەو کۆنترۆڵەوە، کە نزیکترە لە داگیرکارییەوە و لە داهاتووشدا هۆکارێکی هەمیشەیی پشێویی و ململانێ زیاد دەکات.

بەشداریی راستەوخۆ لە سوریا

توێژەری سیاسیی عەبدولنەبی بەککار بە دیارونای وت: "شەڕی حەلەب چەندین دەلالەتی هەیە، لەنێویاندا بەشداریی راستەوخۆی ئێران لە جەنگی سوریادا."

وتی ئەمە ئاشکرا بوو دوای کەوتنی خۆرهەڵاتی حەلەب و ئەو لێدوانانەی لەلایەن فەرماندە سەربازییە ئێرانییەکانەوە راگەیەندران، سەرەڕای دەرکەوتنی نێو خەڵکی سلێمانی لە شەقامەکانی حەلەب.

وتی پاسداران هەوڵدەدات ئەوە زەقبکاتەوە کە "ئێران سەرکەوتوو بووە لە جەنگی حەلەبدا، کە هەوڵدەدات ئەمەش وەك کۆتایی قەیرانی سوریا وێنا بکات".

خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی قاهیرە شەیار تورکۆ، کە توێژینەوە لە دارایی پاسداران دەکات، وتی لێدوانە ئێرانییەکان لە دەمی کەوتنی حەلەبدا بۆ میلیشیاکانی سەر بە پاسداران هەوڵیاندەدا وەك "سەرکەوتنێکی گەورەی ئاینی" وێنای بکەن.

بە دیارونای وت ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە "ئێران بەردەوامە لە گردکردنەوەی تائیفی لە ناوچەکەدا بۆ تەئکیدکردنەوە لە بوونی خۆی وەك پاڵپشتکار و پارێزەری شیعە و عەلەوییەکان".

وتی: "سەرکەوتنی حەلەب تەنیا ئەڵقەیەکی دیکەیە لە فراوانخوازیی ئێرانی لە سوریا، کە بەشێوەیەکی سروشتی پەیوەستە بە بڵاوبوونەوەی ئێرانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا."

تورکۆ وتی پاسداران سوربوو لەسەر سەرکەوتن لە حەلەب، چونکە زۆر پێویستی بە "زیادکردنی هاندەربوو بۆ بەرزکردنەوەی ورەی گروپە چەکدارەکان کە لە جەنگی سوریادا پێشڕەوییان دەکات".

وتی بەدەر لەوەش، جاڕدانی خێرای سەرکەوتن لەلایەن رژێمی ئێرانیەوە نەخشەی داهاتووی ناوچەی حەلەب دیاریدەکات، کە تیایدا بوونی ئێران حەلەب بە لازقیە، دیمەشق و دەوروبەری دیمەشقەوە دەبەستێتەوە.

تورکۆ وتی رژێمی ئێرانی هەوڵدەدات پشتێنەیەك دروستبکات بۆ پاراستنی دیمەشق و "دڵنیابوونەوە لە ئامادەیی دورمەودای بە راگرتنی سەرکردەی دەوڵەت کە هاوپەیمانی خۆیەتی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500