هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سوپای عێراق خەڵکی نەینەوا رادەهێنێت تا خۆگربن

عەلاء حسێن لە بەغدا

سەربازانی عێراق راهێنانیان پێدەکرێت. هێزەکانی عێراق راهێنان بە چەکدارە خۆجێیەکانیش دەکەن بۆ یارمەتیدانیان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچە ئازادکراوەکان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

سەربازانی عێراق راهێنانیان پێدەکرێت. هێزەکانی عێراق راهێنان بە چەکدارە خۆجێیەکانیش دەکەن بۆ یارمەتیدانیان لە پاراستنی ئاسایشی ناوچە ئازادکراوەکان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەستیکردوە بە راهێنانی چەکدارە خۆجێیەکان لە ناوچەی موسڵ بۆ پاراستنی ئاسایش لەو بەشانەی پارێزگاکە کە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ئازادکراون.

هێزەکانی عێراق بەشێکی گەورەی باکور و خۆرئاوای نەینەوایان گرتۆتەوە، لەنێویدا گوندەکان، قەزا و ناوچەی بیابانی فراوان، سەرەڕای زیاتر لە 40 گەڕەك لە شاری موسڵ.

بەرپرسان بە دیارونایان وت ئەم ناوچانە پێویستیان بە هێزی خۆجێی هەیە تا یارمەتییان بدەن لە پاراستنی ئاسایش دوای رزگارکردنیان، بە ئاماژەکردن بەوەی هێزەکانی حەشدی خێڵەکی لە زۆرێك لە ناوچە رزگارکراوەکانی پارێزگاکەدا جێگیرکراون.

لە کەمپی قەرەسور لە مەخمور، باشوری خۆرئاوای موسڵ، زیاد لە 300 چەکداری خۆجێیی راهێنان دەکەن بۆ پەیوەندیکردن بە هێزەکانی حەشدی خێڵەکیەوە لەژێر چاودێری سوپای عێراقدا.

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، لیوا کەریم شوەیلی، بە دیارونای وت قەرەسور یەکێکە لەو سێ کەمپەی، كه‌ یەکێكی تریان بنکەی سەربازیی گەیارە و ئه‌وی تریان رەبیعەیه‌، تێیاندا راهێنان بە چەکدارە خۆجێیەکان ده‌كرێت بۆ راپەڕاندنی ئه‌و ئه‌ركانه‌.

وتی راهێنانەکە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و گەڕی یەکەم لە 1ی کانونی یەکەمدا دەستیپێکرد.

شوەیلی وتیشی: "تەنها لە کەمپی قەرەسور 308 کەسی بۆ راهێنان لێیە، لەگەڵ ژماره‌یه‌كی هاوشێوە لە دوو کەمپەکەی دیکە."

هەر گروپێك لە راهێنراوه‌كان کۆمەڵێك راهێنراوی دیکەی بەدوادا دێت بەهەمان قەبارە، دواتر پەیوەندیدەکەن بە هێزەکانی حەشدی خێڵەکیەوە بۆ پاراستنی ناوچەکانیان لە دزەکردن.

هه‌روه‌ها وتی ئامانجەکە "ئەوەیە هێزێك دروستبکرێت کە بە هاوکاری پۆلیسی خۆجێی بتوانێت ناوچە رزگارکراوەکان لە پارێزگای نەینەوا بپارێزێت کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرا". "ئەمەش لە بەرامبەردا، رێخۆشکەر دەبێت بۆ سوپای عێراق بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەی لە رزگارکردنی تەواوی موسڵدا."

شوەیلی وتی ئەم هێزانە دەتوانن په‌یوه‌ندیبكه‌ن بە سوپای عێراقەوە و یارمەتیان بدەن لە شەڕیاندا دژی داعش لە هەندێك ناوچەدا.

وتی کەمپەکانی راهێنان لە ماوەی 72 کاتژمێردا بنیاتنران، راهێنەر و شوێنی راهێنان دابینکران بەهاوکاریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و هێزەکانی حەشد.

راهێنان پێکراوەکان لە هەموو تایه‌فەکانن

یەکێك لە راهێنان پێکراوەکان، ئەحمەد سەعدون، بە دیارونای وت کە هەندێك خۆبەخش هەبوون لە کەمپەکە لە هەموو دین و گروپێکی ئێتنی، لەنێویاندا سوننە، شیعە، مەسیحی و یه‌زیدی کە "یەکگرتوبوون لە خۆشەویستییان بۆ عێراق و دژایەتیکردنیان بۆ داعشدا".

وتی: "هیچ شتێکمان ناوێت زیاتر لە رزگارکردنی شار و گوندەکانمان و هێشتنەوەی سەقامگیریی و ئاسایش لەوێ، بۆ ئەوەش ئامادەین بۆ قوربانییکردن بە ژیانمان."

لە کۆتایی کۆرسی راهێنانەکاندا، چەکداری یەکپۆش لە ریزدا مارشیانكرد، بە چەکەوە و بەشدارییانكرد لە راهێنانی تەقەکردندا.

یەکێك لە راهێنەرەکان، ملازم عەبدوڵا حەیاوی، بە دیارونای وت راهێنانەکان گشتگیر و پڕبەشن، تەکنیکەکانی شەڕی دەستەویەخە لەخۆدەگرن، لەگەڵ راهێنانی تاکتیکی و هێرشکاریی.

وتی: "هەموو راهێنان پێکراوەکان خەڵکی پارێزگاکەن. کاردانەوەیان بۆ راهێنانەکان زۆر ئەرێنییە، بەتایبەت کە هەندێکیان سەربازی پێشووی سوپای عێراقن و ئەزمونی زۆریان هەیە لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەك و تاکتیکێکی شەڕدا."

فەرماندەی فەوجی 43 لە هێزەکانی حەشدی خێڵەکی لە یەکەی نەمرود، شێخ خالید سەباح جبوری، وتی: "هێزەکانی حەشدی خێڵەکی پێویستیان بە زیاتر هه‌یه‌ له‌ هه‌ر به‌ته‌نها راهێنان،" ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد کە بەسەر ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی فراواندا بڵاوبوونەتەوە.

وتی بۆ سەرکەوتن لە شەڕی دژی داعشدا، پیویستیان بە پشتیوانی سەربازیی زیاتر هەیە، وتیشی کە هێزە خێڵەکییەکان پێگەکانی خۆیان رادەستی داعش ناکەن و رێگە بەو گروپە نادەن بگەڕێتەوە بۆ ئه‌و ناوچانەی کە لێی دەرکراوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500