مامۆستایانی ئاینی، ئیمامەکان، ئەندامانی ئەنجومەنی قەزا و هێزە ئەمنییەکانی ئەنبار پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستخستنەوەی کۆنترۆڵیان بەسەر مینبەری مزگەوتەکاندا بۆ رێگرتن لەوەی وتاربێژەکان بەکاریانبهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی وتاری رقئامێز و هاندانی توندوتیژی.
بەمدواییانە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار لیژنەیەکی هاوبەشی پێکهێناوە کە پێکهاتووە لە ئەندامانی وەقفی سوننی، ئەنجومەنی قەزاو ناحیەکان و هێزەکانی پۆلیس بۆ چاودێرییکردنی هەڵبژاردنی وتاربێژ و ئیمامی مزگەوتەکان لە تەواوی پارێزگاکەدا.
ئەندامی لیژنەی وەقفی ئاینیی لە ئەنجومەنی پارێزگا ناسر سامی جاریسی بە دیارونای وت ئەندامانی لیژنەکە قایمقامی چەند شارۆچکەیەکی ئەنباری تێدایە، لەگەڵ سەرکردەی خێڵەکان و ئیمامەکان.
وتی: "دەسپێکی راستەقینە بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگە و ئاشتی مەدەنی بە باسکردنی کێشە سەرەکییەکە دەبێت، کە ئەو گوتارە ئاینی و میدیاییەیە لەلایەن 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' (داعش)ەوە بەکاردێت بۆ هاندانی ململانێی و شەڕی تائیفی."
وتیشی ئەنبار دەبێت تیماربکرێت بۆ رێگرتن لە هەر هەڵتۆقینێکی دیکەی تائیفی و توندڕەوی، چونکە "تازە جەنگ و ئاوارەیی چەشتووە و هێشتا لێیان چاکنەبوەتەوە".
وتی: "هەندێك وتاربێژ و ئیمام هەن کە دەستیانگرت بەسەر مزگەوت و شوێنی پەرستگا و لەهەمانکاتدا میوانخانەی ئاینی بێمۆڵەتیان لە شارەکانی ئەنبار کردەوە، بەتایبەت لە رەمادی، فەلوجە و دەێهاتەکان."
وتی بەگوێرەی پلانە نوێیەکە کە رێنمایی تێدایە بۆ وتاری هەینی، مینبەری مزگەوتەکان بەکاردەهێنرێن بۆ بانگێشتکردنی دانیشتوان بۆ هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان و زانیاری پێدانیان دەربارەی کێشەی گرنگ کە پێویستی بە سەرنجی ئەوان هەیە.
وتیشی گردبوونەوەی جەماوەریی ئەنجامدەدرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو کێشە و بەربەستەکان کە دەکرێت لە ئەنبار سەرهەڵبدەن.
ئایدۆلۆژیای داخوراوی داعش
شێخ عەبدوڵا عاید راوی لە کارگێڕیی وەقفی سوننی ئەنبار وتی: "ئەو دۆخەی شارەکانی ئەنبار لە سێ ساڵی رابوردوودا ئەزمونیان کرد، لە هێرشی تیرۆرستییەوە بۆ کوشتن و تێکشکاندن، ئەنجامی ئایدۆلۆژیا و پەیڕەوی داعشەوە بوو، کە بەسەر وڵات و خەڵکەکەیدا داباری."
بە دیارونای وت لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ئەم ئایدۆلۆژیا لادەرە، بە هەزاران خێزان لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبوون بێ ئەوەی هەڵەی خۆیان بێت.
وتی ئەمە دەخوازێت کە هەموو لایەنەکان، لەنێویاندا ئیمامی مزگەوت و وتاربێژەکان "هەڵوێستی جددی و یەکلاکەرەوەیان" هەبێت بۆ روبەڕوبوونەوە و رێگرتن لە بانگەشەکانی.
وتی، "لەمەودوا لە مزگەوتەکاندا گوتاری ئاینیی یەکدەخرێت،" وتیشی کە هەرکەسێك هانی پێکدادان و توندوتیژیی بدات رێگەی پێنادرێت بچێتە سەر مینبەرەکان و بەرپرس دەبێت [بەرامبەر کارەکەی].
راوی وتی لیژنەی وەقفەکان بەرپرس دەبن لە هەڵبژاردنی وتاربێژ بۆ وتاری هەینی لە هەموو مزگەوتەکاندا.
ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی کۆنی رەمادی شێخ ئەحمەد شەهاب عەلوانی وتی داعش گوتارێکی توندڕەوی بەکاردەهێنا کە دەبوە هۆی تائیفیەت و پاساودانی کوشتنی مەدەنیەکان کە بە هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراق تۆمەتبارکرابوون و هێزە ئەمنییەکانی بە "کافر" لەقەڵەمدەدا.
عەلوانی بە دیارونای وت کاتێك گروپەکە دەستی بەسەر مزگەوت و پەرستگاکانی ئەنباردا گرت، ناوەکانی گۆڕین، و وانەی دانا بۆ مێشك شۆرینەوەی منداڵان و هەندێك نزای قەدەغەکرد "کە شێواندنێکی ئاشكرای ئیسلام بوو".
وتی: "هێزە ئەمنییەکان، لیژنە جەماوەری و حکومییەکان چاودێریی ئەوانە دەکەن کە لەپشت مینبەرەکانەوە دەوەستن، سیمیناری ئاینی دبەستن و کتێبی شەرعی و ئیسلامی دەردەکەن، تا رێگربن لە هاندان بۆ توندوتیژیی و چاکسازییکردن لەو عەقڵانەی کە بە ئایدۆلۆژیای تیرۆرستیی داعش ژەهراوی بوون."
مزگەوت و مەزارەکان روخێندران
سەرکردەی چەکدارە خێڵەکییەکانی ئەنبار شێخ حەمید بەدران زیابی وتی: "بە دەیان مزگەوت لەلایەن رێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە روخێندران."
وتی ئەمە "بەڵگەیەکی رونە لەسەر تاوانەکانیان دژی پەرستگاکان و [دەریدەخات] کە مانای ئیسلام و ئایین نازانێت،" بە دیارونای وت: "چۆن کەسێکی ژیر دەتوانێت لەسەر مینبەری مزگەوت بوەستێت و دواتر، دوای هەڵاتنیان لە شارەکانی ئەنبار، بە بۆمبی دەستکرد بیتەقێنێتەوە؟"
وتیشی: "داعش ئایدۆلۆژیا و پەیڕەوێکی مەترسیداری هەیە بۆ تەقاندنەوەی مزگەوت، پێگەی ئاینیی، گۆڕی پەیامبەرانی خودا."
وتی گروپەکە مزگەوتی نەبی یونس لە موسڵ، ئیمام خزر لە رەمادی و منارەی مزگەوتی قەزای عانەی لە خۆرئاوای ئەنبار تەقاندۆتەوە، لەگەڵ چەندینی دیکەش، "کە گەورەترین بەڵگەن لەسەر ئەوەی بەهیچ جۆرێك ئیسلام ناناسێت".
وتی: "ئەو کتێبە ئاینییانەی لەلایەن داعشەوە بەسەر خەڵکی ئەنباردا دابەشدەکران، لەنێویاندا رەمادی، کتێبی ژەهراویین و چەمکی هەڵەیان تێدایە."
وتیشی گروپەکە خەڵکی ناچاردەکرد بچنە مزگەوت، نوێژبکەن و گوێ لەو وتارانە بگرن کە ئەندامەکانی دەیاندان، کە لە شوێنی دیکەوە هێنابوونی و جێی وتاربێژو ئیمامە خۆجێیەکانیان گرتبوەوە."
دوژمن تێكشكێنراوه و عێراق دهمێنێتهوه! ئێستا چاوهڕوانی زهنگهكانی سهركهوتنی یهكجارهكیین. كاتێك زرینگانهوه، دهبێت مهرگی تهواوهتیی داعش و خهونی خهلافهت رابگهیهنین كه له مێشكه بۆگهنهكانیاندا ههیانه بۆ گێڕانهوهی مێژوو.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت